کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەسەڵاتداران ناتوانن بە شێوەی پێشوو حاکمییەت بکەن!

242

لەم ڕۆژانەی دواییدا، سەرلەنوێ بابەتی پێوەندیدار بە لابردنی حەسەن ڕووحانی بووه‌تەوە بە سوژەیەکی گەرمی هێندێک لە هەوالنێرییەکان. بەم دواییانە عێزەتوڵڵا زەرغامی، سەرۆکی پێشوی سەدا و سیما و یەکێک لە ئەندامانی” حەوزەی کارناسی” دەفتەری خامنەیی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی” ئیرنا” کە هەواڵنێری کۆماری ئیسلامییە و باقی ڕاگەیەنەرەکانی تریش بڵاویان کردووه‌تەوە، بە تەرح کردنی سەرلەنوێی ئەم بابەتە، پەرەیان پێداوە. زەرغامی، کە بە حوکمی خامنەیی لە شوڕای باڵای فەزای مەجازی و شۆڕای فەرهەنگیشدا ئەندامە لەم وتووێژەدا کە ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕەزبەر کراوە ڕوونی کردووه‌تەوە کە:” هه‌ندێک ناوەند تەنانەت ئەوانەی کە لەژێر چاودێری وەلی فەقیەدا چالاکیان دەکرد، داواکار بوون مودیریەتی کاروباری ماڵی بە جێگای دەوڵەت بگرنە ئەستۆ کە ڕێبەریی دژایەتی کردن.” زەرغامی لە درێژەدا دەڵێ:” قسەی ڕێبەریی لە جەلەسەیەکدا لەگەڵ مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری و هۆشداری دان بە ناوەندەکانی هاوتەریبی دەوڵەت ئەوەی دەردەخست کە هه‌ندێک لە ئاغایان هەم لەم جەلەسەیەدا هەم لە دەرەوە لە فەزای ڕەسانەییدا پێشنیاریان داوە دەوڵەت لەبەر ئەوەی توانایی بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە، لە هێندێک لە مەیدانە گەورە ئابووریانەدا بێن کار بکەن و بە جێگای دەوڵەت ببنە بەڕێوەربەر. ئەم ناوەندانە، ناوەندە ئابووریەکانی وەک ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، بونیادی موستەزعەفان، و سەرجەم ئەمانەن کە ڕێبەری لەگەڵ ئەم ڕوانگەیەدا دژایەتی کردووە.”

هەڵبەت باسی لادانی ڕووحانی یان پێکهێنانی” دەوڵەتێکی هاو تەریب” لە پاڵ کابینەی ڕووحانیدا یەکەم جار نییە کە لە لایەن هه‌ندێک لە مۆرەکانی حکومەتییەوە تەرح و پەرەی پی ئەدرێت. لە جەریانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباردا و کاتێک کە جەماوەری توڕە لە بارودۆخی ئێستا قین و توڕەیی پۆنگ خواردوی خۆیان لە درووشمەکانی” مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، ” مەرگ بۆ خامنەیی”، ” مەرگ بۆ ڕووحانی”دا هاوار کرد، باسی ئیستعفای ڕووحانی لە مەحفەلە حکومەتییەکاندا هاتە گۆڕێ. لەو کاتەدا ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی تەرحی ئەم باسەیان بە هەنگاوێکی تێکدەرانە لەدژی دەوڵەت چاو لێکرد و مەحکومیان کرد. دوای ئەو و لە مانگی ڕەشەمەدا بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئیستعفای ڕووحانی لە لایەن ڕەوتی ئەحمەدی نیژادەوە لە پاڵ کێشەی باڵە حکومەتیەکاندا هاتەگۆڕێ. بە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجامیش باسی لادانی حەسەن ڕووحانی و تیمی ئابووری ئەو لەگەڵ ئاهەنگی هەڵکشان و داکشانی نرخی ئەرز لە بازاڕی شێواوی نێوخۆدا گەرم و سارد بووه‌تەوە. بەڵام لەم نێوانەدا ئەوە تەنیا مۆرەکانی سەر بە به‌ناژووخوازان ” ڕەوتی ئینحڕافی” نەبوون کە بابەتی لابردنی ڕووحانیان هێناوەتە گۆڕێ، بەڵکوو ڕێفۆرمخوازانیش باسیان لە پرۆژەی ئیستعفا کردووە. سەعید حەجاڕیان یەکێک لە نەزەریە پەردازانی ڕێفۆرمخوازی حکومەتیش لەم بارەیەوە وتی کە ئەگەر بێتو بارودۆخی خراپی ئێستا پەرەبستێنێ،” ڕاستەکان ٤ سیناریۆ دەخەنە بەرەدەم دەوڵەتی ڕووحانی. یەکەمیان پێشنیاری ئیستعفایە. دووهەم سیناریۆ گوشار هێنانە؛ ڕەوایەتی لە سەرۆک کۆماری سەندنەوە و لە کۆتاییدا وادار کردنی بە دەست لەکار کێشانەوە. سیناریۆی سێهەم، تەرحی بێ کیفایەت بوونی ڕووحانی پێشکەش دەکەن؛ ئەگەر زۆربەی مەجلیس تا کۆتایی ساڵ نەتوانن لە بەرانبەر گوشارەکانی خەڵکدا خۆڕاگری بکەن و بەم نەتیجەیە بگەن کە دەوڵەت توانایی چارەسەری قەیرانی نییە، بەناچار و دەبێ لەبەر هه‌ندێک قسە بابەتی بێ کیفایەتی بێننە گۆڕێ. ئاخرین سیناریۆ لە جنسی پەروەندە سازیە؛ بۆ نمونە بڵێن سەرۆک کۆمار لەگەڵ ئاژاوەگێرەکان دەستی تێکەڵ بووە و یان لە بابەتی بەرجامی دوو و سێ دا لەگەڵ خاریجیەکان پێوەندی گرتووە، کەوابوو ناکرێت بەڕێوەبەری قوەی ئیجرایی بێت.”

