کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قارەمان تاشین بۆ سیاسەتێکی شکست خواردوو

47861849 303

47861849 303

کوژرانی قاسم سولەیمانی و باس و خواسی ئەم ڕووداوە هێستاش سەردێڕی سەرەکی ناوەندەکانی هەواڵنێری ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشی لەخۆگرتووە. بەدەر لە لێکدانەوە و شیکاری هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان و ژۆرنالیستانی پێشڕەو  و بە وێژدان، ناوەرۆکی سەرەکی سەرجەم هەواڵ و لێکدانەوەکان دەکرێ لە دوو گرووپدا دەستەبەندی بکرێ.

یەکەم، تەبلیغاتی میدیاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی. ئەو دەستەیە هەوڵ دەدەن تیرۆری قاسم سۆلەیمانی بێننە ئاستی کوشتنی بێن لادێن و بەغدادی و بەنیازن لەو هەلە بۆ خۆشناوکردنی ترامپ  و کابینەکەی لەناو ئەمریکادا کەڵک وەرگرن و لە هەمان کاتیشدا دەیانهەوێ بە گەورە کردنەوەی ڕووداوەکە، توانای وەرگرتنی زانیاری و خێرایی ئەنجام درانی ئەو ئۆپراسیۆنە، بە نەیارانی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نیشان بدەن و بیانترسێنن. لەو جێگەوە کە بەرژەوەندی ئەمریکا لەوە دا نییە کە شەڕێکی بەتەواو مانا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵگیرسێنێ، ئەو ئۆپراسیۆنە و تەبلیغاتی دەورووبەری، دەکەوێتە خانەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی تا بەرەو مێزی وتووێژ ڕایکێشێ. هەموو بەڵگەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە ئەمریکا دوای ئەنجام دانی ئەو ئۆپراسیۆنە، شێوازی نوێی بۆ دەست پێکردنی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەکار دێنێت و زیاتر لە جاران پەیگیری ئەو ئامانجەی دەبێت. بە پێچەوانەی کەسانێک کە نیگەرانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکان، ئەم ڕووداوە نە تەنیا ئیمکانی وەڕێکەوتنی شەڕی زیاتر نەکردووە، بەڵکوو ئەو ئەگەرەی کەمتریش کردووەتەوە.

دووهەم، کەمپەینی تەبلیغی کۆماری ئیسلامی و ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە ناسیۆنالیستە ئێرانیەکان. ئەو دەستەیە لە قاسم سولەیمانی “قارەمانێکی میللی”یان درووست کردووە، قارەمانێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە “مەزڵوومانە تیرۆر” کراوە. ئەوان بە گەورە کردنەوەی ڕۆڵی سولەیمانی لە شەڕی داعشدا، هەوڵ دەدەن تەبلیغاتی بەرەی بەرامبەر کە دەیهەوێ ئۆپراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی بێنێتە ڕیزی کوشتنی بێن لادێن و بەغدادی، پووچەڵ کاتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی شارەزایەکی تایبەتە لەوەدا کە ڕووداوی لەوجۆرە خێرا بکاتە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو ئامانجانەی کە لە پشتی پەردەوە هەیەتی. سەرانی ڕژیم ساڵیانێکی زۆر شەڕی نێوان ئێران و عێراقیان وەک بەرەکەتێکی ئاسمانی ناولێدەبرد و هەڵبەت لەوەش بۆ سەرکوت نەیارانی ناوخۆ و سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتەکەیان بە باشی کەڵکیان وەرگرت. بە بارمتە گرتنی ئەندامانی باڵوێزخانەی ئەمریکایان، لە تاران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کردبە ئامرازێک بۆ چەک کردنی ئیدێئۆلۆژیکی ئەو نەیارانەی کە ناسنامەی خۆیان بە خەباتی دژە ئیمپریالیستیەوە گرێ دابوو. “سەلمان رۆشدی” و کتێبی “ئایاتی شەیتانی” ئەویان بۆ بزواندنی هەستی ئەو خەڵکە ئایینیەی کە قەتیان ئەو کتێبە نەخێندبووەوە و نەیاندیتبوو، بەکارهێنا. نموونەی لەمجۆرە فراوانن. کوژرانی قاسم سولەیمانی یەکێک لەو دەرفەتانە بوو. ئەگەرچی قاسمی سولەیمانی بەرپرسی چالاکییەکانی دەرەوەی سنوورەکان بوو، بەڵام مەرگی ئەو زۆر بە خێرایی بوو بە ئامرازێک بە بەرەوپێش بردنی سیاسەتێک لە ناوەوەی وڵات. لە ڕێگەی میدیاکانەوە تەبلیغاتێکی زۆریان وەڕێخست. تەرمەکانیان شار بە شار گەڕاند، نومایشی سەرشەقامی ناشتنی تەرمەکانیان لە ئێران و عێراق، وێڕای وتنەوەی درووشم دژبە ئیسرائیل و ئەمریکا لە بڵینگۆکانەوە لە سەرتاسەری ئێران دەرخواردی خەڵک درا. هەزاران ئۆتۆبووس، بەسیجەکانیان بە مەبەستی ڕەونەق دان بە نومایشی سەرشەقام بردە شارەکانی تاران و قۆم و مەشهەد و کرمان. هەر بەو مەبەستە مەدرەسە و ئیدارەکانیان تەعتیل کرد و کارمەندان و خوێندکارانیشیان لەو نومایشە وەردا. ئەم جارەشیان وەک هەموو جارەکان، ئەو نومایشانە نەک لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵکوو دژبە خەڵکی ئێران بەکار هێندرا. هێشتا دوو مانگ لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە پتر لە ١٥٠ شاری ئێران تێپەڕ نەبووە، هێشتا چارەنووسی زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەو ئاخێزە نادیارە، هێستاش ژمارەی گیان بەخت کردووانی مانگی خەزەڵوەر ڕانەگەیەندراوە و بەرەئاوەردەکان پێمان دەڵێن کە پتر لە ١٥٠٠ کەس لەو ئاخێزەدا گیانیان لەدەست داوە. لە وەها باروودۆخێکدا کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە ڕووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی و بە گێڕانی تەرمەکەی بەشارەکاندا و بە نومایشی فەرمایشی سەرشەقام  دەیهەوێ ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر و سەرکوتی خوێناویی ئەو ئاخێزە بشارێتەوە و بەخەیاڵی خۆی بە فەرامۆشیی بسپێرێ. پێشتریش سێناریۆیەکی هاوشێوەیان لە ئاستێکی دیکەدا، پاش هێرشی ئەمریکا بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە تۆڵەی هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، ئەنجام دا. لەوێشدا هەوڵیان دا تا لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەیەکی فەرمایشی لە بەرامبەر باڵوێزخانەی ئەمریکا، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە عێراق بخەنە پەراوێزەوە.

