ئەم ڕاستییە دۆست و دوژمن بە ڕوونی دەیبینن کە هاوسەنگی هێزی نێوان کۆماری ئیسلامیی و جەماوەری بێبەش و ستەم دیتوی کۆمەڵگا، بە قازانجی بەرەی خەڵک گۆڕاوە. لە لایەکەوە ڕژیم ستڕاتێژیەکی ڕوونی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا نییە کە بەرەوڕووی بۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە بەکارهێنانی هێزی سەرکوتی ڕژیم، خەڵکی ناڕازی چاوترسێن ناکات. ئەم ئاڵوگۆڕەش لە شەوێکدا ڕووی نەداوە و بەرهەمی کێشمەکێشێکی دوور و درێژە لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەباتی سیاسی و چینایەتی لە ئێران. ئەگەر لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو بەملاوە ئەم ئاڵوگۆڕانە تا ئاستێک هەست پێ دهكرا، ئێستا بووهتە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر. گەلێک کەس له ههمان كاتدا کە ئەم ئالوگۆڕە قەبووڵ دەکەن، بەڵام پێیان خۆشە کە گرێبدەنەوە بە گوشارەکانی ئەمریکا و سزا ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. لایەنگرانی ئەم ئەرزیابیە نا دروستە، ئەوەی کە لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا لە ئارا دایە نای بینن یان لە ڕاستیدا نایانەوەێ بیبینن. با لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە زیاتر شیبکەینەوە.
ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی دەستی لە ناوهندهکانی قەیرانی ناوچەیی، وەک سوورییە، لوبنان، فەلەستین و یەمەن و شوێنەکانی دیكهدا هەیە و سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکاش ئەوەیە کە ئەم ڕۆڵه بەرتەسک کاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناوەندی بڕیاردان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە کلیلی ئارامی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدەست کۆماری ئیسلامیدا نییە. هەم دەوڵەتی ئەمریکا و هەم کۆماری ئیسلامیی هەرکامەیان بە هۆکارێک سەبارەت بە دەور و نهقشی کۆماری ئیسلامیی لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییەدا لەوەی كه هەیە گەورەتر دەکەنەوە. ئەوان دەزانن کە گەورەتر نیشاندانی دەوری ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، لە عەینی حاڵدا ئامرازێکە بۆ ترساندنی دەوڵەتانی عەرەبی و گێڕانەوەی دۆلارە نەوتییەکان بۆ خەزێنهی ئەمریکایه و ههروهها بۆ بوار خۆش كردن بۆ میلیتاریسم ئیسڕائیل و سهركوتی زۆرتری خهڵكی فهلهستین.
بەڵام گۆشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا هاوکات هەم لەسەر کۆماری ئیسلامیی قورسایی دەکات و هەم لەدژی زۆربەی خەڵکی ئێرانیشە. تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە هەر ئەو جۆرەی کە ئاماژەی پێدرا، ئامانجی ئەم گوشارانە بەرتەسک کردنەوەی ئاستی زێدەخوازی “نەک سەهم خوازی” ڕژیم لە ئاستی ناوچەکەدایە و ڕەچاو کردنی ئەم گوشارانە تا ئێستاش ئاکامێکی بەرچاوی هەبووە. وەک نمونە، کۆماری ئیسلامیی خەریکی پاشکەشەیە لە سوورییە. ئەگەر لە سوورییه ڕژیمی بەشار ئەسەد لەسەر کارە، کۆماری ئیسلامیی نەخشێکی بێجگە لە پەڕاوێزی دەوری ڕووسییەدا نەگێڕاوە. لە فەلەستین پارەکانی قەتەر جێگای دروشمە بێ ناوهڕۆكهكانی کۆماری ئیسلامیی گرتوووتەوە. لە عێڕاق و لە ئەفغانستان، کۆماری ئیسلامیی و ئەمریکا بە کردەوە بە یەکەوە هاوکاری دەکەن. لە لوبنان حیزبوڵڵا بەشێکە لە پێکهاتەی سیاسی و حاکمیەتی ئەم وڵاتە و بەبێ کۆماری ئیسلامیش درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی ئەدات.
