رۆژی پێنجشەممە ٤ی مانگی ڕێبەندان ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئەنتر نەشناڵ) ڕاپۆرتێکی ساڵانەی چڕوپڕی لە پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران بڵاو کردەوە. ئەم سازمانە بە شێوەیەکی بێ وێنە ڕایگەیاند کە مێژوو، ساڵی ٢٠١٨ی وەک “ساڵێکی پڕ لە شەرمەزاری بۆ کۆماری ئیسلامی” تۆمار کرد. لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە: “کۆماری ئیسلامی لەم ساڵەدا هەوڵیدا بە توندترین شێوه و به پێشێل کردنی ئازادی بەیان، تەشەکول و کۆبونەوە و دەستبەسەر کردنی بەرین، هەموو جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتیی كپ بکات و کەمپەینێکی بێ شەرمانەی لە سەرکوت و ناڕەزایەتیی هەزاران ناڕازیی دژ بە هەژاری و گەندەڵی خستەڕێ.” لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا بە گرتن و زیندانی کردنی زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە ناڕازییان لەوانە کرێکاران، خوێندکاران، هەڵسوڕاوانی ژینگەیی، رۆژنامە نووسان و هەڵسوڕاوانی بەشی ڕاگەیاندن، پارێزهران، کچانی خیابانی ئینقلاب و هەڵسوڕاوانی مافەکانی ژنان، مافی کەمینەکان، هەڵسوراوانی سەندیکایی و یەکێتیە سینفیە کرێکاریەکان، هەڵسوڕاوانی کاناڵەکانی تلێگرام کە لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتیەکاندا کاری هەواڵ گەیاندنیان کردوە، ئاماژە کراوە.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە رۆژانی ڕابردوودا هەروەها بەیانیەیەکی لە پێوەند لەگەڵ سەرلەنوێ دەستبەسەر كردنهوهی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان دەر کرد. لەم بەیانیەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئەشکەنجە کرانی سەرلەنوێیان، ڕایگەیاند کە زیندانی كردنهوهیان کردارێکی تۆڵە ئەستێنانەیە لە بەرانبەر زانیاری گەیاندن و شکایەتیان لەو ئەشکەنجەیە کە لە قۆناغی یەکەمی زیندانی كردنیاندا تەحەمولیان کرد. کۆماری ئیسلامی بەجێگای پێڕاگەیەشتن بە شکایەتەکانیان دەستی دایەوە گرتن و زیندانی کردنەوەیان.
بەم دواییانە ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤیش شانۆی دزیۆ و بێ شەرمانەی کەمپەینی تەبلیغاتی “موستەنەدی تەڕحی سوختە”ی بە ئیعتیراف وەرگرتنی بە ناچاری لەژێر ئەشکەنجەدا لە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان مەحکوم کردوە. ئەم سازمانەش لە ڕاپۆورتی خۆیدا نووسیویەتی:” کاربەدەستانی ئێرانی ساڵی ڕابردوو لە وڵام بە بارودۆخی لاواز بوونی ئابووری و گەندەڵی و نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەستی داوەتە دەست بەسەر کردنی بە کۆمەڵ و سەرەڕۆیانە. ئەوان هەروا لە پشت میلەکانی زینداندا ماونەتەوە و لە حاڵێکدا کە ڕژیم بهڵگهیهكی له دژی ئهوان نییە، حوکمی قورسیان بۆ دەر دەکات.
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوهكانی مافەکانی مرۆڤ لە هەمانحاڵدا کە وێنایەکە لە بارودۆخێکی گەلێک قەیراناوی کە کۆماری ئیسلامی تێی كەوتوە، نیشانەی پەرەسەندنی خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و ئازادیخوازیشە لەدژی هەژاری و بێکاری و بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە. نیشانەی ئەوەیە کە دەنگی ناڕەزایەتیی کرێکاران و باقی چین و توێژە هەژار و بێبەشەکانی کۆمەڵگا گەیشتۆتە بەرگوێی ڕای گشتی لە دنیادا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی وادار بە کاردانەوە کردوە. ئێستا ئینسانە شەریف و ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری دنیادا بە مەحکوم کردنی ئەم جەنایەتانە، پشتیوانی لە خەباتی جەماوەری خەڵکی ئێران دەکەن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە کۆماری ئیسلامی زیاتر لەپێشوو ڕیسوا بووە.
