ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی ڕه‌شه‌ممه بۆ سێهه‌مین جار له‌ماوه‌ی ئه‌م حه‌فته‌یه‌دا، یه‌كێك له بنكه‌كانی نیزامییانی بیانی له عێراق كرایه ئامانج.
ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ند ڕاكێت به‌ره‌و بنكه‌ی “بسمایه” له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری به‌غدا هاویشتراوه. به‌وته‌ی ئه‌ڕته‌شی عێراق، ئه‌م ڕاكێتانه له ناوچه‌ی “نه‌هره‌وانه”وه هاویشتراون. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هێشتا ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م هێرشه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، له كۆتایی مانگی ئۆكتۆبری پاره‌كه‌وه هه‌تا ئێستا ٢٤ هێرش له‌دژی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ئه‌نجام دراوه. له دوایین هێرشدا، دوو سه‌ربازی ئه‌مریكایی و سه‌ربازێكی بریتانیایی گیانیان له‌ده‌ستدابوو. ئه‌مه له‌حاڵێكدایه كه په‌رله‌مانی عێراق چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، ده‌نگی به چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له‌م وڵاته دابوو.