
به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی دووشهممه ٣٠ی بهفرانبار، جارێکی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە شارهكانی بەغدا، کەربەلا و زیقار و دیوانییه دەستیپێکردەوە و ژمارەیەک رێگای سەرەکی و پرد داخران.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، دوای روبەڕوبونەوەیەکی قورس لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، چهندین ڕێگا له لایهن خۆپیشاندهرانهوه داخراوه و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژێكی زۆر و گولـلەی پلاستیکییان بەکار هێناوه. شایانی باسه دهیان خۆپیشاندهر له لایهن هێزه ئهمنییهكانهوه برینداركراون. لە شاری کەربەلاش، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامە، خۆپیشاندەران زۆربەی رێگا سەرەکییەکانی شارەکەیان داخستوە. ههروهها لە شاری نەجەفیش، خۆپیشاندەران بە سوتاندنی لاستیك و دانانی بەربەست، رێگای سەرەکی فڕۆکەخانەی نەجەفیان داخستوە و رێگا بە كارمهندان نادەن بچنە سەر کارەکانیان و دەرگای زۆربەی فەرمانگە حکومییەکان داخراوە. لە پارێزگای زیقاریش، خۆپیشاندەران زۆربەی رێگا سەرەکییەکان، بەتایبەتی رێگای نێودەوڵەتی نێوان بەسرە و بەغدایان داخستوە و سورن لەسەر بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکانیان.
