کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکان بەرهەمی هاوسەنگی هێزی کۆمەڵایەتی

27

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریە حکومەتیەکان، رۆژی دوو شەممە ١٥ ی مانگی ڕێبەندان دووهەمین جەلەسەی سێ لایەنەی کۆمیتەی حەقدەستی شوڕای باڵای کار بۆ قسە کردن لەسەر دیاری کردنی حەقدەستی کرێکارانی شاملی قانونی کار بۆ ساڵی ١٣٩٨ بەڕێوەچوو. ئەم کۆمیتەیە وەک شوڕای باڵای کار لە نوێنەرانی دەوڵەتی ئیسلامی سەرمایەداران، نوێنەرانی خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی و نوێنەرانی تەشەکولە دژە کرێکاریەکانی سەربە دەوڵەت پێکهاتوە. ئەم سیناریۆ لەپێشدا بەرنامە بۆ داندراوە بۆ دیاری کردنی حەقدەستەکان بەپێی ڕەواڵی هەموو ساڵێک بەم ئامانجە بەڕێوەدەچێت کە کرێکاران لە چاوەڕوانی ئاکامی هەنگاوێک لەسەرەوە و چەنەلێدانی ناوەندە دژی کرێکاریەکان و بێ ئابڕوی وەک شوڕا ئیسلامیەکانی کار، ئەنجومەنە ئیسلامیەکان و خانەی کارگەر لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەتدا ڕابگرن. عەلی خودایی ئەندامی ” شوڕای باڵای کار” و ئەندامی کۆمیتەی حەقدەست لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا ئەم ئامانجەی دەوڵەتی روحانی بە روونی دربڕیوە. ئەو دەڵێ:” ڕاستە کە دواکەوتنی مێژووی حەقدەستەکان بوونی هەیە و ئەم پاش کەوتنەش بە هاسانی شیاوی قەرەبوو کردنەوە نییە، بەڵام نابێ کرێکاران لە بەدوادا چوونی یاسایی و پەیگیری داخوازیەکانیان لە ڕێگای چەنەلێدان لە شوڕای باڵای کاردا بێ هیوا بکرێن.” واتە ئامانج لە ئیجرای ئەم سیناریۆیە سڕ کردنی خەباتی کرێکارانە بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان لە چوارچێوەی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامیدا.

لە حاڵێکدا کە عەلی خودایی ئەندامی شوڕای باڵای کار و فەرامەرز تۆفیقی” سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی کانونی باڵای شوڕا ئیسلامیەکانی کاری وڵات ڕسالەتی کۆمیتەی حەقدەست، دیاری کردنی دەقیقی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری ڕاگەیاندوە، سەرۆکی” کانونی باڵای ئەنجومەنە سینفیەکانی کرێکارانی ئێران”، نرخی سەبەدی بەڕێچوونی نزیک بە ٥ ملیۆن تەمەن دیاری کردوە و دوو رۆژ لەوە پێشیش” فراکسیۆنی کارگەری مەجلیسی ئیسلامی”، ڕەقەمی ٤ ملیۆن تمەنی بۆ لانیکەمی حەقدەست پێشنیار کرد. هاوکات و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی حکومەتی ئیلنا محەممەد شەریعەتمەداری وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی جارێکی تر جەختی کردەوە کە:” دەوڵەت لە لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٨ دا زیاد کردنی ٢٠ لەسەدی مامناوەندی حەقدەستی کرێکارانی پەسند کردوە”.

وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدا جەخت لەسەر زیاد کردنی ٢٠ لەسەدی مامناوەندی حەقدەستی کرێکاران لە لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٨ دەکاتەوە کە ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی مانگانە یەک ملیۆن و ١١٦ هەزاری تمەنی ساڵی ١٣٩٧ چوار سەد لەسەد واتە ٤ بەرابەر زیاد بکەن نە تەنیا توانایی کڕینی کرێکاران نۆژەن ناکاتەوە بەڵکو ناشگاتەوە هێڵی هەژاری. ئێستا لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی شاملی یاسای کار زیاتر لە ٦ قات لەژێر هێڵی هەژاریدایە و ٢٠ لەسەدی نیازەکانی بنەماڵەیەکی کرێکارای دابین ناکات. بارودۆخی ژیانی ئەو کرێکارانەی کە شاملی قانونی کار نابن لەمەش کارەساتبارترە. ئەمانە لە حاڵێکدایە کە تەشەکولە کرێکاریە سەربەخۆکان بەر لە روخانی کارەساتباری توانایی کڕینی کرێکاران لە ئاکامی دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵ، بە لەبەرچاو گرتنی هەزینەی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری لانیکەمی حەقدەستی پێویست بۆ دابین بوونی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسیان، پێنج ملیۆن تمەن لە مانگدا بەراورد کردوه‌.

