رۆژی شەممە ٥ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ بەرابەر لەگەڵ ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨، پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردروای کۆنگرەی ١٧، بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بە سرودی ئەنترناسیۆنال و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی به كار کرد. لەم پلینۆمەدا بەپێی ڕەواڵی ئاسایی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش وەک چاودێر بەشدار بوون. دەستور جەلەسەکانی پلینۆم بریتی بوون لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە و دابەش کردنی کارەکانی نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندی. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم تەرخان کرا. چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر بارودۆخی گشتی دنیادا، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵوگۆڕە سیاسیە تازەکان لە ئێران، روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و پڕۆسەی شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی، ئەگەری سیناریۆکانی بۆرژوایی، ئاسۆی سیاسی کوردستان و ئەولەویەتەکانمان، سەردێڕی سەرەکی ڕاپۆرتی سیاسییان پێکدەهێنا.
پلینۆم لە باسەکانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی دنیا لەسەر چەند قەیرانی جیدی کە ئهمڕۆی جیهانی سەرمایەداری لهگهڵی بەرەوڕووه، جەختی کردەوە:
یەکەم، درێژەی قەیرانی ئابووری، هەروەک لە پلینۆمی پێشتریشدا باسی لێكرابوو، قهیران ئێستا ئیتر بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵگای سەرمایەداری. ئاوێتەی یەکتر بوونی بازاڕە جیهانیەکان لە بوارەکانی بازهرگانی و سەرمایەگوزاریدا، كهڵهكه بوونی هەرچی زیاتری سەرمایەداری لە دەست کارتێل و تراستە چەند میلیەتیەکاندا، سنورە نەتەوایەتیەکانی تێپەڕاندوە و توانایی مانۆڕدانی دەوڵەتەکان بەرانبەر به هاندهرێكی جهوههری کە ئەم ڕەوتە لێی بەهرەمەندە، گەلێک بەرتەسک كردۆتهوه. ئەم ڕەوتە توانایی دەوڵەتەکانی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئابووری بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵ لەوەی پێشی دابهزاندووه. سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری لهگهڵ سهلماندنی بەردەوام بوونی قەیرانی ٢٠٠٨، دان بهوهدا دهنێن کە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵ لەوەپێش ئامرازگهلێكی كهمتریان بۆ بهرهوڕوو بوونهوه لهگهڵ قهیران له بهردهستدایه. جێ گۆڕكێی بهردهوامی سهرمایه وەرگرتنی ماڵیات لە شیرکەتە چەند میلیەتیەکان بۆ چەند دەوڵەتێکی دیاریکراوی دژوار تریش کردوە. لە ڕاستیدا ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئۆروپا بۆ ڕزگار کردنی بۆنگاکان هەتا توانیان لە سەروەتی گشتی و لە کیسەی خەڵک بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکە خهرجیان کرد، لەمرۆدا ئیتر خەڵکی وڵاتان کەم بوونەوەی خزمەتگوزاری گشتی لهوه زیاتره قەبوڵ ناکەن و لە ئاکامدا توانایی ئەم جۆرە سەخاوەتمەندی و دەست و دڵبازیەی دەوڵەتەکانیش گەلێک بەرتەسک بۆتەوە. شەڕی بازهرگانی نێوان دەوڵەتەکان ڕەوتێکی لاوەکی و پێچەوانەی جەریانە. ئەم ڕەوتە بە حوکمی بارودۆخی عەینی جیهانگری سەرمایە ناتوانێ زۆر بخایەنێت. بهڵام درێژەی ئەم قەیرانە دەتوانێ ببیتە هۆی توند بوونەوەی کێبڕکێی تەسلیحاتی و بەرپا بوونی شەڕی ناوچەیی زیاتر.
دووهەم، قەیران لە پێوهندی دەوڵەتاندا، هاوسەنگی هێزی جیهانی نێوان دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی تێکچووە، بلۆک بەندیەکانی ڕابردوو جێگای خۆیان ئەدەن بە بلۆک بەندی نوێ. روسیە زل هێزێکی نیزامیە، بەڵام بونیەی ئابووریەکەی لاوازە. لە بەرانبەردا چین زل هێزێکی ئابووریە بە توانایی بەرتەسک تری نیزامیەوە بە بەراورد بە روسیە و ئەمریکا. ههر لە ئێستاوە ئەمریکا نیگەرانی پێكهاتنی بلۆکی چین- روسیەیە، کە بێگومان ئهگهر سهر بگرێت یهكتر تهكمیل دهكهن و دەبنە هێزی یەکەمی دنیا. چین كێبڕكێی خۆی لهگهڵ دهوڵهتانی ئێمپریالیستی دیكه، به دوور له ههراو هوریای تهبلیغاتی خستۆته بواری ئابوریهوه. چین کۆمەڵێک سەرمایەگوزاری کەڵانی لە ئافریقا و ئەمریکای ناوەندی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووریدا دەست پێکردووە. یەکێتی ئوروپا لە هەوڵدایە سیستمی ئەمنیەتی خۆی سەربەخۆ لە ئەمریکا سەرلەنوێ ڕیکبخاتەوە، هەروەها کۆمەڵێک هەوڵ لە ئارادان تا جارێکی تر بریتانیا تێکەڵ بە یەکێتی ئوروپا بکرێتەوە. له پاڵ ئهو ململانێیانهی زلهێزهكاندا، چهندین دهسهڵاتی ناوچهیی سهربهخۆ سهریان ههڵداوه كه خوازیاری بهشی خۆیان له دابهش كردنی ئهرك و بهرژهوهندیهكاندان. ههمووی ئهو ڕاستیانه پێمان دهڵێن كه جیهان خهریكه دیمهنێكی دیكه، جیاواز لهوهی تا ئێستا بووه، به خۆیهوه دهبینێ.
