کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بەبۆنەی رۆژی زمانی دایکی

40

٢١ ی فیوریە رۆژی جیهانی زمانی دایکییە. پێشینەی دیاری کردنی وها رۆژێک دەگەڕێتەوە بۆ رووداوێک کە ٦٧ ساڵ لەوە پێش لە زانکۆیەک لە وڵاتی بنگلادێشی ئێستا و پاکستانی رۆژهەڵاتی ئەوکات، روویدا. رۆژی ٢١ی فیوریەی ساڵی ١٩٥٢ ی میلادی، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی به‌نگاڵی زمان، لە ناڕەزایەتی بە داسەپاندنی زمانی” ئوردو”، وەک زمانی ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی پاکستانەوە و بە ئامانجی بە ڕەسمیەت ناساندنی زمانی دایکیی خۆیان( زمانی بنگالی) لە زانکۆی داکا خۆپیشاندانێكیان به‌ڕێوه‌برد. ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی پاکستانەوە تەقەی لێکرا. لەم جەناتەدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران گیانیان به‌خت كرد و یان بریندار بوون. درێژەی خەباتی جه‌ماوه‌ری خەڵکی بنگلادێش بوو بە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧١ ی زاینی، بنگلادێش لە پاکستان جیابێتەوە و ببێت بە وڵاتێکی سەربەخۆ. رۆژی ١٧ ی نومبری ١٩٩٩، یۆنسکۆ، سازمانی ئاموزشی، زانستی و فەرهەنگی سەربە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەسەر پێویستی ئاموزش بە زمانی دایکی وەک مافێکی شارۆمەندی و جیهان داگر جەختی کردەوە. هەروەها پێشنیاری ڕەسمی دەوڵەتی بنگلادێش بۆ ڕاگەیاندنی ٢١ ی فیوریە وەک<< رۆژی جیهانی زمانی دایکیی>> قەبوڵ کرد. ١٨٨ وڵاتی ئەندامی یۆنسکۆ لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران، دەنگی ئەرێنیان پێدا.

دوای ئەوە بۆ یەکەم جار مەڕاسمی رۆژی جیهانی زمانی دایکیی لە فیوریەی ساڵی ٢٠٠٠ ی زاینی لە پاریس، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتانی جۆراو جۆر، زمانناسان و پسپۆرانی بواری فێركردن و بارهێنان لە لایەن ڕێكخراوی یۆنسکۆوە بەڕێوەچوو. لەو ڕێكه‌وته‌ بەدواوە، لە گەلێک لە وڵاتان بەم بۆنەیەوە، هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا مەڕاسم بەڕێوەدەچێت. لەوانە لە رۆژانی ڕابردوودا، لە شاره‌كانی مشکین شاری ئازەربایجان و بانە لە کوردستانی ئێران، سەرەڕای بەربەست دروست کردنی ڕژیم مەڕاسمی شکۆدار لەم پێوەندەدا بەڕێوەچوون. کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە ئەم قەرارەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی په‌سه‌ندكردووه‌، تەنانەت لە قانونی ئەساسی ڕژیمیشدا ئاموزش بە زمانی دایکی بەڕەسمیەت ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە کردەوە بە ملیۆن منداڵی کە زمانی دایکییان فارسی نییە، لەم مافە سروشتیە لە قوتابخانەکاندا بێبەش کردوە. هۆکارەکەی هەڵبەت روونە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پێشینیانی خۆی، فێربوون بە زمانی دایکیی بە مەترسیەک بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانێ و فه‌رهه‌نگستانییه‌كانی شووێنیستیش ئەم بابەتەش بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ زمانی فارسی و بە پیلانێک بۆ کەم ڕەنگ کرانەوەی ئەم زمانە دەناسێنێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمی شا بە گرتنە بەری ئەم سیاسەتە خەریکی وه‌كوو یه‌ك كردنی فەرهەنگی- زمانییە بۆ دەستەبەر کردنی هۆویەتێکی ساختەی نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی. ئەم سیاسەتە ئەگەر له‌ سەرەتا زاڵبوونی نیزامی سەرمایەداری لە ئۆرووپا و له‌ وڵاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌، ڕێگایەکی بوو بۆ یەکسان سازی کۆمەڵگاکان لە چوارچێوە جوغڕافیاییە دیاریکراوەکاندا، دروست کردنی دەوڵەت- نەتەوەکان و پێکهێنانی بازاڕی کار و کالای نێوخۆیی بوو، لە سەردەمی جیهانگیری سەرمایە و دووهه‌مین شۆڕشی پیشەسازیدا، حەرەکەتێکی شوێنیستی و کۆنەپەرستانەیە لە خزمەت پاراستنی دارودەستە مافیاییەکاندا. لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئەگەرچی بێبەش کردنی منداڵان لە ئاموزش بە زمانی دایکیی، کردارێکی سەرکوتگەرانە و دژی دیموکراتیکە، بەڵام لە باری زانستییەوە بابەتێکی ده‌رونناسانه‌ و كارناسانه‌یه‌ لە به‌شی فێركردن و بارهێناندا. هەڵسانگاندێکی ئاماری لە ئێران نیشانی ئەدات کە زۆرینەیەکی ٥ ملیۆنی خوێندكار کە لە ٨ ساڵی ڕابردودا لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچوون، ئەو منداڵانەن کە زمانی فارسی زمانی داییکیان نییە. هەر ئەم ئامارە سادەیە پێویستی فێربوون بە زمانی دایکی بە روونی پیشان ئەدات.