بەڵام ئهوهنده کە بۆ کرێکاران و جهماوهری خەڵکی هەژاری ئێران دەگەڕێتەوە، گەمارۆ ئابووریەکان هەم هەژاری پهرهپێداوه و هەم ئیمکانی فریوکاری و مەزلوم نمایی بە کۆماری ئیسلامیی داوە. لەم ڕووەوە گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ وادار کردنی کۆماری ئیسلامیی بە سازشێکی دیاریکراو، هۆکاری ئەو ئاڵوگۆڕانە نییە کە ئێمە بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵک ناوی لێ دهبهین. ناڕەزایەتیی بەرینی مانگی بەفرانباری ڕابردوو لە بارودۆخێکدا رویانداوە کە هێشتا خەبەرێک لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سزا ئابوورییەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامیی نەبوو. قەیرانی ئابووری کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ تەحریمەکانی ئەمریکادا بەدی ناهاتووە و بە لاچوونیشیان چارەسەر نابێت. ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، مانگرتن و بهدوای ئهوهدا خۆپیشاندان و ئاخێزی شارەکانی دیكه لە بارودۆخێکدا ڕوویاندا کە هێشتا تەحریمەکان کارا نەکرا بوون و پێوەندی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر بنەمای تەوافوقی بەرجام بەرەو پێش دەچوو. لە ڕاستیدا لە مانگی بەفرانباری ڕابردووهوە کۆمەڵگای چووە نێو قۆناغێکی نوێوە. قۆناغێک کە تێیدا خەڵکی ناڕازی چاوترسێنی کردارە سەرکوتگەرانەکانی ڕژیم نابن، هیوایەکیان بە ئیسلاحی ڕژیم نییە و دەستەبەر بوونی ویست و داخوازییەکانیان بە شێوەیەکی جیدی پەیگیری دەکەن. قۆناغێک کە تێیدا عونسوری وشیاری بەسەر توخمی قین و هەڵچوونی خێرادا زاڵە. قۆناغێک کە تێیدا ڕووداوهكانی به یهكهوه گرێ دراون و خەڵکی ناڕازی لەهەر سەرکەوتنێک بۆ سەرکەوتنی دواتر هێز و وزە وەردەگرن. قۆناغێک کە تێیدا هەنگاو بە هەنگاو لە شکڵ گیری ڕێكخراوه جەماوەریەکان نزیک تر دەبینەوە، ڕێبەران و سیما بەتواناکان بە کۆمەڵگا دەناسرێن، قۆناغێک کە بوارە عەینیەکانی گەشەی ڕەوتە ڕادیکاڵ و چەپەکان و هاو هەڵوێستیان بەهێز دەکات و له یهكتر نزیكیان دهكاتهوه. قۆناغێک کە تێیدا دروشمی کرێکاران یەگرتن یەگرتن، لە چوارچێوەی موجتەمەعێکی بەرهەمهینان دەترازێت. هاوپشتی کرێکارانی پیشەسازی فولاد و نەیشەکەری ههفت تەپە، کرێکارانی ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری لە بەشە جۆراوجۆرەکان، واوەتر چوونی مۆعهلیمان لە کانونی سێنفی بەرەو شوڕای خەبات و تێکوشان و گەلێک نمونەی تر، شاخسە عەینیەکانی بارودۆخی نوێن کە بەدیهاتووه. لەخۆرا نییە ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەردەوام بوونی گوشارەکانی ئەمریکا سەرو دەست دەشکێنن. ئەوان بە غەریزە و بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتووە، گوشار و گەمارۆی ئابووری لە ئهگهر توندتر بێتهوه دەتوانێ ببێتە هۆكاری جۆرێک ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتدا لە سەرەوە و یان دەستاودەست بوونی دەسەڵات لە باڵێکەوە بۆ باڵێکی تری بۆرژوایی و سروشتییە ئەگەر ئەوان لەترسی شۆڕش پەنا بەرنە بەر وەها ئاڕاستەیەک.
ئەم بارودۆخە تازەیە ئیمکان ئهوه ئەدات، کە ئاهەنگی حەرەکەتی خەباتی ئێستا توند تر بێتهوه و وڵامی زەرورەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیە بدرێتهوه. وەک چەند ئۆلگو، دەبێ هەوڵ بدەین تا خەباتی کرێکارانی نەیشەکەری ههفت تەپە بە سەرکەوتنی دڵخوازی کرێکاران کە لە دروشمەکانیاندا نیشان ئەدرێت بگات و حقوقی دواخراویان وەربگرن و بەر بە داخرانی ئەم ناوەندەی بەرهەمهێنان بگرن. دهبێ داخوازی دیاری كراوی كرێكاران پیشهسازی فوولاد دابین بێت، دەبێ خەباتی جەماوەری لەدژی گرانی و کەم بوون، ببێتە هۆی باشتر بوونی بارودۆخی بهڕێوهچوونی خهڵك. لەپاڵ گشت ئەمانەدا و لە ئاکامی بەرەو پێش چوون و سەرکەوتنی ئەم خەباتەدا، دەبێ بۆ پشت بەستنی ڕێكخراوهکانی ئێستای کرێکاری بە كۆبوونهوهی گشتی کرێکاران هەوڵ بدرێت. بە هەست پێكهێنانی بە بارودۆخی گۆڕاوی ئێستا دەبێ بۆ دروست کردنی ڕێكخراوه جەماوەریەکانی تر قۆڵی لێ هەڵماڵین. هاوکات کاتی ئەوەیە کە ژنانی ئازادیخواز بە کردووە خۆیان لە کۆتوبەندی حیجابی زۆرەملی ڕزگار بکەن. زهرهمهندانی دامهزراوه داراییهكان سەروەتی بە تاڵان براویان وەربگرنەوە. دەبێ بچین بە یارمەتی کۆڵبەرانهوه و نەهێڵین کە لەوە زیاتر لە لایەن پاسەوانانی ئەم نیزامەوە لەسەر سنوورەکان خوێنیان بڕژێت، گشت ئەمانە کۆمەڵێک هەنگاون لە ڕاستای وێنا کردنی مەسیرێکدا کە دەتوانێ ببێتە هۆی شکڵ گرتنی بەدیلی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بۆ داهاتوی کۆمەڵگای ئێران. هەر چەندە ئەم مەسیرە درێژ بێتەوە، دەبێ بوترێ، ڕێگایەکی سهربڕ بوونی نییە. بەبێ شکڵدان بە وەها بەدیلێک قسە کردن لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانهی کۆماری ئیسلامیی ناتوانێ لە ئارادا بێت. هەر پڕۆسەیەکی تر بێجگە لەمە تەنیا لە خزمەت گوازرانەوەی دەسەڵاتە لە باڵێکی سەرمایەدارانەوە بۆ باڵێکی دیکەیانە.