2017-01-05 | ۱۳۹۵-۱۰-۱۶
جەمال بزۆرگپوور
جێگا و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئیران لە عێراق زۆر جار بوەتە جێگای باس و سەرەنج. لە ڕاستی دا چالاکی، یان باشترە بڵێن دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس، یەكێك له ئاڵۆزترین جۆری تەداخولی دەوەەتێک لە وڵاتێکی تر بوە کە لە هەل ومەرجی ئێستای ناوچەکه دا بووەتە باو. هەر وڵاتێک بۆ پاراستنی بەرژەوندییەکانی بێت یان دور کردنی ئاور لە خۆی یان دامرکاندنی قەیرانەکانی ناوخو، بە شێوازی جۆراوجۆر تەداخول لە وڵارتێکی تردا دەکات. مێژوو پرە لەم حکایەتە تاڵە کە لە زۆربەی هەرەزۆری ئەم تەداخولانە دا خەڵک بونەتە قوربانی، ماڵوێران، ئاواره و دەربەدەر کراون. تەداخولی کۆماری ئیسلامی لە عێراق شتێک جیا لە دووپات بونەوەی ئەم حکایەتە تاڵەی مێژوو نییە کە پێویستە جارێکی تر چاوی بە سەری دا بگێرین. ئەم پێویستییە جگە لە دەربڕینی بێزاری لە خۆلقاندنی کارەساتی گەورەی ئینسانی (ڕژیمی ئیسلامی بە تەنیا نیە)، هەوڵێکە بۆ ناساندنی پیلانەکانی ڕژیمی ئیسلامی کە یارمەتیمان دەدات دەرسی لێ وەرگرین و سبەی رۆژ لە هەر ئاڵ وگۆریکی سیاسی لەم ئەزمونانە کەڵک وەرگرین تا مەجالی خولقاندنی کارەساتی ئینسانی وپیلان گێری لە دوژمنان بسینینەوە.
بۆ دەست پێ کردن، قسەکانی خامینەی بەهانەیێکی باشە. سه رله به یانی رۆژی یه ك شەممه ڕێكەوتی 11 دیسامبەری ساڵی ٢٠١٦، خامینەئی له چاوپێکەتن له گەڵ عەمارحەكیم رەئیسی ئیعتلافی شیعەكانی عێراق و ئەندامانی سەرەکی ئەم ئیعتلافە کە بۆ چاوپێکەتن هاتبونە ئیران، وێڕای ده ربڕینی خۆشحاڵی له پێك هێنانی ئەم هاوكارییه له نێوان گروپەكانی شییعەی عێراق، ئەم حەرەکەتەی وەك ڕوداوێكی گرینگ باسی كرد و له سەر چۆنیەتی پاراستن و بەهێز بوونی ستوونەكانی ئەم ئیعتلافە له عێراق پێداگری كرد. خامینەئی یەكێك له ئەركه گرینگەكانی تەحالۆفی شییعەی پشتیوانی له دەوڵەتانی جێگیر له عێراق ناوبرد و وێڕای ده ربڕینی خۆشحاڵی له هەنگاوەکانی دەولەتی عیبادی، به تایبەت هاوکاری له گەڵ حەشدی شەعبی، وەتی: “حەشدی شەعبی یان هەمان هێزی خەڵكی سەروەت و سامانێكی بەرین و پاشكەوتێکی گەورەیە بۆ ئەمڕۆ و سبەی عێراق كه دەبێت پشتیوانی و بەهێز بكرێت.” خامینەئی هەروەها بابەتێکی تری لەم کۆبونەوەدا خستەرو و بە عەمار حەکیم و باقی ئەندامانی وەڤدەکەی وەت: “به ئه مریكایەكان هیچ كات متمانەتان نه بێت.” لەم پەیوەنده دا هەروەها وتی: “ئێستا له موسڵ و له سووریه، ئەمریكاییەكان، حەز به تەواو تێك چوونی تیرۆریستەكان ناکەن وبە قازانجی نازانن.” لە بەشێکی تری قسەکانی، خامینەئی داهاتویی عێراقی زۆر به ڕوونی و باشتر له بارۆدۆخی ئەمرۆ وەسف کرد و پێدا گری كرد که: “سەرکەوتنی عێراق به قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێرانه و هاوکاری و تەبایی زیاتریش بە قازانجی هەر دولایە. ”
گێرانەوەی ئەم قسانە بۆ ئەوە بوو کە سەرەکی ترین سیاسەتەکانی حزوری كۆماری ئیسلامی له عێراق و هەروه ها له ناوچەكه دەخاتە رو. چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ئەم پێداگریانەی خامینەئی بۆ نیشان دانی سیاسەت و ئامانجە گشتییەکانی كۆماری ئیسلامی له عێراق وناوچەکەیش ناوەرۆكی ئەم نووسراوەیه دەبێت. با پیشتر ئەوە بڵێن کە گومان لەوەدا نیە کە ئەم تەداخولە تەنیا له چوار چێوەی “هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیدا” ناگونجێت. هەروا كه له خوارەوه باسی دەكەێن، له راستیدا ئامانجی واقیعی و زەوینی تری کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی تەداخولگەری ئەم ڕژیمە تەوزیح دەدات. بۆ روون كردنەوەی ئەم راستییە دەبێت تۆزێك بەرەو دوا بچین وهۆكارەكانی بە دەستەوە گرتنی ئەم سیاسەتە له بارۆدۆخی ناوچه کە له لایەك وهەول دانی كۆماری ئیسلامی بۆ داسەپاندنی خۆی و قایم کردنی جێگاو شوێنی خۆی لە ناوچەکە دا لە لایێکی ترەوە، بخەینە پێش چاو. کە هەموی ئەمانە لە خزمەت درێژە دەان به تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە کار دەهێنرێن کە بە جیدی لە ژێر پرسیاردایە.
