کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

” موستەنەدی تەڕاحی سوختە” کە خۆی سوتابوو!

17

بە بڵاو کرانەوەی” موستەنەدی تەڕاحی سوختە” لە سەدا وسیمای کۆماری ئیسلامیەوە، ئەوان جارێکی تر شعوری خەڵکیان بە هیچ زانی. تەرحێکی کە بە گومانی گەڵاڵە داڕێژەرانی ئەمنیەتیەکەی دەبوو ئیسماعیل بەخشی، سپیدە قولیان، عەسەل محەممەدی و عەلی نەجاتی کە بوونەتە سیمای بەرچاوی دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و مافەکانیان، لە مەیدان به‌ده‌ر كه‌ن. بەڵام ئێستا بەردێکی کە ڕژیم هەڵیگرتبوو کەوتوە بەسەر لاقی خۆیدا. شەپۆلێک لە هاوپشتی لەگەڵ ئەشکەنجە کراوان و دەربڕینی بێزاری لە حاکمیەتێک ڕاسا کە زەلیلانە خەریکی پیلان گێڕییە. ئەم چەکە زۆر ژەنگاویتر لەوەیە کە بکرێ لە ڕێگای ئەوەوە خەڵک بترسێنی و یان ڕای گشتی ڕێکبخەی. پەیامی” تەڕاحی سوختە” ئەوە بوو کە بە پشت بەستن بە دزێو ترین شێوازەکان و لە جەریانی فریودانێکی گشتیدا بڵێت کە گۆیا بزوتنەوەیەک کە لە مانگی بەفرانباری پارەکەوە دەستی پێکردوە و کارخانە و خیابانەکانی کردۆتە گۆڕەپانی زۆرەوانی و بەرە روو بوونەوە لەگەڵ ئەم ڕژیمە، بە گشتی لە دەرەوە هیدایەت دەکرێ. ئەوان هەمان ئەو تەرجیح بەندیان بەکار هێنا کە ڕێبەرەکەیان خامنەیی رۆژی ٢١ ی مانگی سەرماوەز لە دیدار لەگەڵ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی کوژراوانی شەڕی ئێران و عێڕاق و شەڕی نەیابەتی سوریە ڕایگەیاندبوو. ئەو باسی لە خه‌ونی بەناو هاوینی داغی ئەمریکاییەکان کردبوو و وتبوی کە هاوینێکی داغ لە ئارادا نەبووە بەڵکو” بە کوێری چاوی دوژمنان هاوینی ئەمساڵ یەکێک لە باشترین هاوینەکان بوو”. ئەو خۆی لە گوێری و کەڕی دا و بێشەرمانە وای پیشاندا کە ده‌نگی رۆژانەی ناڕەزایەتی کرێکارانی نەبیستوە و وێنەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی لە شارە جۆراو جۆرەکان نەبینیوە.

بەڵام له‌ ڕاستیدا” موستەنەدی سوختە” چوارەمین سیناریۆی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ڕابردودا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکارییە. ئەوان لە سیناریۆی یەکەمدا دوای ئەوەی کە چەند حەفتەیەک گوێیان نەدایە داخوازی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز بە گومانی ئەوەی کە کرێکاران ماندو دەبن و دەست لە داخوازیەکانیان هەڵدەگرن نەچوون بەلایاندا و خۆیان تێنەگەیاندن و کاتێک کە عەزمی ئەوانیان بۆ درێژەدان بە خەبات تا دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان و بە تایبەت پێداگری ئەوان لەسەر ئیدارەی شوڕایی کارخانە و کۆنترۆڵی کرێکارییان بینی و کاتێک کە دروشمەکانی وەک کار، نان، ئازادی، ئیدارەی شوڕایی دەبوو بە گوفتمانی زاڵ بەسەر ناڕەزایەتی کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاراندا، چارەیان لە گرتنی ڕێبەرانی بوێری حەوت تەپە و فولادی ئەهوازدا بینی. تا بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە بوونی ڕێبەرانی وشیار و بوێر بێبەش بکەن. سیناریۆی دووهەم بەخێڕایی دوای دەست بەسەر کرانی ڕێبەرانی مانگرتن بە هەوڵدان بۆ جێگرەوەی تەشەکولە زەردەکان و دەست سازی دەوڵەتی بە ناو وەکار خستنەوەی حەوت تەپە بە ئامادە بوونی کاربەدەستانی دەوڵەتی هاتە مەیدان. لەگەڵ ئەوەی کە مقاماتی دەوڵەتی هەموو ئیمکاناتێکیان بۆ ئەم جۆرە تەشەکول سازیە بەکار هێنا، بە بۆق و کەڕنا باسیان لە وەکار خستنەوەی حەوت تەپە و دەست بەکار بوونەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی فولاد کرد. لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە هەزار کەس لە کرێکارانی حەوت تەپە لە کۆبوونەوەی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە تا ئازادی هاوکارەکانیان درێژە بە خەبات ئەدەن.

