کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی كومیته‌ی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ بەشی دووهەم

255

بەشێکی تر لە باسەکانی پلینۆم بۆ بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەرخان کرا و لەم بوارەدا، پلینۆم لەسەر سێ بابەتی فەلەستین، سوورییه‌ و عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ی کرد.
فەلەستین کۆنترین ناوه‌ندی قەیران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاسته‌ کە ئاسۆیه‌كی روونیش بۆ چارەسەر بوونی عادڵانەی له‌ به‌رده‌م نییه‌. بزوتنەوەی ناسراو بە” ڕێپێوانی گەڕانەوە” کە لە مانگی خاکەلێوەی ڕابردوەوە لە لێوارەی غەزە دەستی پێکرد، سەرەڕای وەحشیگەریەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل و زیانی گیانی قورسی هێشتا هەر درێژەی هەیە. ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم حەرەکەتە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێگا نه‌ده‌ن هه‌ستی بێ هیوایی، به‌هۆی شكسته‌كان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری خەڵکدا زاڵ بێت. لەم حەرەکەتەدا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەرەی دەوڵەتەکاندا لە لایەکەوە دوژمنانی سەرسەختی وەک دەوڵەتی ئیسڕائیل و ئیدارەی ترامپ دەبینین و لە لایەکی دیکەوە دۆستانێکی ڕیاکاری وەک دەوڵەتانی تورکیە و کۆماری ئیسلامی و قەتەر هەن. درووشمه‌كانی بێ ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی فەلەسەتین نەکردووه‌تەوە، بەڵکوو بەکردەوە بیانووی سەرکوتی زیاتر و وەحشیانە تری داوەتە دەژمنانی سەر سەختی خەڵکی فەلەستین. دەوڵەتی تورکییە لە مەسەلەی فەلەستین وەک ئامرازێک بۆ پەرەدان بە نفوزی خۆی لە وڵاتانی موسڵمان نشیندا کەڵک وەردەگرێت و تا ئێستا چكۆله‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی ڕه‌نج و ئازاره‌كانی ئه‌م خه‌ڵكه‌ نه‌بووه‌. ئامانجی دەوڵەتی قەتەریش حوزور و ئامادە بوون لەم کانونانەی قەیران دایە بە سەرف کردنی بڕێک هەزینە بۆ بەهرەبەرداریەکی سیاسی بەرتەسک و لێژكردنی پێگه‌ی كۆماری ئیسلامیی.
بەڵام بزوتنەوەی فەلەستین لە ناخی خۆشیدا خاوەنی یەک پەیکەری یه‌كگرتوو نییە و لانیکەم دوو پارچه‌یه‌. گوروپە ئیسلامیەکانی حاکم لە لێوارەی غەزە و سازمانی ئازادیبەخشی فەلەستین لە کەرانەی رۆژئاوا هەردوکیان بێ هیوایانە، دوو سیاسەتی جیاواز پەیڕەو دەکەن. نە لێىڕاوی سازمانە ئیسلامیەکان و نە سازشکاری سازمانی ئازادیبەخشی فەلەستین، هیچکامیان لە ڕاستای کەم کردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵک و نیشان دانی ئاسۆیەکی روون بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، کەم کردنەوەی هەژاری وفەلاکەتی دانیشتوان و گه‌یشتنی خه‌ڵك به‌ مافی دیاری كردنی چاره‌نووس، سەرکەوتوو نەبوون. لە وەها بارودۆخێکدا، لەگەڵ ئەو جۆرە دوژمنانەدا و بە بوونی ئەو دۆستە ڕێاکارانە و بە بزوتنەوەیەکی بەم شێوەیە چەند پارچە، تەنیا ئاڵوگۆڕی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و جیهانی بە قازانجی بەرەی عەداڵەت و سۆسیالیزم دەتوانێ گرێپوچکەی مەسەلەی فەلەستین بکاتەوە. به‌ بوونی ئەم ئێسکی نێو برینە، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هەروا لە ناوەندی کێشمەکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا دەمێنێتەوە.