ئه مریكاو ئێران، ڕکەبڕکێ له عێراق
ژانویەی ساڵی ٢٠٠٢ له هۆڵی كونگرەی ئه مریكا جورج بوش، سه رۆك كۆماری ئه وكاتی ئه مریكا، ئێران و كورەیای باکور و عێراقی پێكەوه بە وەڵاتانی “میحوەری شەرارەت” ناو برد (لەم نوسراوە مەبەستەکانی ئامریکا لەم وتارە و ئامانج و دەرئەنجامەکانی تا ئێستای لە ناوچەکە زۆر جێگای باس نین، پیشتر هەر لەم گۆڤارەدا بە وردی باسی لە سەر کراوە) . مانگی مارسی ٢٠٠٣ سوپای ئه مریكا و هاوپەیمانانی به هۆی ئەوه شتەی کە پێشێل کردنی بڕیارنامەی 687 شۆرای ئەمنیەت نێو برا، هێرشیان كرده سەر عێراق. ئەو کات ڕێكخراوه ئەمنیەکانی ئەمریکا و بریتانیا ئیدعایان كرد بەڵگەیان لە دەست دایە کە حكوومەتی عێراق بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەكی كۆمەڵ كوژی به پێچەوانەی بڕیارنامەی 687 درێژه پێداوه، كه ئه ڵبەته دواترهەرگیز ئەم ئیدعایە نەسەلمێندرا ( دەبو ئەم سیاسەتە بچیتە پیشێ و بەهانەی بۆ بدوزریتەوە ). بەڵام هەرچی بوو دوای ئەم هیرش هینانە به كردەوه ڕژێمی ئیسلامییان تەشوێق كرد كه لەم دەرفەتە (روخانی حکومەتی سەدام وەک نەیاری جیدی خوی لە ناوچەکە) كەڵك وەربگرێت. وتەی یەحیا رەحیم سەفەوی ڕاویژکاری نیزامی خامینەئی له کۆبوونەوەیكی نێونەتەوەیی لە ژێر ناوی “قه یرانەكانی ژئوپلیتیکی جیهان ئیسلام” ئەم هه ڵوێستەی به شێوەیكی بەرچاو نیشان ئەدات، ئەو وتی: “داگیر كردنی ئەفغانستان که سالی ٢٠٠١ و عێراق له سالی ٢٠٠٣ به قازانجی سیاسی ئێران تەواو بوو و دوو دوژمنی ڕوژهەڵات ( ئەفغانیستان) و روژئاوای ئێمه (عێراق) له نێو چوون و بەم جۆرە قورسایی سیاسی ئێران پەرەی سەند.” ئەم قسەیە لە هەمان کاتدا ئەم گومانەی به هێز كرد كه لەوانەیە حکومەتی ئێران له ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی عیراقی كه دەستی باڵای تیاندا بوو، له دارشتنی هێرش بۆ عێراق دەخاڵەتیان كردبێت.
وا بێ یان وا نەبێ، ڕژێمی سه دام له شەڕ له گەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانانی رووخا. سوپای ئەمریكا له عێراق دا جێگیر بوو، له دراوسێ ئێران دووهەمین وڵاتێك كه جۆرج بوش، سەرۆك كۆماری ئه مریكا وه ك “میحوەری شەرارەت” ناو لێ بڕدەبوو. ئەم رووداوە لە لایەن حکومەتی ئیسلامییەوە وەک یەک هەڕەشەی جیدی بۆ سەر ئێران حیسابی بۆ کرا. بەڵام هەل ومەرجی سیاسی و بەتایبەت چەندین ڕووداو كه له لایەن ئەمریکاوه لە عێراق ڕەچاو کرا و بۆ خویشیان دواتر بە هەڵەیان زانی ( لەوانە له سەر ئەساسی بڕیاری پل برێمر، ده سەڵاتداری ئەمریکی ئەو وڵاته ، هەم سوپای عێراق هەڵوەشایەوه و هەم حیزبی بەعس، ئه ندامانی سوپای ئەم حیزبه كه له گەورە بەرپرسانی سونی عێراق بوون، له بەشداری كردن له ده سەڵات بێ بەش کران)، ساحەی سیاسی له عێراقی ئاڵو گۆڕی بە سەردا هات. لەمەبەدوا بەدیلی ئەمریكا بۆ حکومەتی سەدام حوسێن تەنیا پشت بەستن بە هاوكاری هێزەكانی ئۆپوزسیۆنی عێراقی بوو، یانی لە واقیعدا زۆرتر بە هێزەكانی شیعه مەحدود مایەوە. ئۆپوزسیۆنێک کە بەشێكی زۆریان ئێرانیان بە “میحوەری شەراره ت” نەدەزانی و بێ شێک ئامادەی بەرێوبردنی سیاسەتەكانی ئەمریكا له عێراق به تایبه تی له به رانبه ر له گه ڵ ئێران دا نه بوون. بەم جۆرە ئەرتەشی ئەمریكا، به هێرش كردنه سەر عێراق روخانی یەكێك له حكوومەتەكانی “میحوری شرارەت” به دەستی خۆیان فەزایان بۆ تەداخولی وڵاتێکی تر لە “میحورهای شرارت” ئاوەڵا كردوە .
ئه مه تازه سەرەتای كار بوو. بارۆدۆخێک کە هاتە پێشەوە كۆماری ئیسلامی بەم بیرۆكەیه گەیاند كه بۆ دورراگرتنی ئاور لە خوی، حزوری ئهمریكا لە عێراق و پێش چوونی سیاسەتەکانی بخاته مەترسیەوه. جارێ یەك مانگ دوای ڕوخانی سهدام، سەره تا هەندێک له بەعسییەكان به هۆی ئەم روخانەوه و بێ دەسەلات کردنیان، دەستیان دایه شەڕ له دژی ئەرتەشی ئەمریكا. دوای ماوەیەك، له هاوینی ٢٠٠٣ “موقته داسەدر( مەلایێکی گەنج كه ئەسڵیەتی ئێرانیه و لە بنەماڵەی ئەو بەشە لە مەلاکانە کە باوەڕیان بە ولایەتی فەقی هەیه)، سەرەتا تاقمی نیزامی به ناو “جەیشی مهدی” ڕێك خست، ڕه وتێك كه رای گەیاندبوو، به دژی حكوومەت ئەمریكا که داگیركه ره له شەڕادا بێت. هەروەها ئەم رەوته هاوكات حكوومه تی نوێی عێراقیش به هۆی هاوكاری له گەڵ داگیركەران دایە بەرهێرش.
