
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٨ی ڕه‌شه‌ممه، زیاتر له ١٣٠ كه‌س له چالاكانی سیاسیی و مه‌ده‌نی ئێران به نووسینی نامه‌یه‌ك ڕوو له سه‌رۆكی قووه‌ی قه‌زاییه، له‌ئاست ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك له دانشجوویان و چالاكانی خوێندكاری له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
ئه‌م چالاكانه له‌م نامه‌یه‌دا خوازیاری پێدانی مه‌ره‌خه‌سی و پێش‌گرتن به ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خوێندكاران له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان بوون. واژۆكارانی ئه‌م نامه‌یه ڕایانگه‌یاندووه كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا، خوێندكارانی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا‌و له‌وانه، “زیا نه‌به‌وی، عه‌لی حه‌قیقه‌ت جه‌وان و ئه‌میرحسێن عه‌لی به‌خشی” مه‌ترسی تووشبوون به‌م ویرووسهیان له‌سه‌ره. شایانی باسه، سه‌ره‌ڕای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م سێ چالاكه خوێندكارییه، ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو له ئه‌نجامی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له‌گه‌ڵ حوكمی زیندان به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه پێشتر ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی زیندانیانی سیاسی له نامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ڕوو له كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم، له‌ئاست تووشبوونی ڕۆڵه‌كانیان به نه‌خۆشی كۆرۆنا، نیگه‌رانیان ده‌ربڕی بوو و خوازیاری ئازادكردن یاخود ناردنه‌وه‌یان بۆ مه‌ره‌خه‌سی ببوون.
