کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نمونه‌یه‌كی تر له‌ شپرزه‌یی ڕیزه‌كانی دوژمن

12

ئەشکەنجەی ئیسماعیل بەخشی لە زیندانی ئیتلاعاتی ئەهواز و لێکەوتەکانی دەنگدانەوەی بەرینی لە ڕاگەیەنەرەکانی نیوخۆ و دەرەوەدا و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەبووە. لە لایەکەوە ناوەندە جۆراو جۆرە قەزایی و ئەمنیەتیی و مەتبوعاتی و کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیمن، کە دەستیان کردوه‌ بە ڕەد کردنەوەی ئەشکەنجە کرانی ئیسماعیل بەخشی لە زیندانی ئیتلاعاتی ئەهواز. لە لایەکی دیکەوە ئەو تێكۆشه‌ره‌ بوێرانەی کە بێ باك له‌ مه‌ترسییه‌كان لەژیر تیخی دوژمندا خەریکی لەقاودانی ئەو جەنایەتانە بوون کە لە زیندانەکانی ڕژیمدا لە ئارا دان. پرسیار ئەوە نییە کە ئایا ئیسماعیل بەخشی ئەشکەنجە کراوە یان نا، چوونكه‌ ناتوانێ گومانێک لە وڵامەکەیدا هه‌بێ، پرسیار ئەوەیە کە لە ئێران، چی ڕویداوە و یان چی خەریکە رووبدات کە یەک حاڵەت ئەشکەنجەی زیندانی، واتە کارێکی ڕوتینی ٤٠ ساڵەی بەڵگەمەند لە کۆماری ئیسلامیدا بەم شێوەیە هاتۆته‌ پێشەوەی سەحنە؟ بە شوێن بڵاو بوونەوەی نامەی دادخاهی ئیسماعیل بەخشیدا سەرۆک کۆمار، سەرۆکی مەجلیس، سەرۆکی قوەی قەزاییە وەک ئەوەی کە گۆیا یەکەم جارە هەواڵی شکەنجەی زیندانیان لە زیندانەکانی ڕژیمدا دەبیستن، بە ناباوه‌ڕیه‌كی ڕیاکارانە ڕایانگەیاند، کە بابەتە بە جیدی وەردەگرن و مەسەلەی شکەنجەی ئیسماعیل بەخشی پەیگیری دەکەن.

سەرەتا سادق لاریجانی سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم قێزەونانە وتی:” زیندانی پێیوایە نێو زیندان دەبێ وەک هۆتێلدا بێت”. هەڵبەت هاوکات بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پەیڕەوکرانی ئەشکەنجە لەدژی ئیسماعیل بەخشی وەک کردارێکی هەڵە قەبوڵ کرد و وتی:” نابێ ئەگەری تەخەلوفی بازجویەک بە حیسابی کۆمەڵێک و دەزگایەک بنووسرێت.” بەشوێن ئەودا حیشمەتواللە فەلاحەت پیشە، سەرۆکی کوموسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی مەجلیس بە دەربڕینی ئەوەی کە:” لە مەسیری دەستبەسەر کردن و گواستنەوەدا بۆ زیندان تێکهەڵچونێک لە نێوان ئیسماعیل و مەئمورەکاندا روویداوە بەڵام شکەنجە نەبووە.” بەڵام ناڕاسته‌وخۆ دانی به‌ بابه‌ته‌كه‌دانا سەرۆکی دەفتەری روحانی، بە ڕاشکاوی زیاترەوە ئەشکەنجەی ڕەد کردەوە و لەمەش واوەتر رۆیشت و بۆ ئەوەی کە نەکا گەردێک لە داوێنی کۆماری ئیسلامی بنیشێت و ” دەنگۆی” بوونی ئەشکەنجە ڕواڵەتی کۆماری ئیسلامی خەوشدار بکات، وتی:” ئەوەی کە بەخشی ئیدیعای کردوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نەبووە و لەم ڕوەوە قەرارە ئەو مافە بۆ وەزاڕەتی ئیتلاعات و نیزام لەبەرچاو بگیرێت کە شکایەت لە ئیسماعیل بەخشی بکەن و قوەی قەزاییەش بەداوادا چوونی بۆ بکات.”

