کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ بەشی چوارەم و کۆتایی

255

پلینۆم لە ئاخرین بەشی باسەکانی لە ڕاپۆرتی سیاسیدا چووە سەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە کوردستانی ئێران. لەم پێوەندەدا ئەو خاڵە سەرەکیانەی قسەیان لەسەر کرا بریتی بوون لە:

١ – لە ماوەی ئەم مانگانەی دواییدا و لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا کوردستانیش وەک باقی شوێنەکانی ئێران، یەکێک لە ناوه‌نده‌كانی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری بوو. شارەکانی کوردستان لەگەڵ مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداراندا هاوڕێیەتی کرد. بانگەوازی مانگرتنی مامۆستایان لە لایەن موعەلیمانی کوردستانەوە وڵامی شیاوی وەرگرتەوە. مەڕاسمی شکۆداری ناشتنی گیانبەختکردوانی ژینگەپارێز، شەریف باجور و هاوڕێکانی لە مەریوان کە بوو بە ماڕشێکی سیاسی ڕادیکاڵ و پێشەڕەو و چەند رۆژ دواتر کۆبوونەوەی خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە لە یەکێک لە پارکەکانی شار و ڕێپێوانی دوایی بۆ ڕێزگرتن لەم گیانبەختکردوانە، لە نمونە بەرچاوەکانی حوزوری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشڕەودا بوو. بەڵام خاڵی دەروشاوەی خەباتی خەڵکی کوردستان لەم دەورەیەدا وڵامی یەک پارچە و لێىڕاوانەی بوو بە بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە لایەن هێزە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستانەوە. ئەم حەرەکەتە وڵامێکی لێىڕاوانە بوو دژ بە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ڕامین، زانیار و لوقمان و هەروەها هێرشی موشەکی بۆسەر پێگەکانی هەردوو حیزبی دیموکرات. ئەم حەرەکەتە درەوشاوە، نیشانیدا کە لە کوردستان ئەوە تەنیا هەڵچوونی خێرا و قینێکی پۆنگخواردو نییە کە لەنەکاو هەڵدەچێت. لێرە وشیاری، ئەزمون، سازمان و ڕێبەرییە کە کاردەکات. ئەم حەرەکەتە جارێکی تر نیشانی دا کە کوردستان کۆمەڵگایەکی حیزبییه‌ و لەم بارەیەوە زەرفیەتەکانی ئەم کۆمەڵگایەی بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی داهاتو لە ئێرانی بە هەموان نیشاندا.

پلینۆم لە درێژەی باسەکانیدا لەسەر ئەولەویەتە دیاریکراوەکان لە پلینۆمەکانی پێشودا سەرلەنوی جەختی کردوە و ڕاده‌ی بەرەو پێشچوون لە بوارە جۆراو جۆرەکانیدا هەڵسەنگاند. ئەم ئەولەویەتانە بە کورتی برتی بوون لە:

پتەوتر کردنی پێگەی کۆمەڵە لە ڕێبەریی خەبات لەدژی ستەمی نەتەوایەتیدا بە پشت بەستن بە ” بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداری جەماوەی”، ” ستڕاتێژی کۆمەڵە لە بزوتنەوەی کوردستاندا” دا و پەسند کراوەکانی گۆنگرەی ١٧ ی کۆمەڵە، بەشداری کردنی چالاکانە لە خەباتی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ری دا، شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپ و سۆسیالستی لە کوردستان، پەرەدان بە تەشکیلاتی حیزبی بە تایبەت لە کارگا و لە شوێنە کرێکاریەکان، بردنەسەری زەرفیەت و توانایی تەشکیلات بۆ ڕاکێشانی لاوانی شۆڕشگێڕ و كۆمۆنیستی چالاک لە زانکۆکان، لە نێو مۆعه‌لیماندا، لە شوێنە فەرهەنگییە پێشکەوتو و پێشڕەوەکاندا، بەهێز کردنی هاوپشتی و وەحدەتی حیزبی لە هه‌موو ئاستێكدا، پەرەدان بە چالاکیەکانی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، کەڵک وەرگرتنی باشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئامادەیی پێویست بۆ نواندنی دەورێکی کاریگەر لەئەگەری سەرهەڵدانی هەر بادودۆخێکی نالەباردا.