عەرەبی شیعه كه بەرله روخانی سەدام له هیچ دەسەڵاتیک بەهرەمەند نەبوو، دوای روخانی سەدام حوسێن به هۆی زۆرینەی جەماوەرێک كه له عێراق بوویان، زۆر زوو توانیان له ساحەی سیاسی عێراق دەوری سەرەکی بگێڕن، و له هەمان سەرەتاوه له هاوپەیمانی له گه ڵ كوردەكان تەقریبەن توانیان زۆربەی کورسییەکانی ناو دەسەلاتی سیاسی لە عێراق بە دەستەوە بگرن. لێره پرسیارێك دێته ئاراوه، بۆچی یه ك مەلای شیعه دژی ئه مریكا ده ست بۆ چەك دەبات؟ هۆی ئەمە ناتوانێ تەنیا مەسەله دژ بە داگیر کردنی عیراق بێت، یانی رونتر ئەوەیە کە ناشێ هەستی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی عێراقی هاندەری موقتەدا و هاوپیمانانی بووبێت ، چونكه هەر ئەم كەسه بۆ ئێرانیەكان، كه بە ئاشکرا لە عێراق تەداخولیان دەکرد و سیاسەتیان دادەرەشت وەک یەك هاوپەیمانی ستراتژیێك به حیساب دەهات و بچوك ترین حەساسییەتی بە حزوری ئێران له هەموو بوارەكان دا ئێستایشی لە گەڵ بێ نیشان نەدا. له حەقیقەت دا هۆی سەرەکی ئەم مەسەلەیە سیاسەتی خستنە مەترسی حزوری ئامریکا و پێش چوونی سیاسەتەکانی لە عێراق بوو کە لە لایەن ئێرانەوە دارێژرابوو. نابێ متمانە بە ئامریکا بکرێ وەک سیاسەتی نەگۆری کوماری ئیسلامی دەبێ لە عێراق جێ بگرێت.
لە هەمان کات دا لە بیری نەکەین کە ڕێکخستن و بەهیز کردنی “جەیشی مەهدی” ته نیا بۆ بە هێز کردنی زۆرتری شێعه له عێراق نەبوو، چونكه ئەم هێزه هەبوو یان به دەست هاتبوو، لە واقیعدا زۆرتر بۆ بەرپەڕچ دانەوەی مەترسیێک لە بۆچونێک بوو کە كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە “میحوەری شەرارەت” دەزانی. کە وابوو هه نگاوی یەكەم ئامانج له پێك هێنانی ئەم تاقمه ملیشیایه سەرقاڵ کردنی ئەرتشی ئامریکا و ترس و وه حشەت نانەوە بوو تا كو لەم پەیوەندیەدا پلانەكانی سیاسی ئەمریكا له عێراق له گەڵ شكەست بەرەورو بیتەوە. ئەوەی وا پیلانەکەی قولتر کردەوە هەڵایساندنی ئاوری شەڕ نێوان سونه و شیعه بوو کە (جەیشی مەهدی) دوای ته قینەوەێك كه له كازمین و شوێنی ئایینی شیعەكان کە له ساڵ ٢٠٠٥ دا ، ده وری ئەسڵی تێدا بوو، شەڕێك كه هەم ئەرتەشی ئەمریكای لە گەڵ گرفتی زور بەرەوروو كرد و هەم پێش چوونی پرۆسەی سیاسی لەم وەلاتەی خستە مەترسیەوە. سالی ٢٠٠٦ جیابوونه وەیک له “جه یشی مەهدی” ڕووی دا. ئەم جیابونەوەیە تاقمی سیاسی مەزهەبی تری لێ دروست بوو کە هەموشیان چەکدار بوون. هۆكاری ئه م جیابوونەوەیه هەرچی بووبێت بەكردەوه داهاتوی سیاسی بەشێكی زۆر لەم تاقمه چەکدارانە لەوانە “کتائب حزب الله”، “عصائب اهل الحق”، “حرکت النجبا” و “جیش المختار” دیاری كرد کە ئەم رەوته بە گشتی پەیوه ندیان به كۆماری ئیسلامی ئێرانەوه هەیه و ته نانەت له راگەیاندنەكانی خۆیشیاندا به ئاشكرا ئەم هاوكاریی و پەیوندیانەیان وه ك شانازیەك باس دەکرد.
کوماری ئیسلامی ئێران دوای ئەم جیابونەوانە کەوتە بیری ئەوەی کە بە جۆریێکی تر ئەم رەوتە لە ژیر چەترێک دا کۆکاتەوە و بیان بوژینیتەوە. ڕژیمی ئیسلامی ئێران به کردەوه لە نێو حكوومەتی عێراق دا تارادیێکی زۆر قسەی دەڕۆیشت و هەروەها لە نێو زوربی میلیشیای شیعەکاندا دەست و پەیوندی خوی هەبوو، بویە ئیمکانی ئەوەی هەبوو کە بتوانی بیری لە کاری گەورەتر بکاتەوه، تاكو لەم ڕێگایەوه، ئەمریكا توانای ئاڵۆگۆری سیاسی له ئێرانی نەمێنی و لێی پاشگەز بیتەوە. بێ هۆ نییه کە بە هاتنە گۆرێی مەسەلەی ئەتۆمی (کە خوی چیرۆكێکی تری تره) و گوشار خستنە سەر ئێران، میلیشیا شیعەکان به خێرای زۆرتر پێك دێن و به پێك هێنانی هەر تاقمێک توندوتیژی له عێراق زۆرتر و زۆرتر دەبێت و حزوری نیزامی ئەمریكا له عێراق زۆرتر ده چێتە ژێر پرسیارەوە. بە وتەیەکی تر هەر چی زەخت له سه ر ئێران زۆرتر ده بێت ، ڕێژه ی توندوتیژی له عێراقیش زیاد دەکات . له ٢٦،٤٩٦ هێرش له ٢٠٠٤ به ٣٤،١٣١ هێرش له ٢٠٠٥ هەلدەکشیت. یان له ساڵ ٢٠٠٤، ٨٥٠ سه ربازی ئه مریكای له شه ڕ له گه ڵ میلیشیا کان كوژراون. ساڵ ٢٠٠٧ ڕێژەی توندوتیژی زورتر دەبی و ئاماری کوژراوەکانی ئەرتشی ئامریکا دەگاتە ٨٩٩ کەس. هاوكات له گەڵ ئەمە لە لایێکی ترەوە چەند ولات لەوانە لەهێستان، ئوسترالیا و ئیسپانیا بە هۆی پەرەسەندنی نارەزایەتی ناوخۆیی، هێزەکانیان لە عێراق دەکشیننەوە.