حسەین شەریعەتمەداری وتەبێژی خامنەیی، لە رۆژنامەی کەیهاندا لە ” وتاری رۆژ” یدا بە پشتیوانی بە ئاشکرا لە کرداری مەئمورانی ئەمنیەتی و سەرکۆنە کردنی بەرپرسانی باقی ناوەندەکان نووسیویەتی:” ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئایا نابێ تاوانباری جێی ئاماژە و باقی ئەو کەسانەی تۆمەت لە سەربازانی گیان لەسەر دەستی وەزارەتی ئیتلاعات ئەدەن بکەونە ژێر لێکۆڵینەوە؟ ئەوان نە تەنیا له‌ سەربازانی گومناو و فیداکاری وەزاڕەتی ئیتلاعات بەڵکو تۆمەتیان لە کوللیەتی نیزام داوە”.

ئەم ڕوداوە نوێیە لە کۆماری ئیسلامیدا، وەک ڕژیمێک کە ئەشکەنجە و ئێعدامەکانی ناوبانگی جیهانیان هەیە، ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا ناچار بووە بەم شێوەیە دەستبکات بە پاساو کردنی یەکێک لە دەیان هەزار حاڵەتی کرداری تاوانبارانەی لە زیندانەکاندا. ئەم قسانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕژیمێکەوە دەکرێن کە ئەشکەنجەی لەژێر ناوی” تەعزیرات” دا، بە یاسایی و ئیدئۆلۆژیک کردوە.

لایەنێکی دیکەی ئەم رووداوە ئه‌و بوێریەکە کە لە ناخی تێکۆشەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی ڕەواو ڕزگاری بەخشی کرێکاری و جەماوەری خەڵکی ئێراندا پشکوتوە و گوڵیداوە. نامەی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان هەمو کەس بینیویەتی. بەشوێنیدا دوێنێ نامەی عەسەل محەممەدیش بڵاو بۆوە. عەسەل خوێنداکاری زانکۆی تاران کە بەهۆی پشتیوانی لە خەباتی کرێکارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت تەپە بۆ ماوەی نزیک بە مانگێک لە زیندانی ئەمنیەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمدا لە ئەهواز دەستبەسەر بوو، باس لە ناڵە و هاواری ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان لە سلولەکانی تەنیشتی دەکات. سمایل بەخشیش سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکان، هەروا لەسەر دادخاهیەکەی پێداگری دەکات. ئەو لە کاردانەوە بە قسەکانی سەرۆکی کوموسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی مەجلیس، بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک نووسی:” بە گشت ئازیزان ڕادەگەیەنم کە من تا ئێستا لەگەڵ هیچ گوروپێکی تەحقیق لە لایەن دەوڵەت، مەجلیس و قوەی قەزاییەوە لە پێوەند لەگەڵ پەروەندەی ئەشکەنجە درانم لە دەورەی زیندانی بوونم دا لە وەزاڕەت ئیتلاعات، هیچ وتووێژێکم نەبووە و قسەیەکیان لە من نەبیستوە. قسەیەکم نییە بێچگەوەی دەڵێم: درۆ لەگەڵ خەڵک مەکەن.”

بێگومان بوێری جێگای تەحسینی ئیسماعیل بەخشی و ئەوانی تر، لە وەی کە بابەتی ئەشکەنجەیان لە زیندانەکانی ڕژیمدا هێناوەتە گۆڕێ، تا ئیرە و سەرەڕای هەر ئاکامێکی هه‌ی بێت، بەشێکی درەوشاوە و سەركه‌وتووی ئەم ماجەرایەیە. و هەر ته‌ڵه‌كه‌ كاریه‌ك كه‌‌ لە پشتەوە بێت، نیشانەی ئاڵوگۆڕە لە هاوسەنگی هێز لەم کۆمەڵگایەدا بە قازانجی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر. ئەم ڕژیمە ناچار بووە، تازە بکەوێتە بیری بەندی ٣٨ ی قانونی ئەساسی کە ئەشکەنجەی قەدەغە کردوە، و بڵێ ئەگەر بێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان روویدا بێت، گۆیا شیاوی لێپێچینەوەیە.

بەڵام، کۆتایی ئەم بابەتە هەرچیەک بێت، لەهەر کوێوە دەستی پێکردبێت و بە هەر ئاکامێک بگات، لە پشت حیلەگەریەکانی ئەم ڕژیمەوە، بەر لە هەر شتێک نیشانەی شپرزەیی لە ڕیزه‌كانی دوژمن پێوه‌ دیاره‌. ئەگەر دوژمن لەمە ڕیاكارانه‌ بۆ نمایشی دیموکراسی کەڵک وەردەگرێت، حەرەکەتی” به‌ربڵاوی منیش ئەشکەنجە دراوم” بێ ئابڕو تری دەکات.