هەر رۆژە و ڕاپۆرتێکی هەژێنەر سهبارهت به درێژەی کوشتاری کۆڵبەران لە سنوروکانی کوردستان بڵاو دەبێتەوە. کەمتر رۆژێک هەیە کە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەک لە” کۆڵبەران” و ” کاسبکارانی” سەر سنوری کوردستان نەگاتە بەرگوێ. سایتی تێلگرامیی کۆڵبەر نیوز کۆبەندێکی لە کوشتاری کۆڵبەران لە سنورەکانی کوردستان بە نووسینی ناوی گیانبەخت کردوان و بریندارانی بە وردە کاریەوە بڵاو کردۆتەوە. ئەم ڕاپۆرتە نیشانەیەکه لە کرداری دڕندانهی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کە بۆ دەستەبەر کردنی نان گیانیان ناوەتە سەر بەری دەستیان. لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە:
” لە ٣٠٠ رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا ٢١٥ کۆڵبەر لە ماکۆ وە تا ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، تەقینەوەی مین، یان بە هۆی بهربوونهوه لە بەرزاییەوە، ڕهقبوونهوه و یان ڕاوەدونانی هێزە ئینتیزامیەکان لە جادەکانی کوردستان، کوژراون و بریندار بوون. لهو ٢١٥ كهسه ٧٥ كهسیان گیانیان لە دەست داوە و شانسی دیداری دوبارە لەگەڵ ئازیزانیان دەست نەکەوتۆتەوە و ١٤٠ کەسیش بریندار بوون کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر بۆ هەمیشە و بەبێ هیج ئەمنیەتێکی ئابووری لە کارکەوتون و زەمینگیر بوون.”
بهم ئاماره پێویسته ئاسەواری درێژ ماوەی له سهر جهستهی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر، لە ڕاستیدا دهكات به مەرگی بە شینەیی زیاد بکرێت. پیری نابەوەخت، ئازاری بەردەوام لە مۆرەکانی پشت و گەلێک شوێنی تری جەستەدا کە بە تێپەڕ بوونی کات ورده ورده دەردەکەون.
لەگەڵ ئەم ههموه مەترسیە مەرگ هێنهرهدا، کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنور بەهۆی مەوقعیەتی دژواری ئابووریی و نیاز بە دابین بوونی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، دیسان ملی ڕێگا مەرگ ئافەرین دەگرنەوەبەر. بەم حاڵەوە ئەوە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سور نین بە گواستنهوهی کالا لە سنورەکان قازانجێکی ئهوتۆیان دهست دهكهوێ، بە پێچهوانە ئەوە تاجر و سەرمایەداران و واسیتەکانیانن کە بۆ گواستنەوەی کالاکانیان پێویستیان بە هێزی کاری کۆڵبەرانە و سەهمێکی کەمیش لە سودی دەستەبەر بوو ئەدەن بە کۆڵبەرەکان.
بەڵام ئەوە تەنیا سنورەکانی کوردستان نیین کە تێیاندا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە هەوڵدان بۆ داهاتێکی مەمرە و مەژی، بەم جۆرە یاری بە گیانی خۆیان دەکەن. لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان و هورمزگان تەقریبەن هاوتای کوردستان، بەرز ترین نرخی بێکاری و هەژاری لە ئێرانیاندا هەیە. “محەممەد گۆلم باری” یەکێک لە دەستئەندەرکارانی ناوچەیی دەوڵەتی لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان دەڵێ:
“لەم ساڵانەی دواییدا منداڵانی کوڕی بنەماڵە خۆجێیەکان لە تەمەنی ١٣- ١٤ ساڵیدا دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و وەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوریەکان کالای مەسرەفی وەک مادەی خۆراکی، جلوبەرگ، سوتەمەنی، کەلوپەلی کۆنە و پێداویستی ناوماڵ دەگوازنەوە، ئەم کرێکارە تازەلاوانە هیچ پێوەندیەکیان بە چالاکییە نا یاساییەکان و تاوانبارانەوە نییە. بەم حاڵەشەوە کار و پیشەیەک کە ئەم لاوانە لە رووی ناچاری بە ئامانجی دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەوە هەڵیدەبژێرن دژوار و پر مەترسیە، بە شێوەیەک کە سڵامەتی و گیانیان لە کاتی گواستنەوە و هاتوچۆدا دەخاتە بهر مەترسی هەموو جۆرە روداوێکی سروشتی و ناسروشتیەوە.”
