کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی كومیته‌ی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نۆوامبر ڕۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان ( ٢٠١٨)

263

لە کاتێکەوە کە یەکەم کۆبوونەوەی ژنانی تێکۆشەری ئەمریکای لاتین لە ساڵی ١٩٨١، ڕۆژی ٢٥ی نۆوامبریان وەک” ڕۆژی جیهانی ڕێگری لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان” ڕاگەیاند، ١٨ ساڵی پێچوو تا بە بەرەکەتی تێکۆشانێکی بێ وچانی جیهانی لە لایەن ژنانی پێشڕەوەوە، کۆبوونەوەی مەجمەعی گشتی سازمانی میلەل لە ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری ئەو کۆبوونەوەی بە ڕەسمیەت ناسی. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک، ژنان لە ئاستی جیهانیدا هەروا لەگەڵ دیاردەی تەندوتیژیدا بەرەو روون. کوژرانی دزێو و جەنایەتکارانەی خوشکانی میرابل لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆماری دومینیکن بە هۆی خەبات لەدژی دیکتاتۆڕی” رافایل تراخیلو” بوو بە ئەنگیزەیەک کە دنیا لە ئاست و قەبارەی ئەم توندتیژییە ئاشکرایە ئاگادار بێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا یاسای مەنعی توندوتیژی پەسند کراوە بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە بەشێوەی مامناوەندی ٣٥ لەسەدی ژنان لە دنیادا توندوتیژیان تەجروبە کردوە. هەڵبەت ئەم ڕەقەمە لە هێندێک لە وڵاتان گەیشتۆتە ٧٠ لەسەدیش. ئەم ئامارانە بەیانگەری ئەوەن کە توندتیژی لەدژی ژنان دیاردەیەکی جیهانیە و ژنان لە پێشکەوتوو ترین وڵاتانی سەرمایەداری تا وڵاتانی دەوروبەر ئامانجی ئەم توندوتیژیانەن. نیزامی سەرمایەداری هەوڵی داوە توندتیژی لەدژی ژنان وەک بابەتێکی سروشتی پیشان بدات و خەبات لەدژی ئەم توندوتیژیەش وەک ئۆلگوە کلیشەییەکانی خۆی لە کۆمەڵگادا بچەسپێنێ.

بەڵام دیارە کە توندوتیژی چینایەتی و جنسیەتی سروشتی زاتیی بەشەر نین. بەڵکوو لە نیزامی چینایەتی و پیاوسالاردا هەموو ئەهرومەکانی کۆمەڵگا لە پێوەندی بەرهەمهێنان، بنەماڵە، فەرهەنگ، مەزهەب، سوننەت، ئیدئۆلۆژیەوە گرتویەتی تا یاسا و لە کۆتاییدا دەوڵەت لە هاو ئاڕاستەیی لەگەڵ یەکتردا دەجوڵێنەوە تا ئەم دیاردە ناشیرینە بکەنە ئەمرێکی سروشتی. بەڵام ئەم بابەتە “سروشتی”یە لە جەوهەردا هیچ شتێک نییە بێجگە لە دەربڕێنی مۆناسباتێک پشت بەستو بە مالیکیەتی خوسوسی. چ لەوێدا کە بنەماڵە وەک بنچینەیی ترین سلولی کۆمەڵگا، سوڵتەی پیاوانی بنەماڵە لەسەر ژنان نیهادینە دەکات و چ لەوێدا کە پێوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەک کالایەک چاو لە ژن دەکات.

ژن لەم کۆمەڵگایانەدا چ ئەو کاتەی کە هێزی کاری خۆی ڕاستەخۆ پێشکەش بە سەرمایەدار دەکات و چ کاتێک کە لە ڕێگای منداڵ بوون و کاری بێ موزدی ماڵەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت سەرمایەداریەوە، وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان کاردەکات و بەرەو ڕووی چەوساندنەوەی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ پیاوان دەبێتەوە. هەڵبەت نیزامی سەرمایەداری بۆ زیاد کردنی بەهرەوەری خۆی پێویستی بە هەردوو لایەنی ئەم چەوساندنەوەیە هەیە. بەڵام تونندوتیژی نیهادینە بوو لە دژی ژنان هەر به‌وه‌ بەرتەسک نابێتەوە. ناقیس کردنی جنسیەتی، دەستدرێژی لەسەر جێگای خەوی ژن و مێردایەتیدا، دەست درێژی و بەهرەبەرداری جنسی لە ژنان، هێرشی فیزیکی، توندوتیژی کەلامی و ڕەفتاری، بەشودانی بەزۆر، پورنوگرافی، چاو لە ژن کردن وەک ئامرازێک، هەستی مالیکیەت بەسەر ژناندا، دەستدرێژی بە کۆمەڵ لە شەڕە نیابەتی، قەومی و مەزهەبیەکاندا، دەست درێژی بۆسەر ژنانی پەنابەر لە کەمپەکانی پەنابەریدا بە گشتی لایەنە جۆراو جۆرەکانی ئەو توندتیژیەن کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەدژی ژنان پەیڕەو دەکرێت. کاتێک کە ساڵی ڕابردوو لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە هەشتەکی” من هەم” سەدان هەزار کەس لە ژنان لە سەرتاسەری دنیادا سەبارەت بە تەجروبەی توندوتیژی لەدژی خۆیان بابەتیان نووسی، دەرکەوت کە چلۆن پیاوان بە لە ئیختیاردا بوونی ئەهرومی دەسەڵات بە هاسانی ئیجازە بە خۆیان ئەدەن، توندوتیژی جنسیەتی لەدژی ژنان پەیڕەو بکەن. لە ئەندامی ئاکادیمی نۆبێلی ئاشتیەوە تا کارگەردانانی بەناو بانگ، لە بەرپرسانی پلە بەرزی مێدیای گشتیەوە تا قازیەکان و لە کادری ڕێبەری حیزبە سیاسیەکان و سیاسەتمەدارانی حیرفەیی ناسراو و کشیشەکان هیچ ترسیان لەوە نییە کە دەست درێژی بکەنە سەر حەریمی خوسوسی ژنان.

