له به‌رنامه‌کانی پشوودا بواره جواراوجۆره‌كانی ئه‌و ڕووداوه مێژووییه‌مان دایه به‌ر باس و شیكردنه‌وه. سه‌ره‌تا به‌ستێنی عه‌ینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی شكڵگرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێرانمان باس كرد. هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ده‌ور و نه‌خشی زلهێزه‌كان له گۆڕانكاری ئه‌و ده‌وره‌یه‌مان ده‌ستنیشان كرد. پاشان چوينه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخێك كه بووه هۆی هاتنه سه‌ركاری رژیمی ئیسلامی له ئێران. له به‌شی پێنجه‌م و كۆتاییدا باسی ئه‌وه ده‌که‌ین كه چۆن و به چ هۆكارگه‌لێك دژه شۆڕشی ئیسلامی به‌سه‌ر شۆڕشی ئێران‌دا زاڵ بوو و له چ قۆناغێكدا ده‌توانین بڵێین شۆڕشی ئێران به‌ته‌واوه‌تی تێكشكا. ده‌وری رۆناكبیران و رێكخراوه سیاسییه‌كان دژ به رژیمی شا كه سه‌ریان بۆ رژیمی ئیسلامی دانه‌واند، چی بوو؟
فریوكاریی خومه‌ینی و داپۆشینی نیازی ڕاسته‌قینه‌ی له بیروڕای گشتی كۆمه‌ڵ، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێدا تا خۆی بۆ سه‌ركوتی نیهایی شۆڕش ئاماده بكات. خوڵقاندنی كوڵ وكۆی درۆیین بۆ بزواندنی بیر و هه‌ستی جه‌ماوه‌ر كه نموونه دیاره‌كانی بریتی بوون له داگیر كردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له تاران و ماجه‌رای بارمته‌گیری ٤٤٤ ڕۆژه‌ی دیپلۆماته‌كان و وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه ئه‌مریكایی به مه‌به‌ستی ئاماده كردنی سه‌ره‌تاكانی سه‌ركوتی خوێناوی ئه‌و خه‌باتكارانه‌ی كه په‌یگیری ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی شۆڕش بوون، نومایشی “موسته‌زعه‌ف په‌نایی“ و ساده ژیانی شه‌خسی، خۆشباوه‌ڕی درووست كردن له بوار بڵاوكردنه‌وه‌ی عادڵانه‌ی سه‌روه‌ت له‌ناو جه‌ماوره‌ی خه‌ڵكدا، ڕۆیشتن به‌ره‌وپیری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق بۆ ڕاگرتنی كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵ له حاڵه‌تی ئاماده‌باش و نائارامیی دایمی، هێرش بۆسه‌ر زانكۆكان و داخستنیان له‌ژێرناوی “ئینقلابی فه‌رهه‌نگی“، هه‌موو ئه‌وانه نموونه گه‌لێكن له فریوكاریی خومه‌ینی بۆ گه‌یشتن به ئامانجی ستراتێژیكی خامۆش كردنی مه‌شخه‌ڵی شۆڕش. به‌م شێوه‌یه خومه‌ینى وه‌ك ستراتیژیستێكی دژه شۆڕش، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستهێنا تا به به‌رده‌وامى گورزى خۆى ئاراسته‌ى شۆڕشى ساوای ئێران بكات. كۆمارى ئیسلامى شۆڕشى ئێرانى له گشت بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا تووشى شكست كرد. له بزووتنه‌وه‌ى كرێكارانه‌وه بگره تا بزووتنه‌وه‌ى ژنان و خوێندكاران و بزووتنه‌وه‌ى كوردستان، واته گشت ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ى كه له رووخاندنى رژیمى شادا رۆڵى سه‌ره‌كییان بوو، یه‌ك له دواى یه‌ك كه‌وتنه به‌ر هێرشى له‌پێشدا داڕێژراو و دڕندانه‌ى رژیمى تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامى. ته‌نها له گۆڕه‌پانى بزووتنه‌وه‌ى كوردستاندا بوو كه خۆڕ‌اگرى، درێژخایه‌ن بوو و تا ئێستاش هه‌ر درێژه‌ى هه‌یه. كۆمه‌ڵگاى ئێران تا ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌یه‌ى شه‌ست، هه‌ر له جۆش و خرۆشدا بوو و شۆڕش به شێوه‌ى شه‌ڕ و به‌ره‌به‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ دژه شۆڕشی ئیسلامی درێژه‌ی به حه‌یاتی خۆی ده‌دا.
