بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییە حکومەتیەکان رۆژی سێ شەممە ٢٥ ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٧ دادگای پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی گەندەڵیی مودیرانی” بانکی سەرمایە” لە شوعبەی سێی دادگای تایبەتی تاوانە ئابووریەکان دەستی پێکردوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، پەرویز کازمی سەرۆکی پێشوی هەیئەت مەدیرە و وەزیری ڕیفاه لە دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نیژاد دا، عەلی بەخشایش مودیر عاملی پێشوی بانکی سەرمایە و محەممەدڕەزا تەوەسولی یەکێک لە مودیرانی ئەم بانکە تاوانباری سەرەکی ئەم پەروەندەیەن کە بە دانانی وەسیقە لە دەرەوەی زیندانن. لە سەرەتای جەلەسەی داداگا، نوێنەری دادستان کەیفەرخاستێکی خوێندەوە و ” بانکی سەرمایە”ی بە ” ١٤ هەزار میلیارد تمەن خیانەت لە ئەموالی سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیان” تاوانبار کرد. سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیان کە زیاتر لە ٩٠٠ هەزار مامۆستا تێیدا ئەندامن لە ساڵی ١٣٧٤ بە ئامانجی دابین کردنی ماڵی فەرهەنگیان لە دەورانی خانەنشینیدا دامەزراوە. لەماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردودا هەموو مانگێک بڕێک لە فیشە حقوقیەکانی هەر سپوردە گوزارێکی فەرهەنگی کەم کراوەتەوە و خراوەتە سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیانەوە. هەڵبەت لەم ماوەیەدا خراپی بەڕێوەبردن و مودیریەتی بانکی سەرمایە بەردەوام بابەتی ناڕەزایەتی فەرهەنگیان بووە. لە جەریانی پێڕاگەیشتن بەم پەروەندەیەدا نوێنەری دادستان ڕایگەیاندوە کە:” پەرویز کازمی سەرۆکی هەیئەت مودیرە و وەزیری ڕیفاه لە دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نیژاد دا لە بەرانبەر دانی تەسهیلاتی ٦٠٠ میلیاردی بە حسین هیدایەتی، لە پۆستی هەیئەت مودیرەی” شیرکەتی ئیستیل ئازین” دا داندراوە.”
لە دەورەی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانیدا کە لە ئاکامی توند بوونەوەی کێشەی باڵە حکومەتیەکاندا کەم کەم هەواڵی پێوەندیدار بە ئیختیلاسی ماڵی گەیشتە ڕاگەیەنەرەکان زنجیرەی ئاشکرا بوونی پەروەندەی گەندەڵی دارایی درێژەی هەیە. لە دەورەی ڕەفسەنجانیدا بەڵگەی پێوەندیدار بە ئیختیلاسی ١٣ میلیارد تەمەنی ئاشکرا و بوو بە جێی سەرنجی ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆ و دەرەوە. لە دەورەی خاتەمی دا دیوانی محاسبات دوای توێژینەوە سەبارەت بە مودیریەتی پیشەسازی نەوتی دەوڵەتی هەشتەم لە ڕاپۆرتێکدا تەفریقی بودجەی ساڵی ٨٣ ی بە ڕەسمی ڕاگەیاند کە زیاتر لە ٦ میلیارد دۆلار داهاتەکانی دەستەبەر بوو لە فرۆشتنی نەوت نەخراوەتە خەزانەی دەوڵەتەوە و خاتەمی قەت وڵامی ئەم پرسیارانەی لەم بوارەدا نەدایەوە. هەر لەم دەورەیەدا کەرباسچی شارەداری ئەوکاتی تاران کە لە لایەن خاتەمی و هاشمیەوە پشتیوانی دەکرا بە هۆی بە هەدەر دانی ٣ میلیارد و ٥٠٠ هەزار تمەن بە چوار ساڵ زیندان مەحکوم کرا. لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا کە به دروشمی خەبات دژی گەندەڵی و لە جەریانی کودتایەکی هەڵبژاردندا بە دەسەڵات گەیشت، ڕەقەمی دزی و ئیختیلاسە ماڵیەکانی سەرەتا گەیشتە ٣ میلیارد تمەن و لە درێژەدا گەیشتە ڕکودێکی ٦٥٠ هەزار میلیارد تمەنی. لە دەورەی روحانیشدا لە جەریانی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی دزیە چەند میلیارد دۆلاریەکانی بابەک زەنجانی بازرگانی ناسراوی ئێرانی و پەروەندەی پێوەندیدار بە ئیختیلاسە کەڵانە ماڵیەکان لە لایەن قوەی قەزوییەوە بۆ هەموان روون بۆتەوە کە ئەم ئیختیلاس و دزیانە و سەدان حاڵەتی تر بە هاوکاری و هاوڕێەتی بەرپرسانی سەرەوەی حکومەتی بەڕێوەچوون. لە ڕاستیدا گەندەڵی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا وەها نیهادینە و ساختاری بۆتەوە کە بۆتە بەشێک لە پێناسە و هۆویەتی ئهو