ئه وەی کە باسی کرا، یانی سیاسەتی ئێران لە عێراق بۆ پوچەل کردنەوەی پڵانەکانی ئامریکا دەردەخات، بۆ دەرخستنی زورتری ئەم سیاسەتە جیا له قسه كانی خامینه ی کە لە سەرەوە لە گەڵ عمار حەکیم باسی کرا، ناوبراو له دانیشتنی لە گەڵ فەرماندەكان و بەرپرسانی سوپای پاسداران له ٢٨ شەهریور ١٣٩٥( کە لە مالپەری رەسمی خوی دا هاتووە) هۆكاری لابردنی هەڕەشەكانی نیزامی لە سەر ئیران بە “تەقویەتی هیزی دیفاعی ونیزامی” و هەروەها ” ترس و وەحشەت نانەوە له دڵی دوژمنان دا” دەناسێنێت. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی نە تەنیا لە عیراق بەڵکو تێ دەکوشێت ئەم سیاسەتە کە “قوڵای ستراتیژیك نیزام” ناونراوە له سووریه و چەند ولاتی تری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بباتە پیشەوە. عێزت سه رغامی، سه رۆكی پێشووی دەنگ و ره نگی كۆماری ئیسلامی ئێران ، رۆژی ٢ خەزه ڵوەری سالێ ١٣٩٥ هەتاوی له وتووێژێك له گەڵ هاواڵنێری تەسنیم دەلێت: “هێز و توانای ئێمه به رجام نییە بەڵكو شەهیدانی پارێزگاری حەرەمن، که قوڵای ئستراتیژیك ئێمەی بەربڵاو تر كردوەتەوە.” هه مووی ئەم قسە گێرانەوه بۆ ئەوەیە تا پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی له عێراق بۆ زەخت خستنه سەر ئهەمریكا دەرکەوێت، له یەکەم هەنگاودا حزووری نیزامی ئەمریكا له دراوسێیەتی ئێران هەڵبوەشێتەوە و بێ متمانەیی بە عێراق تەواو جێ بکاتەوە و لە دوهەمین هەنگاودا چارەنووسی وڵاتی عێراق بە دەس هێزەكانی شیعەی سەر به ئێران بێت و بتوانێت ببێت بە هەوێنی ڕێک خستنی هیلاڵی شیعە لە ناوچەکە. لە واقیعدا ئەم هەنگاوانە تا کەم زۆر جێ بە جێ بوون. هەر بۆیە كۆماری ئیسلامی ئەم سیاسەته بە هۆی سەرەکی دەزانێت بۆ دەرباز بوون له سێبەری شەڕ و مەترسیەکانی ئەمریكا . بەم بۆنەوە بەخەرج و مەسرەفێکی سەرسوڕهێنەری كه له سفرەی كرێكار و خه ڵكی زەحمه تكێشی ئێران کەم دەکریتەوە تەرخانی پێش چوونی ئەم سیاسەتەی لێرە و لەوێ کردووە.
گرفتەکانی سەر ڕێگای ئەم سیاسەتە لە عێراق کامانەن؟
بە ئەنجام گەیشتنی ئەم سیاسەتە کە باس کرا بۆ کۆماری ئیسلامی و کارامە کردنی لە عێراق کە ئامانجەکانی خۆی بپێکێ، تەنیا بە مانەوەی دەسەڵات لە دەس هێزی شیعەی عێراقدا مسۆەگەر دەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا پێش چونی ئەم سیاسەتە لە عێراق لە گەڵ سێ گڕفت ڕوبەڕویە کە دەبێت ڕاوێژی بۆ بکرێت.
یەکەم، هێزی سونە، کە کۆماری ئیسلامی بە داگیرکەر دەزانێ، بویە پاش کشانەوەی ئەرتەشی ئامریکا لە عیراق هەوڵ بۆ بە پەروایز خستنی هیزی سونە و بێ دەسەلات کردنیان بوو بە سیاسەت. له سپتامبەری ساڵی ٢٠١٢ به ئاشكرا بوونی هه وڵی مالكی بۆده ستگیر كردنی تارق هاشمی، جێگڕی سەرۆك كۆماری عێراق و سیاسەت مەداری عەرەبی سونە، ئەم هەوڵدانەی دەوڵەتی شیعه ئاشكرا بوو.سونیەكان له هێزی ئینسانی گەوره بەهرەمەند بوون وهەروەها رادەی ئەزموونیان له سیاسەت کەم نەبوو، بە ئاسانی له دەسەلات نەدەکشانەوە. دوای ئەوەی كه تارق هاشمی، له توركیه وەك پەنابەر مایەوه، عه شیرەكانی عەرەبی سونی له سەرەتای ساڵ ٢٠١٣ دا هەوڵیان دا به مانگرتن و خۆپیشاندان له شارەكانی بەغدا، موسڵ، فەلوجه، مقدادیە و… خوازیاری گەرانەوەی به قودرەتی سیاسی لە عێراق بن، بەڵام نەیانتوانی كارێك بەرنه پێش و خۆپیشاندان بووه بیانویەك بۆ سەركوتی زۆرترو بۆ به كار هێنانی توند و تیژی له لایەن حكوومەتەوه (ئه م خاڵه خواره وه تر پی دا دەروینەوە).