لەم شپرزە بازاڕیەدا هۆشدار و دژایەتی خامنەیی لەگەڵ کردار و ئێقداماتی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت لە لایەن ناوەندەکانی سەر بەخۆیەوە هیچ ئاسەوارێکی لە حەقیقەت تێدا نییە. لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردودا، چ لە دەورەی سەرۆک کۆماری خاتەمی و چ لە دەورەکانی ئەحمەدی نیژاد و ڕووحانیدا ناوەندە ئابوورییەکانی چالاك وەک ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، بونیادی موستەزعەفان و سپای پاسداران بەو سازوبەرگە نیزامی و ئەمنییەتییەی کە لەبەر دەستیان دایە بەردەوام وەک ناوەندێکی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا جوڵاونەتەوە. لەم ڕوەوە ئیعتیڕافی خامنەیی و مەجلیسی خوبرەگان بە لاوازی و ناکارایی دەوڵەت لە بەرەنگار بوونەوەی ئەو قەیرانانەی ئێستا لە هەمان حاڵدا ئیعتیڕاف بە بێتوانایی سپای پاسداران و سەرجەم ئەو ناوەندانەیە کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت جوڵاونەتەوە و لە بەڕێوەبردنیاندا حوزووریان هەبووە. لەگەڵ ئەوانەدا، مەگەر هەر لەم مانگانەی دواییدا نەبوو کە بە فەرمانی خامنەیی و بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئابووری و بەرگرتن لە داڕمانی زیاتری نرخی ئەرزی نێوخۆیی” شوڕای باڵای هاوئاهەنگی ئابووری هەر سێ قووە” بە ئامادە بوونی سەرۆکی سێ قوەکە پێکهات. پێکهاتنی شوڕای باڵای هاوئاهەنگی ئابووری سێ قووە” کە ١٧ کەس تێیدا ئەندامن، لە ڕاستیدا پێكهێنانی دەوڵەتێکە هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتی ڕووحانیدا و بە واتای ڕاگەیاندنی ناکارایی دەوڵەتی ڕووحانی و لێ سەندنەوەی سەڵاحیەتە لێی بۆ بەرەنگار بوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکانه‌. شوڕای باڵای هاوئاهەنگی سێ قووە لە ڕاستیدا ” دەوڵەتی گوزارە” لە قەیران. سپای پاسداران و خامنەیی لەوێوە کە بارودۆخی ئێستا بۆ لابردنی ڕووحانی بۆ بەردەوام بوونی ڕژیمی ئیسلامی بە سەر ئێشە ساز دەبینن و نیگەرانی ئەوەن کە ئەم کردارە قەیرانی حکومەتی زیاتر بکات و ورەی هێرشبەری تر بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بدات، ئەم کردارەیان بە شێوەی دیفاکتۆ ئەنجامداوە. بەڵام هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پەیامی ئەم ئاڵوگۆڕانەیان لە ئاڕایشی سیاسی ساختاری دەسەڵاتی حاکمدا بە دروستی هەست پێدەکەن. ئەوان دەزانن کە کەسانی سەرەوە ناتوانن وەک پێشو وە بەبێ ئاڵوگۆڕ درێژە بە حاکمییەتی خۆیان بدەن.

هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری هەروەها دەزانن لە بارودۆخێکدا کە بۆ درێژەی حاکمیەتیان كەوتونەتە کێشەوە، هەنگاوی دواتر لە بزوتنەوەی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگادا دروست کردنی هاوئاهەنگی و هاوکات کردن و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری لە دامەزراوە و بواره‌ جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا. لەم بارودۆخەدا دروست کردنی شوڕای هاوئاهەنگی خەباتی کرێکاری بە هیممەتی چالاکان و ڕێبەرانێک کە بە شێوەی عەینی لە ڕێبەریی و ڕێکخستنی خەباتی کرێکاریدا لە ناوەندە جۆاراوجۆرە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکاندا دەوریان هەیە، هەنگاوی گرنگ لەم ئاسته‌دایه‌. لە بارودۆخی نەبوونی ڕێكخراوه‌ جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران کە بتوانن خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران یەکپارچە و لە ئاستێکی سەرتاسەریدا ڕێبەری بکەن، ئەوە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدان کە لە پێوەندی و هاوکاری بەیەکەوە و بە پێكهێنانی شوڕای هاوکاری دەتوانن تا ئاستێک، کەلێنی نەبوونی ڕێكخراوه‌ جەماوەری و سەرتاسەریەکانی کرێکاران پڕ بکەنەوە. لە هەنگاوی دواتردا هاوڕێیەتی و هاوهەنگاوی هەڵسوڕوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی خوێندکاری، بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری تێکۆشەر بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەخاتە فازێکی نوێ تروە.