بەڵام سەبارەت بە قارەمان نواندنی “قاسم سولەیمانی”، ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکەین کە قاسم سولەیمانی تەنیا یەکێک بوو لە مۆرەی ئیجرایی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ئەمرۆ کەمتر کەسێک دەتوانێ حاشا لەوە بکات کە ئەو سیاسەتانەش شکستیان خواردووە. عێراق و لۆبنان و سووریە و تا ڕادەیەک یەمەن و فەلەستینیش، گۆڕپانی بەرچاوی شکستی ئەم سیاسەتانەن. لە لۆبنان و عێراق، کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە بەر شەپۆلی ڕق و نەفرەتی جەماوەری ڕاپەڕیو. ناوەند و کۆنسوولخانەکانی ڕژیم ئاگر تێبەردەدرێن و کاڵاکانیشی تەحریم دەکرێن. ئەم جارەیان تەنیا ئەمریکا نییە کە کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە خستووەتە ژێر گوشارەوە، بەڵکوو خەڵکی ئەم وڵاتانەش دژبە کۆماری ئیسلامی هەستاون. کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە شتێکی جگە لە جەنایەتی بێ ئەژمار لە دیفاع لە ڕژیمێکی گەندەڵ و جەنایەتکاری ئەو وڵاتە، تێدا نییە. ئەوەیکە لە سووریە بە دەستکەوت ناوی لێدەبردرێ هەمووی بە ناوی ڕووسیە تەواو بووە و جێگایەک بۆ هەڵکێشانی ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لەو وڵاتە نەماوەتەوە. سەبارەت بە سەرهەڵدان و بەدەسەڵات گەیشتنی “داعش” ئەمڕۆکە کەس ناتوانێ ڕۆڵی سیاسەتی حیزبە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق کە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوون دژبە خەڵکی سوننی مەزهەب، بەتایبەت مالکی کە گوێ ڕادێری هەمیشەیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، ئینکار بکات. لە سووریەش پێداگری بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بوو کە بە داعش و باقی گرووپە توندڕەوە ئایینیەکان پەڕ و باڵی دا. پرسیار ئەوەیە، چۆن دەکرێ بۆ سیاسەتێکی شکست خواردوو، قارەمان درووست کرێ؟

کۆماری ئیسلامی کە ئەمرۆ نومایشی سەرشەقام بەڕێوە دەبات تا سکشتی سیاسەتەکانی خۆی پێ بشارێتەوە، بێ گومان باش دەزانێ کە ئەگەر تەنیا ترسی سەرکوتی خوێناوی لەگۆڕێ دا نەبێت، دەیان ملیۆن کەس لە خەڵک لە سەرتاسەری ئێرانەوە، تەنانەت بێ ڕێکخراو و بێ ڕێبەری، لە یەک ڕۆژدا دژ بەم ڕژیمە دێنە سەر شەقامەکان و بارگە و بنەی ئەو ڕژیمە بۆ هەمیشە کۆدەکەنەوە.