کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕفۆڕمخوازان لە هەوڵێکی بێ سەمەردا بۆ گەڕانەوە سەر دەسەڵات

51

حەسەن ڕووحانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی مانگی ڕەشەممە، لە دانیشتنی شوڕای ئیداری ئوستانی گیلان لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە:” ئەمریکا بەشوێن وتووێژ لەگەڵ ئێرانەوەیە. ئێمەش ئەهلی وتووێژین و توانایی ئەوەشمان هەیە و بەهۆی شارەزایی لەم حەوزەیەدا بە هێزەوە ڕایدەگەیەنین کە ترسێکمان لە وتووێژ نییە.”

ئەگەرچی ڕووحانیی لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە مەبەستی لە کۆمەڵێک پێشنیار بووە کە لە دووساڵی ڕابردوودا و لە پەڕاوێزی مەجمەعی گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە لایەن هه‌ندێک کەسەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ترامپ بەو کراوە. بەڵام پێشتر سەرچاوە هەواڵییەکانی تر بڵاویان کردبووە کە کۆماری ئیسلامیی دەستەو داوێنی سەڵتەنەتی عەمان بووە تا پەیامی مەحرەمانەی کۆماری ئیسلامیی بگەیەنێتە ئەمریکا لە پێوەند لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ وتووێژ. ئەم سەرچاوانە وتویانە کە لەو پەیامەدا کۆماری ئیسلامیی بە ئەمریکای ڕاگەیاندوە کە:” نیزامی کۆماری ئیسلامی لەحاڵی گۆڕانی ساختاری دایە و ترامپ دەبێ لەم ڕەوتە پشتیوانی بکات. لەبەر ئەوەی ئەم کارە دەبێتە یارمەتی گەیاندن بە گۆڕانی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیش.” گۆڕانی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی و نە روخاندنی، فۆرمول و یەکێک لەو مەرجانەیە کە ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لە پێوەند لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گه‌مارۆ بابوورییه‌كان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی باسی کردبوو. مەبەست لەوەش پاشکەشەی کۆماری ئیسلامی لە سورییە و باقی شوێنە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و دخاڵەت نەکردن لە کاروباری باقی وڵاتانی ناوچەکە دایە.

هەڵبەت کۆماری ئیسلامیی پێشتر خۆی هه‌ندێک کرداری لەم ڕاستایەدا ئەنجامداوە کە نیشان بدات خەریکی چوونە دەرەوە لە سوورییە بێت. سەفەری بەشار ئەسەد بۆ تاران لەسەر بانگهێشتی سپای پاسداران و نەک وەزاڕەتی دەرەوە، کە بوو بە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی زەریف، یەکێکی تر لەو کردارانە بووە. لەم نێوانەدا ئاماژەی حەسەن ڕووحانیی بە بارودۆخی خراپی بەڕێچوونی خەڵک لە ڕۆژ و مانگەکانی ساڵی ٩٧ دا و بە قەولی ئەو بارانی ڕەحمەتی ئیلاهی” بۆ بەناو سەرکەوتن لە بواری نێونەتەوەیشدا، بە ئامانجی زەمینەسازی هەزمی پەیامی نێردراو بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا لە لایەن باڵی ڕەقیبەوە باس دەکرێت. دانانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی ناسراو بە” ئایەتوڵڵای کوشتاری بەکۆمەڵ” لە لایەن خامنەییە بە سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم، یەکێکی تر لەو کردارانەیە کە ڕژیم لە باری ئەمنییەتییەوە دەستی داوتێ. ئەم ئینتیسابە کە جێی ڕەزامەندی ڕێفۆرمخوازانی حکومەتیشە، لە بارودۆخی ئێستادا کردارێکە کە ڕژیم بۆ دروست کردنی فەزای ترس و وەحشەت و کپ کردنی هەموو جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتیی لە لایەن جەماوەری خەڵکەوە بە نەرمشی قارەمانانە و بە سەرەوە نانی جامێک ژەهری تر لە لایەن خامنەییەوە بەڕێوەچووە.