بەڵام سیناریۆی سێهەم دەبێ لە پشت میلەکانی زیندانەوە ئامادە بکرێت. گیراوەکان دەبێ لەژێر ئەشکەنجەی جەللادەکاندا تێکشکابیتن و کرێکاران بە کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان بانگهێشت بکرێن و بە زەلالەت و قەبوڵ کردنی تەشەکولە دەست سازە دەوڵەتیەکان ڕازی بن. کاتێک کە خۆڕاگری زیندانی کراوەکان ئەم سیناریۆیەی توشی شکست کرد و شەپۆلێکی بەرین لە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی دەستبەسەر کراو و مانگرتنی کرێکاران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دروست بوو، کاتێک کە کرێکارانی فولادی ئەهواز داوای ئازاد کرانی هاوکارەکانیان لە حەوت تەپە کرد، کاتێک کە کرێکارانی حەوت تەپە هاوپشتی خۆیان لەگەڵ هاوکارانی فولادی ئەهواز ڕاگەیاند، کاتێک کە خوێندکاران هاواریان کرد منداڵی کرێکارانین، لەگەڵیانین، دەرکەوت کە ئەم سیناریۆیەش بەرەو رووی شکست بۆتەوە و ڕژیم ناچار بە ئازاد کردنیان بوو، بەو هیوایەی کە به‌ هه‌ڕه‌شه‌ كردن بێ ده‌نگیان كردین. ئیدیعانامەی بەخشی لەدژی کاربەدەستانی ڕژیم و دواتر وتەکانی سپیدەی قولیان، عەسەلی محەممەدی و وەکیلەکانیان ڕاگەیاندنی شەڕێکی بە ئاشکارا بوو لەدژی ڕژیم. لەم شەڕەدا ئەوان ئیتر تەنیا نەبوون و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئیدیعانامەی دیکەی ئەشکەنجەکراوانی دەستی ڕژیمیان وێنا کرد. لێرەدا بوو کە سیناریۆی چوارەم هاتە سەر سەحنە و سەرجەم ئۆرگانەکانی ڕژیم وەجوڵە کەوتن. لە کۆموسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیسەوە تا فراکسیۆنی ئومید، لە دەوڵەتی روحانیەوە تا قوەی قەزاییە هاتنە مەیدان و هەموویان بە ڕواڵەت خوازیاری ڕۆشن بوونەوەی ماجەراکە و ئەگەر بسەلمێندرێت، سزادانی خلافکاران بوون. بەڵام تەنیا دوو سێ رۆژ پێویست بوو کە هەموو لە ئۆرکێسترایەکی بە کۆمەڵدا ئیدیعا بکەن کە ئەسڵەن ئەشکەنجەیەک لە کاردا نەبووە و ئەمجارە دادستانی ڕژیم بوو کە هەڕەشەی لە بەخشی کرد بە محاکەمە کردنی. وە لە ئاکامدا جێگای شاکی و تاوانبار لە تەوافوقێکی سەرجەم ئۆرگانەکانی ڕژیمدا گۆڕا. سیناریۆی تەڕاحی سوختە و یان هەمان سیناریۆی چوارەم هاتە مەیدان تا بوار بۆ محاکەمە و هێرش بۆسەر ناڕەزایەتی و مانگرتنەکە فەراهەم بکات. دەبێ بە بێشەرمی تەواو بە بەیەکەوە لكاندنی چەند تیکەیەک لە قسەکانی بەخشی و ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و بەتایبەت چەند ڕادیۆیەکی دیاریکراو بوار بۆ سەلماندنی وێنای درۆینەی وابەستە بوونی ئەم ڕێبەر و هەڵسوڕاوە کرێکاریانە بە بەناو بەرئەندازان و بێگانەکانەوە بڕه‌خسێنێت.