كه‌وابوو، رژیمى ئیسلامى چۆن توانیى شۆڕش سه‌ركوت بكات؟ له سه‌رله‌به‌یانى ٢٢ى ڕێبه‌ندان به‌م لاوه، له لایه‌كه‌وه ڕه‌وتى ئیسلامى ڕیزه‌كانى خۆى رێكخست و پته‌وترى كرد و به خێرایى ئه‌و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییانه‌ی كه له لایه‌ن راپه‌ڕینه‌وه زیانییان پێگه‌یشتبوو ساخ و نوێژنی كردنه‌وه و گه‌شه‌ى پێدان و ئاماده‌تر و به‌هێزتر له رژیمى شا، دژ به شۆڕش به‌كارى هێنان. له لایه‌كى تره‌وه ڕه‌وتی شۆڕش له بوار كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌ره‌و لاواز بوون ده‌ڕۆی. “حیزب” یان “به‌ره‌یه‌كى” به‌هێزى سۆسیالیستى و جه‌ماوه‌رى له گۆڕه‌پانى سیاسى ئێران‌دا نه‌بوو. رێكخراوه‌یه‌كى سه‌رتاسه‌رى و گشتگیرى كرێكارى نه‌بوو. لایه‌نى ڕاستى هێزه سیاسییه‌كان، واته بورژوازیی لیبراڵ، سه‌ڵاحییه‌تى مێژوویى، كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى پێویستى بۆ بوون به به‌دیلێك له به‌رانبه‌ر ره‌وتى ئیسلامی‌دا، تێدا نه‌مابوو.
بێگومان له‌و نێوه‌شدا هه‌ڵه‌ی ڕووناكبیران و هێزه سیاسیه‌كان ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره و پێویسته له شوێنى خۆیدا بدرێته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه. حیزبى تووده و سازمانى ئه‌كسه‌رییه‌ت بوون به ماستاوچى كۆمارى ئیسلامى و له مێژووى سیاسى ئێران‌دا به‌دناوى هه‌تاهه‌تاییان بۆ خۆیان تۆمار كرد. حیزبى ره‌نجبه‌ران وه‌ك رێبه‌رانى نه‌ته‌وه‌یى و دژه‌ئیمپریالیزم سه‌یرى خومه‌ینى و “به‌نی سه‌در”ى ده‌كرد و تا ئێستاش گورزى دره‌نگ تێگه‌یشتنى خۆى به‌رده‌كه‌وێت. لیبراڵه‌كانى به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌یى واته (جبهه‌ملى) به پاشماوه‌خۆرى حكومه‌تى ئیسلامى، به وته‌ى مێهدى بازرگان به (ژیانى لاوازى خائینانه) رازى بوون و به‌ره‌ومه‌رگى سیاسى خۆیان هه‌نگاویان هه‌ڵگرت. هه‌ڵبه‌ت به‌داخه‌وه گشت ئه‌مانه دیارده‌گه‌لێكى واقیعى بوون و له ئاستى خۆیاندا زه‌ره‌ر و زیانیان ئاراسته‌ى شۆڕشى ئێران كرد. به‌ڵام به ته‌ئكید نابێ هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانى شكست هێنانى شۆڕشى ئێران له كردار و وتارى ئه‌م هێز و رۆشنبیرانه‌دا ببینین. چونكه بۆچوونی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و دواكه‌وتووانه‌ی جه‌لالی ئالى ئه‌حمه‌د و شه‌ریعه‌تى و كه‌سانى وه‌ك ئه‌وان، پێشتر ئه‌ركى خۆیان بۆ رازاندنه‌وه‌ى سیاسه‌تى خومه‌ینى و ره‌وته ئیسلامییه‌كه‌ى، به باشترین شێوه ئه‌نجام دابوو. كارى سه‌ركوت كردن و پاشه‌كشه پێكردنى شۆڕش، له‌م قسانه ترازابوو. ده‌زگاى تازه‌ى سه‌ركوت، وه‌ڕێكه‌وتبوو و گه‌یشتبووه قۆناغێك كه ته‌نانه‌ت مه‌جالى هه‌ڵه‌كردنیشى به رۆشنبیره‌كان نه‌ده‌دا. رژیمى ئیسلامى نه‌ته‌نیا هێز