دوهەم، بەهرەمەند نەبوون لە هێزی نیزامی وەک پاڵپشت و جێگای متمانە. پێش تر وەتمان ئەمریكایەكان ئەرتەشی بەعسیان هه ڵوەشاندەوه، بەڵام ئەرتەشی جێ نشین بۆ دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق جێگای متمانه نەبوو، ئەو سوپایە تیکەڵاویێک بو لە پێکهاتەکانی ناو عێراق. ئەم سوپایه هەروەک لە داگیر کردنی موسڵ دا دەرکەوت بەرانبەر بە هێزی ڕیکخراوی وەک داعش کارێکی پێ نەکرا و هەلات. لە پال ئەم سوپایه هەروەک پیشتر ئاماژەمان پێ دا چەندین تاقمی میلیشیای شیعەش بوون کە یاسایی نەبوون، دەبوو ئەم گروپانە لە ژیر چەتریک دا کۆ بکرینەوە و پالپشتی دەسەلاتی سیاسی شیعە لە عیراق بن. هیزییکی نیزامی–ئایدۆلۆژی له شێوەی “سپای پاسدارانی”ی كۆماری ئیسلامی . رێكخراو كردنی حەشدی شەعبی بە فتوای گەورە مەرجعی شیعه “سیستانی” بەرهەمی وەها ئاراستەیەك بوو کە گروپە جیاوازەکانی شیعە لە خوی کۆ کاتەوە.
سیهەم ، بوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم حكوومەته خاڵی لاوازی حكوومەتی ناوەند عێراقی پێكی هێناوه. له زۆربەی یاسای حكوومەتی ناوەند پەیرەوی نەكردوه، ته نانەت له پەیوەندییه دیپلۆماسیەكان دا هیندێ پەیوەندی تایبەت خۆی بووه. هەرێمی كوردستان و حکومەتی عێراق له زۆر بواری تردا ناكۆكیان بووه وهەیە، بەڕێوه چوونی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراق (مه سه له ی ناوچەی کیشە لە سەرەکان)، دارشتنی یاسای نەوت و غاز له گرنگترین مەسەله نێوان ئەوان بووه کە ناكۆكیی نێوانیانی قووڵتر کردوتەوە. جگە لەمانە، مانەوەی ئەم هەرێمە بەم شکڵ و شێوازە، ئەگەر بتوانی خۆی راگرێ وخوی بە هێز بکات مەترسییە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، کاریگەری دانان لە سەر بزوتنەوەی کوردستانی ئێران، كۆماری ئیسلامی نیگەران کردووە. کەوابوو دەبێت چارەیەکی بۆ بکرێت. لە یەکەم هەنگاودا دەبێت موزاحمەتەکانی، یان بلێن گرفتەکانی، بۆ سەقام گیر بوونی دەسەلاتی ناوەند نابێ بمینیتەوە. بەڵام ئەم کارەش بە ئاسانی و بە خێرایی جێ بە جێ نابی و دەشی هەنگاو بە هەنگاو بچیتە پیشەوە، جگە ڵە دۆخی دەولەتی عێراق، خەلکی کوردستانی عیراق بە گشتی متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی نیە، هەروەها لەولاتر تورکیای وەک رەقیبێک هەیە کە ئەوەیش لە پێناو قازانج و بەرژەوندییەکانی خویدا تداخولی ئەو ولاتە دەکات، هەمووی ئەمانە مانای ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی زور دەس ئاوەڵا نییە، بەم حاڵەیشەوە هەوڵ دەدات هەنگاوەکانی خوی لە پێناو سیاسەته گشتییەکانی دا وردە وردە بباتە پێشەوە. له مانگی نوڤامبری ساڵی ٢٠١٣ ئەم ناكۆكییه به بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عیراقەوە( گومان لەوەدا نیە به ئاگاداری و تەئیدی ئیران) زۆرتر بوو بۆ خوی كێشەیكی جیدی هینایە ئاراوە کە تا ئێستا هەروا ماوەتەوه و سەرەڕای چەندین دەوری وتووێژ هێشتا بە ئاكامێك بۆ چارەسەری ئەم كێشەیه نەگەیشتون. جگە لە زەختی ئابوری، ناكۆكی سیاسی نێوان هێزه سیاسیەکان لە کوردستان وای کردوە کە ئەم هەرێمە لە کاتی ئیستادا لاواز بێت و بوار بۆ دەس تێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە لایێک و تورکیا لە لاییك ترەوە زۆرتر فەراهەم بکات. دیارە ئەوەی وا ئەم مەجالەی بۆ دوژمنانی خەلکی کورد رەخساندوە کە تەداخولی تێدا بکەن، سیاسەت و کردەوی هیزە سیاسیەکانی کوردستانی عیراقە کە بە پێ ماهییەتی خویان نەیان توانی لەم دەرفەتە لە پیناو بەدی هاتنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کورد کەڵک وەرگرن. دەسەلاتی حیزبی و قازانج و بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی جیگای دەسەلاتی جەماوەری و قازانج و بەرژەوەندی گشتی گرتەوە. کە وابو ریگا ئاسانتر دەنوینێ وهەوڵ دەدریت به لاواز كردنی زۆرتری ئەوان (هەریمی کوردستان) به تایبەتی له بواری ئابووری، بێده نگ بکڕین و ئیمتیازیک بە دەس نەهێنن، ئەگەر ئەوەیش کە هەیانە لە دەستی نەدەن، سیاسه تێك كه لانی كه م ئیستایش درێژه ی هه یه .
داعش و یاسایی کردنی حەشدی شه عبی!
