کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز خاڵێکی وه‌رچه‌رخان لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا

267

رۆژی سێ شەممە ٦ ی مانگی سەرماوەز مانگرتن و ناڕەزایەتی یەکگرتوانەی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لە شاری شوش بۆ ٢٣ هەمین رۆژی بەردەوام درێژەی هەبوو. کرێکارانی نەیشەکەری حەت تەپە بە تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٣ حەوتو لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەروا خاوەن ئیرادە و پێداگر لەدژی خوسوسی سازی ئەم موجتەمەعە پیشەسازییە و نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکانیان دروشمیان وتەوە و خوازیاری ئازاد کرانی بە خێرایی ئیسماعیل بەخشی یەکێک لە نوێنەرەکانیان بوون. ئێستا ١٠ رۆژە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە ‌قلیان، چالاکی مەدەنی گیراون و کاربەدەستانی حوکومەتی بە تاوانی بێ بنەمای ئەمنیەتی ئەوانیان لە زینداندا ڕاگرتوە. کرێکاران لە جەریانی ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خۆیاندا و لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی قوەی قەزاییە کە وتبوی” کردنە بەهانەی داخوازیە کرێکارەیەکان بۆ تێکدانی بارودۆخی وڵات جێی قەبوڵ کردن نییە”، بە دانی دروشمی” نە هەڕەشە، نە گرتن، ئیتر کاریگەری نییە”، ” ئیسماعیل ئازاد بکەن، ئێمە گشتمان بەخشی ن”، ” فولاد، حەوت تەپە پێوەندتان پیرۆز” لەسەر درێژەدان بە خەبات تا ئازاد بوونی نوێنەرەکانیان و دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان جەختیان کردوە. مانگرتن و ناڕەزایەتی یەکپارچەی کرێکاران لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە رۆژی یەکشەممە کەریم یاوەری نوێنەری وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری فارس ی سەربە سپای پاسداران وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە حقوقی یەک مانگی کرێکاران واریز کراوە، داوای لە کرێکارەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، بێ متمانەیی بە خاوەنکار بنێنە لاوە.”

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕانە لە حەوت تەپەدا، رۆژی سێ شەممە، مانگرتنی کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولاد چووە نێو ١٨ هەمین رۆژیەوە و بۆ چاردەهەمین رۆژی بەردەوام وێڕای ئامادە بوونی پڕ ئەژماری هێزەکانی گاردی تایبەت لە سەر شەقامەکانی شاری ئەهواز دەستیان دایە ڕێپێوان و لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتیەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد. لەم رۆژەشدا دروشمەکانی” ئێمە کرێکارانی ئاسنین ڕیشەی زوڵم لە بن دێنین”، ” فولاد، حەوت تەپە، یەکێتی یەکێتی”، ئاگاداربە هاوشاری ، ئێمە کرێکارین نەک ئاژاوەچی، ” ئێمە کرێکارانی فولاد، لەدژی زوڵم و زۆر داری، خه‌بات دەکەین”، ” سەرچاوەی گەندەڵی لە ئەهواز ئێرەیە ئێرە” و ” کرێکار بشمرێت زەلالەت قەبوڵ ناکات” لە فەزای شاردا دەوترانەوە. کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز بە هەڵگرتنی ئەو پلاکاردانەی لەسەریان نووسرابوو ،” کرێکاران بیدارن، لە چەسانەوە بێزارن”، ” ئایا بێدەنگی بەرپرسانی دەوڵەتی نیشانەی هاودەستیان لەگەڵ مافیا نییە؟ لەدژی هاودەستی بەرپرسانی حکومەتی لەگەڵ مافیای زاڵ بەسەر ئەم موجتەمەعە سنەعەتیەدا ناڕەزایەتیان دربڕی. کرێکارانی فولادی ئەهواز بەم دروشمانە عەزم و ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە خەبات لەدژی خوسوسی سازی ئەم موجتەمەعە و بۆ وەرگرتنی ٤ مانگ حقوقی دواخراویان ڕاگەیاند.

درێژەی خەباتی پەیگیرانەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و دەنگدانەوەی بەرینی هەواڵەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆ و دەرەوەدا شەپۆلێک لە پشتیوانی و دربڕینی هاوپشتی بەشوێنەوە بووە. بەشێک لە کرێکارانی ئێران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کرێکاریەکان لە ناوەندە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا و یان بە دەر کردنی بەیانیە پشتیوانی خۆیان بۆ کرێکارانی فولادی ئەهواز و حەوت تەپە ڕاگەیاند. مامۆستایانی تێکۆشەر و ئوستادانی زانکۆکان، خوێندکاران و دانش ئاموزان، زیندانیانی سیاسی، وەکیلەکان و ماف ناسانی خاوەن شەڕافەت و ئازادی خواز و ئینسانە تێکۆشەر و ئازادی خوازەکان لە هێندێک لە شارەکانی ئێران پشتیوانیان لە خەباتی ڕەوای کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز دووپات کردوە و هەڕەشە و گرتنی هەڵسوڕاوان و نوێنەرانی کرێکارانیان مەحکوم کرد.

