ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه یەکەم حاڵەتى توشبوون بە ویرووسی کۆرۆنا لە وڵاتانى لیتوانی، بێلارووس و نیجێرییه و نیوزەلەندا تۆمارکران.
وەزارەتى تەندروستى نیجێرییه لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تویتێەر رایگەیاندووه، هاوڵاتییەکى خهڵكی ئیتالیا کە لە ولایەتى لاغۆسى باشورى نیجێرییه کارى کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕهشهممه نیشانەکانى ویرووسی کۆرۆناى تێدا دەرکەوتووە. ئاماژەى بەوەشکردووە، ناوبراو ڕۆژی سێشهممه لە شارى میلانی ئیتالیاوە گەڕاوەتەوە نیجێرییه و لە ئێستادا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخى تەندروستى جێگیرە. ئهمه لهكاتێكدایه كه لە چەند رۆژى رابردووشدا دوو حاڵەتى توشبوونى دیکە لە هەریەک لە میسر و جەزائیر لە باکورى کیشوەرى ئافریقا تۆمارکراون. هاوکات، وەزارەتى تەندروستى لیتوانی بڵاویکردووهتهوه، یەکەم حاڵهتی توشبوون بە کۆرۆنا لهم وڵاته تۆمارکرا کە لە شارى فیرۆناى ئیتالیاوە گەڕاوەتەوە. وەزارەتى تەندروستى “بێلارووس”یش رایگەیاندووه، توشبووەکەى وڵاتەکەى خوێندكارێكی ئێرانى بووە و لە ئازربایجانەوە هاتووەتە ئهم وڵاته. لە نیوزلەندیش، سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە یەکەم حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆناى راگەیاند، کە لە نەخۆشخانەى ئۆکلاند خراوەتە ژێر چاودێرییەوە. ئەوە لە کاتێکدایە كه ویرووسی کۆرۆنا بە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و ئامارى توشبووانیش زیاتر لە ٨٣ هەزار کەسە و دوو هەزار و ٨٥٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٦ هەزار توشبووش چاکبوونەتەوە.