کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ دەستەبەر بوونی یەکسانی ژن و پیاو، هەڵوەشاندنەوەی نابەرابەری حقوقی پێویستە بەڵام کافی نییە

48

ئەگەرچی حیجابی ئیجباری لە نیشانه‌ بەرچاو و دیارەکانی بێ مافی ژنانە لە کۆماری ئیسلامیدا و بۆتە هێمای ئیدئۆلۆژیکی ئەم ڕژیمە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئاستی واقعی ستەمێک کە بە شێوەی ڕەسمی و لە ڕووی یاسایی و حقوقیەوە لە ژنانی ئەم وڵاتە دەکرێ، پیشان نادات. چاوگێڕانێک بەسەر ژمارەیەک لە یاسا دەژی ژنەکان لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، دەریدەخات کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنی ئه‌و ڕژیمدا چی بەسەر ژنانی ئه‌و وڵاته‌دا هاتووە:

لە ” یاسای مەدەنی” ئێراندا پیاو به‌ ڕه‌سمی سەرۆکی بنەماڵەیه‌. گەلێک لە هەڵاواردنەکان لە بەرانبەر یاسادا هه‌ر لێرەوە دەست پێدەکات. لەم پێوەندەدا ژن دەبێ ملکەچی مێردەکەی بێت و دەنا لە هەبوونی مافی خەرج و نەفەقە بێبەش دەبێت. لەسەر بنەمای ئەم یاسایە، مافی دیاریکردنی مەسکەن بەدەست پیاوە، ئەم یاسایە دەڵێ:” مێرد دەتوانێ ژنەکەی لە حیرفە یان سەنعەتێک کە له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ و پێچەوانەی بەرژەوەندی بنەماڵە یان ئابڕوی خودی ژنەکەیە، مەنع بکات.” ژنی خاوەن مێرد دەبێ بە ڕەزامەندی کەتبی مێرد داوای پاسپۆرت بکات. دەنا، مافی چوونەدەر لە وڵاتی نییە. بەپێی ئەسڵی ١١٥ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ژنان مافی خۆ هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارییان نییە. کوڕ دوو هێندەی کچ لە سەروەتی باوک و دایک میرات دەبات. مێرد دوای مردنی ژن یەک لەسەر چواری سەروەتەکەی وەک میرات وەردەگرێت، لە حاڵێکدا کە یەک هەشتومی سەروەت و دارایی مێرد، دەدرێت بە ژن.

مافی سەرپەرستی کردنی منداڵ دوای مردنی مێرد یان جیا بوونەوە، هی ژن نییە. بەپێی یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی، دوای روودانی تەڵاق، کچانی ٧ ساڵ بۆسەرێ و کوڕانی ٢ ساڵ بۆسەرێ دەدرێن بە باوک ئەگەر باوک مردبێ هی باوەگەورە و مامن. بۆ نمونە، تەنانەت ئەگەر حەزانەتی منداڵ دوای جیاو بوونەوە بدرێت بە دایک، ئەگەر بێت و دایک هاسەرگیری بکاتەوە، حەزانەتەکەی لە دەست ئەدات. ئەوە لە حالێک دایە کە وەها مەحدودیەتێک بۆ باوک بوونی نییە و هاوسەرگیری سەرلەنوێی باوک نابێتە لەبەین چوونی مافی حەزانەتەکەی.

هاوسەرگیری ژنی موسڵمان لەگەڵ پیاوی نا موسڵمان ڕێگه‌ پێدراو نییە. لە کاتێکدا پیاوی موسڵمان دەتوانێ لەگەڵ ژنی غەیرە موسڵمان هاوسەرگیری بکات. ژن مافی قەزاوەتی نییە. شاهیدی دوو ژن بەرابەری شاهیدی یەک پیاوە. مادەی ٢٣ ی یاسای قەساس ئەو مافەی بە مێرد داوە ئەگەر بێت و ژنەکەی لە سەرجێی لەگەڵ غەیرەدا ببینێ، بیکوژێت بەبێ ئەوەی کە سزا بدرێت. پیاو خاوەنی مافی هاوسەرگیری کاتی واتە سیغەیە. هەروەها پیاو دەتوانێ هاوکات ٤ ژنی هەبێت. یاسای تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی کەم کردۆتەوە بۆ ١٣ ساڵی و مافی خوێندنی لە مەدرەسەی رۆژانەدا لە ژنانی مێرددار زەوت کردوە. مافی تەڵاق لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەی یەک لایەنە دراوە بە پیاو. خوێنبایی ژن نیوەی پیاوە.

بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی، تەمەنی بەرپرسیاریەتی کەیفەری ٩ ساڵە بۆ کچان و ١٥ ساڵە بۆ کوڕان. ئەم بابەتە بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە سزای هێندێک لە تاوانەکان لە یاسای ئیسلامیدا مەرگە، پێشێل کردنی بە ئاشکرای کۆنوانسیۆنی جیهانی مافەکانی منداڵە. نە تەنیا دەست درێژی کردنە سەر هاوسەر لە یاسای ئێراندا بە تاوان نەناسراوە بەڵکو تەنانەت بەپێی یاسای مەدەنی، ژن ناچار بە ملدان بە ئارەزوی سكسی هاوسەرەکەیەتی و ئەگەر بێت و بەبێ مانعی مەشروع لە ئەنجامی ئەرکەکانی هاوسەری خۆی بپارێزێ، نەفەقەی نادرێتێ. ئەمانە بەشێک لە مادە یاساییەکانی نێو قانونی مەدەنی کۆماری ئیسلامین. دادگا و پۆلیس و زیندان بەردەوام لە کاردان تا ئەم یاسا دەژی ژنە بە کردەوە دربێنن.

سروشتیە کە سەرەتایی ترین داخوازی ژنانی ئێران هەڵوەشاندنەوەی سەرجەمی ئەو یاسا دژی بەشەریانە بێت. بەڵام هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەم یاسا و نا یەکسانیە حقوقیانە ئەگەرچی پێویستی بەڵام بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمکێشی سەر ژنان كافی نیین. گەلێک لە شێوازەکانی ستەم لەسەر ژنان بەبێ ئەوەی کە لە یاساشدا گونجێندرابێتن، لە ڕێگای سوننەت، فەرهەنگ و مه‌زهەب، لە کۆمەڵ و بنەماڵەدا لەسەر ژنان پەیڕەو دەکرێت. ئەم کۆسپانە بێجگە لە ناسینی ڕیشە مادی و ئابووریەکانیان، بەبێ ئاموزشی گشتی، بەبێ بردنە سەری ئاستی زانست و وشیاری یەک بەیەکی ئەفرادی ئەم کۆمەڵگایە، له‌سه‌ر ڕێگا لانادرێن. خەباتێکی بەرین لەدژی فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی پیاو سالارانە کە تا قوڵایی کۆمەڵگا چۆتە خوارێ، پێویستە تا ڕێگا بۆ هەڵگرتنی ئەم باری سوکایەتی و ستەمە لەسەر شانی ژنان لاببرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بەپێی دەورێکی کە وەک دایک لە ئەستۆیانە له‌م بابه‌ته‌شه‌وه‌، تووشی مەحدودیەتی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ پیاوانه‌وه‌ن. لەم روەوە کۆمەڵێک پلان و به‌رنامه‌ی تایبەت پێویستە تا ئەم مەحدویەتانە له‌ ناو به‌رێت. ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ منداڵ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ناو ڕه‌حه‌می دایك دایه‌، تا كاتی له‌ دایك بوون، كۆرپه‌ڵه‌یه‌ و پێڕاگه‌یشتن به‌ ته‌ندرووستی منداڵ و تا قۆناغه‌كانی دواتر ئه‌م مه‌حدوودیه‌تانه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

بەڵام نه‌فسی نیزامی سەرمایەداری خۆی هۆکاری مانەوەی ستەم لەسەر ژنانە. لە لایەکەوە ئەوان لە گۆشەی ماڵدا وەک کرێکاری بێ موزد بەکار دێنێ تا پیاوانی کرێکار بۆ گەڕانەوە بۆسەر کار و چەوساندنەوەیان ئامادە بکەن و لە لایەکی دیکەوە ئەو کاتەی کە لە گۆشەی ماڵ هاتنە دەرەوە و چوونە نێو بازاڕی کارەوە، بە دانی موزدی کەمتر ئەوان بەکار بێنێت فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریت و یاساش هه‌ر له‌ پێناوی ئه‌و قازانج په‌ره‌ستییه‌دا به‌ كار دێنێت. لەم روەوە بەبێ هێرش کردنەسەر مناسباتی سەرمایەداری بزوتنەوەی ژنان تەنانەت ناتوانێ کۆتایی بە نا یەکسانی حقوقی لەگەڵ پیاوانیش بێنێ.