وەزارەتی تەندروستی ئێران پێشبینی دەکات لە پاییز و زستانی داهاتوودا شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا وڵاتەکەیان بگرێتەوە کە بەهێزتر و کوشندەتر دەبێت لەوەی ئێستا.
“ئیرەج حەریرچی” جێگری وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندووه، ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە دەچن، بەڵام هەرگیز ژمارەکان ناگەنە سفر. ئاماژەى بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن لە پاییز و زستانی داهاتوودا شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا ئێران بگرێتەوە، کە بەهێزتر و کوشندەتر دەبێت لەم شەپۆلەی ئێستا. هاوکات، بەپێی راپۆرتێکی لیژنەی نەخۆشیە گواستراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەگەر مەودای کۆمەڵایەتی و دوری هاووڵاتیان لە یەک رەچاو نەکرێت، دوور نییە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ژمارەی ئەو کەسانەی لەم وڵاتە بە هۆی کۆرۆناوە گیان لەدەستدەدەن بگاتە ٣٠ هەزار کەس. ئهمه لهكاتێكدایه كه ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران ٧٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ کەسیش بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٤١ هەزار توشبووش چاکبوونەتەوە.