پلینۆمی کۆمیتوی ناوەندی کۆمەڵە لە درێژەی باسەکانیدا هاتەسەر لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران. خاڵە سەرەکیەکانی ئەم باسە بریتی بوون لە:
١ – کۆماری ئیسلامی توشی کۆمەڵێک قەیرانی توندی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە کە بۆ چارەسەر کردنیان هیچ ستڕاتێژی و ڕێگاچارەیەکی روونی نییە. کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی بۆرژوایی ناکارایە، نوقمە لە گەندەڵی ماڵی و ئیداریدا. سیاسەتی ئەم ڕژیمە کە زهمانهتی مانەوەی خۆی لە دخاڵەت کردن لە وڵاتانی ناوچەکەدا دهدیتهوه، بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ئەگەر لە ڕابردودا دروست کردنی قوڵایی ئەمنیەتی لە ناوچەکەدا، زەرورەتی مانەوەی ڕژیم بوو، ئهمڕۆ كه بۆتە خاڵی لاوازی. لە وەها بارودۆخێکدا حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە پشتی بە هێزی سەرکوت بەستوە و لەلایەکی دیکەوە بەم هۆکارەیە کە هێشتا ئاڵترناتیوێک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە بەرانبەریدا شکڵی نەگرتوە.
٢ – گەمارۆی ئابووری و گوشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی، بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئاستی زێدەخوازیەکانی ئەم ڕژیمە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەم گوشارانە كه زیاتر ئابوورین، کارکردی دوو لایەنەی هەیە. لە لایەکەوە دەبێتە زیاتر بوونی هەژاری، بێکاری، تەوەڕوم، بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی توێژی چەوساوە و هەژاری کۆمەڵگا، و لە لایەکی دیکەوە ڕژیمیش دەخاتەژێر گوشاری ئابووریەوە. سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت بۆ دابین کردنی سیستمی ئیداری و نیزامی و ئەمنیەتی پڕ خەرجی بەرتەسک دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر ڕەچاو کردنی ئەم گوشارانە بۆ زۆربەی خەڵکی ئێران لە باری بەڕێچوونەوە کارەساتبارە، لە عەینی حاڵدا بە هیچ شێوەیەک بارودۆخێکی لەباریش بۆ پەرەدان بە خەباتی ئەم خەڵکەش لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدی ناهێنێ. بەم جۆرە کرێکاران و جەماوەری بێبەش و زۆرلێکراو لە دوولاوە لە گوشارە ئابووریەکانی ئەمریکا زەرەر و زیان دەبین. لە لایەکەوە توشی ئاسەواری کارەساتباری سەرچاوە گرتو لەم گەمارۆیانەوە دەبن و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ بارودۆخێکی نالەبار لە خەبات لەگەڵ ئەم ڕژیمەدا بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان، بەرەو روو دەبنەوە. ناڕەزایەتی بەرینی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو لە بارودۆخێکدا روویاندا کە هێشتا خەبەرێک لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سزا ئابووریەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نەبوو. گەلێک نمونە بوونیان هەن کە نیشانی ئەدەن، گەمارۆ ئابووریەکان نابنە هۆی رووخانی ڕژیم، بەڵکو بە پێچيوانە، بە ڕژیمە سەرکوتگەرەکان ئیمکانی ئەوە ئەدات بە فریوکاری و مەزڵوم نمایی خەتاکان بخەنە ئەستۆی دەستی دەرەکی و لە کاریگەری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان کەم بکەنەوە.