زمانی دایکیی زمانێکە کە منداڵان لە دایک و باوکیان و باقی تاکەکانی بنەماڵەوە فێری ئەبن. توێژینەوە زیست شناسانە و ده‌روونناسانه‌ دەری دەخەن کە منداڵ تەنانەت بەر لە هاتنە دنیا لەگەڵ زمانی دایکیی ئاشنا ده‌بێت و پێوەندی لەگەڵ دەگرێت. لەگەڵ بیستنی دەنگی دایکی هەست بە ئارامی دەکات. هەنگاو بە هەنگاو ئێحساسات و عەواتفی بە یارمەتی زمانی دایکی شکڵ دەگرێت. بە یارمەتی زمانی دایکیی لەگەڵ دنیای دەوروبەری ئاشنا دەبێت و لەگەڵی پێوەندی دەگرێت. هەستیار ترین دەورەی حەیاتیش کە بنچینەی ژیانی ئەوە، لە تەمەنی ٥ تا ٧ ساڵیدا بە یارمەتی زمانی دایکیی دەنێتە پشت سەر. منداڵ لە سەرەتای چوونە کودەکستان و یان مەدرەسە خۆی لەگەڵ ژینگەکەدا بە بێگانە دەزانن و لەبەر ئەوەی دەستی بە دایک و باوک و کەسانی ئاشنای ڕاناگات، هەستی ترس و نیگەرانی ده‌كات. قسە کردنی موعەلیم بە زمانێکی تر ترس و نامۆیی منداڵ دوو هێندە زیاتر دەکات. به‌ردی بناخه‌ی پێوه‌ندی منداڵ و مۆعه‌لیم به‌م نامۆیه‌ داده‌نرێت بەڵام ئەم ترسە لە ڕێگای زمانی هاوبەشەوە کە بە گوێی منداڵ ئاشنایە، دەتوانێ بڕه‌وێته‌وه‌ و پردێك له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ و مه‌دره‌سه‌ بینابكرێ. ڕێز دانان بۆ مامۆستا جێگای ترس لەو دەگرێتەوە. ئاموزش بە ئارامشێکی زیاترەوە وەردەگرێت و باوەڕ بە خۆیی منداڵ بەهێز دەبێت. توێژینەوە زانستیە موعتەبەرەکان نیشانی ئەدەن کە بابەتی ئاموزش و پەروەرش لانیکەم تا ١٠ ساڵی دەبێ بە زمانی دایکیی بێت. تەنیا ئەو کاتەیە کە منداڵ لە زەرفیەتی گەشە و تەکامولی شەخسیەتی خۆی بە تەواوی بەهرەمەند دەبێت و ئیستعداد و تواناییەکانی گه‌شه‌ ده‌كه‌ن. لەم ڕێگایەوە بۆ فێربوونی زمانی دووهەم و سێهەمیش کراوەتر دەبێت و دنیای دەوروبەری منداڵ بەرینتر دەبێتەوە. له‌ قۆناغه‌كانی دواتری خوێندن دا ئه‌و له‌ تواناییه‌ تازه‌لاوان و لاوان دا پێك دێت كه‌ كاریگه‌ریان هه‌بێ له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و ئه‌ندیشه‌ی به‌شه‌ر. ئێستا بەم وەسفەوە دەتوانین تەسەوری ئەوە بکەین ڕژیمێک کە ئەم مافە سەرەتاییەی لە ملیۆنان منداڵی دانیشتوی ئەم وڵاتە زەوت کردوە، لە ڕاستیدا ده‌ستی داوه‌ته‌ چ جەنایەتێک ده‌رحەی به‌و نەمامانە و ده‌رحه‌ق به‌ هێزی بنیاد نەری سبەی رۆژی ئەم کۆمەڵگایە.