درێژەی مانگرتن و خەباتی سەرسەختانەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و دەنگدانەوەی لە ئاستی کۆمەڵگادا سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توشی سەرلێ شێوان کردوە. سادق لاریجانی، سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم رۆژی دوو شەممە ٥ ی مانگی سەرماوەز، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەم قوەیەدا، بە ئاماژە بە مەسەلەی گرانی و زیاتر بوونی کێشە و گرفتەکانی بەڕێچوونی کرێکاران و بە وتنی ئەوەیکە” بابەتی ئابووری و بەڕێچوون، مێحوەری سەرەکی نفوزی دوژمن و گورزەکانیەتی”، هەڕەشەی کرد کە” بە بیانوی داخوازی کرێکاران هەوڵ بۆ تێکدانی بارودۆخی وڵات نەدرێت، چوون شیاوی قەبوڵ کردن نیە”. سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم لە درێژەی هەڕەشەکانیدا هۆشداری دا کە ” بە ئاژاوە” قەیران و کرداری پێچەوانەی نەزمی گشتی، داخوازیەکان دەستەبەر نابن”.

بەڵام ئەوەی سەرۆکی قوەی قەزاییە و باقی سەرانی ڕژیمی ترساندوە نفوزی دوژمن لەم ناڕەزایەتیانەدا نییە. سەرۆکی قوەی قەزاییە و دەزگا ئیتلاعاتیەکەی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە خەبەرێک لە نفوزی دوژمنی دەرەکی لەم بزوتنەوەیەی مانگرتن و ماف خوازانیەدا نیە. پەروەندە سازی ئەمنیەتی بۆ ئیسماعیل بەخشی ش ئەوپەڕی داماوی و بێ نرخییە. ئەوە نەک نفوزی دوژمن لە ڕیزی کرێکاراندا، بەڵکو گەشەی وشیاری چینایەتی ئەو کرێکارە برسیانە، ڕادەی ڕێکخراو بوونیان، بوونی تۆڕێک لە ڕێبەرانی پڕشور و خاوەن ئەزمون، بوێری و لێهاتویی و کارزانی ئەوان لە بەرەو پێش بردنی ئەم خەباتە دایە کە ترسی لە دڵی سەرانی ڕژیمدا چاندوە. سەرانی ڕژیم دەزانن کە ماهەیەتی خەباتی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز بەم ئیعتیبارەوە یەکێک لە مێحوەری ترین سیاسەتەکانی ئابووری دەوڵەت واتە خوسوسی سازی توشی کێشە و گرفت کردوە، خەباتێکی سیاسیە. کرێکارانی مانگرتو ڕایانگەیاندوە کە ئەم موجتەمەعە سەنعەتیانە ئەگەر بشبنە مڵکی دەوڵەت دەبێ لە لایەن کرێکارانەوە مودیریەت بکرێن. سەرانی ڕژیم دەزانن ڕێك لە بارودۆخێکدا کە ئەوان دەیانەوێ دوژمنی دەرەکی بە هۆکاری هەژاری و فەلاکەتی ئابووری بناسێنن، کرێکاران بە وشیاریەکی سیاسی و ئاگاهانە دوژمنی چینایەتی لە نێوخۆی وڵاتیان کردۆتە ئامانجی خەباتەکەیان و ئەمە نەبەرد و بەرەو روو بوونەوەیەکی سیاسیە. سەرانی ڕژیم لە کاریگەیەکانی حاشا هه‌ڵنه‌گری خەباتی یەکگرتوانەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز لەسەر فەزای سیاسی و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە کۆمەڵگادا ئاگادارن و ترس لەم ڕاستیانە ئەوانی بۆ سەرکوتی ئەم خەباتە خستۆتە هەوڵ و تەقالا. مانگرتنی یەکپارچە و یەکگرتوانەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز بە ئیعتیباری ئەم پێگە عەینیەی کە لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا دەستەبەری کردوە، وەک خاڵێکی وه‌رچه‌رخان لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا بە حیساب دێت.

کاربەدەستانی ڕژیم نایانەوێ بە جارێک وڵامی داخوازیەکانی کرێکاران بدەنەوە، لەبەر ئەوەی دەزانن لە بارودۆخی ئیستادا هەر چەشنە پاشەکشەیەک ورەی کرێکاران هێرش بەرانە تر دەکات، لەم روەوە هەوڵ ئەدەن تا بە هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و پەروەندە سازی ئەمنیەتی بۆیان و بە داسەپاندنی خەباتێکی فەرسایشی و درێژ ماوە، کرێکارانی تێکۆشەر لە گەیشتن بە مافەکانیان بێ هومێد بکەن. لەم بارودۆخەدا تەنیا عەزم و ئیرادەی کرێکاران بۆ درێژەدان بەم خەباتە، پشتیوانی هەمە لایەنەی خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی شوش و ئەهواز و بەرپا کردنی مانگرتنی پشتیوانی کرێکارانی باقی ناوەندەکانی بەهەمهێنان و خزمەتگوزاریە کە دەتوانێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وادرا بە پاشەکشە و سەرکەوتنی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز زەمانەت بکات.