لە مانگەکانی ڕابردودا ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرین لە وڵاتی وێنزۆئیلا دا لە دژی بارودۆخی دژواری ژیان لە ئارادا بووە. هەڵبژاردنی مانگی مەی ڕابردوش نەیتوانی ئهو ناڕەزایەتییه کەم بکاتەوە. ئەم خۆپیشاندانە لە زۆر حاڵەتدا بەرەو توندوتیژی چووە و کوژراو و برینداری لێکەوتوتەوە. خوان گایدۆ سەرۆکی پارلمانی وێنزۆئیلا کە لە عەینی حاڵدا ڕێبەریی گوروپهكانی ئوپەزسیونی بە دەستەوەیە، دەوڵەتی نیکولاس مادۆرۆ بە بێ توانا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات له قهڵهم دا و دوای ڕێپێوانی جهماوهری لە مانگی ژانویە خۆی وەک سەرۆک کۆماری کاتی ڕاگەیاند. ئەم حەرەکەتە قیرانی وێنزۆئیلای بردە قۆناغێکی تازەوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە ماوەیەک بوو چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو تا بۆ لادانی دەوڵەتی مادۆرۆ بێتە مەیدانەوە، بەخێرایی خوان گایدۆی وەک سەرۆک کۆمار بە ڕەسمیەت ناسی. لەبەرانبەردا دەوڵەتانی روسیە و چین پشتیوانیان لە مادۆرۆ وەک دەوڵەتی قانونی کرد. بەشوێن ڕاگەیاندنی هەڵوێستی زل هێزەکاندا، زۆربەی دەوڵەتانی تریش لە ڕیزبەندیەکی جیهانیدا، چوونە پشت سهری هەرکام لە زل هێزەکان. دەوڵەتانی فەڕانسە، ئاڵمان و سپانیا، وەک هەڵوێستی سێهەم، ڕایانگەیاند، ئەگەر بێت و تا ٨ رۆژی تر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ونزوئیلا ڕانەگەیەندرێت، ئەوان” خوان گایدۆ” وەک سەرۆک کۆماری قانونی ئەم وڵاتە بەڕەسمیەت دەناسن. كۆبوونهوهی ئهنجومهنی ئاسایش شوڕای ئەمنیەت سەبارەت بە قەیرانی ونزوئیلاش کە شەوی ڕابردو بەڕێوەچوو، بەبێ نەتیجەیەکی تایبەت کۆتایی هات.
ونزوئیلا وڵاتێکە لە ئەمریکای باشور بە زیاتر ۳۱ ملیۆن جەمعیەتەوە، خاوەنی گەورە ترین زەخیرەی نەوتیە لە دنیادا. ئەو سێ توخمە چالاکەی دەخیلن لە توند کردنەوەی قەیرانی ئێستای ئەو وڵاتدا بریتین لە:
یەکەم، دەوڵەتی نیکۆلاس مادۆرۆ: ئەم دەوڵەتە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بە گرتنە بەری سیاسەتی نادروستی ئابووری، بوو بە هۆی هاتنە خواری ئاستی ژیانی خەڵک لە هەموو بوارەکاندا. دەوڵەتی مادۆرۆ تەنانەت نەیتوانی بارودۆخی مادی باشتر بە بەراورد لەگەڵ دەورەی حکومەتی” هۆگۆ چاوێز”، بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دهستهبهر بکات. ههر بۆیه سهرچاوهی قەیرانی سیاسی ئێستا لە ونزوئیلا لە قەیرانی ئابووری ئەم چەند ساڵەی دوایی ئهم وڵاته دایه. به هۆی ئهوهیكه ٩٥ لەسەدی داهاتی ئەم وڵاتە لە ڕێگهی فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەبێت، نزم بوونەوەی نرخی نەوت، بە کردەوە ژیانی خەڵکی فەلەج کردوە. دەوڵەتی مادۆرۆ، نەیتوانیوە سەرەڕای داهاتی زۆری نەوت لە ساڵانی ڕابردودا، ئابووریەکی سەربەخۆ لە داهاتی نەوت لەم وڵاتەدا بنیاد بنێ. هاوکات سەرمایەگوزاری کەڵانی بەرزە فڕانە لە بواری نەوتی قورسیشدا نەگەیشتنە ئاستی بەرهەمهێنان. لە ئاکامدا هاتنە خواری ئاستی داهاتە نەوتیەکان، چەندین مانگە ونزوئیلای بەرەو رووی کەم بوونەوەی پێداویستی مادەی خۆراکی، ڕیزی دوور و درێژ خهڵك بۆ کڕینی کالای ئەساسی و کەم بوونی پێداویستی دەرمانی و بێهداشتی لە نەخۆشخانەکاندا کردۆتەوە. بە وتەی بانکی ناوەندی، نرخی بابەتە مەسرەفیەکان لە ساڵی ڕابردوودا ٨٠٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە. ئەم بارودۆخە کەلێنی نێوان دەوڵەت و خەڵکی رۆژ لەگەڵ رۆژ قوڵتر کردۆتەوە. لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە دژوارە ئابووریە بوو کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەستیان پێکرد. هەڵبژاردنی مانگی ڕابردوش نەیتوانی ئەم کەلێنە بشارێتەوە.
