ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٨ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، وه‌زیری دره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتیی ئۆرووپا له كۆبوونه‌وه خۆیاندا له شاری برووكسێل له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتن كه كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه و كه‌سی كۆماری ئیسلامیی به‌هۆی هه‌وڵ دانیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دوو گه‌ڵاڵه‌ی تیرۆریستی له فه‌ڕانسه و دانمارك سزا بده‌ن. هه‌واڵنێریی ڕۆیتێرز له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ڕایگه‌یاند كه وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاتانه سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی لیستێك له دامه‌زراوه و له كه‌سانی كۆماری ئیسلامیین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئه‌گه‌ر چی پێشتر فه‌ڕانسه خوازیاری پێداچوونه‌وه به سزا ئابوورییه‌كان له دژی كۆماری ئیسلامیی ببوو، به‌ڵام له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، باسی ته‌رحی تیرۆری یه‌كێك له ههڵسووڕاوانیی ئێرانی دانیشتووی دانماركی له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه، هێنایه گۆڕێ و خوازیاری سزای ئابووری زۆرتر له دژی ڕژیمی ئێران بوو.
ئه‌مه له حاڵێكدایه كه هه‌مان ڕۆژ “فێدێریكا مۆگێرینی” به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئۆرووپا، پێش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ كاتی خستنه ڕێگای سیستمی “ئێس پی وی” یان كاناڵی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێ كردنی كاروباری ماڵی له‌گه‌ڵ ئێران، وتبووی كه: “ناتوانێ ڕێكه‌وتێكی دیاری كرا‌و بۆ خستنه ڕێگای ئه‌م كاناڵه دیاری بكات. چوونكه هیچ كام له بانكه ده‌وڵه‌تییه‌كانی ئۆرووپایی ئاماده نیین له‌م پێوه‌نده‌دا له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی هاوكاری بكه‌ن.” كاناڵی تایبه‌ت بۆ ئاسانكاری ماڵی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بوو كه یه‌كێتیی ئۆرووپا بۆ دامه‌زراندنی پێوه‌ندی دارایی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی، له‌كاتێكدا كه سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێشنیار كرابوو. ئامانجی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه ئه‌وه بوو كه ئه‌وان بۆ بازه‌رگانی كردن له‌گه‌ڵ ئێران پێویستییه‌كیان به دۆلار نه‌بێت.
“عه‌باس عێراقچی” جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕژیم، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٨ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له‌كۆبوونه‌وه‌ی “گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه و نیزامی نێوده‌وڵه‌تی” كه له تاران به‌ڕێوه چوو، به ده‌ربڕینی بێ هیوایی خۆی له یه‌كێتیی ئۆرووپا وتی: “ئۆرووپا كایهمان پێ ده‌كات و كات به سه‌ر ده‌بات. له‌و كاته‌وه كه ئه‌مریكا له به‌رجام چووه‌ته ده‌ره‌وه شه‌ش مانگ تێپه‌ڕده‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتیی ئۆرووپا هێشتا نه‌یتوانیوه هیچ ده‌وڵه‌تێك ڕازی بكات كه میوانداریی ئه‌و ئاسنكاریی دارییه بۆ ئێران قه‌بووڵ بكات.” له‌م پێوه‌نده‌دا حه‌فته ڕابردوو هه‌واڵنێریی ڕۆیتێرزیش بڵاوی كرده‌وه كه تا ئێستا هیچكام له ده‌وڵه‌ته ئۆرووپاییه‌كان له ترسی سزای ئابووری ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، ئاماده نه‌بوون كه وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی به هه‌وڵه‌كانی مۆگێرینی بده‌نه‌وه. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ بڕیاری یه‌كێتیی ئۆرووپا بۆ پێكهێنانی هه‌ر چه‌شنه میكانیزمێك كه بتوانێت پێوه‌ندی داریی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی دابمه‌زرێنێت، به‌توندی دژایه‌تی كردووه. كۆماری ئیسلامی ئێران هیوادار بوو كه ده‌وڵه‌تی ئۆتریش به هۆی بهرژهوهندیگهلێكی ماڵیی زۆر كه تا ئێستا له سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵ ئێران بویه‌تی، ته‌نانه‌ت په‌روه‌نده‌ی تێرۆره‌كانی ڕژیم له‌و وڵاته‌ش په‌رده‌پۆش كردبوو، ئه‌و جاره‌ش بێته هانایه‌وه و ئه‌و دامه‌زراوه لای خۆی تۆمار بكات. به‌ڵام هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش له قبوڵی ئه‌م پێشنیاره خۆی بوارد.
كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به پاره‌ی فرۆشی ئه‌و به‌شه له نه‌وته‌كه‌ی خۆی كه تهحریمهكانیش نایگرێته‌وه ڕابگات، پێویستی به سیستمی “ئێس پی وی”یه. “زه‌مانی نیا” جێگری وه‌زیری نه‌وت ڕۆژی دووشه‌ممه هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا ڕایگه‌یاند كه ته‌نانه‌ت وڵاتانی گه‌وره‌ی وه‌كوو چین، ڕوسییه، ژاپۆن و هێندیش كه له سزا ئابووریه‌كانی ئه‌مریكا نایانگرێته‌وه، چاوه‌ڕێی ئه‌و كاناڵهن كه یه‌كێتی ئۆروپا بۆیان بكاته‌وه.
