هەواڵنێریەکان بڵاویان کردۆتەوە کە شهوی دووشهممه هێزە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل لە یەکێک لە توندترین هێرشەکانیاندا بۆ سەر پێگەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبۆڵڵای لوبنان لە سوریە زیانیکی قورسیان بە یەکەکانی سپای قودسی جێگیر لەم وڵاتە و عەمبارەکانی چەک و چۆڵیان گەیاندوە. لەم هێرشەدا لانیکەم ١١ کەس لە فەرماندەکان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی كوژراون.
کۆماری ئیسلامی بۆ کشانەوە لە سوریە لە چەند لاوە لەژێر گوشار دایە. یەکەم، لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کە لە یەکساڵ و نێوی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر پێگەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا توانایی هیچ چەشنە کاردانەوەیەکی، بێجگە لە هەڕەشەی بێ ناوەرۆک نەبووە. دووهەم، لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کە یەکێک لە مەرجەکانی بۆ لابردنی تەحریم و گەمارۆ ئابووریەکان کشانەوەی هێزەکانی ڕژیمی ئێرانە لە سوریە. سێهەم، لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە لە ئێران کە بەردەوام دروشم ئەدەن: “لەکۆڵ سوریە بەوە، بیرێک لە ئێمە بکەوە.” گوشاری کەمەر شکێنی هەزینەی درێژەدان بە حوزور لە سوریە، ئابووری لاوازی کۆماری ئیسلامی رۆژ لەگەڵ رۆژ لاواز تر و بێتوانا تر دەکات و سەرئەنجام لە لایەن هاوپپەیمانەکانییەوە واتە روسیە کە نایهەوێ بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆی لە سەرجەم ناوچەکادا و بەتایبەت لە پێوەند لەگەڵ ئیسرائیل بخاتە مەترسیەوە و یان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دابەشیان بکات. دەوڵەتی بەشار ئەسەدیش ئەگەر له دهورهیهكدا بۆ مانەوەی حکومەتەکەی پێویستی بە کۆماری ئیسلامی هەبوو، ئهمڕۆكه حوزوری هێزەکانی ئەم ڕژیمە ڕێك بە زەرەری مانەوەی خۆی دەبێنێ. دیاردەکان وای پیشان ئەدەن کە هاوئاهەنگیەک لە نێوان بەشار ئەسەد و روسیە بۆ گوشار هێنانی هەنگاو بە هەنگاو بۆسەر کۆماری ئیسلامی به مهبهستی کشاندنەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە له ئارادایه. هەروەها نیشانەگەلێک لە زیاتر بوونی بێ متمانەیی و تەنانەت کێشە لە مناسباتی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی بەشار ئەسەدا دهبیندرێ. وەک نمونە له ههواڵهكاندا هاتوه کە دەوڵەتی سوریە بەر بە وێستانی کەشتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەندەری تەرتوس دهگرێت.
لە ڕاستیدا روسیە لە دوو ساڵ لەوە پێشەوە سەبارەت بە چوونهدهرهوهی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سوریە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێك كهوتوه. لە سەرەتادا تەوافوق کرابوو کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبۆڵڵای لوبنان، ٨٠ کیلۆمیتر لە بەرزاییەکانی جەولان دوور بکەونەوە و ئەڕتەشی سوریە لەو ناوچانەدا جێگیر بێت. ئێستا ئیتر باسێک لەسەر ئەم تەوافوقە نییە و روسیە وەک ئیسرائیل، خوازیاری کشانەوەی بە تەواوەتی هێزەکانی ڕژیمی ئێرانە لە خاکی سوریە. بێدەنگی روسیە لە بەرانبەر عەمەلیاتی بەردەوامی ئەڕتەشی ئیسرائیل دا لە خاکی سوریە، نیشانی ئەدات کە روسیە بەشێوەی شاراوە و ناڕاستەوخۆ بە کەمپەینی گوشار بۆسەر کۆماری ئیسلامی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سوریە پەیوەست بووە. لە حاڵێکدا کە سیستمە بەرگریە ئاسمانیەکانی روسیە جێگیر لە سوریە دەتوانن هەر فرۆکە یان موشەکێک بەر لە گەیشتنی بە ئامانج لە ئاسماندا بپێکن، قەت لە بەرانبەر فرۆکە و موشەکەکانی ئیسرائیلدا کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە.
