کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆڵبەری لە ئێران هێمای کۆیلەتی ئینسان

269

بەپێی ڕاپۆرتی” چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران”، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی مانگی سەرماوەز بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزه‌كانی کۆماری ئیسلامیی ڕوو لە گوروپێک لە کۆڵبەرانی سەر سنوری پیرانشار دوو کەسی بە ناوەکانی” فەرهاد بیانک و سەدیق بیانک” کوژران و بریندار بوون. ئەم سەرچاوە خەبەریە هەروەها باسی لە گیان لەدەستدانی کەسێکی دیكه‌ لە کۆڵبەران بەناوی” هادی سەلیمی” لەسەر سنوری بانە بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیمەوە کردووە.

هەواڵنێریی هێرانا”ش، لە ڕاپۆرتی مانگی ڕەزبەریدا لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران باسی لە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کوردستان کردووە و نووسیویەتی” لەم مانگەدا لەسەر سنورەکانی کوردستان زیاتر لە ١٦ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە دەوڵەتییەکان کوژراون و بریندار بوون. دوو کۆڵبەر لە ناوچەی سنوریی ورمێ و سەڵماس، سێ کۆڵبەر لە سەر سنوری پیرانشار و سەردەشت، سێ کۆڵبەر لە سنوری بانە و مەریوان و سێ کۆڵبەر لە سنوری ئوستانی کرماشان گیانیان بەخت کردووە یان بریندار بوون. لەم ماوەیەدا دوو کەس لە کاسبکارانی ناوچەکەش لە ناوچەکانی سنوری پیرانشار کراونەتە ئامانجی تەقەی پاسەوانانی سنوور. ” هێرانا” لە ڕاپۆرتی مانگی ڕەزبەریدا دەنووسێ، ” ڕۆژی ٢٦ ی مانگی ڕەزبەر هێزەکانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامی لە دوو حاڵەتی جیادا تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و بە هۆیەوە دوو کەس بەناوەکانی “مێهران دێهستانی ڕاد ١٥ ساڵ ته‌مه‌ن و سیروان عەبدوڵڵا زادە” بە توندی بریندار بوون. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٣٩٦یشدا ٤٦ کەس لە کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزەكانی ڕژیمی ئیسلامی گیانیان بەخت کردووە و ٥٨ کەسی دیكه‌ش لە کۆڵبەران لە کوردستان بریندار بوون. ئەم سەرچاوانە ئاماری قەتڵ و بریندار بوونی کۆڵبەران لە لایەن ڕژیمی دەوڵەتی ” تەدبیر و ئومیدی روحانییه‌وه‌” تا ساڵی ١٣٩٥، ٢١٢ کەس ڕاگەیاندبوو.

کوشتاری کۆڵبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیاردەیەکی تازە نییە. ساڵانێکە کە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان لە لاوی ١٠- ١٥ ساڵ تا ژن و پیاوی ٧٠ ساڵ ته‌مه‌ن بە هۆی هەژاری و بێکاری و برسیەتیەک کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەریدا سەپاندوون، ناچار بوون بۆ دەست خستنی پاروە نانێک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان، خەریکی پیشەی گەکێک دژوار و تاقەت پڕوکێن و مەترسیداری کۆڵبەری ئەم هێمای کۆیلەتیەی سەدەی ٢١ لە ئێران بن. ئەوان تەنانەت لە بەفر و سەرمای زستانیشدا بە هه‌ڵگرتنی بارێکی قورس بەسەر پشتەوە بەرزاییە سەختەکانی کێو و کوێرە ڕێگا پڕ مەترسییەکانی کوردستان ده‌بڕن. تا کالای خاوەنانی سەرمایە لە سەر سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێران و عێڕاق تێپەڕێنن بەو هیوایەی کە ئەگەر بە سڵامەت بیگەیەننە مەقسەد، بڕە پارەیەکیان وەک حەقدەست دەست بکەوێ و ژیانی پێ بگوزەرێنن. ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان خوێندنی دەبیرستان و یان زانکۆیان تەواو کردوە و بێکارن کە داهاتویەکی ڕوون لەبەردەم خۆیاندا نابینن و ناچارن بە کۆڵبەری چەرخی ژیانیان بسوڕێنن. هەن کەسانێکی مۆعەلیم و کارمەندی بەناو خاوەن پیشە کە ڕۆژەکانی پشویان و مەرەخەسی بۆ یارمەتیدانی دابین کردنی بەڕێچوون بە غەنیمەت دەزانن و خه‌ریکی کۆڵبەری دەبن.

کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وێڕای کردارە جەنایەتکارانەکەی، نیشانەی هەڵاواردن و هەستی شۆوینیستی ئەم نیزامەشە لەدژی خەڵکی کوردستان. تاوان و خەتای کۆڵبەرانی کوردستان لە ڕوانگەی ڕژیمەوە، هەڵگرتنی بە قەولی ئەوان” کالای قاچاغ”ە. سزای ئەم تاوانە بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەم دیتوی کوردستان، تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگاكردنه‌وه‌ بەرەو ڕوویان و کوشتنیان و بریندار کردنیانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەناو قانونی” تەعزیراتی حکومەتی” پەسند کراوی” مەجمەعی دیاری كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیزام”، سزای گواستنەوەی کالای قاچاغ دوای دەست بەسەردا گیرانی، دانی بڕی دوو هێندەی نرخی کالای بە قاچاغ گوازراوەیە. بەڵام هەموو ساڵێک سەدان کەس لەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە بەم تاوانە دەکوژرێن و یان بریندار ده‌بن. ئەم ئینسانە ئازار دیتوانە کەسانێکن کە ئامادە نین وەک کەسانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای نا مەشروعی بەکرێگیراوی، دزی، قاچاغچێتی مادەی هۆشبەر و هیترەوە خۆیان بەخیو بکەن. خەڵکی کوردستان بە باشی دەزانن کە قاچاغچیانی ڕاستەقینە و دزە گەندەڵەکان لە ئێران نەک کۆڵبەران، بەڵکوو ئەوانەن لە ئاستی سەرەوەی ڕژیمدا لە ناوەندە حکومەتییەکانی روحانییەت و سپای پاسداراندا بوونەتە هاودەستی تاجران و سەرمایەدارانی ناوچەیی و مافیای بێ ڕکابەر لە ناوچەکەدا. کۆڵبەران کە خۆیان لە قوربانیانی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامین، لە بارودۆخێکدا کە ناچار بە تێپەڕبوونن بە بارەوە بەم مەسیرە مەرگبارانەدا کە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیی ڕێگایەکی دیکەی بۆ دابین بوونی لانیکەمی هەزینەکانی سەرسوڕهێنەری ژیان بۆ نەهێشتونەتەوە.

ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیە نە تەنیا هیچ بەرپرسیاریەتێک لە بەرانبەر ژیان و بەڕێچوونی ئەواندا وەئەستۆ ناگرێت، بەڵکوو لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانیدا لەدژی خەڵکی کوردستان بە دروست کردنی دیوار، کاناڵ لێدان، مین دانان لە ناوچەکەدا و دروست کردنی گەلێک پایەگا لەسەر سنوورەکان کێشە و گرفتیان بۆ دروست دەکات و بەم شێوە وەحشیانەیە ئەوان دەکاتە ئامانج و گیانیان دەخاتە مەترسییەوە و گەلێک جاریش کالاکانیان بە تاڵان دەبات. ئەم سیاسەتە دژی ئینسانییەی ڕژیم ڕێژەی نەفرەت و بێزاری جەماوەری خەڵکی کوردستانی بەرانبەر بە ڕژیمی ئیسلامیی دوو هێندە کردووە. ئەم سیاسەتە بەشێکە لە ئاسەوار و دواهاتی سیاسەتە شۆویسنیستییەکانی کۆماری ئیسلامییه‌ کە نزیک بە ٤ دەیەیە بە سەرکوت و میلیتاریزە کردن و دروست کردنی فەزای ئەمنییەتی لە کوردستان، لەدژی خەڵک پەیڕەو دەکرێت. جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە سەرکوت گەرانە و دژی ئینسانیەی ڕژیمدا، بە بەرپا کردنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ڕادیکاڵی سیاسی و درێژەپێدانی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە هەوڵدا بوون تا لە پێوەند لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتو لە سەرتاسەری ئێران، بە کۆتایی هێنان بە تەمەنی پڕ لە شەرمەزاری ئەم ڕژیمە، كۆتاییش بە هەموو ئەم بێ مافیانە بێنن و ژیانێکی شایستەی ئینسان بۆ خۆیان و سەرجەم هاو چارەنووسانیان فەراهەم بکەن.