ڕژیمه. بەپێی ڕاپۆرتی سازمانی شەفافیەتی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە باری گەندەڵی ماڵیەوە لە زومڕەی گەندەڵ ترین حکومەتەکانی دنیایە. قوەی قەزاییەی ڕژیم لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەوڵی داوە تا بە پێڕاگەیشتن بە هێندێک لە پەروەندەکانی پێوەندیدار بە گەندەڵی ماڵی و سزادانی کۆمەڵێک لە عاملانی نەفرەت و بێزاری گشتی لە ڕژیم لانیکەم لە نێو خودیەکانی نیزامدا نۆژەن بکاتەوە. بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵانەدا ئێعدام کردنی مەه ئافەرید خوسرەوی، نەک محاکەمە و زیندانی کەرباسچی، نە محاکەمە و مجازاتی محەممەدڕەزا ڕەحیمی جێگری سەرۆک کۆمار لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا، نە گرتنی بابەک زەنجانی و محکوم کرانی بە ئێعدام و نە ئێعدامی تاوانبارانی گەندەڵیی ئابووری هیچکامیان نە تەنیا نەیتوانیەوە ئیعتیبارێک بۆ ڕژیم دەستەبەر بکەن، بەڵکو لەمرۆدا بۆگەنی گەندەڵی قوەی قەزاییە ئەو ناوەندەی کە قەرارە دژی گهندهلی بیت، سەرتاسەری کۆمەڵگای گرتۆتەوە. گەندەڵی وەها لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نیهادینە و ساختاری بۆتەوە کە پێویستی بە نەشتەر گەریەکی بنەڕەتی هەیە، ئەم جۆرە کردەوانە نەتەنیا ناتوانن باشتر بوونێک لە بارودۆخەکەدا دروست بکەن بەڵکو دەور و نەخشی هێورکەرەوەشیان لە دەست داوە.
حەسەن روحانی زەمانێک لە سوخەنڕانیەکیدا سەبارەت بە گەندەڵی لە حکومەتی ئیسلامیدا وتی:” ئەگەر تفەنگ، پارە، رۆژنامە، سایت و هەواڵنێری هەمووی لە جێگایەک کۆبکەینەوە گەندەڵی دروست دەبێت. ئەبوزەڕ و سەلمانیش بن گەندەڵ دەبن. کەوایە دنیا ئاقڵی پێی شکاوە کە ئەم دەسەڵاتانەی لە یەکتر جیا کردۆتەوە.” هەڵبەت روحانی لەسەر ناوەرۆکی شەڕی دەسەڵات لە حکومەتی ئیسلامیدا و داواکردنی سەهمی خۆی لە جیا کردنەوەی چەک و پارە و رۆژنامە و هەواڵنێری کە زیاتر لەژێر ناوی خوسوسی سازیدا لەبەر دەست سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربەو و ویلایەتی فەقیەدا کۆبونەتەوە گۆشەیەک لە ڕاستیەکانی باس کرد. بەڵام له راستیدا لە ساختاری چینایەتی و سیاسی کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر سەرچاوەی دەسەڵات وەک پارە و چەک و ڕاگەیاندن لە نێوان هەر سێ دەسەڵاتی قەزاییە، یاسادانان و بەڕێوەبردندا دابەش بکرێن یان وەک دیموکڕاسیە بۆرژواییەکان هەرکام لەم سێ دەسەڵاتە پێگەی خۆیان لە دابەش کردنی دەسەڵاتدا بدۆزنەوە دیسانیش ناکرێت گەندەڵی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا خاشەبڕ بکەیت. کە وایە بە ئیعتیڕافی ئەحمەد تەوەکەلی، ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام،” حکومەتی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە قۆناغی گەندەڵی سیستماتیک.”
گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ساختاری چینایەتی و سیاسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕیشەی هەیە و تا کاتێک کە ئەم پێکهاتەیە تێک نەشکێت و ئەم ڕژیمە بە هێزی وشیاری و ڕێکخراوی کرێکاران و جەماوەری توڕە لە درێژەی ئەم بارودۆخە نەروخێندرێت، گەندەڵیش خاشەبڕ نابێت. تەنانەت لە دیموکراسیە بۆرژواییەکاندا، بەرەو پێش چوونی خەبات لەدژی گەندەڵی ئیداری و ماڵی لە دەزگای حکومەتیدا بەشێکە لەوەی کە تا چ رادەیەک ئیمکانی دخاڵەتی کرێکاران و توێژە جۆراو جۆرەکانی خەڵک بۆ دخاڵەت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا فەراهەم بووە. تەنیا لەو کۆمەڵگایانەدا کە کرێکاران، ژنان و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە جەریانی خەباتی رۆژانەیاندا بۆ باشتر کردنی باردوخی کار و ژیانیان سازمان و تەشەکولەکانیان دروست کردوە. بە ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەست ڕاگەیشتن بە مەتبوعات و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، توانیویانە دەورێکی کاریگەر لە خەبات لەدژی گەندەڵی بگێڕن.