به پێی ڕاپۆرتهكان، بەرەبەیانى ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سهرماوهز، خۆپیشاندان لە شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران کیڵگەى نەوتى رومێلەیان لە پارێزگاى بەسرە داخست.
بە پێى میدیاکانى عێراق، خۆپیشاندەران لە پارێزگاى بەسرە چوونەتە بەردەم کێڵگەى نەوتى رومێلە و رێگەیان نەداوە کارمەندان و کرێکارانى کێڵگەکە بچنە سەر کارەکانیان. هاوكات ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران، وێستگەی سەرەکیی بهرقی خەیراتیان لە شاری کەربەلا داخست و سەرجەم شەقام و دەروازەکانی چونە سەر وێستگەکەیان داخست. جێگهی ئاماژهیه، یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دامەزراندنی ژمارەیەک لە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بو لەو وێستگه گازییه. شایانی باسه، زیاتر لە دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایهتیی دهربڕین لە بەغدا و شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بەردەوامە. بەپێى ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون و ١٨ هەزار کەسیش برینداربوون.