سێهەم، قەیرانی ئیدئۆلۆژیک، بیرمەندانی دنیای سەرمایەداری هیچ ستراتیژیەکی روون ناخەنە بەردەم ئەم نیزامە. لیرالیسم شكستی خوارد و نئۆلیبرالیزمیش نەیتوانی ڕێگای ڕزگاری نیشان بدات. میلتون فریدمەنەکان، بیرمهندانی نێولیبرالیزم قەڵەمەکانیان خستۆته كالاناوه. فۆکۆیاما کە دوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات باسی له لێبراڵ دیمۆكراسی وهكوو دوایین شكڵی حكومهت له جیهان دەکرد، ئێستا دەستی کردوە بە ڕەد کردنەوەی ڕوانگەکانی ڕابردووی و ڕێگای ڕزگاری لە گرەوی جۆرێک سۆسیالیزمدا، بە تێگهیشتنێك كه خۆی له سوسیالیزم هەیەتی، دەبینێ.
چوارەم، قەیرانی ژینگەیی، ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی مەترسیدار نە تەنیا داهاتوی بەشەریەت بەڵکوو هەڕەشە لە ژیانی ئەمرۆشی دەکات. بەرهەمهاتنی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری گازە گوڵخانەییەکان و زیاد بوونی گەرمای زەوی و توانەوەی سەهۆڵەکانی قوتبی، هاوسەنگی ژینگەیی گۆی زەوی تێکداوە. دەوڵەتی ئەمریکا وەک یەکێک لەوانەی گەورە ترین خەسار و لەتمە لە ژینگە ئەدەن، بە کورتبینیهكی قازانج پەرستانەوه بە هیچ بهڵێن و پەیمانێکی نێونەتەوەییەوە پابەند نەماوەتەوە. لە بواری ئالودەگیەکاندا، کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ئەگەر تا دوێنێ لەتی پلاستیکیان لە زگی گیاندارانی دەریاییدا ئەدۆزیەوە، ئهمڕۆ بە دەیان توێژینەوەی پزیشکی بوونی وردیلهی میکروسکوپی پەلاستیک لە گەدە و ڕیخۆڵەی ئینسانەکاندا پیشان ئەدات.
پێنجەم، قەیرانی پەنابەری، زیاتر لە ٦٠ ملیۆن ئینسان لە نێو وڵاتەکانیان و لە دەرەوەی لە ئاکامی شەڕ و هەژاری و سەرکوتگەری و بێ مافی ئاوارەن و بەشوێن سەرپەنایەکدا خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن. دروست کردنی کەمپە دژی بەشەریەکانی دەوڵەتانی ئوروپایی لە لێوارەکانی باکوری ئافریقا، نەیتوانیوە بەر بە حەرەکەتی پەنابەران بەرەو ئوروپا بگرێت. تەنیا لە مەودای دوو پلینۆمدا نزیک بە ٢ هەزار پەنابەر لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانەدا خنكاون. ئۆردوگای مائوس لە ئۆسترالیا بۆتە کەمپی مەرگ بۆ پەنابەران. ترامپ کە دەیویست بە دروست کردنی دیوار لە سنورەکانی لەگەڵ میکزیکدا بەر بە هاتنی رۆژانە دەیان کەس بگرێت بۆنێو وڵاتەکەی لە ڕێگای ئەم سنورانەوە، ئێستا لەگەڵ شەپۆلێکی دەیان هەزار کەسیدا بەرەو ڕوو بۆتەوە.
شەشەم، قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، لە ئاکامی وەها بارودۆخێکدا بەشێک لە خەڵک لەبەر بێ ئاسۆیی بەرەو لای ڕاست ترین و کۆنەپەرست ترین ئەحزابی سیاسی چوون. هاتنە سەرکاری ترامپ لە ئەمریکا نمونەی دیکەشی لە گۆشە وکەناری دنیا بەشوێنەوە بوو. چاوێک لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە بۆ نمونە لە سوئید و ئاڵمان و بریزیل بکەن، تا ڕاستی ئەم قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەتان باشتر بۆ روون بێتەوە. لەم نێوانەدا ئەگەرچی بەشە وشیار و تێکۆشەرکانی ئەم کۆمەڵگایانە ورەی خۆیان لەدەست نەداوە و هێشتا لە مەیدان دان، بەڵام لەم بوارەدا کاری دژواریان لەبەردەم دایە.
له ڕاستیدا له بەرانبەر وەها بارودۆخێکدا بەشەریەت بیدەنگ نییە. کێشمەکێشی چینایەتی و سیاسی گەورە لە ئارادان. ئەگەر رۆژێک سۆسیال دیموکراتەکان ئیمتیحانی خۆیان دا و ڕۆیشتن، میانە ڕەوەکان هاتنە سەرکار و تاقی کردنەوەی خۆیان پێشکەش کرد و هیچیان بۆ نەکرا، دەستە ڕاستیە توندڕەوەکانیش دەوڵەتی کاتیین و چارەنووسیان هاوشێوەی پێشینیان دەبێت. بە حوکمی بارودۆخی عەینی و ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕی مادی مێژوویی، دەرفەت بۆ هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و کومونیستەکانیش دەکرێتەوە. تەنانەت کەسێکی وەک فۆکۆیاما کە رۆژێک نەزەریە پەردازی ڕاست ترین باڵی سەرمایەداری بوو، ئهمڕۆ دەڵێ سۆسیالیزم تەنیا ئاڵترناتیوی ڕزگاری بەخشی بەشەریەتە لە سەرجەم قەیرانەکان.
درێژهی ههیه