دەوڵەتانی یاریکەری گۆڕەپانی سیاسی لە سوورییه‌ و هێزە کۆنەپەرستەکانی سەربەوان لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردودا هەتا توانیان لە گیان و ژیانی خەڵک هەزینەیان کرد و وڵاتیان وێران كرد و بە ملیۆن خەڵکیان تووشی ئاوارەیی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی سنورەکان كرد. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی تێکهەڵچونەکان بە تەواوی کۆتاییان نەهاتوە بەڵام تا ئاستێک هێور بوونەتەوە و سەرانی هێزە دەرگیرەکان، هەرکامە و بە پێی ڕاده‌ی جەنایەتێک کە کردوویانه‌، بەشوێن بەش بردن لە داهاتوی سیاسی ئەو وڵاتەدان. دەربیجەیەک له‌ هیوا به‌ره‌و ڕووناكی كه‌ لە ئاکامی بزوتنەوەی رۆژئاوا، بە رووی ژیانی بەشێک لە خەڵکی سوورییه‌دا کرابۆوە، هێشتا لە ژێر مەترسی پیلان گه‌لێكی ئاشکرا و شاراوە دایه‌.
بەڵام یاریکەرانی سەرەکی سیاسی سوورییه‌ هەرکامیان لە چ پێگەیەک دان؟ کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئیسڕائیل و ئەمریکا و تەنانەت روسیەی هاوپەیمانیدا، ناچارە ئەم ناوچەیە بەجێ بێڵێ و تەنیا هیوای بۆ کاریگەری دانان له‌ داهاتوو، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حیزبوڵڵای لوبنانە. دەوڵەتی تورکییە هەوڵ ئەدات کۆریدۆرگه‌لێك له‌ سنووره‌كان بۆنێو خاكی سوورییه‌ بکاتەوە. ئه‌مڕۆ ئێدله‌ب، دوێكه‌ و عەفرین و سبەینێ مه‌نبه‌ج و کۆبانی. لە کۆتاییدا ئامانجی دەوڵەتی تورکییە دروست کردنی پشتێنەیەکی بەناو ئەمنیەتیە لە سەرتاسەری سنوری ٥٠٠ کیلۆمیتری سوورییه‌ لەگەڵ تورکیەدا. ئەم نەخشەیە بەر لە هەر شتێک بەرتەسک کردنەوەی بزوتنەوەی رۆژئاوایه‌، کە بۆتە دڕكێك لە چاوی دەوڵەتی تورکییەدا كردووه‌ته‌ ئامانج. بەڵام وەها تەرحێک بەکردوە دەرنایەت مەگەر بە تەوافوق و هاوکاری دەوڵەتی ئەمریکا کە بە تایبەت زاڵ بوون بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فوڕاتی بۆ خۆی بە زه‌مانه‌ت كردووه‌. دەوڵەتی ئەمریکا کە بەبێ هێزەكانی پاراستنی گه‌ل له‌ بزوتنەوەی ڕۆژئاوا نەیدەتوانی شەڕی داعش بکات، ئه‌مڕۆكه‌ کە شەڕ لەگەڵ داعش هێور بۆتەوە، بەرژەوەندی خۆی لە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیەدا دەبینێ. دەوڵەتی ئەمریکا بە هەزینە کردن لە پێوەندیەک کە لەگەڵ بزوتنەوەی رۆژئاوا هەیەتی، هەوڵ ئەدات سارد بوونەوەی پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ تورکییە قەرەبوو بکاتەوە و پێش به‌ لێک نزیک بوونەوەی زیاتر ڕووسییە و تورکییە بگرێت. ڕووسییه‌ پێگه‌ی خۆی لە ڕێگای پاراستنی ڕژیمی بەشار ئەسەدەوە، لە ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فوڕات قایم تر کردوە و بنكه‌ی دەریایی ستڕاتێژیکی خۆی لە لێوارەکانی دەریای مەدیتەرانەدا پاراستوە. ئێستا ئیتر هەموو لایەنەکان ڕژیمی بەشار ئەسەد بە ” دەوڵەتی سوورییه‌” ناودەبەن. لەم نێوانەدا عەرەبستانی سعودی کە لە فازی نیزامیدا دۆڕاوی شەڕی نیابەتی بوو، ئێستا بە پارەی خۆی، بە بیانوی ئاوه‌دان کردنەوەی وێرانەکان سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەکە. بەم شێوەیە دەبینین کە ئارامیەکی ڕێژەیی لە بەرەکانی شه‌ڕدا هنێشتا بە واتای گەڕانەوەی خەڵکی لێقه‌وماوه‌ی سوورییه‌ و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ژیانیان نییە. وا پێ ده‌چی كه‌ خه‌ڵكی سوورییه‌ له‌ كورت ماوه‌دا، ده‌وره‌یه‌كی نه‌شه‌ڕ، نه‌ئاشتی ته‌جرووبه‌ بكه‌ن.
