شکستی سەختی تەرحی تەوافوقی جێی سەرنجی دەوڵەتی محافزەکاری بریتانیا بۆ دەرچوونی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئوروپا لە ئێوارەی سێ شەممە ١٥ی ژانویەوە قەیرانی سیاسی سەبارەت بەم بابەتەی بردە قۆناغێکی تازەوە. تەرحی تەوافوقی جێی سەرنجی دەوڵەتی محافزەکار بە ڕێبەریی ترێزا مەی بە ٢٠٢ دەنگی موافق لە بەرانبەر ٤٣٢ دەنگی مخالف دا شکستی هێنا. گەلێک لە چاودێرانی سیاسی ئەم شکستە بە بێ وێنە و مێژوویی ناو دەبەن. ئەم ناکامیە بەرهەمی دوو ساڵ هەوڵدانی دەوڵەتی محافزەکار بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئوروپا و لایەنگرانی پڕ و پا قورسی هاتنە دەر لەم یەکێتیەی لە بەرانبەر خۆیدا یەکگرتوو کرد. لە ڕاستیدا تەوافوقی کابینەی ترێزا مەی لەگەڵ بروكسێل لە هەمان حاڵدا کە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ لایەنگرانی مانەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەروپادا بوو، نەیتوانی لایەنگرانی دەرچوونی بە تەواوەتی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی حیزبی محافزەکار و تەنانەت سەرجەم داکۆکی کارانی”دەرچوونی نەرم” لە یەکێتی ئەروپا بە قەناعەت بگەیەنێ. لە ٤٣٢ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی عەوام کە دەنگی نەرێنیان بەم گەڵاڵەیە دا ١١٨ کەسیان سەربە حیزبی محافزەکارن. کاتێک کە دەیوید کامرۆن سەرۆک وەزیرانی محافزەکاری پێشوو لە ساڵی ٢٠١٦ دا وەعدەی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەبارەت بە ئەندامیەتی یەکێتی ئەروپای خستە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیەوە، بەم گومانە پوچەی کە دەنگدەران بە کشانەوە لە یەکێتی ئەوروپا دەنگ نادەن گەلێک لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە ئەم سیاسەتە باشترین ئامرازە بۆ بەرگرتن لە چەند پارچەبوونی حیزبی محافزەکار و ڕێگایەکی دڵنیایشە بۆ ڕاکێشانی متمانەی بەشە جۆراو جۆرەکانی سەرمایەدارانی ئینگلیسی.
ئاکامی ڕیفڕاندۆم، حیزبی محافزەکاری خستە مەوقعیەتێکی دژوارەوە. ترێزا مەی کە تا پێش لە بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم یەکێک لە لایەنگرانی مانەوە لە یەکێتی ئەروپادا بوو، دوای ڕیفڕاندۆم و دەستەبەر کردنی پێگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە “برگزیت واتە برگزیت”، بەریتانیا دەبێ لە یەکێتی ئەروپا بکشێتەوە، بەڵام ئەو لە هەمانحاڵدا جەختی کردەوە کە ڕەوتی دەرچوون دەبێ بە شێوەیەک بێت کە هەم بۆ کەسب و کار و خەڵکی ئینگلیس کە ئامانجی سەرمایەداران و بارزگانانی ئینگلیسی بوو وە هەم بۆ ئوروپا بە قازانج بێت. واتە سەرۆک وەزیر دەیویست ڕەوتی کشانەوەکە بە شێوەیەک بەرەو پێش بچێت کە هەم بۆ ئەو بەشە لە سەرمایەداران و بازرگانانی ئینگلیسی کە مانەوە لە یەکێتی ئوروپا و بە جیهانی بوونی نیئۆلیبڕاڵیدا قازانج دەکەن باش بێت و هەم بۆ ئەو بەشە لە سەرمایەداران کە قەواعیدی جیهانی سازی نیئۆلیبڕالی لەوە زیاتر بە قازانجی سەرمایەکانیان نازانن. ترێزا مەی بەم دیدگایەوە کابینەکەی پێکهێنا کە زۆرینەی لایەنگری”کشانەوەی نەرم” و لایەنگری بارزگانی و پاراستنی پێوەندیە کاریگەرەکان لەگەڵ بازاڕی یەکێتی ئەوروپا بوون. هەمان دیدگا کە لە کردەوەدا بوو بە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی داکۆکی کارانی دەرچوونی بە تەواوەتی لە یەکێتی ئوروپای لە کابینەکەدا فەراهەم کرد. لەخۆڕا نەبوو کە بوریس جانسۆن یەکێک لە داکۆکی کارانی سەر سەختی دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەروپا کە زەمانێک بە تەوەهوم بە دروشمی”برگزیت یانی برگزیت”، بە کابینەی دەوڵەتەوە پەیوەست بوو بە کشانەوە لە دەوڵەت، ئەوی ناونا ڕوئیای لە حاڵی مەرگی برگزیت.
