ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلێک قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەرەوروویە. لە لایەکەوە بەهۆی بێ توانایی لە دەستەبەر کردنی داخوازی و داواکارییە پێویست و حەیاتیەکانی جەماوەری خەڵک، لەگەڵ پەرەسەندن و توندبوونەوەی خەبات و ناڕەزایەتیی رۆژانەی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی خەڵکی هەژار و دەستکورتی ئێراندا رووبەڕوویە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی سیاسەتی زێدەخوازانە و دەخاڵەت گهرانهی، لە لایەن زل هێزە جیهانیەکانی رۆژئاوایی و ئەمریکاییەوە کەوتۆتە ژێر گەمارۆ و گوشارەوە. ئەم قەیران و گرفتانە تا ئەو جێگایە پەرەیان سەندوە کە تەنانەت گەلێک لە بەرپرسان و ڕێبەرانی ئاستی سەرەوەی ڕژیمیش بە سەرنجدان بە بارودۆخی فەلاکەتباری بەڕێچوونی جەماوەری خەڵک و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی رۆژانەیان، ئیمکانی درێژەدان بە حاکمیەتی ئیسلامی گەلێک لاواز دەبینن و نیگەرانیەکانیان لە لێک هەڵوەشان و تێکەوە پێچرانی بەساتی حاکمیەتەکەیان ناشارنەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا مەعموڵەن کۆماری ئیسلامی هەم بە ئامانجی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هەم بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زل هێزەکان، دەست ئەداتە مانۆڕ و خۆهەڵکێشان و دروست کردنی کێشە و تەحریکاتی نیزامی لە نێوخۆ و لە ئاستی ناوچەکەدا. هەڵبەت لە هەمان حاڵدا ئامادەیی و چرا سەوزی خۆی بۆ سازش و تەسلیم لە بەرانبەر داخوازی ئەو دەوڵەتانەدا لە ڕێگای کاناڵە واسیتەییەکانەوە بەگوێیان دەگەیەنێت.
لە ڕاستای ئەم سیاسەتەدا، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ڕژیم جارێکی تر دەستی دایە کێشە نانهوه و تەحریکاتی نیزامی و هەڕەشەی بێ ناوەرۆکی وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ئەنجامی داون، تا بەڵکوو بتوانێ هەم جەماوەری کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی بێدەنگ بکات و هەم لە باری قەیرانی ئابووری و تەحریم و گوشارەکانی ئەمریکا و باقی زل هێزەكان تر کەم بکاتەوە. رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی بەفرانبار حەسەن روحانی لە مەڕاسمی ساڵیادی مەرگی ڕەفسەنجانیدا بەبێ مناسبەت ڕایگەیاند کە: “لە دوو سێ ههفتهی ڕابردوودا دوو ماهوارە بە موشەکی دوو مەرحەلەیی (سیمورغ)ی دەستکردی خۆیان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەن کە “٥ رۆژ دواتر واتە سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار یەکێک لەوانی هاویشت. ئەم حهرهكهته کە لە بارودۆخی تەحریم و هەژاری و برسیەتی خەڵکدا بە هەزینەیەکی زۆر بەڕێوەدەچێت، وێڕای ئەوەی کە بەرەو رووی شکست بۆوە لە لایەن ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی ئوروپاییەوە ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و ئەویان بە پێشێل کردنی ناوەرۆکی بڕیارنامهی ٢٢٣١ی ئهنجومهنی ئاسایش و کردارێک لە ڕاستای زیاتر کردنی کێشە نیزامیەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە له قهڵهم دا.