و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسى به‌ڵكوو به ته‌واوه‌تى، ماهییه‌ت و بوونی بزووتنه‌وه پێشكه‌وتنخوازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی كردبۆوه ئامانج. به ناوى (نێعمه‌تى ئیلاهى)یه‌وه به مه‌به‌ستى میلیتاریزه كردنى كۆمه‌ڵگاى ئێران پێشوازى له شه‌ڕى عێراق كرد. نه‌ته‌نیا شۆڕا كرێكارییه‌كانى له‌ناو برد، به‌ڵكوو كارگه‌كانى داخست و كرێكاره‌كانى ره‌وانه‌ى گۆڕه‌پانى شه‌ڕ كرد. له ئیسفه‌هان و به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لى و تاران و شوێنه‌كانى تر، كرێكاره بێكاره ناڕازییه‌كانیان دایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله. نه‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تى هێزه سیاسیه‌كانیان له زانكۆكان كۆكرده‌وه، به‌ڵكوو زانكۆكانیشیان داخست و ئه‌ساسى بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارییان سڕییه‌وه. هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان و توركمه‌ن سه‌حرا و له ناوچه‌كانى تر به هه‌زاران كه‌سیان له شه‌قامه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر و له زیندانه‌كاندا ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام‌یان كردن. له‌و باروودۆخه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه سیاسیه نه‌یارانه‌ى كه هێرشیان كرابووه سه‌ر، عه‌قڵیه‌تى ئه‌وه‌یان تێدا بوایه كه پاشه‌كشه‌یه‌كى تێگه‌یشتووانه ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وكات شایه‌ت توانیبایان رێژه‌ى له‌ناوچوونى هێزه‌كانیان كه‌متر بكه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له توانایى شیكردنه‌وه و تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییه‌ى كه له ئارادا بوو بێبه‌هره بوون. ئه‌مه له حاڵێكدا بوو كه (شۆڕش) رێگه‌ى شكستى ده‌پێوا و له ژێر گورزى به‌رده‌وامى (دژه شۆرشى ئیسلامى) دا دوایین هه‌ناسه‌كانى هه‌ڵده‌كێشا. زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه نه‌یانده‌ویست باوه‌ڕ به شكست هێنانى شۆڕش بكه‌ن، له‌و رۆژانه‌دا به‌و په‌ڕى نائۆمیدییه‌وه سه‌ریان له به‌رد ده‌كوتا و ئه‌مڕۆش وێڕاى سه‌رزه‌نشتى ڕابردووى خۆیان، به بێ ئینسافییه‌وه هه‌ڵه‌كانیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى گشت كۆمه‌ڵگا و تۆوی بێ ئۆمێدى سه‌باره‌ت به شۆڕشى داهاتوو له مێشكى خه‌ڵكدا ده‌چێنن. كه‌واته نابێ رووداوگه‌لێكى ئه‌وه‌نده گه‌وره و هه‌مه‌لایه‌نه تا ئاستى هه‌ڵه بچووكه‌كانى ئه‌م و ئه‌و دابه‌زێنین. با و‌ڵامى ئه‌م پرسیاره كه بۆچى ڕژیمی ئیسلامی توانیی شكست به شۆڕشی ١٣٥٧ بهێنێ، به‌م شێوه‌یه كورت بكه‌ینه‌وه: چونكه توانایى مادى و رێكخستنى ته‌واوی بۆ تێكشكاندنى شۆڕش به‌ده‌ست هێنابوو و به‌و په‌ڕى بێڕه‌حمییه‌وه به‌كاریان هێنا.