داعش له ماوەیكی كورت دا ناوچه ی سونه نشینەکانی عێراقی كونترۆڵ كرد ، خاڵێكی گرنگ كه له هه ڵسه نگاندنه كان لە مەر چونیەتی پەرەسەندنی بە خێرایی ناوچە کانی ژیر کونترولی داعش له به رچاو ناگیردرێت ئه وەیەکە لە سەرەتاوه خەڵكی ناوچه سونە نشینەکان تا رادەیەك داعشیان قهبوڵ كرد، بۆ نمونە، داعش له موسڵ له سەرەتاوه به چاوێكی تیرۆریستییەوه سەیر نەدەكرا، بەڵكو وەكو تاقمێكی رزگاریكەر بۆ هێزی سونە حیسابی بۆ كرا. عەربی سونی بە هیوای ئەوە بوو له رێگای داعشەوە لە دەسەڵاتی سیاسی له عێراق به شداری بکات. له بیرمان نەچێ كه داعش به هێزێكی كه مترله 1000 كەس توانی دووهەمین شاری پڕ حەشیمەت لە عێراق به 70 هەزار هێزی سەربازی عێراقی له ماوەێكی كورتی کەمتر له یەك حەوتوو و بێ هیچ رووبه ڕوو بونەوەیەك سەربازی به رچاو كونترۆڵ بكات. له م پەیوەنده دا چەندین پرسیار دیتە گۆرێ ئەگەر خەڵك هەر لە سەرەتاوە داعشیان وەك تاقمێكی تیرۆریستی وەحشی زانی با ، بۆچی له بەرانبەری دا هیچ موقاومەتیکیان نەکرد؟ بۆچی لە سەرەتاوە داعش وەک تاقمێكی نامۆ دڕنده و تیرۆریست، به رزگاركەر بۆ ئەوان ناسرا، چۆن ئەو دەرفەتە خولقا؟ دەبێت بزانین زۆر ئەنقەست موسڵ هەڵبژێردرا، چون ئەم شارە تهنیا یهك جوغرافیا نەبو ونییه، به ڵكوو ناوەندی سیاس، سونیەكانی عێراقه کە دوای ئەوەی کە لە بەغدا دەسەڵاتیان لێ سەندرایەوە بوو به ناوەندی دەسەڵاتیان لە عیراق.
با ئەوەیش بلێین کە له مەسەلەی داگیر كردنی موسڵ له لایەن داعشەوە لە راستی دا هێزەكانی سونی له سەر دوورێیانیێک دا مانەوه، یەك ڕێگای قەبوڵی هێزێكی نەناسراوبه ناوی “داعش”بوو، كه له پڕوپاگەندهكانی خۆی ئیدعای دیفاع له ئیسلامی سونەی دەکرد و رێگای دووههم، رێگای یارمەتی به حكوومەتی ناوەند بوو، کە بۆ ئەوان ناسراو بوو و به شێوەی جیدی لێی نارازی بوون. حکومەتی ناوەندی لایەنگرو پشتیوانی ئیسلامی شیعه بوو، هێزەكانی سونه زیاتر له ١٠ ساڵ دوای روخانی سەدام رێگای دووهەمیان تاقی كردبوو، یانی له گەڵ حكوومەتی شیعەی له هاوکاری و وتووێژدا بوون. به ڵام ئەم ڕیگایە بۆ رەوتی سونە ئاكامێكی نەبوو جگه له حەزفی زیاتر و دورکەوتنی زۆرتر له ئاڵقەی قودرەتی سیاسی له عێراق. له ماوەی ١٠ ساڵ به تەواوی له ده سەڵات له عێراق كەوتنه پەراوێزەوه، و هیواێكیان بەوه نەبوو که له رێگای سازانەوە جارێكی تر بتوانن لە دەسەلات دا بەشدار بن. تەنانەت مەترسی ئەوەیان بوو کە زۆرتر پەراوێز بخڕین. كەوایه له ڕاستی دا بەربەرەکانێ نه كردنی خەڵكی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە گەل ئەم تاقمە چەکدارە (داعش )، بێجگه ترس له دڕندەیی ئەم رەوته، لەم مەسەله شاراوه بوو که ئەم تاقمە لە سەرەتاوە (سالی٢٠١٤) یەك دەرفەتی تاقی نه كراو بوو بۆ ناوچەی سونی نشینەکانی عێراق، تا به ڵكو به كەڵك وەرگرتن لەم هێزه بتوانن جارێكی تر بڕۆنەوە نێو گەمەی دەسەڵاتی سیاسی له عێراق. گرینگ ئەوەبوو کەهێزەكانی سونه له هەوڵی ئەوەدا بوون کە لە داعش وەك ئامرازێك بۆ بەرانبەركێ له گەڵ كۆماری ئیسلامی وحكوومەتی شیعه کەڵك وەگرن هەتا لەم ڕێگایەوه بتوانن کۆسپی وەلانانی خۆیان له عێراق بن. ئەلبەت ئەگەر لە سەرەتاو وا بێر دەکرایەوە، له بارۆدۆخی ئێستا دا ئیتر ئاشكرا بووه كه حزووری داعش ئامرزای موناسب بۆ گەرانەوە بۆ بازنەی دەسەلات نیە . وه لانانی هیزی سونه له لایه ن حكوومه تی شێعه ی عێراق وە به خێرای خوی ماوه ته وه هه رئه م مه سه له یه بوه ته هۆی ئه وه ی كه هیزی سونه لە داعش بکشینەوە و بشداری شەڕی گرتنەوەی موسڵ بکەن .
