بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری حکومەتی ئیلنا لە رۆژەکانی دووشەممە و سێشەممە ٢٠ و ٢١ی مانگی ڕەشەمە، بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئیمهنی پێویست لە شوێنی کار، لانیکەم ٤ کرێکار گیانیان لەدەست دا و ٥ كرێكاری دیكهش بریندار بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە رۆژی سێشەممە لە جەریانی روودانی ئاگر کەوتنەوە لە کارگایەکی مۆبل سازیدا لە باشوری تاران، کرێکارێکی ٢٧ ساڵە گیانی لەدەست دا و کرێکارێکی دیکەش بریندار بوو. بە پێی ڕاپۆرتێکی تر دوانیوەرۆی رۆژی دووشەممە ٢٠ی مانگی ڕەشەمە کرێکارێک لە شیرکەتی دانە بەندی هەڵکەوتوو لە شارستانی شازەند لەکاتی کار کردندا لە حەلەزونی ماسە شۆریدا گیری کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. هەروەها رۆژی دووشەممە، بە هۆی نەبوونی ئیمهنی شوێنی کار، ٥ کرێکار بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە شیرکەتێکی بەرهەمهێنانی چەسپ هەڵکەوتوو لە شارستانی ئەلبورز لە ئوستانی قەزوێن توشی رووداو هاتن. لەم رووداوەدا ٤ کەس لە کرێکاران بریندار و یەکێکیان گیانی لەدەستدا. بەپێی هەواڵێکی تر لەم رۆژانەدا کرێکارێک لە کاتی کار کردن لە بینایەکی لە حاڵی دروست کردندا لە کوچەی مزگەوتی حاجی وەیزی شاری بانە بەهۆی کەتنەخوارەوە لەبەرزایی، گیانی لەدەستدا.
ئەم هەواڵە دڵ تەزێنانە تەنیا گۆشەیەک بوون لەو رووداوانەی سەرچاوەگرتوو لە نەبوونی ئیمنی شوێنی کار کە لە گۆشە و کەناری ئێران بڵاو دەبنەوە. هێندێک حاڵەتی پێوەندیدار بە رووداوی شوێنی کار قەت باس ناکرێن یان لە رۆژنامەکاندا نایەن. لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراون لە ساڵەکانی دواییدا بەهۆی توند بوونەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و زیاد بوونی موشکلاتی بەڕێچوون و نەبوونی وەسایلی ئیمهنی، رووداوی شوێنی کار زیادی کردوە و بەشێوەی مامناوەند رۆژانە ٦ کرێکار گیان لەدەست ئەدەن. بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی گشتی ڕەوابت عمومی سازمانی پزیشکی قانونی وڵات لە ماوەی ١٠ ساڵدا واتە لە ١٣٨٧وە تا ١٣٩٦ی هەتاوی، ١٥ هەزار و ٩٩٧ کرێکار لە رووداوی سەرچاوە گرتو لە کارەوە گیانیان لەدەست داوە. لە لایەکی دیکەوە بە وتەی مودیر کوللی پزیشکی قانونی ئوستانی تاران ئەمساڵ لە ماوەی ٨ مانگدا، ٢٩١ حاڵەتی مردنی سەرچاوە گرتو لە رووداوی کارەوە بە ناوەندی پزیشکی قانونی ئەم ئوستانە گەیشتوە کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ساڵی ٩٦ ژمارەی مەرگی سەرچاوە گرتوو لە رووداوی کارەوە ١١ لەسەد زیادی کردوە. هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنی مودیرکوللی پزیشکی قانونی ئوستانی ئیسفەهان، ئاماری بریندارانی سەرچاوە گرتو لە رووداوی کارەوە تا کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ نیسبەت بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، ٨ لەسەد زیادی کردوە.
