دهوری دووهەمی سزا ئابوورییهكانی ئەمریکا لەدژی ئیران لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٥ ی نوامبر دەستی پێکردووهتەوە. ئەم قوناغە لە تەحریمەکان ئەساسەن پیشەسازی نەوت و گاز و پیتروشیمی و سیستمی بانکی و ماڵی ئێرانی کردووهتە ئامانج. لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە، ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ئابووری ئێران پەیڕەو نەکەن سزای ئابووری ئەدرێن و ئیجازە نادەن لەگەڵ دامەزراوە ئەمریکاییەکاندا درێژە بە پێوەندەیە ئابووریەکانیان بدەن. ئەگەرچی کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە ئەم سزایانه شاملی مادەی خۆراکی، بەرهەمی کشتوکاڵ، دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی نابێت، بەڵام لە کردەوەدا سزاكان سیستمی بانکی و کەم کردنەوەی زۆری موبادلاتی ماڵیی لەگەڵ ئێران، ئەم کالا پێویستانەی رۆژانەی خەڵکیشی خستۆتە نێو لیستی کالا تەحریم کراوەکانەوە.
ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی ترامپ لە ڕەچاو کردنی گەمارۆکان نەک ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ئیجرای کۆمەڵێک بڕگەی نەنووسراوی ڕێككهوتنی هەستەیی وبەرجامە. دەوڵەتی ترامپ نە تەنیا خوازیاری ئیجرای ڕێككهوتنی هەستەیی ئێستا و پەرەسەندنی ئیجرای ناورۆکەکەیەتی بۆ دوای ساڵی ٢٠٢٥، بەڵکوو دەیەوێ بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی دوور مەودای ڕژیم بخاتە ژێر چاودێرییەوە. دەوڵەتی ئەمریکا بە دەستەبەر بوونی ئەم مەرجانە دەیەوێ نیگەرانی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەم بکاتەوە و پێگەی لاواز بووی خۆی لە بەرانبەر زل هێزە ڕەقیبەکانی لە ئاستی دنیادا باشتر بکات.
ئەگەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تا بەر لە بەرجام بەردەوام خەریکی گەورە کردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی وەک شگردێک بۆ دەستەبەر کردنی پێگەی بانتر لە کێشمەکێشە ناوچەییەکاندا بوو، هێزە ڕۆژئاواییەکان و لەسەرویانەوە دەوڵەتی ئەمریکا چاوەڕێ بوون کە بەرجام بتوانێ کۆتایی بە بەرزەفڕیەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بێنێ. کۆماری ئیسلامیی دوای ڕێككهوتنی هەستەیی نە تەنیا ئەم چاوەڕوانیەیان دەستەبەر نەکرد، بەڵکوو لە راستای هەمان ستڕاتێژی بانتر خوازی ناوچەییەدا لە دەرفەتێک کە لاچوونی سزا ئابوورییەکان بۆی فەراهەم کرد دەستی کرد بە دخاڵەتگەری لە کانونەکانی قەیرانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و بە بەرهەمهێنان و تاقی کردنەوەی مووشەکە دوور هاوێژەکانی لە ئاستێکی نوێدا. ئەم کردارەی کۆماری ئیسلامیی دوای ڕێككهوتنی هەستەیی بووە هۆی ئەوەی کە زل هێزە سەرەکییەکانی ئۆرووپا بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتگەریەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا و بەرنامە موشەکییەکانی کۆمەڵێک گوشاری نوێ بخەنە دەستوری کاریانەوە و ترامپیش سەرئەنجام وەعدەی هەڵبژاردنی سەبارەت بە کشانەوە لە بەرجامی بە کردەوە دەرهێنا. لە ڕاستیدا ئەوە سیاسەتە کۆنەپەرستانە، ماجەراجۆیانە و پشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامیی لە ڕەوتە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە دایە کە دەستەچیلەی تەبلیغاتی سیاسەتە ئیمپڕیالیستیەکانی ترامپیشی دابین کردوە. لە ئاکامی کێشمە کێشیەکانی نێون هەردوو جەمسەری کۆنەپەرستی سەرمایەداری زیاتر لە هەموان ئەوە کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگان توشی خەسار و زیان دەبن.
ئەم کێشمە کێشانە و ڕەچاو کردنی سزا ئابووریەکان لە چەند لاوە ژیان و بەڕێچوون و کارو خەباتی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگای خستووهتە ژێر گوشارەوە. لەوێوە کە بەشێکی بەرچاو لە کالاکانی جێی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک و بەشێک لە مادەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی نێوخۆییش لە دەرەوە هاوەردە دەکرێن، سەپاندنەوەی تەحریمەکان، نرخی کالاکانی هاوردە کراو لە ڕێگای واسیتەکانەوە و نرخی کۆتایی کالاکانی بەرهەم هاتوو لە ئێرانیش بەرز دەکاتەوە. لەم ڕوەوە سزا ئابوورییەکان کە توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و چوونهدهرهوهی سەرمایەکانیشی بەشوێنەوەیە، دواهاتێکی کۆمەڵایەتی وەک زیاد بوونی نرخی بێکاری، داڕمانی دیسان زیاتری توانایی کڕینی خەڵک و کەم بونەوەی ڕۆژ لەگهڵ ڕۆژ زیاتر ئاستی ژیانی ئەوانی بەشوێنەوە دەبێت و بارودۆخی ژیانی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران دژوار تر دەکات.
ئەمجار بە پێچەوانەی ڕابردوو حەسەن ڕووحانی و باقی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ڕایانگەیاندوە کە گوشاری تەحریمەکان لەسەر شانی خەڵک دەبێت. ئەم وتەیە بە واتای ئەوەیە کە ئەمجار پشت گوێ خستنی داخوازی و داواکاری کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا و توند بوونەوەی فەزای ئەمنییەتی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بە بیانوی تەحریمەکان، دەبێتە سیاسەتی ڕەسمی ڕژیم. کەوایە سەرەڕای عەوامفریویەکان و ئیدیعاکانی درۆینەی ترامپ سەبارەت بە پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و تەوەهوم بڵاو کردنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژواییەکانی ئێران لەم بوارەدا، سزا ئابووریەکان ڕەوتێکی ڕوو لە پەرەسەندنی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەخاتە ژیر گوشارەوە و بەکردەوە لە خزمەت مانەوەی کۆماری ئیسلامی دایە. گومانی تێدا نییە کە تەحریمەکانی ئەمریکا گرفتی ئابووری کۆماری ئیسلامیی زیاتر دەکات و کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڕێگایەکی بێجگە لە” سازشی قارەمانانە” لەگەڵ ئەمریکا لەبەردەمدا نییە.
بۆ کۆتایی هێنان بە دواهاتەکانی زیانباری سزا ئابوریەیکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی ناوچەکدا، هیچ ڕێگایەک جگە لە کۆتایی هاتن بە ماجەراجوویی و دەخاڵەتگەریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و خەباتی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی، لەقاودانی ماهیەتی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئاشکرا کردنی سیاسەتی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێران بوونی نییە.