٣ – کۆماری ئیسلامی بژاردەی زۆری بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان لەبەردەمدا نییە. لە کەلێنەئابووری و سیاسیەکانی نێوان زل هێزە جیهانیەکاندا جێگایەکی زۆر بۆ مانۆڕدانی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە. لەنێوخۆی وڵاتدا بونگا ئابووریەکانی چالاکیش یەک لەدوای یەک دادەخرێن، بەبێ ئەوەی کە حقوقی دوا خراوی کرێکارانی بێکارکراویش درابێت. بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کە کارا ترین بەشی ئابوورییە لە ئێران، بە لەبەرچاو گرتنی وشکە ساڵی و سیاسەتە وێرانگەرە دەژی ژینگەییەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی ڕژیم، کەم بۆتەوە و بە ئاڕاستەی ڕکودێکی قوڵدا دەڕوات. بە گشتی دەکرێ بوترێت کە ئابووری ئێران لە بهردهم لێک هەڵوەشان دایە. سەرمایە دەرەکیەکان لە ئێران دەرچوون و سەرمایەی نێوخۆییش لە گۆڕەپانی بەرهەمهێنان دەرچوون و روویان کردۆتە توجارەت و بازرگانی. بە لەبەرچاو گرتنی گشت ئەمانە، کۆماری ئیسلامی ناچارە کە لە بەرانبەر ئەمریکادا پاشکەشە بکات. هەڵبەت سروشتیە کە هەوڵ ئەدات تا ئەم پاشەکشەیە بە کەمترین مەترسی تێپەڕێنێ. هەوڵ ئەدات کە خاڵە لاواز و بێ تواناییەکانی لە خەڵک بشارێتەوە. هەوڵ ئەدات گومان و ڕاڕایی ڕیزی لایەنگران و هێزە سەرکوتگەرەکانی دانەگرێت. هەوڵ ئەدات کە نە تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکو ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییش، لە شۆڕش و یان لە بە سوریە بوونی ئێران بترسێنێ.
٤ – بەڵام پاشەکشە کردن لەبەرانبەر ئەمریکاشدا گرفتی بنەمایی ئەم ڕژیمە چارەسەر ناکات. قەیرانی ئابووری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تەحریمەکانی ئەمریکادا بەدی نەهاتون و بە لاچوونی ئەم گەمارۆیانەش چارەسەر نابن. ناڕەزایەتی مانگی بەفرانباری ڕابردو وە مانگرتن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە شاریەکان بەدوای ئەو بارودۆخەدا دروست بوون کە هێشتا گەمارۆکان ڕەچاو نەکرابوون و پێوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر بنەمای تەوافوقی بەرجام دەچووە پێش. کۆماری ئیسلامی دوای کودتای هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ ڕەوایەتی خۆی لای دەنگدەران لە دەست دا، و لە مانگی بەفرانباردا خەڵکی وەگیان هاتوو لە هەژاری و بێکاری و گەندەڵی حاکمیەتی ڕژیمیشی بردۆتە ژێر پرسیارەوە. لە ڕاستیدا لە مانگی بەفرانباری ڕابردوەوە کۆمەڵگای ئێران چۆتە نێو فازێکی تازەوە. قۆناغێک کە خەڵکی ناڕازی لە کرداری سەرکەتگەرانەی ڕژیم ناترسن، هیوایان بە ئیسلاحی ڕژیم نییە و داخوازی و داواکاریەکانیان بە شێوەیەکی جیدی پەیگیری دەکەن.
٥ – خەباتی کرێکاری و جەماوەری ئەم مانگانەی دوایی ئەگەرچی لە دەوری ویست و داخوازیە دیاری کراوەکان و هێندێک جاریش بە شێوەی بەرتسک بەڕێوەچوون، بەڵام لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆی لە باری دروشمەکانەوە، لەباری پێکهاتەی بەشداران، لە باری تاکتیک و شێوازی ناڕەزایەتی و لە باری هاوئاهەنگی و سەرتاسەری بوون، ڕەوتێکی بەرەو کامڵ بوون و روو لە پێشیان بووە. مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتەکانی سەربە ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران، مانگرتنی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە پاڵ دەیان حاڵەتی تر لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی شێلگیرانەی تردا، لە نمونەکانی دەستپێکی وەها ڕەوتێکن. لە نێوخۆی ئەم حەرەکەتە کۆمەڵایەتیەدا، ڕێبەرانێکی کارا پەروەردە ئەبن و دەبنە خاوەنی ئەزمونی زیاتریش. لە ناخی ئەم بزوتنەوانەدا تەشەکولی جەماوەری تر پێکدێن. بوونی ئەم جۆرە تەشەکولانە بوارە مادیەکانی پەرەگرتنی تەشەکولی سیاسی ڕادیکاڵ فەراهەم دەکەن.
