به هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٤ی سه‌رماوه‌ز، بۆ جارێكی دیكه هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌وتنه‌وه‌ی درووشم، خوازیاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه ده‌وڵه‌ت و ده‌خاله‌ت نه‌كردنی كۆماری ئیسلامیی له كاروباری ئه‌م وڵاته بوون.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ناڕازییان به كۆبوونه‌وه له مه‌یدانی ته‌حریر و به نیشاندانی وێنه‌ی خه‌تدراوی “نووری مالكی و شیاع سوودانی” كه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ناویان هاتووه، دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ كه له لایه‌ن “قاسم سلێمانیه‌وه” دیاری كرابێت ده‌ربڕی. له شاری به‌سره‌ش خۆپیشانده‌ران له‌دژی ئه‌م پێشنیاره هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. هاوكات له شاری عه‌ماره له ئۆستانی میسان، ناڕازییان به‌وتنه‌وه‌ی درووشم له‌دژی به‌ربژێربوونی ئه‌ندامێكی حیزبی “ده‌عوه” خۆپیشاندانیان كرد و ڕایانگه‌یاند كه ئه‌وان هیچكام له ئه‌ندامانی حیزبی ده‌عوه‌یان قه‌بووڵ نییه.