ڕاپۆرته‌كان باس له به‌رده‌وامی كێشه‌وگرفتی به‌ده‌یان هه‌زار په‌ناخواز له سنووره‌كانی نێوان توركییه و یونان ده‌كه‌ن.
به‌دوای ئه‌وه‌یكه ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركییه ڕایگه‌یاند كه ڕێگاكانی به‌سه‌ر په‌ناخوازاندا ده‌كاته‌وه تا بچنه خاكی وڵاتانی ئۆرووپایی، به‌هه‌زاران په‌ناخواز به‌ره‌و سنووره‌كانی یونان و بۆلغارستان كه‌وتوونه‌ته ڕێ. شایانی باسه، په‌ناخوازان له سنووری توركییه تێپه‌ڕبوون، به‌ڵام هێشتا نه‌چوونه‌ته خاكی یونانه‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هێشتا ئامارێكی ڕاست سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی كه به‌ره‌و بۆلغارستان كه‌وتوونه‌ته ڕێ و چوونه‌ته خاكی ئه‌م وڵاته و وڵاتی یونانه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئاتێن ڕایگه‌یاندووه كه پێشی به چوونی په‌ناخوازان گرتووه. به پێی گرته ویدیۆییه بڵاوكراوه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هێزه‌كانی پۆلیسی یونان بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌ناخوازان، گازی فرمێسك‌ڕێژ و نارنجه‌كیان به‌كار هێناوه.