لە هەمانحاڵدا بازڕەسی کانونی کرێکارانی بینا سازی سەرتاسەری وڵات لە پێوەند لەگەڵ رووداوی شوێنی کار وتویەتی: “٥٠ لەسەدی رووداوەکان کە دەبنە هۆی مردن لە بەشی”بینا سازی” دایە. ئەم قسانە دەرخەری ئەوەیە کە کرێکارانی بینا سازی زیاتر لە باقی بەشەکانی تری چینی کرێکار لەبەر مەترسی و ئاسیبدان. بەپێی ئاماری بڵاو کراوە لەبەشی بینا سازیدا ساڵانە نزیکەی ١٥ هەزار رووداو روو ئەدەن. ئامارەکانی “سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، و ناوەندی ئاماری ئێران” باس لەوە دەکەن کە، لە هەر ٣ کرێکاری بینا سازی تەنیا یەک کەسیان دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و دوو کەسی تریان، ئەگەر شانسیان هەبێت و لە مردن ڕزگاریان بێت، کەم ئەندام و پەککەوتو دەبن. پێویست بە ئاماژەیە، ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەم ڕشتەیە بۆ دانی حەقی بیمە، و یان دابین كردنی ئامراز و ئیمکاناتی ئیمهنی، بە چەند هۆکار لەوانە پڕژوبڵاو بوون، بەرگرتن لە یەکگرتو بوونیان لە تەشەکولە سەربەخۆ و چینایەتیەکاندا، و هەروەها بوونیان لەدەرەوەی چوارچێوەی قانون کاری دژی کرێکاری ڕژیمی ئیسلامی، تا ئێستا دەستکەوتێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە.
ئەوەی کە روون و ئاشکرایە، نەتەنیا لە بەشی کاری بینا سازیدا، بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنانی وڵاتدا ستانداردی ئیمهنی گەلێک لە خوارەوەیە و بەردەوام مەترسی مەرگ، بریندار بوون و کەم ئەندام بوون، و یان گیرۆدە بوون بە هەموو جۆرە نەخۆشینێکی گران و کوشەندە، هەڕەشە لە گیان و ژیانی کرێکاران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا مودیران و بەرپرسانی ئیدارە دەوڵەتیەکانی پێوەندیدار لە کارگا، کارخانە و باقی ناوەندەکانی کاریی رووداوەکان دەگێڕنەوە بۆ کەمتەرخەمی و بێ ئیحتیاتی خودی کرێکارەکان، نەک نەبوونی وەسایل و ئیمکاناتی ئیمهنی یان ناستاندارد بوونی شوێنی کار و گوشارەکانی چەند بەرابەری کاریی کە دەبنە هۆی ماندوو بوون و تێکچوونی هۆش و حەواسی کرێکاران.
بەڵام هەڵسەنگاندنێکی کارناسانە و بێ غەرەز لە رووداوەکان، ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ کە هەموو ئەم قوربانیانە لە قازانج پەرستی و تەماعی خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامادە نین بەشێک لە سودێک کە لە خوێنی کرێکارانی دەمژن خەرجی دابین کردنی ئیمهنی شوێنی کاری بکەن و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش دەرێژەی چەوساندنەوەی کرێکاران لەم بارودۆخەی ژیانی کۆیلە ئاسادا بۆ ئەوانی زەمانەت کردوە. کە وایە کرێکاران دەبێ خاوەنکاران و دەوڵەت بە سەبەبکاری رووداوی شوێنەکانی کار بزانن. هەر حاڵەتێک لە رووداوی سەرچاوەگرتو لە نائەمنی شوێنی کارەوە، دەبێ لە ڕیزی تاوانی جەناییدا دابندرێت و خاوەنکاران و ئۆرگانە دەوڵەتیەکانی پێوەندیدار دەبێ بکەونە بەر لێ پرسینەوە.
له ڕاستیدا خاوەنکاران لە بەر قازانج پەرستی و زێدەخوازیەک کە هەیانە، نە مایل بە باشتر کردنی شوێنی کارن و نە نیگەرانی لە دەست چوونی کرێکارانن لە ئاکامی رووداوەکانی شوێنی نائەمنی کاردا. ئەمانە تەنانەت ئەو نیگەرانیەشیان نییە کە، کرێکاران لەترسی گیانیان کارەکەیان لەدەست بدەن. لەبەر ئەوەی دەزانن هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن لەنێو لشكری بە ملیۆنی ئەڕتەشی زەخیرەی کاردا، کرێکاری تر وەربگرن و لە هەمان شوێن و ژینگەی ناستاندارد و نائەمنی کاردا، هەموو کارێکی سەخت و دژواریان بەسەردا بسەپێنن. بەم جۆرە تاکاتێک کە ئاخێزی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەساتی ڕژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری تێکەوە نەپێچێت، ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێ لەبیری خۆیاندا بن و بە پشت بەستن بە خەباتی ڕێکخراو و خاوەن بەرنامەیان خاوەنکاران و دەوڵەت وادار بە دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کاریان بکەن. دابین بوونی ئیمهنی شوێنی کاریش وەک هەر داخوازیەکی تر تەنیا بە زەبەری خەبات و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا دەسەپێت.