خەباتی کرێکاری ئێران بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوتری سەرمایەداریدا، کرێکاران بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان حەد و سنوریان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ هێرش کردنەسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و لە خوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستەکان داسەپاندوە. دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکان و دیاری کردنی حەد و سنور بۆ سەرمایەداران لە لەخوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستەکان بەم ئامانجە بەڕێوەچووە کە کەمداهات ترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێ بە لەبەرچاو گرتنی ئاستی تەوەڕومی ڕاستەقینە و زیاد بوونی نرخەکان، لانیکەمەکانی ژیانی خۆیان دابین بکەن. چینی كرێكار بەپێی مەوقعیەتێکی کە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیەتی نە تەنیا دەبێ بتوانێ بەوەسیلەی حەقدەست و نرخی رۆژانەی هێزی کاری ئیمکانی هەبێت کە هەموو رۆژێ ئەم وزەیە وەبەر خۆی بێنێتەوە تا دیسان بیفرۆشێتەوە، بەڵکوو ده‌بێ

بتوانێ نیازەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکات. کرێکاران دەبێ بتوانن کە فرۆشتنی ئەم تەنیا داراییەیان بە شێوەیەک مودیریەت بکەن کە تەمەنێک پێەوە بژین. لە نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا ئەم لانیکەمی حەقدەستانە رۆژانە پێشێل دەکرێن.

لە ئێران سەرمایەداران، خاوەنانی پیشەسازی و دەوڵەت وەک کڕیارانی هێزی کار بە پشت بەستن بە بوونی ئەڕتەشی گەورەی بێکاران هەوڵ ئەدەن تا حەقدەستی کرێکاران تا ئاستێکی ئیمکانی هەیە دابەزێنن و دیفاع لە هەرچی سودئاوەرتر بوونی سەرمایەکانیان بە مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرانبەر فرۆشتنی هێزی کاریاندا حەقدەستێک داوا بکەن کە بە لەبەرچاو گرتنی نرخی تەوەڕومی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگادا و پێداویستیەکانی دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی لە سەرەتای سەدەی ٢١ دا بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین بکەن. لێرەدا لە نێوان مافی سەرمایەدار و مافی کرێکاردا ناکۆکیەکی ئاشکرا و هەمیشەیی بوونی هەیە و ئەوە هێز و زۆردارییە کە حوکم دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا و لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا بە زەبری یاسا و بە پشت بەستن بە هێزی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی هەموو رۆژەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری ئەم ناکۆکیەی بە قازانجی سەرمایەداران چارەسەر کردوە. لەبەر ئەوەی بەبێ پێکهێنانی تەشەکولە چینایەتی و سەربەخۆ کرێکاریەکان، کرێکاران ناتوانن ئیرادەی چینایەتی خۆیان لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکاندا بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بسەپێنن. لە ڕاستیدا ڕێژەی لانیکەمی حەقدەست بەرهەمی هاوسەنگی هێزی چینایەتییە. ناڕەزایەتی کرێکاران لەدەوری داخوازی زیاد کرانی حەقدەست دەتوانێ پاشەکشەی کاتی خاوەنکاران و دەوڵەتی لە هێرش کردنەسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و زیاد کردنی کاتی حەقدەستەکانی بەشوێنەوە بێت، بەڵام سەرئەنجام ئەوە دروست کردنی تەشەکولە جەماوەری و چینایەتیەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەتی کرێکارانە کە دەتوانێ، هاوسەنگی هێزی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگوڕێت. لەوێوە کە ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان درێژەی هەیە، بێ گومان کرێکاران بە پشت بەستن بە هێزی یەکێتی و یەکپارچەیی و بە بەرپا کردنی تەشەکولە چینایەتیەکانیان ئەم بارودۆخە دەگۆڕن.