کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیسانیش بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری مۆعه‌لیمان

233

لەمرۆوە دەچینە نێو دووهەمین رۆژی تەحەسونی مۆعه‌لیمانەوە. ئەو وێنانەی بڵاو بوونەتەوە لە مێدیای گشتیدا تا ئێرەش باس لە بەرپا بوونی به‌رینی تەحەسونی سەرتاسەری و عەزم و ئیرادەی مۆعه‌لیمان بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان دەکەن. “شوڕای هاوئاهەنگی ڕێكخراوه‌ سێنفییه‌كانی مۆعه‌لیمانی ئێران” لە ڕاگەیاندنێکدا کە رۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی ڕەزبەر بڵاو بۆوە، داوا لە گشت مۆعه‌لیمان و فەرهەنگیەکانی سەرتاسەری وڵات ده‌كات بەم تەحەسونەوە پەیوەست بن. ئەم دەورەیە لە خەباتی مۆعه‌لیمان لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە خودی کاربەدەستانی ڕژیم باس لە کەم بوونەوەی توانایی کڕینی ٨٠ لەسەدی خەڵک، دوو ڕەقەمی بوونی ته‌وه‌ڕۆم، دابەزینی ٣٠٠ لەسەدی ئەرزشی ڕیاڵ دەکەن. ئەم شپرزەیی ئابووریە بۆتە هۆی ئەوەی کە رۆژانە ئێمە شاهیدی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مۆعه‌لیمان، بازاڕیان، شۆفیرەکان و کامیۆنداران، نانەواکان و هیتر بین.

“شوڕای هاوئاهەنگی ڕێكخراوه‌كانی مۆعه‌لیمان ” بانگەوازەکەیان ڕێك لەدژی گرانی، کەم بوونەوەی بێ وێنەی توانایی کڕینی موعەلیمان، سفرەی بەتاڵی فەرهەنگیانی خانەنشین و ده‌ست پێ ده‌كات. ئەوان دەڵێن ساڵانێکە کە فەرهەنگیانی خانەنشین و شاغڵ لەبەر لە خوارەوە بوونی حقوق و حەقدەستەکانیان لە ڕەنج و عەزاب دان. ئەوان دەڵێن بەڵام گوێی بەرپرسان کەڕ و چاویان کوێرە و تەنیا بیر لە پاروی چەور و پاراستنی دەسەڵاتیان دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیان تاڵان کراوە. مەدرەسە دەوڵەتیەکان له‌ كه‌ڵك كه‌وتوون و بە پوڵی خەڵک بەڕێوەدەچن. تازە ئەمانە دڵەڕاوکێی ئەو بەشە لە مۆعه‌لیمانه‌ کە ڕەسمین. بارودۆخی مۆعه‌لیمانی پەیمانی گەلێک موسیبەت بارترە. ئەمانە تەنانەت حقوقێکی یەکسان لەگەڵ موعەلیمانی ڕەسمیشدا وەرناگرن. ئەمە تازە بەشێک لە وێنەی فەلاکەتباری نیزامی ئاموزشیە لە وڵات دا. بەشێکی دیکە لەم وێنەیە منداڵان و تازەلاوانن کە لە گەلێک لە حاڵەتەکاندا بە هۆی هەژاری لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەشن و یان بە سکی برسی لەسەر کلاسەکانی دەرس ئامادە دەبن، و یان لەبەر ماندوویی کاری شەوانە بە زەحمەت چاویان هەڵدێنن. کەوایە چلۆن دەکرێ چاوەڕوان بیت کە مۆعه‌لیمان بە بێ دڵەڕاوکێی وانه‌ بڵێنه‌وه‌. دەبێ ناوه‌رۆکی کتێبە ئاموزشیەکانیش لەبەرچاو بگیرێن تا ئەم وێنا ئەسەف ئەنگیزە کامڵ بێت. مۆعه‌لیمانی بەرپرس دەبێ لە نێو کۆمەڵێک لە خورافات و ئەفکاری كۆن دا ڕێگایەک بۆ ئاموزشی زانست و ناسینی دنیای دەوروبەری خۆ، ڕێگایەک بۆ ئاموزشی ئەفکاری ئینسانی و پێش كه‌وتوو بۆ دانش ئاموزەکان بدۆزنەوە. ئەمە خۆی هەڵبەت دڵە ڕاوکێیەکی کەم نییە بۆ مۆعه‌لیمان لە حاڵێکدا لەپەنا گوێیان پاسدارانی نەزمی کۆن لە هەموو گۆشە و کەنارێکدا لە کەمیندان. ڕەنگە ئاموزگارێک کە لەبەر خاتری هەست کردن بەم بەرپرسیاریەتە هەزینەیەکی گران بدات. مەحەممەد حەبیبی، مەحمود لەنگەرودی، ئیسماعیل عەبدی، محەممەد سانی، مەحەممەد ساڵح شوکری، ڕووحۆڵا مورادی و عەباس واحدیان تەنیا بەشێک لەم زیندانی کراوانەن.

