
“رزوانه ئه‌حمه‌دخانبه‌یگی و نه‌سرین ستووده” دوو به‌ندكراوی زیندانی ژنان له زیندانی ئێوین، له ناڕه‌زایه‌تیی به پێنه‌دانی مه‌ره‌خه‌سی به به‌ندكراوان ده‌ستیاندایه مانگرتن له خواردن.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، “رزوانه ئه‌حمه‌دخانبه‌یگی” چالاكی مه‌ده‌نی و به‌ندكراو له به‌ندی ژنانی زیندانی ئێوین له ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی ڕه‌شه‌ممه‌وه له ناڕه‌زایه‌تیی به پێنه‌دانی مه‌ره‌خه‌سی ده‌ستی داوه‌ته مانگرتن له خواردن. هه‌روه‌ها “نه‌سرین ستووده” پارێزه‌ر و به‌ندكراو له به‌ندی ژنانی زیندانی ئێوین، له ناڕه‌زایه‌تیی به سه‌رنج نه‌دانی به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ناوه‌ندی قه‌زایی له‌ئاست بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر گیانی به‌ندكراوان ده‌ستی داوه‌ته مانگرتن له خواردن. نه‌سرین ستووده له به‌یانییه‌كدا ڕایگه‌یاندووه، له‌ناو ئه‌م قه‌یرانه كه داوێنی ئێران و جیهانی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌و ناوه‌نده نیزامی و ئیتلاعاتییانه‌ی كه به گرتنه‌به‌ری ڕێكاری هه‌ڵه ئه‌منییه‌تی وڵاتیان تێكداوه، هه‌روا پێداگری له‌سه‌ر ڕاگرتنی به‌ندكراوانی سیاسی له‌م بارودۆخه مه‌ترسیداره ده‌كه‌ن تا دواهاتی ئه‌م كاره‌ساته قووڵتر بێته‌وه و توندبای ئه‌م ویرووسه زیندانیانی سیاسیی یاخود بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ناو ببات.
