رۆژی هەینی ١٣ ی مانگی ڕەزبەر، ٥ ی مانگی ئۆکتۆبر کۆمیتەی ئاشتی نۆبێل ڕایگەیاند کە نۆبێلی ئاشتی ئەمساڵ ئەدرێت بە نادیە موراد و دنیس موک وگە” بە هۆی چالاکیەکانیان لە پێوەند لەگەڵ توندوتیژی ڕەگەزی وەک ئامڕازێکی جەنگی لە شەڕ و دەرگیریە نیزامیەکاندا.”
” نادیە موراد” کە ئێستا ٢٥ ساڵ تەمەنیەتی لە تەمەنی ٢١ ساڵی لە هاوینی ساڵی ١٣٩٣ لە کاتێکدا کە داعش هێرشێکی وەحشیانەی کردە سەر شنگاڵ، لە لایەن ئەوانەوە وەک کۆیلەی جنسی بەدیل گیرا و ٦ براکەشی لە هێرشە تیرۆریستیەکانی داعشدا لە دەست دا. ئەو بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە لە چنگ داعش ڕای کرد و خۆی گەیاندە ئوروپا و داستانی جەنایەتەکانی داعش و ئەوەی بەسەر هەزاران کەس لە ژنانی ئیزیدی هاتبوو وەک شاهیدێکی زیندو وێنا کرد. ئەو لە گەلێک لە حاڵەتەکاندا بە دڵ پڕی و چاوی گریانەوە و لە حاڵێکدا بە دژواری دیتوانی بەر بە هاتنە خواری فرمێسکەکانی بگرێت، دەستی دەکرد بە روون کردنەوەی جەنایەتێک کە لە سەدەی ٢١ دا و بە بەر چاوی ناباوەڕی بە هەزاران ئینسانەوە رووی دابوو. جارێکی تر دوای ١٤ قەڕن پاشماوەکانی مۆمیایی کراوی ئیسلامی سیاسی بە هەمان سوننەتی خۆیانەوە پێوەند درابونەوە کە بنیاد نەران و جێنشینانیان لە شەڕەکانیاندا بۆ بەرەو پێش چوونی ئیسلام، ژنانی هۆزەکانی دیکەیان و ژنانی سەر زەمینە داگیر کراوەکانیان وەک کۆیلەی جەنگی دەگرت و لە بازاڕی کۆیلە فرۆشیدا دەیانفرۆشتن. گۆیا لاپەڕەکانی مێژوو لە وێستانێک بە درێژایی ١٤ سەدەدا جارێکی تر لەهەمان شوێنەوە لە جوغڕافیای جیهاندا هەڵدرا بۆوە و دیسان دەنووسرایەوە.
” دنیس موک وگە” براوەی خەڵاتی نۆبێل دوکتۆری پسپۆڕی ژنان خەڵکی کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ، دووهەمین وڵاتی گەورەی ئافریقایە کە تا ساڵی ١٩٦٠ موستەعمەرەی بلژیک بوو. شەڕێک کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەو وڵاتەدا دەستی پێکرد و هەروا بە شێوەیەک درێژەی هەیە کە تێیدا ٩ وڵاتی ئافریقایی و ٢٠ گوروپی چەکدار بەشدار بوون و شەڕێکی نیابەتیان بەرەو پێش دەبرد. ئەو لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری بوکاوو هەڵکەوتو لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ژنانی کردەوە. ناوچەیەک کە تێیدا لە گەلێک لە شەڕە قەومی و نیابەتیەکاندا لە دەست درێژی بۆ سەر ژنان وەک چەکێکی جەنگی کەڵک وەردەگیرێ. لێرەدا ئیتر دەست درێژی بۆسەر ژنان بە شێوەی بە کۆمەڵ بەڕێوەدەچوو. گوروپی چەند کەسی کە بە نۆرە دەکەوتنە گیانی ژنان تا دزێوترین غەریزە دژی ئینسانیەکانیان لەسەر قوربانیەکانیان پەیڕەو بکەن. ئەو وەک کارناسی دەرمان کردنی خەسارەکانی سەرچاوە گرتو لە دەست درێژی بە کۆمەڵ کە کاریگەریەکی وێرانگەری جهستهیی بەجێدێڵن، ناوی دەر کردبوو. دەوترێت کە ئەو و هاوکارەکانی نزیک بە ٣٠٠ هەزار قوربانی دەست درێژیان دەرمان کردوە. لەم پێوەندەدا جارێک بە قەستی کوشت هێرشی کراوەتە سەر و بە خۆشیەوە بە سڵامەت ڕزگاری بووە و نە تەنیا لەژێر گوشار و هەڕەشەدا کارەکەی ڕانەگرتوە بەڵکە بە شێلگیری زیاتریشەوە بەردەوام بووە لەسەری. هەڵبەت ڕەنگە کەمتر بکرێت هەست بە خەسارە ڕەوانیەکانی هەموو تەمەنی ئەو ژنانە بکرێت کە بەم شێوەیە وەحشیانە کەوتونەتە بەر دەست درێژی. وە ڕەنگە بە دژواری بکرێت ئازارە دەرونیەکانی ژنێک وێنا بکرێت کە لەژێر پەنجەی زاڵمانەی گوروپێک لەو پیاواندا گیری خواردوە جەستە و دەرونیان بە ئامانجی خۆیان دەزانن.
