رۆژی چواری ڕێبەندان پازدەهەمین ساڵرۆژی خەڵتانی خوێن کرانی خەباتی کرێکارانی موجتەمەعی مس لە”خاتون ئاباد” ی “شاری بابەک”ە. ئەم ڕوداوە ئەزمونێک بوو بۆ بزوتنەوەی کرێکارای ئێران کە خوێنی ٤ کرێکار و منداڵێکی خوێندكار بوو بە وەسیقەی دەستەبەر بوونی. کوشتاری کرێکاران لە خاتون ئاباد لە ٤ ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٢ لە کاتێکدا روویدا کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە دەسەڵاتدا بوون، لەو رۆژانەدا خاتەمیەکان، کەروبیەکان و موسەویەکان دەهۆڵی دیفاع لە مافی مەدەنیان دەکوتا. ئەوان سەرەتا لە بەرانبەر گوشاری ناوەندە کرێکاریەکاندا لەنێوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتدا بەڵێنیاندا کە ئەم ڕوداوە پەیگیری دەکەن و عاملین و ئامرینی کوشتاری کرێکاران دەناسێنن، بەڵام وەک زۆرێک لە حاڵەتەکانی تر قەت بەڵێنەکانیان بەجێ نەهێنا. ئیسلاح تەڵەبانی حکومەتی بەدواداچوونی ئەم رووداوەیان لەبیر چۆوە و لە بەرانبەردا، نەخشە دژی کرێکاریەکانی دیکەیان پەیگیری کرد.
ئەو رووداوانەی کە سەرئەنجام لە رۆژی ٤ مانگی بەهمەن دا بوو بە هۆی کوشتاری کرێکاران، لە رۆژی ١٥ مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٢ وە دەستی پێکرد. لەو کاتەدا مودیریەتی مەعدەنی تواندنەوەی مسی هەڵکەوتو لە ئاوایی خاتون ئابادی شاری بابەک بە بیانوی کۆتایی هاتنی کاری بینای ئەم موجتەمەعە، ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی دەرکرد. رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبار ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی ئەم موجتەمەعە بە ئاگادار بوون لە بڕیاری مودیریەت و لە ناڕەزایەتی بە دەرکرانیان دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد. لە بەرانبەر ناڕەزایەتی کرێکاراندا بەرپرسانی شیرکەت بەڵێنیان پێدان بیانگێڕنەوە بۆسەرکار و بەم وەعدەیە، کرێکاران کۆتاییان بە کۆبوونەوەکەیان هێنا، بەڵام بە تێپەڕ بوونی دوو حەوتو هیچ نیشانەیەک لە بهڕێوهچوونی وەعدەکانی خاوەنکار نەبیندرا. کرێکاران رۆژی ٢٨ ی مانگی بەفرانبار جارێکی تر دەستیان دایەوە کۆبوونەوە و ئەمجارە لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە خاتون ئاباد جادەیەک کە دەچوو بۆ موجتەمەعی مسیان داخست. بەرپرسانی شیرکەت هەروا داخوازی کرێکارانانیان پشت گوێ خست. بەیانی رۆژی هەینی ٣ ی مانگی ڕێبەندان هێزە حکومەتیەکان و لەوانە ماشێن و هێلیکوپتێڕەکانی یەگانی تایبەتی ئینتیزامی لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان کردە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان و بە دەیان کەسیان بە توندی دایەبەر لێدان و ئازاردان و یەکێک لە کرێکارەکان لەو رۆژەدا لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا. ناڕەزایەتی کرێکاران و بنەماڵەکانیان رۆژی دواتر لە نێو شاری بابەک بەردەوام بوو. کرێکاران لە بەرانبەر بینای فەرمانداری ئەم شارە دەستیان دایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان. هێزەکانی ڕژیم بە دەستوری فەرمانداری شار ڕاستەوخۆ بەرەو کرێکارە ناڕازیەکان تەقەیان کرد و لە جەریانی ئەو تەقەیەشدا ٤ کەس لە کرێکارەکان بە ناوەکانی” ڕیاحی، جاویدی، مەهدەوی، موئمنی و قوتابیەک بەناوی پور ئەمینی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. کرێکارانی ناڕازی لە لایەن زۆربەی خەڵکی شاری بابەکەوە پشتیوانی کران و شار داخرا. وێڕای دڵڕەقی و وەحشی گەری کاربەدەستانی ناوچەیی ڕژیم، ڕاستەخۆ لە ناوەندیشەوە بۆ سەرکوتی کرێکاران فەرمان وەردەگیرا و سەرئەنجام ئەم حەرەکەتە کرێکاریە سەرکوت کرا بەڵام رووداوی خاتون ئاباد بوو بە هۆی پەرەسەندنی نەفرەتی گشتی لە دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی کە بە وەعدەی ئیسلاحات لە ژیانی خەڵکدا هاتبوونە سەر کار.
