
دیوانی باڵای ئێران لەژێر گوشاری سپای پاسداران حوکمی لەسێدارەدانی “ئەرسەلان خودکام”، زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ناوەندیی ورمێی پشتڕاست کردەوە.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، ناوبراو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سێ جار بە حوکمەکەی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دیوانی باڵای وڵاتیش بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوە بە حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە، حوکمی لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە. شایانی باسه، حیفازەت ئیتلاعاتی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە ڕەوتی دادڕەسەییەکەی ئەو زیندانییە سیاسییە، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبووە. “ئەرسەلان خودکام” تەمەن ٥٧ ساڵ و خەڵکی مهاباد، ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی “سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە نهیارهكانی ڕژیم” دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە. ناوبراو دواتر ڕەوانەی زیندان کرا و ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