له وه‌ها بارودۆخێكدا حه‌سه‌ن ڕووحانی و كاربه‌ده‌ستانی دیكه‌ی ڕژیم به به‌ڵێنی بێ بنه‌ما و درۆینه خۆڵ ده‌كه‌نه چاوی جه‌ماوه‌ره‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن: “سزا ئابووریه‌كان هیچ كاریگه‌ریه‌كان له سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی ئێمه نییه و ئێمه ئهمریكایهكانمان تێ گه‌یاندووه كه ئه‌وه‌نده ڕێگای جۆراوجۆر بۆ فرۆشتنی نه‌وتمان هه‌یه كه ئه‌و سزایانه پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.” ئه‌م درۆیانه له حاڵێكدا ته‌حویلی خه‌ڵك ده‌درێت كه به‌رهه‌مهێنانی زیادی نه‌وت له لایه‌ن ڕوسیه‌وه، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا بۆته هۆی دابه‌زینی قیمه‌تی نه‌وت. كار گه‌یشتووته جێگایه‌ك كه ئیتر به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت بۆ دۆزینه‌وه‌ی مشتری له گه‌ڵ یه‌كتر كه‌وتوونه‌ته ڕقابه‌ت. ڕووحانی ڕۆژی ١٣ی ئابان له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌تدا پیرۆزبایی له خه‌ڵكی ئێران كرد كه به وته‌ی ئه‌و نه‌كه‌وتوونه ژێر كاریگه‌ری پڕووپاگه‌نده. ئه‌و وتی “ته‌حریمه‌كان هیچ كاریگه‌ریه‌كان له سه‌ر ڕه‌وتی ئابووری وڵات‌دا نه‌بووه. خه‌ڵكی ئێران دوای ئه‌و ته‌حریمانه‌ی ئه‌مریكا، هیوایه‌كی زۆرتریان به ده‌ست هێناوه. میله‌تی ئێران له ده‌وڵه‌ت و نیزام تووڕه نین، به‌ڵكوو له ئه‌مریكا تووڕه‌ن.”
ڕێبه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی له بارودۆخێكدا ده‌ڵێن كه سزا ئابووریه‌كان كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئابووری وڵات نه‌بووه، كه هه‌ر له دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا قیمه‌تی پێداویستیه‌كانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك له بازاڕدا سه‌عات به سه‌عات چۆته سه‌رێ. كێیه كه نه‌زانێت یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی شپرزه‌یی بارودۆخی ئابووری له ئێران، نیزامی گه‌نده‌ڵ و دز و ڕانت خۆری كۆماری ئیسلامی خۆیه‌تی.؟ سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردان له كارووباری ناوچه و به‌ڕێوه‌بردنی كرده‌وه‌ی تێرۆریستی به تایبه‌ت له وڵاتانی ئۆروپایی كه ڕژیم به نیشانه‌ی به ناو توانایی كۆماری ئیسلامی دای ده‌نێ، هۆكاری سه‌ره‌كی داسه‌پاندی سزا ئابووریه‌كان له دژی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانن. سیاسه‌تی تێرۆریستی كۆماری ئیسلامی بۆته هۆی ئه‌وه‌یكه هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئۆروپایی نه ته‌نیا ئاماده نه‌بێت هیچ چه‌شنه هاوكارێكی بانكی له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئیسلامی‌دا بكات، به‌ڵكوو په‌روه‌نده‌ی تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی سه‌رله نوێ بێنێته‌وه گۆڕێ.
تێرۆری نه‌یارانی ڕژیم له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌ركوتی وه‌حشیانه‌ی خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له ناوه‌وه‌ی وڵات، له بنه‌ماكانی ستراتیژی ڕژیم بۆ مانه‌وه بوون. ئه‌م ڕژیمه جنایهتكاره ماوه‌ی ٤٠ ساڵه به‌م جۆره كرده‌وانه هه‌وڵی داوه كه هه‌ر چه‌شنه ده‌نگێكی ئازادی خوازانه كپ بكات و ده‌سه‌ڵاتی باندێكی مافیایی به سه‌ر كرێكاران و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تێكش دابسه‌پێنێت. به‌ڵام خه‌باتی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌م دیتوی ئێران به تایبه‌ت له یه‌ك ساڵی ڕابردوودا نیشانی دا كه شوشه‌ی عومری ئه‌و ڕژیمه درزی هه‌ڵگرتووه. نه سه‌ركوت و ئه‌شكه‌نجه و زیندان، نه تێرۆر و ده‌ستێوه‌ردانی نیزامی و ئه‌منیه‌تیی و جاسووسی له وڵاتانی دیكه، ئیتر ناتوانن ڕێگای نجاتێك بن بۆ درێژه‌ی عومری ئه‌و ڕژیمه. به‌رده‌وام بوون و په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنی كرێكاران و هه‌موو به‌شه‌كانی وه‌گیان هاتووی كۆمه‌ڵگا ده‌ڕوات به‌ره‌و ئه‌وه‌یكه ته‌كلیفی ئه‌و ڕژیمه یه‌كسه‌ره بكاته‌وه.