٦ – لەگەڵ گشت ئەمانەدا هێشتا ناکرێ بوترێت کە کۆمەڵگای ئێران پێی ناوەتە نێو بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەوە. بەڵام بێ توانایی کۆماری ئیسلامی لە وڵلامدانەوە بە داخوازی زۆربەی خەڵک، زەمینگیر بوونی هێزە سەرکوتگەرەکانی، شپرزەیی لەنێو ناوەندەکانی سەروەی ڕژیمدا، بەرز بوونەوەی رۆحیەی ناڕەزایەتی و جسارەت و بوێری بەرەو روو بوونەوەی خەڵک لەگەڵ دوژمن، گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵکی چەوساوە و بێبەش، کۆمەڵگای ئێرانی لە سەرهەڵدانی وەها بارودۆخێک نزیکتر کردۆتەوە.
٧ – روخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی گرێدراوە بە شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوێکی سۆسیالیستیەوە. بەڵام ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستی لە غیابی بزوتنەوەی عەینی چینی کرێكار و بەبێ هاوڕێیەتی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە و لە دەرەوەی ئەودا پێکنایەت. لەم پێوەندەدا خەباتی ئێستا لەدەوری داخوازیە دیاری کراوەکاندا گرنگیەکی چارەنووس سازی لە شکڵ گرتنی ئەم ئاڵترناتیوەدا هەیە. ئاڵترناتیو بە بێ وشیاری، ڕێىەری و سازمان دانامەزرێت. چارەنووسی ئاخیزە شۆڕشگێڕانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی لە چەند بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا، جێگای لێ فێر بوونە. بۆ نمونە لە میسر نارەزایەتیەکی بەرینی کرێکاری لە ئارادا بوو. دروشمەکان ڕادیکاڵ و پێشڕەو بوون و لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە گشتگیر دەبوون. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بزوتنەوانە دەرفەتی ئەوەیان نەبوو تا سازمانی بەرین و ڕێبەری خۆیان پێکبێنن، لە کۆتاییدا مەیدان بۆ ئیخوان موسلمین کە سازمان و ڕێبەری خۆی هەبوو درا. لە فازی دواتریشدا بینیمان کە ئیخوانەکان بە وەسیلەی ئەڕتەش، کە ئەویش سازمان و ڕێىەری خۆی هەبوو لە کورسی دەسەڵات کێشرایە خوارەوە. بۆ ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لە ئێرانیش وەک هەر جێگایەکی تر، ڕێگایەکی کورت تر لەوە بوونی نییە. پرۆسەی شکڵ گرتنی سازمان و ڕێىەریەک کە مەقبوڵیەت و مەشروعیەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکات، پرۆسەی دروست کردنی ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستیە. پرۆسەیەک کە لەگەڵ دروست بوونی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە، لە ماوەیەکی کەم تردا بە ئاکام دەگات.
٨ – بەڵام ئەوە تەنیا هێزە سۆسیالیستەکان و شۆڕشگێڕان نین کە بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدەن. کۆمەڵێک هێز لە بۆسەدان تا پرۆسەی گەشە و پەرەگرتنی شۆڕش و شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوی ڕادیکاڵی ئەم ڕژیمە لە نیوەی ڕێدا پەک بخەن. لەم روەوە کۆمەڵێک ئاڵترناتیوی جۆراوجۆر دەتوانن بۆ جێگرەوەی ئەم ڕژیمە دروست بن. سپای پاسداران بە دروست کردنی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە پێکهاتەی دەوڵەتی و ئیدئۆلۆژی ڕژیمدا، یەکێک لە ئامرازەکانی سازماندراو بۆ داسەپاندنی وەها بارودۆخێکە. دخاڵەتی دەرەکیش دەتوانێ ببێتە هۆی بە هێز بوونی باڵەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی. ئەوە ڕاستە کە دەوڵەتی ئەمریکا لەمرۆدا نەخشە و پلانی روخاندنی کۆماری ئیسلامی لەسەردا نییە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کاتێک ڕژیمی ئێستا لە بارودۆخی ڕوخاندا ببینێ، بۆ جێگرەوەکەی خەریکی دروست کردنی ئاڵترناتیوی جێی سەرنجی خۆی نابێت.
دەرێژەی ههیه