بەڵام ئەمجارەش بێ گومان ئەم پیلانە شکست ده‌خوات. کۆمەڵگا بە خێرایی کاردانەوە پیشان ئەدات. کۆمەڵێک لە کرێکارانی حەوت تەپە بە بڵاو کردنەوەی بەیانیەیەک نووسیان:” ئێمە بەم ئازیزە ئەشکەنجە کراوانە دەڵێین شەرمەندەی ئێوەین کە لەبەر ئێمە توشی ئەزیەت و ئازار بوون. گریمان هەوڵ بدەن ئێوە بەم حیزب و ئەو جەریان و ئەمریکا و روسیە، قوم، مەشهەد، تاران، رۆژئاوا و رۆژەهەڵات بچەسپێنن، لەگەڵ داخوازی ٥ هەزار کرێکاری حەوت تەپەدا چی دەکەن”. ئەوان بە دروستی ئەم سیناریۆ ئاشنایەی ڕژیمیان بە گاڵەتە گرتوە و دەڵێن:” کرێکاری حەوت تەپە لەگەڵ کرێکار شارێکی تر وێنەی گرتوە ئەمە دەبێتە تاوان و سیناریۆ سازی؟ چوون بۆ شومال و تاران تاوانە؟” بە کرێکارانی حەوت تەپە دەڵێن لە ڕژیمێکدا کە لەسەر گڕکانێک لە باڕوت ڕۆنیشتوە دیارە کە دیداری سەرمایەدار لەگەڵ دەوڵەتەکەیان، چاوپێکەوتنی دز و ئاژاوە گێڕەکان لەگەڵ سەرۆکەکانی ڕژیم ئازادە بەڵام بفەیە رۆژێک کرێکاران چاویان بەیەک بکەوێ. و لەم نێوانەدا چ داماوانە دەجوڵێنەوە. ئەوانە لە بەیانیەوە تا ئێوارە هاوار دەکەن و باس لە بەناو عەزەمەتی کۆماری ئیسلامی دەکەن. و بەڵام کاتێک کە بەشوێن بڵاو بوونەوەی” موستەنەدی تەراحی سوختە”یاندا سپیدە قولیان دەنووسێت کە:” ئەم وێنانەی کە لەمنتان بڵاو کردۆتەوە بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ سەلماندنی قسەکانم سەبارەت بە ئەشکەنجە کرانم لە ماوەی دەستبەسەر بوونمدا”، چ داماوانە هەڵسوکەوت دەکەن و ئەو دەبەنەوە بۆ زیندان.

حافزەی مێژوویی کۆمەڵگا لە ماوەی ئەم ٤٠ مساڵەدا گەلێک جار بەرنامەی ڕێسوایی لەم چەشنەی لەبیرە. ئەوەی کە ڕژیم ناچار دەبێت ئەمجار بەم شێوەیە داماوانە بچێتە شەڕی ڕێبەران و پشتیوانانی بزوتنەوەی کرێکاری، بەرچاو ترین نیشانەی ئەم بابەتەیە کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە چەقی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا دایە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوەوە و ترسی ڕژیم ڕاست لەم ئاڵوگۆڕەیە. ئەوان لەم بزوتنەوەیەدا گۆڕی خۆیان دەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا نابێ بێڵین کە ڕژیم بە تەراحی لەم جۆرە سیناریۆی گاڵتە جاڕانە زەمینەی سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان و مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوە جەماوەریەکان فەراهەم بکات. هەوڵ و شگردی کۆنەپەرستانە و پیلانگێڕانەی ڕژیم تەنیا دەکرێ بە ڕێکخستن و سازماندانی دیفاعێکی بەرین لە ئەشکەنجە کراوان و لەقاودانی پیلانەکانی ڕژیم لەنێوخۆ و دەرەوەدا تێک بشکێندرێت.