دابین کردنی بەڕێچوون لە ڕێگای گواستنەوەی کالاوە تەنیا تایبەت بە سنورە وشکانیەکانی ئێرانیش نییە. به هۆی ئهوه کە هەژاری و بێکاری بابەتێکی سەرتاسەریە، هاوشێوەی ئەوەی کە لە سنورەکانی کوردستان و بەلوچستان روو ئەدات، لە سەرتاسەری ئوستانەکانی هەڵکهوتوو لەسەر سنورە ئاویەکانی کەنداوی فارس لەگەڵ شێخ نشینە عەرەبیەکانیش، لە ئارادایە. لەم ناوچەیەشدا بە هەزاران زەحمەتکێشی بێکار بە ناچار بۆ دابین کردنی بەڕێچوون خەریکی گواستنەوەی کالان لە ڕێگای دەریاوەن. ئەم کارە بە لێنج و بەلەمی شکاو و کۆنە، لە ناخی شەپۆلە گەورەکانی دەریادا و بەو مەترسیانەوە کە هیچیان کەمتر نییە لەو مەترسیانەی کە کۆڵبەرانی سەر سنوری وشکانی لەگەڵیاندا بەرەو روون، بەڕێوەدەچێت. لەم ناوچەیەدا بەم بەناو کارە،”تەلەنجی” یان “مەلەوانی” دەوترێت. هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لەم تەلەنجییانە یان مەلەوانانی بێ ناو و نیشان بە بەلەمە لەکار کەوتوەکانیانەوە دەبنە خۆراکی دەریا یان دەکەونە داوی شناوەرەکانی گەشتی سپا و هێزە ئینتیزامیەکانەوە و چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیانە.
کۆماری ئیسلامی بەم ڕێگا پڕ لە مەترسیەی بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی دەڵێ” قاچاقچی گەری”. بەڵام با بزانین قاچاغچیانی ڕاستەقینە کێن و لەکوێدا جێیان خۆش كردوه؟ بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان، ساڵانە لەنێوان ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆلار کالای قاچاغ دێتە نێو بازارەکانی ئێرانەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی” سازمانی بەندەر و دەریانەوەردی” ١٥١ ئیسکلەی چالاک لە سنورە دەریاییەکانی ئێران بوونیان هەیە کە هیچ چاودێریەکی یاساییان بەسەرەوە نییە. لە دەورەی حکومەتی ئەحمەدی نیژاد دا سەرۆکی گومرکی ئێران دانی بهوهداناوه کە لە سنورە وشکانیەکانیش ٢٢ شوێن لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ڕەسمی سازمانی گومرک بۆ هاتنە ناوەوەی کالا هەیە. ئەم شوێنی هاتنە ژوورەوانە و ئیسکلەکان بە گشتی لەژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران یان دارودەستە مافیاییەکانی نێوخۆی ڕژیمدان. لە بەرانبەر ئەم قەبارە زۆرەی کالای قاچاغ و ئەم هەموو خاڵەی هاتنە ژوورەوە لە سنورەکان کە بە ئاشکرایی خەریکی کاری قاچاغن، کۆماری ئیسلامی قێزەونانە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش و بەکار هێنەرانی لێنج و بەلەمەکان کە هیچ ڕێگایەکی تریان بۆ دابین کردنی بەڕێچوون نییە، و قەبارەیەکی کەم کالا بە بەراورد لەگەڵ قاچاغە کەڵانەکان کە بە ئاشکرایی و لە دەرەوەی هەموو کۆنترۆڵێک بەڕێوەدەچێت دەگوازنەوە، ناوەدەنێ قاچاغچی.
ئەگەرچی هەوڵدان بۆ دابین کردنی پیشەیەکی ڕاستەقینە و بێ مەترسی و یان دابین کردنی بیمەی بێکاری بابەتێکی هەنوکەییە و دەبێ هەموو کەسانی ئامادە بەکاری ئەو ناوچانه لە دەرفەتی پیشەیی ڕاستەقینەبەهرەمەند بن، بەڵام تا هەر كاتێک کە ئەم خەڵکە بێکارە ناچارن ڕازی بن بەم جۆرە کارە پڕ مەترسیانە، دەبێ ڕژیم وادار بکرێت دەست لە ڕێگری و لە کوشتاری ئەوان هەڵبگرێت.
کەمتر لە دوو حەوتو لەوە پێش خەڵکی توڕەی شاری” ئەفشان” سەر بە شارستانی” سەرباز” لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان، فەرماندەی زۆروێژی پاسگایەکی سەرسنوریان بە حەرەکەتێکی یەک پارچە و یەکگرتوانەی خۆیان وادار بە پاشەکشە کرد و کەلەپولی بە تاڵان براوی خۆیان لێسەندەوە.
ساڵی ڕابردو شاهیدی دیمهن گهلێكی پڕ شور لە پشتیوانی خەڵکی شارە سنوریەکانی کوردستان لە کۆڵبەران بووین. بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە حەرەکەتێکی نمادین دا سفرەی بەتاڵیان لەسەر شەقامەکان ڕاخست و دهنگی حهق خوازی خۆیان بهرانبهر به بارودۆخی دژواری ژیانیان بهرز كردۆتهوه. داخوازیەکانی خەڵکی ناڕازی شارە سنوریەکانی کوردستان نەک تەنیا دەستەبەر نەبوون، بەڵکو مەحدودیەتی زیاتریش لەسەر سنورەکان ڕەچاوو کران و ژمارەیەکی زیاتر لە زەحمەتکێشان لە سەر سنورەکان خەڵتانی خوێن کران. لەم روەوە گەلێک پێویستە کە حەرەکەتی ناڕەزایەتیی بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران و بۆ لابردنی ئەم مەحدودیەتانە تا دەستەبەر بوونی ئامانجهكانی دەست پێبکرێتەوە.