دووهەم، ئوپوزسیۆن: شەپۆلی ناڕەزایەتی گشتی و ڕکودی ئابووری، لەگەڵ زیاد بوونی تەوەڕوم دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیئتیلافی نەیارانی دەوڵەتی ونزوئیلا بتوانن دوای ١٦ ساڵ پاڕلمانی ئەو وڵاتە بە دەسەتەوە بگرن. خوان گایدۆ سەرۆکی پارلمان، ڕێبەریی ئیئتیلافی ئوپوزسیۆنی لەدژی سەرۆک کۆماری دهگرێته ئهستۆ. بەڵام ڕێگا چارەی ئوپوزسیۆن بۆ دەرچوون لە قەیرانی کامهیە؟ ئەوەی کە ئوپوزسیۆن بۆ باشتر کردنی بارودۆخی خەڵک وەعدەی ئەدات، هیچ شتێک نییە بێجگە لەو سیاسەتانەی كه بانکی جیهانی و سندوقی نێو نەتەوەیی دراو دەیخاتە بەردەمی ئهوان. ئەم سیاسەتانە ئەگەرچی ڕێگا بۆ هاتنی سەرمایەی دەرەکی و دانی وامی کەڵان بە دەوڵەت خۆش دەکەن، بەڵام بێ گومان وەک هەر جێگایەکی تری دنیا، ئاکامێکی فەلاکەتباری بۆ کرێکاران و جەماوەری بێبەشی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە بەشوێنەوە ئەبێت. بۆنگا دەوڵەتیەکان دەفرۆشرێن و هێزی کار هاوسەنگ دەکرێت، واتە بێکار سازی بەرینی لەگەڵدا دێت. دەوڵەت خەرجەکانی کەم دەبێتەوە، واتە خزمەتگوزاری گشتی و کۆمەڵایەتی کەم دەبنەوە. حاشیە نشینی و هەژاری لە دەوری شارە گەورەکان پەرە دەستێنێ تا هێزی کاری هەرزان دابین بێت. دەوڵەت قەرزدار تر دەبێت، واتە لە بەرانبەر سیاسەتەکانی داسەپاوی ئەمریکادا سەرسپوردە تر و مل کەچ تر دەبێت. دەستکەوتەکانی تا ئێستا لە بواری خزمەگوزاری کۆمەڵایەتیدا یەک لەدوای یەک وەردەگیرێنەوە و لەناو دەچن. لە بەرانبەر گشت ئەمانەدا ئابووری بە قازانجی چینی مامناوەندی سەرەوە و سەرمایەداران گەشە دەکات و لە کۆتاییدا لە باشترین حاڵەتدا ونزوئیلا بەرەو رووی ئۆلگوی هاوسێکانی وەک بریزیل و ئابووریەکانی هاوشێوەی لە قارەی ئەمریکا، میسر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پاکستان لە ئاسیا و هاوشێوەکانیان دەبێتەوە. ئەمە هەمان مەسیرە کە وڵاتی بریزیل بە هاتنە سەرکاری ڕاست ترین و کۆنەپەرست ترین بەشی ئوپوزسیۆن پێیدا ئهڕوات.