جێرمی کوربین ڕێبەری حیزبی کرێکار ئەو دەنگدانەی بە گەورە ترین دەنگی بێ متمانەیی بە دەوڵەت ناوبرد و گەڵاڵەی بەڕێوەچوونی جەلەسەی دەنگی بێ متمانەیی بە سەرۆک وهزیر لە رۆژی چوارشەممە ١٦ی مانگی ژانویەی بە ڕسمی پێشکەشی مەجلیسی عەوام کرد. بەڵام لەو رۆژەدا نوێنەرانی پاڕلمانی بریتانیا بە زۆرینەیەکی لاواز دەنگی متمانەیان دایە ترێزا مەی.
بەشوێن شکستی کابینەی محافزەکاری بریتانیادا بۆ دەستەبەر کردنی پشتیوانی زۆرینەی نوێنەرانی مەجلیسی عەوام لە تەرحی تەوافوق لەگەڵ یەکێتی ئوروپا، دۆناڵد توسک سەرۆکی شوڕای ئوروپا لە تویتێکدا نووسی: “ئەگەر تەوافوق ئیمکانی نییە و کەس تەوافقی ناوێ، کە وایە کێ هەیە کە لە کۆتاییدا بوێرێت تەنیا ڕێگا چارەیەکی ئەرێنی باس بکات؟” ڕەنگە باشتر بێت بریتانیا لە یەکێتی ئوروپادا بمێنێتەوە. وتەبێژی سەرۆکی شوڕای ئوروپاش لە بەیانیەیەکدا ڕایگەیاند:” بەم دەنگدانە مەترسی کشانەوەی بێ قاعیدەی بریتانیا زیاتر بوو ئەویش لە حاڵێکدا کە مایل بە روودانی وەها شتێک نین.” ژان کلود یونکر، سەرۆکی کوموسیۆنی ئەروپاش وتی: کات تەقریبەن تەواوە و وتی:” مەترسی کشانەوەی پڕ لە کێشمەکێشی بریتانیا بەم دەنگدانە زیاتر بووە”. سەرانی یەکێتی ئوروپا بەم هەڵوێست گرتنەیان دەوڵەتی ترێزا مەییان بۆ کشانەوە بە پێی تەوافوق یان مانەوە لە یەکێتی ئەروپادا خستۆتە ژێر گوشارەوە.