٢ – یەکێک لە ئەولەویەتە دیاری کراوەکان لە پلینۆمی پێشودا هەوڵدان بوو بۆ شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپ لە کوردستان. ئامانج ئەوە بوو کە سەرجەم هەڵسوڕاوانی چەپ و کومونیست لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات کە دەیانەوێ لە زەرفیەتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا دەور بنوێنن و لە ئێستادا ئەندامی هیچ حیزب و تەشکیلاتێکی سیاسی دیاریکراویش نین یان لەگەڵ سازمانە سیاسیەکانی چالاکی چه‌پ لە کوردستان، لەسەر پرۆژەیەک کە بە هاوبەشی ئامادە کرابێت، لە دەوری یەک کۆببنەوە و تواناییەکانیان بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داندراو، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا بخەنە گەڕ. لەم پێوەندەدا لە ماوەی نێوان دوو پلینۆمدا، کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێندێک کاری دیاریکراوی کردوە. بۆ روون کردنەوەی ئامانجەکانی ئەم حەرەکەتە بەزوویی سمینارێک لە دەرەوەی وڵات لەژێر ناوی:” کوردستان، بزوتنەوەی چەپ و ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستی”، بەڕێوەدەچێت، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات ئەم سمینارە ڕێکدەخات. لەم سمینارەدا داوا لە سازمانە چەپ و سۆسیالیست و کەسایەتی و هێزە چالاکە چەپەکان لە کوردستان دەکرێت تا بۆچوونەکانیان لەم بوارەدا لەگەڵ یەکتر بێننە گۆڕێ. لەگەڵ ئەوشدا دواتر چەند گوروپ و سازمانی چالاک لە کوردستان لەوانە کۆمەڵە، سازمانی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە، شاخەی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی کرێکاری- حیکمەتیست، شاخەی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی کرێکاری ئێران و گوروپی موبارزانی کومونیست، بە هاوبەشی لە دەرەوەی وڵات کۆنفڕانسێک هەر بەم ئامانجە بەڕێوە دەبەن و هەوڵ ئەدەن بگەنە بەڵگە و نەخشە عەمەلێکی هاوبەش لەم بوارەدا.

٣ – تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستانی عێڕاق یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی چالاکی کۆمەڵەیە. پاراستن و بەهێز کردنی ئەم ناوەندە بەردەوام یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئێمە لە دەورە جۆراو جۆرەکاندا بووە. بەڵام لە هه‌مان كاتدا لە پلێنۆم جارێکیتر جەخت کرایەوە کە بە حوکمی بارودۆخی عەینی سیاسی، وێڕای بەهێز کردن و پاراستنی سیمای کۆمەڵە وه‌كوو هێزێكی سیاسیی كه‌ باسكی چه‌كداری هه‌یه‌، به‌ پێی ئیمكاناتی ئه‌م ده‌وره‌یه‌، وتنی ئەم ڕاستیەش پێوستە کە ماوەیەکی زۆرە کوردستانی عێراق وەک پشتی جەبهەی چالاکی نیزامی ئێمە بە حیساب نایەت. ئەو حیێزبانەی کە لە دیاری کردنی ستڕاتێژی نیزامی خۆیاندا ئەم ڕاستیەیان لەبەرچاو نەگرتوە، نە تەنیا ده‌سكه‌وتێكیان نه‌بووه‌، بەڵکو هەم خۆیان زه‌ربه‌یان خواردووه‌ و هەم ئیمکانی ئەوەیان داوەتە ڕژیم تەبلیغاتێکی ورە شکێنانە لەنێو بەشێک لە خەڵکی کوردستاندا پەرە پێبدات.

پلینۆم لە بەشی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەری کۆمەڵەی لە پێوەند لەگەڵ کاری ئورگانەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستان، چالاکیەکانی کۆمیتەی ڕێکخەری تەشکیلاتی ناوەوەی وڵات، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و بڵاوکراوەی پێشڕەوی دایە بەر باس و هەڵسەنگاندن و بۆچوون و پێشنیاری جۆراو لە ڕاستای باشتر کردن و بردنە سەرەوەی چەندایەتی و چۆنایەتی چالاکیەکان پێشکەش بە کومیتەی ڕێبەری کران. کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی لە باسەکانی پێوەندیدار بە دابه‌ش كردنی كاری نێوخۆی كومیتەی ناوەندی، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی دیاری کرد و بەم جۆرە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کومیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٣٩٧

نۆوامبری ٢٠١٨