سەبارەت بە بزوتنەوەی رۆژئاوا پلینۆم ئەساسەن لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە بواری دامەزراندنی حاکمیەتی خەڵکی و بە یاسایی کردنی بەرابەری ژن و پیاو و سوننەتە دیموکراتیکەکانی تر کە جێگیر بوون، جەختی کردەوە. له‌ ڕاستیدا دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکان بە پیلان گێڕی و گوشاری نیزامی و هیتر بە هاسانی لە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەرناگیرێنەوە.
باسێکی تری پلینۆم لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەبارەت بە عێراق بوو. لە عێراق بەم دواییانە هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو کە بەرەو رووی بایکۆتی تاڕادەیەک بەرین بووه‌ و هاوكات ته‌زویری زۆری تێدا كرا. ئەگەرچی سەرئەنجام بەڕواڵەت بەپێی ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی دەسەڵات لەنێوان باڵ و حیزبە جۆراو جۆرەکاندا دابەش کرا، بەڵام ئەوە گشت واقعیەتەکە نییە. گومانی ئەوەی کە لە عێراقدا دێمۆکراسییەکی مۆدێلی رۆژئاوایی لەسەر بنەمای نیزامێکی پارلمانی، لە ئارا دایە، خۆش خه‌یاڵییه‌. هێشتا میلیشیای چەکدار، پارە و ڕێكخستنی شێوە مافیایی بەسەر ڕواڵەتی رۆژئاوایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا زاڵە. خەڵکی سوننی مەزهەب، هەروا لە پەڕاوێزی دەسەڵاتدان. لەنێو ئەواندا ته‌نیا کەسانێک کە بە تەماعی دەسەڵات و سەروەت لەگەڵ حیزبە شیعە مەزهەبەکان کەوتون، پۆست و پلەوپایەیان دەستکەوتوە. شار و ناوچەکانی ژیان لە ماوەی شەڕەکانی ئەم دواییدا بوونه‌ته‌ وێرانە. هێشتا بەشێکی زۆر له‌ خه‌ڵك تەنانەت ڕێگه‌یان پێ ناده‌ن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و ماڵە وێران بووەکانیان. لە شارێکی گەورەی وەک موسڵ هێشتا هێزەکانی حەشدی سەعبی بەسەر خەڵکدا حکومەت دەکەن. هێشتا پاشماوەکانی داعش ڕیشەکێش نەکراون و ئه‌گه‌ری سەرهەڵدانەوەیان لەژێر ناوێکی تردا به‌هێزه‌. ئەو برینانەی کە داعش و ڕژیمی مەزهەبی لە جەستەی کۆمەڵگایاندا، بە هاسانی سارێژ نابنەوە، بەڵام بە هەر ڕادەیەک کە ژیان ڕەوتی ئاسایی بەخۆیەوە بگرێت، ناڕەزایەتیی لەو ناوچانەشدا سەر هەڵئەدەن. لە عەینی حاڵدا حەرەکەت و ناڕەزایەتی لە ناوچەکانی باشوری عێراقیش ئەحزابی حاکمیان خستۆتە ژێر گوشارەوە. کاردانەوەی ئەم حیزبانە سەرکوتی توند و تیرۆری سیما ناسراوەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە بووه‌.
هەڵبژاردنی ئەم دواییە لە هه‌رێمی کوردستانیش کەم و زۆر هاوشێوەی باقی ناوچەکانی عێراق بووە. هەر ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا ئەحزابی سوننەتی حاکم هەروا لە پێگەی دەسەڵات دان. ئەگەرچی هێشتا حکومەتی نوێی هه‌رێم پێکنەهاتوە، بەڵام لەم دەورەیەشدا چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتە و ناوەرۆکی بەڕێوەبردندا ناکرێت و لە کوردستانیش دەرگا لەسەر هەمان پاژنەی پێشو دەسوڕێتەوە. لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیشدا له‌ باشترین حاڵه‌ت دا، ئه‌و پێوه‌ندیه‌ لە چوارچێوەی یاسای فیدڕاڵدا تەنزیم دەکرێت. لە یەک مانگی ڕابردوودا به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هەژاری و بێکاری لە کوردستانی ئێران، بە هەزاران کرێکار رویان کردۆتە هەرێمی کوردستان و بە لەبەرچاو گرتنی باشتر بوونێکی ڕێژه‌یی کە لە بارودۆخی ئابووری حکومەتی هەرێمدا هەیە، هەوڵ ئەدەن ئەگەر بە کەمترین حەقدەستیش بووە کارێک بۆخۆیان بدۆزنەوە.
دەرێژەی هه‌یه‌…………