كەڵك وەرگرتنی شیعه له ئیمکاناتی دەسەلاتی خوی بۆ وەلانانی سونه و له بەرانبەریش دا هەولی سونه بۆ مانەوه، نه تەنیا یەكێك له هۆكارەكانی حزوور و پەرەسەندنی له ناكاوی داعش له عێراق بوو، بەڵكو لە راستی دا پێچەوانەکەی رەمزی لە ناو بردن یان بێ تەئسیر کردنی داعش له عێراقیشە؛ یانی به گەرانەوەی هیزی سونه بۆ دەسەلات لە عێراق مەجالی رووبه روو بوونەوه له گەڵ داعشدا زۆر كەم زەحمەت تر دەکات و بواری وەلانانی ئەوان (داعش) له ساحەی سیاسی عێراقدا زۆرتر ئاماده ده كات، بەلام بەشی خەلک چ حکومەتی شیعە بێ یان سونی یان هەردوو پێکەوە جیاوازیێکی ئەوتۆ ناکات و بێ مافی و دور بون لە ژیانێکی سەردەمیانە بەشی ئەوان دەبی تا ئەم تاقمانە دەسەلاتیان پێ بێت. تا باسی داعش دەکەین با خاڵێكی گرینگی تر له بارەی حزووری داعش یان بە بونەی حزوری ئەوانەوە هاته ئاراوە سەرنجی بدەێن. دوای داگیر کردنی چەند ناوچە و گرنگ تر لە هەمویان دوای گرتنەوەی موسڵ لە راستی دا ئەرتەشی عیراق جارێكی ترهه ڵوه شایه وه، متمانەیان له دهەست دا و كەوتنه پەراوێزەوه. له بەرانبەردا شۆرایەك له میلیشیاكانی شیعە کە پیشتر باسمان کردەبوو هاتنە مەیدانەوە کە تا ئیستا لە پشت پەردەی سیاسەت دا بوون و نیووە ئاشکرا کاریان دەکرد. دیارە بە کاری زور چڕ وپر و دواتر بە فتوای سیستانی رێك خڕان و بە ناوی شۆرای حه شدی شه عبی رەسمی و ئاشکرا دەستیان بە کار کرد . ئەم هیزە کە شۆرای به سیجی خه ڵكی شی پێ دەوتریت، ته نیا له ناو دا شێوه ی سپای پاسداران نیە ، به ڵكو ڵە ناوەروک و له فه لسه فه هە بوونیشی دا ئەم شێوه سازی به ڕیوه چووه . ئه م شۆرایه پیک هاتوە له چه ندین گروپی سه ربازی شێعه له كرده وه و له بارۆدۆخی ئێستا دا پاراستنی ده سه ڵاتی سیاسی شێعه و مه راجعی ته قلید شێعه له عێراق لە ئە ستۆیانە. ئه م شۆرایه له و گروپە چەکدارانە پێك هاتوه كه له سال 2003 تاكو 2011 ڵە پێشینه ی خویان دا شه ڕ له گه ڵ سونیه كانی عێراق و تیرۆرو ته قینه وه به دژی ئه مریكا یان هەیە. به ڵام له ئێستا دا و له ئاكامی بێ کەلک بوونی ئەرتەشی عیراق وەک هیزیێکی یاسای ومه شروع دەناسرێن (له پارڵمانی عیراق دا به ناونیشانی هێزێكی یاسایی ناسران) به م شێوه یه ئه رته شی عێراق كه له پێک هاتەی جۆرواجۆر پێك هاتوه وشایانی پشت به ستن نه بوون ،به كرده وه له ساحەی سیاسی ئه م وڵاته كه وتبوه په راوێزه وه، هێزێكی سه ربازی ئایدۆلۆژیك هاتە روو و ئیستا وەک به دیلی ئه رته ش ده ناسرێ، بەلام ئه م هێزه بە هوی ناوەرەکی ئایدولوژیک یانەوە بە كرده وه ناتوانن هیزی سه ربازی بۆدیفاع له هەموعێراقیە كان بن.
بەم جورە له ژێر سێبه ری حزووری داعش له عێراق، حەشدی شەعبی هاتە روو، هیزیێک کوپی سپای پاسدارانی ئیران بۆ پێکاندنی ئامانجە سیاسیە کان. لێره دا جەخت كردنی خامینه ی له سه ر پاراستن وبه هێزتر کردنی حەشدی شەعبی دەردەکەوی کە وه كو سامانێكی گرنگی وەلات، له دیداری دوای خوی له گه ڵ عه مار حه كیم باسی دەکات.بێجگه له مانه له بارۆدۆخی ئێستا ئه م هه ڵەیش بۆ حكوومه ت شێعه ی عێراق ڕه خساوه كه داواکاری هێزی سونه بۆ به شداری له ده سه لات سیاسی به داواکارییکی ئه منیه تی بناسینێ. فورسه تێك كه بارۆدۆخ بۆ سه ركوت سونیه كان عێراق له لایه ن شێعه كانی ئه م وڵاته ئاماده ده كات. یانی به ناو هیزی هاوكاری پێشوی تاقمیکی تیرۆریست به ئه ژمار بێن ، ئەمنییەتی کردنی مەسەلەکە جگە لەوەی کە ئیمکانی سەرکوت کردنیان دەرەخسینێ، لە هەمان کات دا مەجال بۆ بە پەراویزخستنشیان فەاراهەم دەکات . له حكوومه ته كانی دیكتاتۆر دا رەسمە کە مەسەلەی سیاسی دەکەن بە ئەمنییەتی و ئەوکات هه ڵسۆ كه وت کردن ڵە گەڵ مه سه له ی ئه منیه تی به نۆره ی خوی ئاسان ترو كه م خەرجتر دەبێ له هه ڵسو كه وت لە گەڵ به مه سه له یکی سیاسی. ئه مه هه ر ئه و ئه زموونه یه كه كۆماری ئیسلامی له گه ڵ خەڵکی كوردستانی ئێران بردویه ته پێش و بە ئەمنیەتی کردنی مەسەلەی خەلکی کورد هەم سەرکوتی دەکات و هەم ویست و داواکاری خەڵکی کوردی پەراویز خستووە.
به ڵام گرفتی هه رێمی كوردستان عێراق بۆ دەسەلاتی شیعە چی ڵە گەڵ دەکرێ یان چی ڵە گەڵ کراوە؟ ئەم هەریمە جیا له قه یرانی ئابووری به ربڵاو کە بۆ خویشیان تیدا بەرپرسن، توشی له ت بوونی سیاسیش بوون. ئه م له ت بوونه خوی هۆكاری بێ هیوای ونیگه رانی له نێو خه ڵكی كوردستان دا تا راده ێكی زۆر پێك هێناوه، حه قیفه ت ئه وه یه كه پەرەسەندنی قه یرانی ئابووری له كوردستان وپه ره سه ندنی ناكۆكی نێوان هێزه سیاسی کان (كه كۆماری ئیسلامی بەش بە حالی خوی كاری بۆ دەکات ) کاریکی وای کردووە کە لە هەل ومەرجی ئیستادا ئەم هەریمە بۆ سەلماندنی ویست و داخوازییەکانی لە موقعیەتیکی زەعیف تر دا بێ . بی گومان دوای مەسەلەی موسڵ ،حكوومه تی ناوه ند له بارۆدۆخێكی تر، ره نگه به متمانه به خۆ بوونیکی زۆرتر ڵەگەڵ گرفتی هەریمی کوردستان روبەروبیتەوە. وله هه نگاوی یە كه م دا بیر لە كونترۆلی دووباره ناوچه کیشە لە سەرەکان بە تایبه تی شاری كه ركووك كه له هاوینی 2014 به هه ڵاتنی هێزه كانی عێراق کەوتە ده ستی هێزی پێشمه رگه، بکاتەوە . هەریمی كوردستان له گه ڵ كێشه یكی گه وره به ره و روو دەبیتەوە . خه ڵك كوردستان به دەرکی ئه م راستییانە وئیمكانی وه ها پێشهاتێك دەبی ئامادە بن .ئاماده گی به مه به ستی حه ول دان بۆ به رگری له وه ها پێش هاتێك وبه رپه رچ دانه وه ی پیلانی حكوومه ت ناوه ند وئێران بۆ داسه پاندنی شه ڕیکی نه خوازراوە .خه ڵكی كوردستان هیچ قازانجێك له هەلایساندنی ئاوری شەری نه ته وه یی و ئایینی نیە ونابێ به وه ها پیلانێك لە هەر لاییکەوە بێ مڵ بده ن، هه روا كه ئاماژه كرا ئه گه ر ده وره یه ك په ره سه ندنی ناكۆكیه ئایینی شێعه وسونه بواری وه لانانی هێزه كانی سونه ئاماده كرد ، ئه مرۆ هەمان پیلان لە ئارادایە تاكو به په ره پێدان به ناكۆكی نه ته وه یی و سەلماندنی شەڕیکی نەخوازراو خه لكی كوردستان وخواست وداواكاریه كانیان بخه نه په راوێزه وه.