ئەگەر رووداوی خاتون ئاباد شێوازی ئاشکرای کوشتنی کرێکاران بوو، موجتەمەعی مسی سەرچەشمە ساڵانێکە کە لە شکڵ و شێوازی تردا قوربانگای کرێکارانە. ئەم موجتەمەعە کە نیوەی كهرتی تایبهته و نیوهی دهوڵهتییه، لەژێر کۆنترۆڵی شیرکەتی میللی پیشەسازی مسی ئێران دایە. زنجیرە مەعدەنەکانی مسی سەرچەشمە ئەگەرچی کانی سەر ئاوەڵەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زومرەی نائەم ترین کانەکانی دنیان و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر کرێکار بەهۆی نەبوونی ستانداردی ئیمهنی و لەوانە بەهۆی گاز گرتوییەوە گیان لەدەست ئەدەن. لە رووداوی خاتون ئاباد دا جارێکی تر دیموکراسی خوازی درۆینهی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لەبەرانبەر ناڕەزایەتیەکی ئارامی کرێکاریدا لە محەک درا. کوشتاری کرێکارانی خاتون ئاباد سەرچاوەگرتو لە کێشەی نێوان باڵەکانی ناوخۆی حكومهت نەبوو بەڵکو نیشانەی سەرسەختی سەرجەم بۆرژوازی ئێران بەرانبەر به ناڕەزایەتی کرێکاران له سیاسەتێک بوو کە تێیدا قۆناغێک لە ژێر ناوی هاوسەنگ کردنی هێزی کار هاتبووه ئاراوه. بهڕێوه چوونی بە کردەیی ئەم سیاسەتە کە لە ساڵەکانی کۆتایی دەورەی سەرۆک کۆماری” ڕەفسەنجانی”یەوە دەستی پێکردبوو لە دەورەی” خاتەمی” دا بە جیدیەتی زیاترەوە پەیگیری دەکرا. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە کرێکاران هەزار بە هەزار بەبێ هیچ جۆرە تەئمینێکی کۆمەڵایەتی دەردەکران و دوای ماوەیەک ژمارەیەکیان کە شارەزا تر بوون بە قەراردادی کاتی و حەقدەستی کەمترەوە سەرلەنوێ دەگەڕێندرانەوە بۆسەر کار.
بەرگوللەدانی کرێکارانی خاتون ئاباد لەو کاتەدا رووداوێک نەبوو کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە دەسەڵاتدا لە دەستیا دەرچوبێت. لەو دەورەیەدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کرێکار لە بەشەکانی پیشەسازی و مەعدەندا لە ئوستانی کرمان کاریان دەکرد. زیاتریان ئەو دامەزراوانە بوون کە بە شێوەی هاوبەش بە وەسیلەی دەوڵەت و کەرتی تایبەت بەڕێوەدەچوون. ڕژیم بەشێوەی جیدی بەشوێن بهڕێوهبردنی سیاسەتی هاوسەنگ کردنی هێزی کار لەم بەشە لە پیشەسازی ئێراندا بووە وە دەیویست لەو نمونەی ئۆلگویەکی سەرکەوتو بۆ گشت بەشەکانی تری پیشەسازی و بەرهەمهێنان دروست بکات. خەباتی کرێکارانی خاتون ئاباد ئەگەر بە سەرکەوتن بگەیشتایە دەبووە هۆی بەرینتر بوونەوەی ئاستی خۆڕاگری کرێکاران لەبەرانبەر سیاسەتە ئابووریەکانی ئەوکاتی ئیسلاح خوازانی حکومەتیدا، کەوایە دەبوو لە شوێنێکدا کپ بکرێتەوە. فەرمانداری شاری بابەک کە فەرمانی تەقەی بەرەو کرێکاران و بنەماڵەکانیان دەرکرد، توشی توڕەییەکی کتوپڕ نەبوو، بەڵکو ئەو و دەزگاکانی سیاسەتگوزاری لە تاران لە رۆژی ١٥ مانگی بەفرانبارەوە تا رۆژی ٤ ی ڕێبەندان دەرفەتیان هەبوو کە لەمبارەیەوە بیر بکەنەوە و سەبارەت بەم ناڕەزایەتیە کرێکاریە کە پێیان وابوو گشت گیر دەبێتەوە کاردانەوە پیشان بدەن. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕوداوانەدا، دەوڵەتی بەناو ئیسلاحات چەندین تەبسەرەی بۆ قانونی کارێک کە خۆیان لە بنەمادا لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی سەرمایەداران ئامادەیان کردبوو، دیسانیش زیاتر بە زیانی کرێکاران زیاد کرد. زیاد کرانی ئیسلاحیەکان یەک لەدوای یەک لە یاسای کاردا و تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو سینگی کرێکاران، لایهنه جۆراوجۆرهكانی یەک سیاسەت بوون. ئەم ئەزمونە کە نرخێکی گرانی لەپێناودا درا بە چینی کرێکاری ئێرانی پیشاندا کە کاتێک پێی بەرژەوەندی و سیاسەتی ڕوونی چینایەتی دێتە ئاراوە، باڵە جۆراو جۆرەکان لە حکومەتی سەرمایەداراندا، سەرەڕای جیاوازیەکانیان، چلۆن لە بەرانبەر خەباتی کرێکاراندا وەک یەک دەجۆڵێنەوە. ئەگەر لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوەوە تا ئیستا کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانیاندا بە دەنگی بەرز دروشمی” ئیسلاح تەڵەب، ئوسول گەرا ئیتر تەواوە ماجەرا” ئەدەن، ئەم ئاڵوگۆڕانە لە ئاگاهی جەماوەردا بە نیسبەت ماهیەتی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بەشێکی لە ئاکامی ئەزمونی خەباتی کرێکاران و بە قیمەتی ڕەنج و خوێنی ئەوان دەستەبەربووە.