
كرێكارانی كارخانه‌ی سیمانی ئیلام ڕۆژی شه‌ممه ١٩ی ڕێبه‌ندان بۆ چه‌نده‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام، له ناڕه‌زایه‌تیی به به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتنی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خت و زیانباره‌كان، ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
كرێكارانی ناڕازیی له‌مباره‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نن كه یاسای ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خت و زیانباره‌كان ساڵی ١٣٥٢ له مه‌جلس په‌سه‌ند كراوه، به‌ڵام ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه هه‌تا ئێستا له‌م كارخانه‌یه به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتووه. ده‌شڵێن: به‌پێی یاسا ده‌بێ گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خته‌كان له كارگاكانی زیاتر له ٥٠ كه‌س به‌كرده‌وه ده‌ربێ، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسان له‌ئاست به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م یاسایه، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه له هه‌ندێ له ناوچه‌كان به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتووه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ئه‌م كرێكارانه كه له ٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌تا ئێستا خوازیاری به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كاره سه‌خت و زیانباره‌كان له‌م كارخانه‌یه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رنج نه‌دانی كاربه‌ده‌ستان به‌م خواسته‌یه نه‌گه‌یشتوون.