لە ئێران ئاوێتە بوونی مۆناسباتی سەرمایەداری و یاسا و سوننەتە مەزهەبیەکان، کۆماری ئیسلامی کردۆتە یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە توندترین یاسای دژی ژنی زاڵ کردووە. هەڵبەت دەبێ ئەوەش لەبیر نەکرێت کە دژه‌ شۆڕشی ئیسلامی یەکەم هێرشی خۆی بۆسەر ڕیزی شۆڕش بە هێرش بۆسەر ژنان ڕیکخست و دیسان نابێ لەبیر بچێتەوە کە بە هەزاران ژنی ئازادی خواز، شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوونەتە ئامانجی وەحشیانە ترین توندوتیژی پاسدارانی نیزامی ئیسلامی تا ئاستی دەست درێژی جنسی و سەدان کەس لەوان ئێعدام کراون. لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا بە ئامانجی دەست درێژی و بەپێی عورفی ئیسلامی لە عەشرەتکەدە دەوڵەتی و ئیمام زادەکاندا ژنان لە پیاوان سیغە دەکەن، لە سیزدە ساڵیدا بەزۆر بەشویان ئەدەن، هەژاری بی ئەوپەر ئەوان ڕۆژانە ڕەوانەی بازاڕی لەشفرۆشی دەکات، مافی سەرپەرستی کردنی منداڵی خۆیان نییە، ئه‌سید دەکەن بە سەروچاویاندا، حیجابی ئیجباری ئەدەن بەسەریاندا و هەڵاواردەنی ڕەگەزیان بەرانبەر دەکرێت.

لە حاڵێکدا کە ١٢٥ وڵاتی دنیا سەبارەت بە قەدەغە بوونی ئازاردانی جنسی یاسایان دەرکردووە، بەڵام لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا سەرجەم سیاسەت و یاساکان و تەنانەت” لایەحەی مەنعی توندوتیژی لەدژی ژنان” کە لە تۆنێلە پێچا و پێچەکانی دەوڵەت، قوەی قەزاییە، شوڕای نیگابان و ئایاتی عوزمادا گیری خواردوە، لە خزمەت نیهادینە کردنی هەڵاواردنی توندوتیژی لەدژی ژنان دایە.

بە ڕاشکاوی دەکرێ بڵێین کە ئێران، لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا جێگایەک کە سەرجەم سوننەت و پێوەندیە چێنایەتی و پیاوسالارانە کۆنەکان، لە ئاوێتە بوون لەگەڵ ئیدئۆلۆژی ئیسلامی و یاسای دژی ژندا بارودۆخێکی بەدیهێناوە کە ژنانیش لە بەرین ترین ئاستدا دەبنە ئامانجی توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان و هەم لە پانتاییەکی بەرین و بە شێوازی جۆراوجۆر دەست ئەدەنە خەبات و خۆڕاگری. ژنان نە تەنیا هەنگاو بە هەنگاو جێگا پێی خۆیان لە هەموو بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکاندا قایم دەکەن بەڵکوو بوشنەتە هێزێکی بیلقوە بە توانا بۆ بەرەپێش بردنی شۆڕش. کاتێک ژنێکی بوێر لە ڕیزی پێشەوەی هەزاران کەس لە کرێکارانی حەوت تەپەدا بە باوەڕ بەخۆییەوە دەچێتە سەر سەکۆ و هەموان بۆ خەبات و تێکۆشانی هاوبەش لەدژی تاڵان کرانی حەقدەستەکانیان بانگەواز دەکات، کاتێک ژنێکی ئازادی خواز لە ڕیزی یەکەمی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایاندا قەرار دەگرێت، کاتێک کچانی خوێندکار دروشمی کرێکار، مۆعه‌لیم، دانشجو، یه‌كبگرن ئەڵێنەوە، کاتێک ژنانی خیابانی ئینقلاب لە سەر بەرزاییەکان ڕاوەستاون و حیجاب، ئەم هێمای توندوتیژیەی ئاپارتایدی ئیسلامی و ئاپاڕتایدی ڕەگەزیە فڕێ ئەدەن، بە گشتی دەرخەری بە ئاشکرای ئەوەیە کە ژنان نە تەنیا ئامادە نین مل بۆ ئەم هەڵاواردن و نایەکسانی و بۆ ئەم توندوتیژە نیهادینە بووە بدەن، بەڵکو عەزمیان جەزم کردوە کە یەکێک لە ئەرکانی شۆڕش بن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

٢٥ی نۆوامبری ئەمساڵ لە ناخی ئاڵوگۆڕەکانی دوای ئاخێزی مانگی بەفرانبار، لەسەر بەستێنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاری و جەماوەری و ئاڵوگۆڕێکی گەورە کە لە وشیاری جەماوەری پیاواندا بەدی هاتوە، دەرفەتێکە تا ژنان بە هەموو هێزی خۆیانەوە بێنە سەر شەقامەکان و نیزامی چینایەتی و پیاو سالاری حاکم توشی کێشە و گرفت بکەن.

نەمێنێ توندوتیژی لەدژی ژنان

بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

كومیته‌ی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێڕان

خەزەڵوەری ١٣٩٧

نۆوامبری ٢٠١٨