له‌ ڕاستیدا مۆعه‌لیمان فێر بوون کە ڕێگایەک بێجگە لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان نییە. ئیستا ئیتر هەڕەشەکانی ڕژیم نە وڵام دەرەوەی بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگایە و نە وڵام دەرەوەی داخوازی ڕەوای مۆعه‌لیمان. ئەوان بە ئەزمون بۆیان دەرکەوتوە کە “ناوەندە ئەمنیەتیەکان بە جێگای بەخورد بە دز و گەندەڵکارانی نێو کۆمەڵگە، هەڕەشە لە مۆعه‌لیمانی عەداڵەت خواز دەکەن کە تەبعید و لەسەر کار دەریان دەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە “و ئەوان بە ئاگادار بوون لەم بابەتە جاریکی تر لە بانگەوازەکەیاندا دەڵێن کە “هۆشدار ئەدەینە حەراسەت و ناوەندە ئەمنیەتیەکان سەبارەت بە دواهاتەکانی بەرخوردی پۆلیسی و ئەمنیەتی. ئێمە تامی زیندانیشمان چەشتوە و ساڵانێکە کە کەسانێکی بە جەرگمان لە زیندان دان.” لەخۆڕا نییە کە یەکێک لە مانگرتوان لە هەمان رۆژی یەکەمی تەحەسونەکەدا لە قوتابخانەیەکدا دەڵێ” هیوادارم بەرپرسان دەنگی ئێمە ببیستن و پشتگوێی نه‌خه‌ن، دەنا له‌ شه‌قامه‌كانه‌وه‌ ده‌یبیستن”.

شەقام بەڵام نابێ لە چاوەڕوانی هاتنی مۆعه‌لیماندا بێت. شەقام شاهیدی مانگرتنی بەرینی شۆفیر کومیۆنەکان بوو کە دوای تێپەڕ بوونی ٣ هه‌فته‌ لە زیاتر لە ٣٢٠ شار و لە حاڵێکدا کە نزیک بە ٣٠٠ کەس گیران، به‌ ده‌سته‌به‌ر كردنی هێندێك له‌ داخوازییه‌كان له‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی كۆتاییان به‌ مانگرتنه‌كه‌یان هێنا. خیابان ئیستا دەبی بچێت بە یارمەتی تەحەسونی مۆعه‌لیمانه‌وه‌. لانیکەم تا ئێرە خانەنشینان بۆ ٢٤ی مانگی ڕەزبەر ئامادەگی خۆیان بۆ کۆبوونەوە ڕاگەیاندوە و ئەمەش هەڵبەت باشە بەڵام کافی نییە. هاتنە سەرشەقامی تەنانەت بەشێک لە ١٤ ملیۆن دانش ئاموز و چوار ملیۆن خوێندکار بوارێکە کە بارودۆخێکی لەبارتر بۆ ناڕەزایەتیی کرێکاری و درێژەدان بە خەباتی مۆعه‌لیمان و خانەنشینكراوان فەراهەم دەکات. کارخانەکان كه‌ چاوەڕوانی پشتیوانی شەقامیان هەیە لە خۆیان، نابێ خیابان بە تەنیا جیبێڵن. لەم نێوانەدا مۆعه‌لیمان بە لەبەرچاو گرتنی پێگەیەک کە هەیانە دەتوانن ئاڵقەی پێوەندی نێوان کارخانە و خیابان بن. ڕەستەی کۆتایی بانگەوازەکەی “شوڕای هاوئاهەنگی ڕێكخراوی مۆعه‌لیمانی ئێران” سەبارەت بەوەی کە “نیگه‌رانی ئێمە مۆعه‌لیمان، ژیانێکی شەڕافەتمەندانەیە بۆ هەموان و بەهەرەمەند بوونی منداڵانە لە ئاموزشێکی با كه‌یفییه‌ت، بەخۆڕایی و دادپەروەرانە.” هەمان ئەو ئاوات و ئارەزوانەن کە جەماوەری ملیۆنی کار و زەحمەت هەیانە و ئەو ئاوات و ئارەزوانەن کە نزیک بە ٤ دەیەیە لە لایەن ڕژیمی سەرمایەداری حاکمەوە سه‌ركوت کراون. فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، مانگرتن و خەباتی بەرینی کرێکاران و ناڕەزایەتیی جەماوەری هەموو رۆژە و بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بەم داخوازیانه‌، موژدەی ئەوە ئەدات کە خەڵک خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی فەلاکەت باری زاڵ ئامادە دەکەن. هەنگاوەکان دەبێ پتەوتر و قایم تر و ژیرانه‌تر بن.