سێهەم، ڕقابەتی زل هێزەکان لەسەر نفوز لە قارەی ئەمریکادا، دهوڵهتی ئهمریكا وڵاتانی ئەمریکای مەرکەزی و جنوبی بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دەزانێ. لەم روەوە ساڵانێکە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆیی خوازیەکی دەوڵەتەکان و خەڵکی ئەم وڵاتانەدا لە قاڕەی ئەمریکا خەریکی بەبەرەکانین. کودتای خوێناوی شیلی و بە دەسەڵات گەیشتنی پینۆشەی جەنایەتکار لە بەرانبەر دەوڵەتی سەربەخۆی ئالندەدا، تەنیا نمونەیەکە لە دواهاتەکانی ئەم تەسەلوت تەڵەبیە. دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە تەنانەت بژاردەی نیزامی بۆ دەست تێوەردان لە ونزوئیلا ڕەد ناکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە روسیە سەبارەت هەر چەشنە دهست تێوهردانێكی نیزامی هۆشداری داوە. بە پێی نووسراوهی روژنامەی گاردیەنی چاپی لەندەن، روسیە مانگی ڕابردو دوو فرۆکەی بۆمب هاوێژی بە توانایی هەستەییەوە تەحویلی ونزوئیلا داوە. دەوڵەتی چینیش کە ساڵانێکە خەریکە سەرمایە گوزاری کەڵانە لە ئەمریکای لاتین، لەم کێشمەکێشانەدا لەپاڵ روسیەدا وێستاوە. ئەم بارودۆخە لە پاڵ پشتیوانی ئەڕەتەش لە مادۆرۆ، ونزوئیلای کردۆتە بەرمیلێکی بارووت. بێگومان ئاستی ئەگەری روداوی ناخۆش لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە واوەتر دەچێت. ئەم بارودۆخە گەلێک رووداوی مەترسیداری لە هەناویدا هەڵگرتوە کە رووداوە کارەساتبار و شەڕە نیابەتیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەبیر دەخەنەوە. بەڵام عهمهلی ترین ڕێگای دەرچوونی خێرا لەم بارودۆخە لە هەلومەرجی ئێستادا ڕەنگە ئەوە بێت کە لە بەیانیەی کۆمەڵێکی زۆر لە رووناک بیرانی ناوسراوی چەپی دنیادا هاتووه کە لە سەرویانەوە نوام چامسکی قەراری گرتوە. لە بەشێکی ئەم بەیانیەدا هاتۆە:
” ئەگەر دەوڵەتی ترامپ و هاوپەیمانەکانی سور بن لەسەر پەیگیری مەسیرێك كه گرتویانەتەبەر لە ونزوئیلا، خوێنڕشتن، بشێوی و نا سەقامگیری نزیک ترین ئەگەری ئاکامەکەی دەبێت. هیچ باڵێک لە ونزوئیلا ناتوانێ بە هاسانی ئەویتر شکست بدات. وەک نمونە، ئەڕەتەشی ونزوئیلا لانیکەم ٢٣٥ هەزار ئەندامی هێڵی پێشەوەی هەیە و لانیکەم یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هێزی شێوە نیزامیشی هەیە. گەلێک لەم کەسانە ئامادهن له پێناوی پاراستنی دهوڵهتی یاساییدا شەڕ بکەن. دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەبێ دخاڵەت لە سیاسەتی نێوخۆی ونزوئیلا، بە تایبەت بە ئامانجی روخاندنی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بنێتە لاوە. کردارەکانی دەوڵەتی ترامپ و هاوپەیمانەکانی لەم ناوچەیەدا بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ونزوئیلا خراپتر دەکات، کە دەبێتە هۆی ڕەنج و ئازارێکی ناپێویست بۆ خهڵكی ئهو وڵاته و توندوتیژی و نا سەقامگیری بەشوێنەوە دەبێت.” لە کۆتایی ئەم بەیانیەدا هاتوە:” ئەم یاری کەرە نێونەتەوەییانە بە جیاتی دەست تێوەردان، دەبێ پشتیوانی لە وتووێژی نێوان دەوڵەتی وێنزۆئیلا و ئوپوزسیۆنی ئەو وڵاتە بکەن تا به خهڵكی ئهم وڵاتە ڕێگا بدرێ سەرئەنجام لەو قەیران سیاسی و ئابوورییە دهرباز بێت.