له كۆتای دا دەبێ بڵێین که بوون وكاریگەری کۆماری ئێسلامی ئێران له عێراق دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس، له سەر ئەم نەقشەیە چوە پیشەوە کە عیراق دەبی نائەمن بکرێت، ئەم مەبەستە له رێگای پەرە پێدان بە تیرۆر و ترساندن و به كەڵك وەرگرتن له میلیشیای شێعه و خوش کردنی ئاوری شەری مەزهەبی نیوان خەڵکیک کە پێشتر به خەیالیشیاندا نەدەهات که بەم شێوەیه بکەونه گیانی یەک، و بەریوەچو. کۆماری ئیسلامی توانی تا ڕادەیەک بەم خواستەی خوی بگات و هەروەک به رپرسانی كۆماری ئیسلامی باسی دەکەن سێبەری شەڕ له سەر ئێران لا بەرن، دەستی بالا لە عیراق پەیدا بکەن و له هەموو گرنگتر، له دەوڵەتێکی ناسراو به “میحوری شه راره ت” ببێت به دەوڵەتێک کە دەبێ هاوکاری ڵە گەڵ نکرێت و بێته ناو هاتە نێو موعادڵاتی سیاسی ناوچه کەوە . له بارۆدوخی ئێستا له عێراق دوای داعش ئیتربه ره و روو بوونەوەیکی جیدی له بەردەم سیاسەتەكانی ئێران لەم وڵاته بوونی نییه. بەربەرەکانێی حكوومەتی شێعەی هاوپەیمانی ئێران، به تایبەت كوردەكان له ناوخۆی عێراق له بارۆدۆخێكی گونجاو بۆ خۆ نیشان دان بەهرەمەند نین مەگەر ئەوەی كه به خۆیان دا بێنەوه و به چارەسەرکردنی كۆسپ وكێشەكانی خۆیان ئابوری و سیاسی، رێگای هەر چەشنه پیلانگێری دژی خۆیان ببەستن، هاتنە مەیدانی جەماوەری نارازی، ریکخراو کردنیان دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەند و هەر داگێرکەرێک دەتوانی یەکەم هەنگاو بێ . لە راستی دا جەماوەری کوردستان یانی شتێك كه كۆماری ئیسلامی بە هوی کردوە قیزەونەکانیەوە تیایدا زەعیفە و تیایدا بی متمانەیە، دەبێ ریکخراو وەکار بخرێ، ئەم کارە لە هیزەکانی دەسەلاتدار لە ساحەی سیاسی کوردستان ناوەشیتەوە، هیزییکی رادیکال و مەسئول دەبێ ئەم ئالایە بە مەبەستی بە هێز کردنی بزوتنەوەی خەلکی کوردستان بەرانبەر بە هەر پێلانیکی داگیر کەران بگریتە دەستەوە و بیتە مەیدان.
جارێكی تر هاوسەنگی سیاسی وداهاتوی سیاسی عێراق گرێ دراوە بە بارودوخی سیاسی ناوچەکە ،ئه گه ر ئێران بتوانێ له گەمەی سیاسی کە ڵە ناوچەکە دا بە قیمەتی مالویرانی خەڵک بەریوە دەچی ئیمتیازی زیاتر به ده ست بێنێ. بێ شك ئه توانی عێراق به مه یدانی رم بازێنی خوی بزانێ وهه ر تاقمێك كه بی هه وێ ئه توانێ بیخاته په راوێزی ده سه ڵاته وه.ئه گه ر وانه بێت عێراقیش له ده ست ئه دات و ئامانجەکانی فەشەڵ دەینی، دەبێ بزانین رەوتی رووداوەکان بەرو کوی دەروات، بەلام چەند شت روونە، یەکەم ، به سه ره نج دان به ئه و شته ی كه وترا ئه م گومانه به هێز دەبێ كه كۆتای داعش به مانای كۆتای شه ڕو خوێن ڕشتن له عێراق نییه به ڵكه به مانای ده سپێكی دروست بوونی ئالوزی زیادتر و تازه تر له ناوچه کە وعێراق ده بێت . دوهەم ، بێ شك به ربڵاوی ناره زایه تی له ناخۆی ئێران و له رووبه روبوونه وه ی جیدی كرێكاران و خه ڵكی زه حمه تكێش له سه رتاسه ری ئێران به سیاسه تی ته داخولانه كه هیچ قازانجێ بۆ ئەوان نییه ، هەروەها هاتنە مەیدانی هیزی ریکخراوی خەلکی نارازی و وەگیان هاتوو لەم بارودوخە ، رووبه رووبوونه وه یكی زۆر جیدیه كه كۆماری ئیسلامی به ئاسانی ناتوانێ لێ تێپه ڕبێ.