وادیارە کە هەواڵەکەی ئەم دواییە کەم بوونەوەیەکی کەمی مەحدوتییەتەکانی زیندانی ماڵێی بۆ “میر حسێن موسەوی، زهرا ڕەهنەوەرد و مێهدی کەروبی” و کەمتر بوونەوەی قەدەغە بوونی فەعالیەت و وێنه‌ محەممەد خاتەمیش بەشێکی تر لە کردارەکانی ڕژیم بێت بەم مەبەستە. بەم پێیە لەخۆڕا نییە کە شاخەکە هەستییەکانی ڕێفۆرمخوازانی نێو حاکمییەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت بۆ جووڵه‌ کەوتون و ئەوانی سەرلەنوێ بۆ گەڕانەوە بۆسەر دەسەڵاتی خستووه‌تە ئامادەکاریەوە. ئەگەرچی ئەوان بەباشی دەزانن کە بارودۆخی شپرزەی ئابووری و سیاسی کۆماری ئیسلامیی ئەوەندە خراپە کە ڕژیم ڕێگایەکی بێجگە لە تەسلیم و قەبوڵ کردنی مەرجەکانی ئەمریکا لەبەردەم خۆیدا نابینێ. بەڵام ڕێفۆرمخوازان هێشتا لە کاردانەوەی باڵی دەسەڵاتداری ئوسولگەرا دڵنیا نین. لەعەینی حاڵدا ئاگاداری ئەم بابەتەش هەن کە مەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، بێکار و برسی و سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەری سەرتاسەری کە سەرجەم بەساتی ڕژیمی ئیسلامیی تێکەوەپێچێت، لە پەنا گۆیان دایە کە هەموو ڕۆژێک دەنگی نزیکتر و خورۆشاو تر دەبێت. قسەکانی محەممەد خاتەمی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی ڕەشەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی ئومید، حەرەکەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی کاردانەوەی باڵی به‌ناژووخواز لە بەرانبەر قەبول کردنی دەورێک بۆ رێفۆرمخوازان لە بارودۆخی ئێستادا. ئەو لەم قسانەدا ویستی وەهای پیشان بدات کە هۆکاری بارودۆخی خراپی ئەمڕۆی ئێران بە قەبول نەکردنی رێفۆرمخوازان لە لایەن باڵی دەسەڵاتدارەوە پێوەندی بووە. خاتەمی دەیویست لەنێو شەڕەکەدا نرخ دیاری بکات، وتی:” دەستەبەر نەبوونی چاكسازی لە کۆماری ئیسلامیدا بۆتە هۆی ئەوەی ئیتر داوا کردن لەخەڵک بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا دژوار بێت. ئەمڕۆ من لە لایەن خەڵکەوە بەرەوڕووی ئەم پرسیارە بوومەتەوە کە ئێمەت بردە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان یەک نمونەمان پیشان بدە کە ئیسلاحاتی واقعی کرابێ. ئایا قوەی قەزاییە و شێوازی هەڵسوکەوتەکانی باشتر بووە؟ ئایا کەرتی تایبەتی سالم دەتوانێ لە بوارەکەدا ئامادە بێت؟ ئایا ئەو هه‌ڵوێست گرتنانه‌ی کە ئێمەیان خستووه‌تە تەنگەژەی گەورەی دەرەکییەوە ئیسلاح کران؟” خاتەمی لە هەمانحاڵدا نیگەرانی سەرەکی خۆی لە چارەنووسی ڕژیمیش نەشاردەوە و هۆشداری دایە حاکمییەت کە:” هەڵوەرینی رێفۆرمخوازان ناچێت بۆنێو سەبدی جەریانەکانی ڕەقیبی ئیسلاحات، بەڵکوو دەچنە خانه‌ی بەرئەندازانی کۆماری ئیسلامییەوە.

لەگەڵ ئەوەدا دەم و دەزگای حاکمییەت لە سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەریدا وشیارن و بۆ سازش و تووێژ لەگەڵ ئەمریکا نە تەنیا پێویستیان بە رێفۆرمخوازان نییە، بەڵکوو لە بیری ئەوەدان تا مۆرەکانی وەک ڕووحانیی و زەریفیش وەلا بنێن و خۆیان ڕاستەخۆ دەست بکەن بە وتووێژ و ئامرازەکانی پێویستی بۆ ئامادە دەکەن. بەڵام خاتەمی و باقی رێفۆرمخوازان دەبێ بزانن کە جەماوەری خەڵکی ئازار چەشتوو بەدەست حاکمییەتی جەنایەتکاری ڕژیمی ئیسلامییەوە، لە کرێکاران و مۆعه‌لیمانه‌وه‌ گرتویەتی تا لاوان و خوێندکارانی تینوی ئازادی و تا ژنانی بێبەش و ستەم دیتو وە پەره‌ستارانی زەحمەتکێش و خانەنشین كراوانی ئازار دیتو و هەژار لە ئێراندا، ئیتر نە بە به‌ڵێنه‌کانی رێفۆرمخوازان فریودەخۆن و نە بە زەبروزەنگ و سەرکوت و دروستکردنی فەزای ئەمنییەتی باڵی حاکم دەست لە بەدوادا چوونی ویست و داخوازییەکانیان هەڵدەگرن. جەماوەری خەڵکی ئێران لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ دا بە دروشمی” ئیسلاح تەڵەب، ئوسولگەرا ئیتر تەواوە ماجەرا” بە هەردوو باڵی ڕژیمیان ڕاگەیاند کە تەمەنی ڕژیمی ئیسلامیی کۆتایی هاتووە و دەبێ بڕوات. کەوایە هەوڵەکانی رێفۆرمخوازان بۆ بە دەستەوەگرتنی سەرلەنوێی دەسەڵات هەوڵێکی نەزۆک و بێ سەمەرە.