لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە نەورۆز و ساڵی تازە هێشتا کۆماری ئیسلامی داخوازی کرێکارانی لە زۆربەی شار و ناوەندەکانی کاریی دەستەبەر نەکردوە. ناڕەزایەتی سینفی و سیاسی کرێکاران لەوانە بۆ نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکان و باقی مەزایا و ئازادی هاوچینە زیندانی کراوەکانیان، رۆژانە لە ئارادا بووە. ئازادی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قوڵیان یەکێک لەو داخوازیانە بووە كه کرێکاران و هەڵسوڕاوانی سیاسی بە تایبەت کرێکارانی نەیشەکەری ههفت تەپە جەختیان لەسەر کردۆتەوە. ئەم دوو کەسە لە نوێنەران و داکۆکی کارانی مافی کرێکارانی ههفت تەپە، نزیک بە دوو مانگە کە لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە و بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراون. جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قوڵیانیان ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی داوە تا بەڵکوو بتوانن ناچار بە ئیعتیراف و وەدرۆ خستەنەوەی ڕاستیەکانی ئەشکەنجەکرانیان بکەن کە دوای ئازادی لە دهووری یەکەمی گیرانیاندا رویداوه. ئەگەرچی ئاشکرا کردنی ئەشکەنجە وەحشیانەکان لە زیندانەکانی دەزگا ئەمنیەتیەکانی ڕژیمدا بۆ خەڵکی ئێران بابەتێکی تازە نەبوو، بەڵام بڵاو بوونەوەی لە ڕاگەیەنەرەکاندا بۆ ڕژیم هەزینەیەکی زۆری هەبووە و کۆماری ئیسلامی لە بەرچاوی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەدا بێ ئابڕوتر کرد.
رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی مانگ لە درێژەی ناڕەزایەتی بە گیرانی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قوڵیان، ژمارەیەک لە کرێکارانی مۆجتەمەعی نەیشەکەری ههفت تەپە لە بەردەم درگای چوونە ژوورەوەی شیرکەت دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و بە ئیمزای تۆمار خوازیاری ئازادی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی نوێنەری ڕاستهقینهی خۆیان ئیسماعیل بەخشی بوون. ئەم حەرەکەتە کرێکاریە بەرەو رووی پێشوازی کرێکاران بویەوە.
ناڕەزایەتی کرێکارانی نەیشەکەری ههفت تەپە لەبەر خاتری دەستەبەر نەبوونی داخوازیەکانیان و ئازاد نەبوونی نوێنەرەکانیان لە چەند رۆژی ڕابردودا درێژەی هەبووە. رۆژی پێنجشەممە ٢٣ ی مانگی ڕەشەمە کاناڵی سەربەخۆی سەندیکای کرێکارانی ههفت تەپە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەژێر ناوی” کۆتایی بە ترساندن و سەرکوتی کرێکارانی ههفت تەپە بێنن!” نووسی:” رۆژی دووشەممە ٢٠ ی ڕەشەمە لە کاتی ئامادە بوونی دایکی ئازار دیتوی ئیسماعیل بەخشیدا لەبەردەم دەفتەری حەراسەت، کۆمەڵێک لە کرێکارانی ههفت تەپە لەگەڵ ئەو خوازیاری ئازادی ئیسماعیل بەخشی بوون. رۆژی سێ شەممە دوازدە کەس لەوان لە لایەن پۆلیسی ئەمنیەتیەوە گیران. بەڵام بە خۆڕاگری و مانگرتنی دایکی بەخشی و پشتیوانی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران.” لەو ڕاگەیەنراوەدا کرێکاران خوازیاری ئازادی ئیسماعیل بەخشی بوون و دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن لە لایەن ڕژیمەوەیان مەحکووم کرد. ئەوان ڕایانگەیاند کە پشتیوانی کرێکارانی ههفت تەپە لە نوێنەری خۆیان ئیسماعیل بەخشی نەتەنیا تاوان نییە بەڵکو ئەرکێکی چینایەتیە و دەبێ تا ئازاد بوونی بەردەوام بێت.
بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکهری ههفت تەپە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و بنەماڵەکانیان لەگەڵ بە هەزاران کرێکارای خانەنشینی نەیشەکەری ههفت تەپە رۆژی چوار شەممە ٢٢ی مانگی ڕەشمەش درێژهی هەبووە کە بۆتە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی کرێکاران و ڕاگیرانی بەرهەمهێنانیش. لە راپۆرتی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری ههفت تەپەدا ئاماژە کراوە کە:” بە سەرنجدان بەوەیکە لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٩٧ داین، بنەماڵەی کرێکاری زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێوستیان بە وەرگرتنی حقوق و مەزایاکانیان هەیە. بەڵام هەروا بەرەو رووی خلافی وەعدەی خاوەن کارانین. “قەرار بوو سەرجەم حقوقی دواخراویان لەگەڵ جێژنانە و پاداشی کرێکاراندا بدرێت بەڵام تا ئێستا تەنانەت حقوقی مانگی ڕێبەندانیشیان پێان نهدراوه.” جێگای ئاماژەیە خاوەنکاری شیرکەت کە لە کەسانی سەربە ڕژیمە و لە ڕێگای ڕانت خۆری حکومەتیەوە بە هەزینەیەکی کەم مۆجتەمەعێکی گەورەی وەک نەیشەکەری ههفت تەپەی کریوە، تەنانەت لە دانی مافی بیمەی کرێکارانیش خۆی دەپارێزێ و لە ئاکامدا ژامرەیەک لە بنەماڵەی کرێکاران کە پێویستیان بە موداوا و بەستەری بوون هەیە، لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش کراون. ئازاد نەکرانی ئیسماعیل بەخشی لە ناڕەزایەتی رۆژی چوارشەممەی کرێکارانی ههفت تەپەشدا پەیگیری کرا. ئەوان ڕایانگەیاند:” ئیسماعیل بەخشی بەکام تاوان زیندانی کراوە؟”
گوناه و تاوانی بەخشی لە روانگەی کۆماری ئیسلامی سەرمایەوه و دامودەزگای ئەمنیەتی زۆروێژ و سەرکوتگەریەوە روونە. ئەو وەک ڕێبەرێکی وشیاری کرێکاری لە مافی خۆی و هاوچینەکانی لە بەرانبەر چەوسێنەران و زۆر وێژانی سەرمایەدا دیفاعی کردوە. ئەو بە دژایەتی لەگەڵ خوسوسی سازی وەک یەکێک لە پایەکانی ئابووری سەرمایەداری نیئۆلیبراڵ، حەریمی سەرمایەداری داوەتەبەر هێرش. ئەو بۆ قازانج و بەرژەوەندی سەرمایەدار و نیزامی سەرمایەداری مەترسیدارە لەبەر ئەوەی کرێکارانی لە توانایی هێزی گەورەی یەک بوون و ڕێکخراو بوونیان ئاگاه دەتاوە. کۆماری ئیسلامی سەرمایە و باقی ڕژیمەکانی هاوشێوەی، دامودەزگای جۆراو جۆوری ئەمنیەتی سەرکوت بە هەزینەی زۆرەوە بۆ سەرکوتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ڕێبەرانێکی وەک ئیسماعیل بەخشیان دروست کردوە تا لە حاڵەتی ناڕەزایەتی بە چەوساندنەوە و بێ مافی هێرشیان بکەنەسەر، بیانکوژن، بیانگرن و ئەشکەنجەیان بکەن و ئهوان لە خزمەت بە سودئاوەری سەرمایەدا وادار بە کاری قورس لەبەرانبەر حقوقێکی کەمدا و بێندەنگ بوون لەبەرانبەر داسەپاندنی بارودۆخێکی کۆیلە ئاسادا بکەن.
بەڵام بۆ ئازادی بەخشی و باقی زیندانیانی سیاسی و ڕزگار بوونی خەڵک لە ژیانێکی فەلاکەتبار کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە، ڕێکار تەنیا خەباتێکی یەکگرتوانە، ڕێکخراو و سەرتاسەری و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشە لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕژیمە کە لەگەڵ قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابووری له نیوخۆییدا بەرەو روویە، لە بەرانبەر خواست و داخوازی کرێکاران و جەماوەری خەڵکدا داماو و بێ توانایە و توشی وەرشت بوون بووە. دەبێ داخوازی ئازادی زیندانیانی سیاسی بکرێتە داخوازیەکی گشتی لە ئاستی سەرتاسەریدا. بە پەرەدان بە بزوتنەوەکانی ناڕەزایەتی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز، مۆعهلیمان و خانەنشینانی هەژار، خۆیندکاران و دانش ئاموزان و پەرستاران و باقی چین و توێژەکانی ههژاری کۆمەڵگا، دەبێ دروشمی” زیندانیانی سیاسی ئازاد دەبێ بکرێن” و باقی ئەو دروشمانەی تائیستا بهرز كراونهتهوه لە هەموو ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەكان له شهقامهكان و شوێنی کار و هەموو گۆشە و قوژبنێک بهترێنهوه و زیندانیانی سیاسی، بە دەستی خۆمان لە سیاچاڵەکانی ڕژیمی ئیسلامی ڕزگار بکەین. زیندان جێگای ئیسماعیل بەخشیەکان و سپیدە قوڵیانەکان، مۆعهلیمان و خۆیندکاران، هەڵسوڕاوانی ژینگەیی، پارێزهران و مافناسان، نووسەران و رۆژنامە نووسان نییە، بەڵکو جێگای دز و گەندەلەکان و جەنایەتکارانی ڕژیمی ئیسلامیە.