ئەم ڕژیمە داماوە کە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دابین کردنی نیازەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک بێ توانایە، بۆ درێژەدان بە حاکمیەتی لە نێوخۆی وڵاتدا ئامرازێکی بێجگە لە سەرکوت، ئێعدام، زیندان و ئەشکەنجە لەبەردەستدا نییە. ئێستا کە سەرکوتیش كاریگهریهكی ئەوتۆی نییە، دەستی کردوە بە بهڕێوهبردنی شانۆگهری داماوانەی موستەنەدی تەڕاحی سوختە. موستەنەدێک کە خۆی بەڵگەی سەلماندنی تاوانی ئەشکەنجەیە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا. دەست بردن بۆ کاری تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات لە ماوەی چوار دەیەی دهسهڵاتی ڕژیمدا، شگردێکی تر بووە بۆ کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتیی و پێكهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی ئەم کردارە تیرۆریستیانەی لە ژێر سێبهری سازش و چاوپۆشی دەوڵەتانی ئوروپاییدا ئەنجام داوە. ئێستا کە ئەم دەوڵەتانە هاتونەتە سەر ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنەسەر ڕژیم، بەڵگەی وەها حاشا هەڵنەگر بۆ مەحکوم کردنی ڕژیمی ئێران پێشکەش دەکەن کە تەنانەت کاربەدەستانی ڕژیمیش توانایی ڕەد کردنەوەی ئهو کردارە تیرۆریستیانهیان نییە. نمونەی ئەم دواییە ئیعتیرافی عەلی ماجدی سەفیری کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمانە کە لە پۆستەکەی لابراوە. ناوبراو رۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیسنا، دانی بە ئەنجامدانی کرداری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا نا لە دەرەوەی وڵات و وتی: “دەوڵەتانی ئەروپایی سەبارەت بەو ئیدیعایانەی کە مەتڕەح کراون بەڵگەی وایان بە دەستەوەیە کە ئێمە بە هاسانی ناتوانین ڕەدیان بکەینەوە.” هەڵبەت ئەو کرداری تیرۆریستی بە کەسانی سەرەڕۆ و یان هەمان “سەربازانی گومناوی ئیمامی زهمان” نیسبەت دا.
بەڵام ئەوەی کە سەبارەت بە تیرۆریزم و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئارادا بووە و ئێستا لە لایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە باس دەکرێن، قەترەیەکە لە دەریای جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی ئێڕان. لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەرکاتێک کە گوشاری ناڕەزایەتیی کرێکاران و باقی چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، ڕژیمی زیاتر خستبێتە ژێر گوشارەوە، زیاتر دەستی داوەتە کرداری سەرکوت گەرانە و پێشێل کردنی مافە ئینسانیەکانی خەڵک. هەڵبەت له ماوهی ڕابردوودا دەوڵەتانی ئەروپایی و ئەمریکا دژ بە کرداری تیرۆریستی و سەرکوت گەرانەی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتیی جیدیان پیشان نەداوە کە ئەمە خۆی ئیدیعای ئازادی خوازی و دیفاع لە مافە سەرەتاییەکانی ئینسانی زیاتر ئاشکرا کردوە. ئەوان لە ئاستی کارەساتی ئێعدام و ئەشکەنجە لە سیا چاڵەکانی ڕژیمدا کە تەنانەت لەگەڵ پێوانە قەبوڵ کراوەکان لە دیمۆکراسیە بۆرژواییەکاندا نایەتەوە بێ خەبەر نەبوون. لە ئاستی هەڵاواردن و بێ مافیەک کە ڕژیم بەسەر ژنان و نەتەوهكانی ستهملێكراودا سەپاندوە ئاگادار بوون. بەڵام به هۆی بەرژەوەندی ئابووری و مەسڵەحەتی دیپلۆماتیك چاوپۆشیان لێ کردوە و بە هاسانی بەلایدا تێپهڕ بوون. بەڵام کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەم دیتوی ئێران و ئینسانە بەشەر دۆست و ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری دنیادا بە هاسانی لە جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی خۆش نابن و لەبیری نابەنەوە و بۆ لە گۆڕنانی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرن.