سه‌رۆكی مه‌جمه‌عی به‌ناو كرێكارانی ئۆستانی تاران ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٤ی خاكه‌لێوه، وێڕای ڕه‌خنه‌گرتن له ئاستی له خواره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان ڕایگه‌یاند: لێدوانه‌كانی ده‌وڵه‌ت و كارفه‌رماكان سه‌باره‌ت به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣٣ تا ٣٦ له‌سه‌دی حه‌قده‌ستی كرێكاران دووره له ڕاستییه‌كان.
به‌وته‌ی ئه‌م كارگێڕه‌ی ڕژیم: “ئه‌و قسانه‌ی كه له دانیشتی شوڕای باڵای كاری ڕژیم هاتووه‌ته گۆڕێ به‌م پێیه بووه كه هیچ كرێكارێك نابێ خوار ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار تمه‌ن حه‌قده‌ست وه‌ربگرن و كارفه‌رماكان له‌سه‌ر زیادكردنی ٥٠ له‌سه‌دی حه‌قده‌ستی كرێكاران ڕێككه‌وتبوون، به‌ڵام ئه‌م ته‌وه‌ره به شێوه‌ی ناكاو له ده‌ستووری جه‌له‌سه وه‌لانراوه. به‌ناو نوێنه‌ری كرێكاران له شوڕای باڵای كاری ڕژیم ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی دانیشتنه‌كه ناوبردووه و ڕایگه‌یاندووه كه ده‌وڵه‌ت و كارفه‌رماكان ده‌ڵێن: حه‌قده‌ستی كرێكاران لانیكه‌م ٣٣ تا ٣٦ له‌سه‌د زیاد كراوه كه دووره له ڕاستی و زۆربه‌ی كرێكاران ته‌نیا حه‌قده‌ستی پایه وه‌رده‌گرن.