ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی کرێکارانی ستەم دیتوی” موجتەمەعی نەیشەکەری ههفت تەپە” لە ١٣هەمین رۆژی خۆیدا زیاتر پەرەی سەند. لە خۆپیشاندانی رۆژی هەینیدا، کرێکاران بە هەڵگرتنی تابوتێکی نمادینی حەوت تەپە لەسەر عەزمی خۆیان بۆ درێژەدان بە خەبات تا دەستەبەر بوونی داواکاری و داخوازیەکانیان پێداگرییان کرد. ئەوان داوایان لە مامۆستایان و دانش ئاموزانی بنەماڵە کرێکاریەکان و باقی چین و توێژەکانی خەڵکی شاری شوش کرد کە رۆژی شەممە ٢٦ ی خەزەڵوەر بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە کرێکارانی حەوت تەپە، لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیەکانیاندا بەشداری بکەن.
رۆژی پێنجشەممە ٢٤ ی خەزەڵوەر کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، لە یازدەهەمین رۆژی ئەم دەورە لە ناڕەزایەتی خۆیاندا، لەگەڵ بنەماڵەکانیان و ژمارەیەک لە خەڵکی شاری شوش ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان لەبەر دەم فەرمانداری ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. ئەوان به وتنەوەی دروشمی وەک:” فولاد- حەوت تەپە پێوەندتان موبارەک”، ” هەڕەشە، زیندان ئیتر کاریگەر نییە”، ” کرێکار دەمرێت بەڵام زەلیلی قەبوڵ ناکات” لە ئاستی شاردا دەستیان کرد بە خۆپیشاندان. ئەوان رایانگەیاند تا سەرجەم حەقدەستە دواخراوەکانیان نەدرێت و کۆتایی بە مالیکەتی خوسوسی ئەم موجتەمەعە نەیەت درێژە بە ناڕەزایەتیەکانیان ئەدەن. لە لایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی کرێکارانی حەوت تەپە، کرێکارانی” گوروپی سەنعەتی فولادی ئێران” یش لە پێنجەمین رۆژی ناڕەزایەتیەکانیاندا لە شوێنی کارەوە تا بەردەم ئوستانداری خوزستان لە ئەهواز ڕێپیوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بهڕێوهبرد. کرێکارانی ئەم گوروپە سەنعەتیە بریتییه له کارخانەکانی فولاد سازی، ماشین سازی، لولە سازی، نەوەردی تیر ئاسن، نەوەردی کەوسەر، لە دروشمەکانیاندا وێڕای دربڕینی ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەست و نەبوونی كهرهستهی پێویست بۆ کاری بەرهەمهێنان لە لایەن خاوەنکارەوە، بە دانی دروشمی وەک ” تەوەڕوم، گرانی، وڵام بدەوە روحانی” و ” ئێمە هەموو پێکەوەین، تا سەرکهوتن ناسرەوین” لەسەر عەزمی خۆیان بۆ درێژەدان بە خەبات تا گەیشتن بە سەرجەم داخوازیەکانیان پێداگرییان کرد. پێویسته بوترێ کە شەوی بەر لەم ناڕەزایەتیە، خاوەنکاری ئەو موجتەمەعە سەنعەتیە بە مەبەستی بەرگرتن لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران، لە هەوڵێکی ڕیاکارانەدا رایگەیاند کە ئامادەی دانی تەنیا یەک مانگ لە حقوقی دواخراوی چەند مانگی ڕابردوە. بەڵام کرێکارەکان خوازیاری وەرگرتنی سەرجەم حەقدەستە دواخراوەکانیان و كهوتنهوهكاری خەتی بەرهەمهێنانی کارخانەکە بوون.
لەگەڵ ئەوەدا کرێکارانی گوروپی سەنعەتی فولادی ئەهواز لەو رۆژەدا بە دانی دروشمی” فولاد- حەوت تەپە، یەکگرتن یەکگرتن” خوازیاری هاوپشتی چینایەتی کرێکارانی” نەیشەکەری حەوت تەپە” بوون. لە وڵام بەم بانگەوازەدا” سەندیکای نەیشەکەری حەوت تەپە” هەمان رۆژ و بە خێرایی بە دەر کردنی ڕاگەیاندنێک لەژێر ناوی” نان، کار، ئازادی” روو لە کرێکارانی حەوت تەپە لەژێر ناوی” هاو زنجیران”، وڵامی ئەرێنیان بەم داخوازیە دایەوە. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنە زۆر گرنگەدا هاتوە:
( دوێنێ ٢٢ ی مانگی خەزەڵوەر ئێوە کرێکارانی فولادی ئەهواز بە دانی دروشمی << فولاد_ حەوت تەپە، یەکگرتن یەکگرتن>> وێڕای پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی ئێمە کرێکارانی حەوت تەپە، ڕاتانگەیاند کە چینی کرێکار دەبێ بە یەکێتی و هاوپشتی چینایەتی لە بەرانبەر خاوەنانی سەرمایەدا ڕاوەستێت.
کرێکاران هاو زنجیران!