بەم جۆرە گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی خۆی دەزانێ کە چارەیەکی نییە بێجگە لەوەی خاکی ئەو وڵاتە بەجێبێڵێ، بەڵام دیاردەکان نیشانی ئەدەن، دواکەوتنی تا ئێستای ئهم چوونهدهرهویهه ئەساسەن بۆ دەستەبەر کردنی ئیمتیازاتی ئابووری، دوای کشانەوەی لەو وڵاتەیە. کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە یەکێک لە دۆڕاوەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە سوریە دەبینێ، هەوڵ ئەدات، لانیکەم ڕێگا دەستی بۆ ئەستاندنی ئیمتیازاتی ئابووری لە قۆناغی داهاتوودا لە سوریە دەستەبەر بکات. هەیئەتێک کە بەم دوایانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە چووبوو بۆ سوریە، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سوریە وتی: “ئەو یارمەتیانەی کە کۆماری ئیسلامی خەرجی مانەوەی حاکمیەتی بەشار ئەسەدی کردوە”حهقۆلناس”ە و دەبێ لە مناسباتی نێوان تاران و دیمشق دا تەسویە بکرێت.”
بەڵام کۆماری ئیسلامی لە مەوقعیەتێکدا نییه کە ئامرازێکی بۆ گوشار خستەنەسەر دەوڵەتی سوریە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هەزینانەی سەرفی مانەوەی بەشار ئەسەدی کردون بەدەستەوە بێت. ئەم ڕژیمە کە ئهمڕۆكه لە ژێر گوشاری ناڕەزایەتیی جەماوەریدا لە ئێران پشوی سوار بووە، لە باری ئابووریەوە وەرشکستە تر لەوەیە کە بتوانێ لە بنیاد نانەوەی داهاتوی سوریەدا دەورێکی هەبێت. یان وەک نمونە بە سەرمایەگوزاری لە سەرچاوەی نەوت و گازی سوریەدا ڕێگایەک بۆ گێڕانەوەی هەزینەکانی هەبێت. لەگەڵ گشت ئەمانەدا بەدوور دەزاندرێت کە تەمەنی خودی ڕژیم بەشی بهڕێوهچوونی ئەم جۆرە پڕۆژانە بکات. قسەکانی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە سەحنی مەجلیس نیشانەی بێ هیوایی و داماوی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدایە. ئەو وتبوی:” ئهمڕۆ دەبینین کە بەشار ئەسەد بەوپەڕی رووداریەوە وەزنەی هاو ئاوازی خۆی لەگەڵ ویلادمیر پوتین قورستر کردوە و تەنانەت حوزوری شەهیدانی پاریزەری حەرەم لە سورییە کەم ڕەنگ و هێندێک جار ڕەد دەکاتەوە. دوور نییە کە ئەسەد و پوتین، ئێمە لە ڕێگای بەرژەوەندی خۆیان و نەتەنیاهو و ترامپ دا بکەنە قوربانی.”
لەم ڕوەوە ئاشکرایە کە شکست و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لەژێر هەر ناو و له چوارچێوەیەکدا بێت، واتاکەی بێجگە لە پاشەکشهی سەرشۆڕانە هیچی تر نابێت. جهماوهری خەڵکی ئێران مافی خۆیانە کە تاوانی خوێنی ڕژاو و سەروەتی خەرج کراو کە بەرهەمی کار و ڕەنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو وڵاتەیە، لەم ڕژیمە بستێننەوە.