کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەرکەوتنێک بکەینە ئامادەکاری بۆ بەرەو پێش چوونی دواتر

281

٦ مانگ خەباتی شێلگیرانەی کرێکارانی کارخانەی ڕەنگ سازی پارس، سەرئەنجام بە ئاکام گەیشت و کرێکارانی ئەم شیرکەتە توانیان سەرجەم داخوازییەکانیان دەستەبەر بکەن. لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا خاوەنکار هەر جارە و بە بیانویەک، بە فڕوفێڵ و درۆ، هەوڵی ئەدا خۆی لەژێر گوشاری کرێکاران ڕزگار بکات و داخوازیەکانیان پشت گوێ بخات. بەڵام سەرئەنجام، رۆژی شەممە ٢٤ ی مانگی سەرماوەز، کرێکارانی ئەم کارخانەیە، توانیان هەشت مانگ حەقدەستی دواخراوی ساڵەکانی ٩٦ و ٧ مانگ لە مه‌زایای ئەمساڵیان دەست بکەوێ. بەم جۆرە مانگرتنە پڕیودیەکانی کرێکاران بە ئاکام گەیشت و بە سەرکەوتنی کرێکاران، چالاکییەکانی ئەم یەکە بەرهەمهێنانە بە تەواوی دەستی پێکردووە. کرێکارانی ناڕازی وێڕای وەرگرتنی حەقدەستی دواخراویان، پاشماوەی جێژنانەی پارەکەشیان وەرگرت و هەروەها سەرویسی هاتووچۆ و نەهارخۆری کرێکارانیش کە یەکێک لە داخوازییەکانیان بوو، کەوتنەکار. ئەم سەرکەوتنە لە بارودۆخێکدا دەستەبەر بوو کە تەنانەت خاوەنکار لە قۆناغێکدا نەفسی بوونی حەقدەستی دواخراوەی ڕەد دەکردەوە.

شیرکەتی ” پارس پامچال”، خاوەنی چەند شیرکەتی فەرعیە لەوانە شیرکەتی” شیمیایی ڕەنگ ئاوەر”، ” شیرکەتی کوشان ئیتیسال”، ” شیرکەتی دەریا ته‌ئمینه”. ئەم کارخانەیە و شیرکەتەکانی دیکەی سه‌ر به‌ ئه‌و، بەرهەمهێنەری هەموو جۆرە ڕەنگێکی ڕەوغەنی و پەلاستیکی و پوششی سەنعەتین. ئەم موجتەمەعەی بەرهەمهێنان لە مالیکیەتی تایبەت دایە و بەشێوەی شیرکەتی سەهامی بەڕێوەدەچێت. بەر لە هەر شتێک وەک ئەزمونێک پێویسته‌ ئه‌م سەرکەوتنە بە کرێکارانی پارس پامچال پیرۆزبایی بوترێت. بێ گومان حەرەکەتی دواتری کرێکاران بۆ زیاد کردنی حەقدەست و بەرز کردنەوەی ڕادەی ئیمنی شوێنی کار و هیتر، لەم خاڵەوە دەست پێدەکات. ئاشکرایە کە ئەم سەرکەوتنە لە ئاکامی ڕادەیەکی بەرز لە هاوپشتی کرێکاراندا دەستەبەر بووە. ئەم هاوپشتیە دەکرێ تا ئاستی ڕێكخراوێكی ڕەسمی و ڕاگەیەندراوی کرێکارانی پارس پامچال و شیرکەتە فەرعیەکانی تری پەرەی پێبدرێت، ڕێكخراوێك کە گۆچانی دەستی کرێکاران بێت لە بەرەوڕوو بوونەوەکانی دواتردا لەگەڵ خاوەنکاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی شیرکەتدا، سه‌ركه‌وتنێك كه‌ خه‌باتی ئه‌م كرێكارانه‌ به‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریه‌وه‌ گرێ بدات.