ئەوەیکە لە جەریانی وتووێژەکانی دوو ساڵی ڕابردودا روون بۆتەوە ئەوەیە کە ئەگەرچی ئەندامیەتی لە یەکێتی ئەروپادا بابەتێکی دڵخوازانەیە و هیچ ئیجبارێک بۆ مانەوە لەم یەکێتیەدا بوونی نییە، بەڵام دەوڵەتانی ئەندام بۆ پارستنی یەکپارچەیی و وەحدەتی ئوروپا یاسا و ڕێسایەکی وەها سەخت و دژوار و دەست و پێ گریان ئامادە کردوە کە دەرچوون لێی کارێکی زۆر ساکار نییە. بنەمای یەکێتی ئەروپا کە لەسەر ئەسڵی توجارهتی ئازادی کالا، تەحەروکی ئازادی سەرمایە، جوڵەی ئازادی هێزی کار و جوڵەی ئازادی خزمەتگوزاری جەخت دەکاتەوە، وەها لە لایەن قەرارداد و ئاین نامەکانەوە تێکتەندراوە و لایەنی یاسایی بە خۆیەوە گرتوە کە”دەرچوونی نەرم” لێی ئیمکانی نییە. کە وایە روون و ئاشکرایە کە یەکەم دواهاتی دەرچوونی بریتانیا ئەوە دەبێت کە دەست ڕاگەیەشتنی سەرمایەدارانی بریتانیایی بە گەورە ترین بازاڕی جیهانی بەبێ مەحدودیەتە تەعرەفەییەکان گەلێک دژوار دەبێت. بە تایبەت ناوەندی ماڵی لەندەن کە قەبارەی ئاڵووێری رۆژانەی زیاتر لە دوو و نێو ترهلیۆن دۆلارە و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس تێیدا کار دەکەن بەبێ خۆڕاگەری ڕازی بە کشانەوەی بەتەواوەتی لە یەکێتی ئوروپا نابێت.
له ڕاستیدا کێشەی نێوان یەکێتی ئەروپا و دەوڵەتی بریتانیا و توند بوونەوەی قەیران لە دەوڵەت و پارلمانی بریتانیادا لەسەر دەرچوونی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئوروپا کە دوو ساڵە لە ئارادایە دەنگدانەوەی درێژەی قەیرانی جیهانی سەرمایەدارییە. ئەگەر نیئۆلیبرالیزم و جیهانی سازیی بەپێی ئەم ئۆلگوە بۆ دەورەیەک بوو بە هۆی کەڵەکە بوون و گەشەی سەرمایە و توانی بەرژەوەندی و سودئاوەری بەشە جۆراو جۆرەکانی سەرمایە دابین بکات، لەگەڵ قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨دا و شکستی نیئۆلیبرالیزم ڕقابەت لەنێوان بەشە جۆراو جۆرەکانی سەرمایەداریدا توندتر بۆتەوە.
لە قەیرانی ٢٠٠٨وە تا ئێستا ماوەی ١٠ ساڵە کە لە بریتانیا دهوڵهت ڕیازەتی ئابووری زاڵ کردوە. لەژیر کاریگەری ئەم سیاسەتەدا ١٤ ملیۆن کەس لە هەژاریدا دەژین، دەیان هەزار کەسی بێ ماڵ و مەسکەن بوونیان هەیە، حەقدەستەکان لە ئیداراتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەتدا چەقی بەستوە، بودجەی خزمەتگوزاری بێهداشت و سڵامەتی گشتی، بیمەکانی دابین کردنی کۆمەڵایەتی، دابین کردنی ماڵی ئاموزش و پەروەرش و پاراستنی ژینگە بەگشتی لەبەر مەترسی هێرشدان. لە وەها بارودۆخێکدا دوو ساڵە ئەحزابی حاکم بە یارمەتی گەیاندنەکان هەوڵیانداوە تا ڕای گشتی لەسەر کێشمەکێشەکانی نێوخۆی دەوڵەت و مانۆڕە سیاسیەکان لە نیوخۆی پارلماندا سەبارەت بە دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئۆروپا چڕ بکەنەوە و داخوازی کرێکاران و بێبەشان پشتگوێ بخەن. ئێستا خاڵی بەهێزی ڕەوتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لەوەدایە کە بتوانن سەربەخۆ لە کێشمەکێشەکانی سەرەوە، بزوتنەوەی چینی کرێکار و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە دەوری داخوازیەکانی ئەم بزوتنەوانە و بۆ پاشەکشە کردن بە ڕژیمی ڕیازەتی ئابووری بەسیج بکات.