لە درێژەی سیاسەتی کێشەنانەوەی نیزامی دا، رۆژی چوارشەممە ٢٦ی مانگی بەفرانبار محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، لە وڵام بە نەتانیاهودا کە بەشوێن تەئیدی هێرشی ههفتهی ڕابردوودا بۆسەر ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە نزیک دیمشق وتبوی:” من بە ئێران تەوسیە دەکەم کە بە خێرایی لە سوریە بچێتە دەرەوە لەبەر ئەوەی ئێمە درێژە بە سیاسەتی هێرش کردنە سەر هێز و بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئەدەیەن لە سوریە”، لە هەڕەشەیەکی بێ ناوەرۆکدا بە گاڵەتەجاڕ ناو بردنی قسەکانی نەتانیاهو وتی:” یاری بە کلکی شێر مەکەن. دەبێ لە موشەکە خاڵ پێكهكانی بترسن کە گرموگۆڕ بەسەرتاندا دەکەون. ئێمە هەموو ڕاوێژکارە نیزامی و شۆڕشگێڕ و کەلوپەل و ئەو چەکانەی کە بۆ بەهێز کردنی خۆڕاگرانی ئیسلامی(واتە حیزبۆڵڵا) و هەموو ئەوەی لە سوریەدا هەمانە دەپارێزین. فەرماندەی سپای پاسداران لە حاڵێکدا وەها ئیدیعایەک دەکات کە سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ئیسرایل ڕایگەیاند:” تا ئێستا هەزاران هێرشی کردۆتە سەر ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی لە سوریە. بەپێی ڕاپۆرتی بی بی سی، ئیسرایل لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر هێز و پێگە و بەناو”حوزوری ڕاوێژکارانی” کۆماری ئیسلامی لە سوریە و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە پایه بەرزەکانی سپای پاسداران و باقی هێزەکانی ڕژیم لە سوریە لەم هێرشانەدا کوژراون. زیانێکی زۆر بەر عەمباری چەک و جبەخانە و ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە سوریە هەیەتی کەوتوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە هیچ کاردانەوەیەک بێجگە لە هەڕەشەی بێ ناوەرۆک ئەنجام بدات.
ئاشکرایە کە هەڕەشە و کرداری نیزامی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەپاڵ هەڕەشەی باقی کاربەدەستانی ڕژیم نیسبەت بە ئەروپا وەک” ناردنی زۆری پەنابەران بەرەو وڵاتانی ئوروپایی” و یان” بەرنەگرتن لە هەناردە کردنی مادەی موخەدر” و هیتر، بە ئامانجی چەنەلێدان و وەرگرتنی ئیمتیاز و دانی چرا سەوز بۆ “نەرمشی قارەمانانە” و ئامادەیی بۆ نۆش کردنی جامێک ژەهری تر بەڕێوەدەچێت. بەڵام ڕهفتاری تەحریک ئامێزی ڕژیم تا ئێستا ئاکامی پێچەوانە و دوور لە چاوەڕوانی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبووە. ئەم هەڕەشانە ئیتر نە تەنیا کڕیارێکیان نییە بەڵکوو بوونەتە هۆی هاوڕێی و هاوجیهەتی زیاتری دەوڵەتانی فەڕانسە- ئاڵمان و بریتانیا لەگەڵ ئەمریکا بۆ مەحکوم کردنی زیاتری ڕژیم و گوشار هێنانی زیاتریش. جەواد زەریف ئیعتڕافی کرد کە ئەم دەوڵەتانە تا ئێستا تەنانەت وەعدە زارەکیەکانی خۆیان لە پێوەند لەگەڵ دروست کردنی “سازوکاری تایبەتی ماڵی” شیان جێبەجێ نەکردوە.
لە بارودۆخی ئێستادا پێگەی کۆماری ئیسلامی گەلێک لاواز تر لەوەیە کە بتوانێ لە بواری ناوچەیی و نێونەتەوەییدا دەست بداتە گرەوکێشی و مل بادان و یان لەو بۆ بەرەوپێش بردنی سەرکوت لەنیوخۆدا کەڵک وەربگرێت. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا ئیتر فریوی فڕوفێڵە ئاشکرا بووەکانی ڕژیم ناخۆن. بۆ ئەوان هیچ هێز و وزەیەک نەماوەتەوە تا بتوانن بە پاساوگەلی” مەوقعیەتی دژواری وڵات و هەڕەشەی دوژمنی دهرهكی” و هیتر دەست لە داخوازیەکانیان هەڵبگرن. کرێکاران و باقی چین و توێژە زەحمەتکێش و هەژارەکانی کۆمەڵگا وەک ئەوەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا نیشانیان داوە، کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن. ئەوان ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی دروست کردنی کێشە و گرفتە گەورەکانی بەڕێچوونی خۆیان دەزانن، و سوورن لەسەر ئەوەی بە درێژەدان و زیاتر کردنی ناڕەزایەتیی و مانگرتنەکانیان، مافەکانیان لە گەروی ڕێبەران و بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕژیم دەربکێشن.