بەڵام ئامانج لە خستنە ژێر زەرەبینی ئەم سەرکەوتنە، پێداگریە لەسەر واقعیەتێک لە بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێراندایه‌. لە بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی کۆمەڵگادا، بەرەوپێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری لە گرەوی دەستەبەر کردنی سەرکەوتنی سەنگەر بەسەنگەردایە. بەڵام دەبێ بۆ سەرکەوتن نەخشە و پیلان دابڕێژی و لە هەر سەرکەوتنێک بۆ بەرەو پێش چوونی دواتر هێز وەربگرێت. لە خەباتی چینایەتیدا نە دەتوانی لەسەر نیازپاكی دوژمن حیساب بکەیت و نە دڵت بە واده‌ و بەڵینەکانی خۆش بێت. ئێره‌ گۆڕەپانێکی خەباتی ڕاستەقینەیە. لەم نەبەردەدا هیرشی لە کاتی خۆیدا، دەفاع و پاشەکشەی لە کاتی خۆیدا، هەرسێکیان بەشێکی یەک ستڕاتێژین و پێوەندیەکی جیا نەکراوەیان بەیەکەوە هەیە. ستڕاتێژی سەرکەوتوو بەرهەمی گرێ دانی وشیارانەی هەر سێی ئەم تاکتیکە خەباتکارانەیە. ئەوەی کە لەم نەبەردە چینایەتیەدا هه‌ر وەکوو مەیدانی شەڕ یەکلا کەرەوەیە، هاوسەنگی هێزە. بەڵام ئەم هاوسەنگییە دوو لایەنی هەیە. هێزی هەردوو لا دەبێ دەقیق و واقع بینانە هەڵبسەنگێندرێن، هەڵە کردن لەم هەڵسەنگاندنەدا دەتوانێ کارەساتبار بێت ئەم هەڵسەنگاندنە کاری ڕێبەران و پێشڕەوانی وشیاری نێو بزوتنەوەکەیە. بە پشت بەستن بەم هەڵسەنگاندنە، ئەوجار دەکرێ بۆ دەستەبەر کردنی سەرکەوتن هەرچەند کەمیش بێت، گەڵاڵە بڕێژێت، بەرگری دەبێ رۆحییەی خۆڕاگری و ڕاوەستان بەهێز بکات و پاشکشە نابێ هەستی تێکشکان بەدی بێنێ، بەڵکو دەبێ لەخزمەت ئامادە کاری بۆ بازی بەرز تردا بێت. وەک نمونە ئەگەر دەمانەوێ زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەستی بانتر لە هێڵی هەژاری بەسەر دەوڵەت و خاوەنکاراندا بسەپێنین، پێویستیمان بە سومبەیەکی بەهێزتر لە خەباتی کرێکارانی یەک یان چەند یەکەیەک هەیە. ئەگەر دەمانەوێ دەوڵەت لە یەکە تازی مەیدان سەبارەت بە ڕەچاو کردنی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکان، خوسوسی سازی و هاوسەنگ کردنی هێزی کار و هیتر بخەین، دەبێ بە هێزێکی مادەی و عەمەلی گەلێک گەورە تر، لە خەباتی یەکەیەک و لە ئاستێکی سەرتاساەری تردا پشت ئەستور بین. ناکرێت دەستەبەر بوونی داخوازییەکی حەیاتی و سەرتاسەری بزوتنەوەی کرێکاری ئێران بە تەنیا بخەینە سەرشانی واحیدێک لەم بزوتنەوەیەدا. بەڵام بۆ ئەوەی کە توانایی ئەنجامدانی وەها کارێک بەدەست بێنین، واتە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی کرێکاران بگوڕێن، دەبێ بەرلە هەر شتێک بەر بە بەهەدەر چوونی جەستەیی و ڕەوانی کرێکاران، پێش به‌ ماندوو بوون و بێ هیوایی ئەوان بگرین. نانێک بە سفرەیانەوە زیاد بکرێت، ئەمنییەتی پێشەییان دابین بێت، یەکگرتوییان تا سەر بپارێزرێت و خەباتی ئێستایان ببێتە ڕێكخراوێك کە ئەم یەک پارچەییە نیهادینە بکات و بە کرێکاران هیوای دەستەبەر بوونی باقی دخوازییەکانیان لە هەنگاوەکانی دواتریاندا بدات. کرێکاران لە ئاکامی ئەم سەرکەوتنەدا بڕوا بە هێزی خۆیان دێنن و هیوا بە سەرکەوتنی زیاتر لە ناخیاندا چرۆ دەکات. ڕێكخراوێك کە لە ناخی ئەم خەباتەدا پێك دێت، بەرەو سەرتاسەری بوون و جەماوەری تر بوونەوە بچێت.

دیسان وەک نمونە وەبیری بێنینەوە کە لە دەیە ٦٠ی هەتاویدا، کاتێک کە وەزاڕەتی کار بە هاوکاری لەگەڵ مەڕاجعی تەقلید و بە پشت بەستن بە حەدیس و ئایات و بە چوونەوە بۆلای شوڕای نیگابان و هیتر ڕەش نووسی یاسای کاریان ئامادە ده‌کرد، ئەوە بزوتنەوەیەی سەرتاسەری کرێکاران بوو توانی ڕژیم لەم بوارەدا وادار بە پاشەکشە بکات و ئه‌و ڕەشنووسە زۆر کۆنەپەرستانە و دژی کرێکاریەکە بخاتە زبڵدانی مێژوەوە. سەرکەوتنی لەم ئاستەدا لە توانایی ئەو قۆناغی چینی کرێکاردا بوو، بەڵام لە هەمان دەورەدا هاوسەنگی هێز بە جۆرێک نەبوو کە بتوانێ یاسایەکی کاری باشتر کە لە ڕاستیدا ئەویش نەی دەتوانی هیچ شتێک بێت بێجگە لە یاسامەند کردنی چەوساندنەوەی کرێکاران، بەسەر ڕژیمدا بسەپێنێ. لەگەڵ ئەوە لەم ئاستەشدا قانونی کارێکی نیوە و ناتەواو کە لە ناخی ئەم ناڕەزایەتیانەوە هاتەدەر، سەرکەوتنێک بوو بۆ بزوتنەوەی کرێکاری. گومانی ئەوەی کە گۆیا ڕژیم بە خۆراگری ته‌نیا بەشێک لە بزوتنەوەی کرێکاری وادار بەم پاشەکشەیە کراوە، واقع بینانە نییە.

گومانی تێدا نییە کە کرێکارانی شیرکەتی ڕەنگ سازی پارس دەزانن کە به‌ بوونی خاوەنکارانی زێدەخواز و ته‌ماع كار بە بێبەش بوونی کرێکاران لە کۆنترۆڵی شوڕایی ئەم یەکەی بەرهەمهێنانە، کارێکی دژوار تریان لە بەردەم دایە، بەڵام لەم حاڵەدا سەرکەوتن لە سەنگەری دەستەبەر کردنی حقوقی دواخراو و باشتر کردنی بارودۆخی کار، ئەوان دەباتە پێگەیەکی باشترەوە بۆ شکڵ دان بە ڕێكخراوی کرێکاری.