ئه‌ڕته‌شی توركییه و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، بۆ جارێكی دیكه هێرشیان كرده سەر پارێزگای ئێدله‌ب و به‌هۆیه‌وه شه‌ڕ و پێكدادانێكی قورس هاتووه‌ته ئاراوه.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١ی ڕه‌شممه، تۆپخانەکانی توركییه ژمارەیەک بنکەی ئه‌ڕته‌شی سوورییه‌یان لە شارۆچکەکانی نەیرەب لە رۆژهەڵاتی ئێدله‌ب بۆردومان کردووە و هێرشی پێچەوانەیان بۆ سەر ئەو گوند و شارۆچکانە دەستپێکردوە کە لەماوەی رابردودا لەلایەن ئه‌ڕته‌شی رژێمی سوورییه‌وە کۆنتڕۆڵ کرابونەوە.هاوكات سەرچاوەکانی توركییه بڵاویان کردووه‌ته‌وه كه، توركییه فڕۆکەیەکی چاودێریی ڕووسییه‌ی لە ئاسمانی ناوچەی نەیرەب خستوەتە خوارێ. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش ڕایگه‌یاندووه، شەڕ لەرۆژهەڵاتی ئێدله‌ب بەردەوامە، هێزەکانی توركییه، چونەتە نێو شارۆچکەی نەیرەب، ئه‌ڕته‌شی سوورییه‌ش لە چەند ناوچەیەکی ئەو شارۆچکەیە کشاوەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر، ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئه‌ڕته‌شی رژێمی سوورییه‌ی کردبو، ئەگەر لەماوەیەکی کەمدا سەرجەم ئەو ناوچانەی ئێدله‌ب چۆڵ نەکات کە کۆنتڕۆڵی کردونەتەوە، ئەوا بە زەبری هێز ناوچەکە داگیر دەکاتەوە.