کرێکارانی حەوت تەپە دەنگی هاوپشتی ئێوەیان بیست. بەڵام وەک ئێوە کرێکارانی فولادی ئەهواز، لەسەر ئەم باوەڕەین کە دەبێ یەکبگرین و یەک دەنگ بەرەنگاری ئەم بێ مافیایانە بینەوە. ئێمە کرێکاران دەبێ بتوانین وەک یەک بنەماڵەی گەورەی کرێکاری یەک دەنگ دەست بدەینە دەربڕینی نارەزایەتی. دەردی ئێمە کرێکارانی حەوت تەپە دەردی کرێکارانی فولادی ئەهوازە. دەردی کرێکارانی هیپکۆ، دەردی کرێکارانی ئازرئاب و دەردی سەرجەم کرێکارانی ژێر ستەم و چەوساوەیە لە ئێران. جیاوازی نییە منی کرێکار لەکام کارگا و کارخانە لە کام مەدرەسە و نەخۆشخانە و لە کام مەزرەعەدا خەریکی کارم.
کڕێکاران! بۆ ڕزگار بوون لەم هەموو هەڵاواردن، نایەکسانی و بێ مافییە بێجگە لە یەکێتی سەرتاسەری هیچ ڕێگایەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە. دەبێ بە پێوەندی پتەو بەیەکەوە، بە بەرنامەی هاوبەش، ناڕەزایەتی هاوبەش بەرینە بەرەوە. توانایی و هێزمان لە هاوپشتی و نەزمی سەرتاسەری ئێمە کرێکاران دایە. بۆ کۆتایی هێنان بەم هەژاری و فەلاکەتە، بۆ کۆتایی هێنان بە سوکایەتی و چەوسانەوە دەبی بنەماڵەی گەورەی ئێمە کرێکاران لە سەرتاسەری ئێراندا یەکبگرێت.
کرێکاران! دەردی هاوبەشمان قەت جوەداگانە چارەسەر نابێت،)
ئەم ڕاگەیاندنە کورت بەڵام گەلێک بەکەڵکە قامکی لەسەر گرنگ ترین خاڵەکانی جێگای پێداویستی خەباتی سیاسی و چینایەتی چینی کرێکار واتە یەکێتی و هاوپشتی سەرتاسەری کرێکارانی ئێران و بوونی تەشەکولی سەرتاسەری و چینایەتی کرێکاران داناوە. ڕێکارێکی دیاری کردوە کە دەبێ بەهێزی چینایەتی خۆیان تەنزیم و یەکگرتووی بکەن. جەختی کردۆتەوە کە هەڵسوڕاوان و پێشڕهوانی چینی کرێکار لە بەشە جۆراو جۆرە کرێکاریەکاندا دەبێ بەیەکەوە لە پێوەندی چڕوپڕدا بن. وتراوە پێویستە خەباتمان بەپێی بەرنامەی هاوبەش بەرەو پێش بڕوات. ئەم ڕاگەیاندنە بهدروستی خاوەنانی سەرمایە و حکومەتەکەیانی بە دوژمنی کرێکاران ناساندوە. بە وردبینی تەواو چوارچێوەی بنەماڵەی گەورەی کرێکاری دیاری کردووە کە هەموو کرێکارانی موزدی بە کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەنهێنانی سەنعەتی، کەشاوەرزی، توجاڕی، خزمەتگوزاری و ئیڕتیباتات، مۆعهلیمان و پرستاران و هیترەوە دهگرێتهوه. ناوەرۆکی ئەم ڕاگەیاندنە نیشان دەری ڕادەیەکی بەرزە لە پێگهیشتنی سیاسی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕادەیەک لە تەشەکول و ڕێبەری ئەوانە و گەلێک هیوا بەخشە. ئەم راگەیاندنە نیشانی ئەدات کە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لەسەر پێویستی درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان بۆ دروست کردنی بواری ڕێكخستنی کرێکاران ئاگادارن. لە لایەکی دیکەوە دەزانن کە پەیوەست بوونی ئەندامانی بنەماڵە کریکاریەکان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە ناڕەزایەتی ئەوانەوە لە سەر شەقامەکان، بە واتای ڕەوایەتی ئەوان و مەقبوڵیەت دانی کۆمەڵایەتی بە داخوازی و داواکاریەکانی کرێکارانە.
لەم بارودۆخەدا درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و پشتیوانی و پشتگیری کرێکارانی باقی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە باقی شوێنەکانی ئێران، هەنگاوێکی گرینگە بۆ بەرەو پێش بردنی بزوتنەوەی کرێکاری وباقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە بارودۆخێکدا کە چینی کرێکار هێشتا خاوەنی ڕێكخراوی جەماوەری و چینایەتی خۆی نییە لە ئاستی سەرتاسەریدا، پێوەندی، هاوئاهەنگی و کۆبوونەوەی بەردەوامی هەڵسوڕاوان و نوێنەرانی ناوەند و بەشە جۆراو جۆرە کرێکاریەکان لە شوڕای هاوئاهەنگیدا دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگی تر بێت بەرەو پێشەوە.