بێ گومان هەردوو بەراوەکەی خەڵاتی نۆبێل شیاوی ڕێز لێنانن و دەربڕینی ویژدانی وشیاری بەشەریەتی پێشکەوتون لە بەرانبەر ئەوانەدا کە ئاڵای وەحشیگەرییان ناوەتە سەر شان. لەگەڵ ئەوەدا ناکرێت و نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە دەست درێژی بۆسەر ژنان بەشێکە لە کار کردی نیزامی پیاو سالار و دەرخەری بوونی پێوەندیەکی ستەم گەرانیە کە ئەم دەست درێژیە نیهادینە دەکات. کاتێک کە سەرۆکی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی پارلمانی ئەروپا خەڵاتی ساخارۆفی دا بە” نادیە موراد” و ” لامیا حاجی بەشەر” ژنی ١٨ ساڵەی عێڕاقی کە ئەویش قوربانیەکی دەست درێژی داعش بوو وتی کە ” ئەوان بەسەر ترس و وەحشی گەریەکاندا سەرکەوتن تا بە دەنگی خۆیان لە ئەرزش و بایەخەکانی وەک ئازادی و دادپەروەری دیفاع بکەن” بەڵام هاوکات ئەو لەبیری چۆوە کە گشت ئەم ” ئەرزشانە” کاتێک کە دەبێ قەڵای ئوروپا بپارێزرێت کۆمەڵێک وشەی بێ ناوەرۆکن. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە ئەم پارێزەرانەی قەڵای ئوروپا پەنابەرانی ژن دەنێرنەوە بۆ کۆیلەخانەکانی لیبی ئەو جێگایەی کە وەک کۆیلەکان لە بازاڕدا دەفرۆشرێن و یان هەر لەوێدا دەست درێژیان دەکرێتەسەر. ئەوەندە بەسە تا چاوێک بە لیستی دورودرێژی براوەکانی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، بە لیستی دوور و درێژی براوەکانی خەڵاتی” واسلاوهاوڵ” و ” ساخارۆف”دا بگێڕێ تا بزانی چەند کەسی جەنایەتکار توانیویانە ئەم خەڵاتانە وەربگرن. هەر ئەوانەی کە خۆیان گەورە ترین پێشێل کارانی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ بوون. کەسانێکی وەک بگین، ڕابین و یان کلرک سەرۆکی دەوڵەتە ڕەگەز پەرستەکانی ئیسرایل و ئافریقای جنوبی، کەسانێکی وەک هێنری کیسنچێر گەڵاڵە داڕێژەری گەلێک لە کودتاکان لە ئەمریکای باکور، کهسانی وەک گۆرباچێف، كارتێر و ئوباما کە گۆیا لەبەر خاتری چەندین دەیە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیانە لە شەڕەکانی نیونەتەوەییدا” شانازی وەرگرتنی ئەم خەڵاتانەیان پێ بڕاوە. گۆیا ئەوانە بونیاد نەرانی شەڕ و داگیر کاری، ڕەگەز پەرستی و هێزی بەدیهێنەری ڕەوتە تیرۆریستیەکان نەبوون.
کاتێک کە ڕادەگەیەندرێت لە کۆماری دومینیکەن هەموو مانگێک دەست درێژی جنسی دەکرێتە سەر یەک هەزار و١٠٠ ژن، کاتێک ڕادەگەیەندرێت کە لە جەریانی شەڕە نێوخۆییەکاندا لە گۆنگۆ کە میراتی کلونیوناسییونالیستە ئوروپاییەکانە ٣٠٠ ژن دەست درێژیان دەکرێتە سەر، کاتێک کە لە ئوروپای ” موتەمەدن” تەنیا لە شەڕی بۆسنیدا نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ هەزار ژن دەست درێژیان دەکرێتە سەر، کەوایە جێگهی خۆیهتی بڵێین کە لە شەڕە ئیمپڕیالیستی، نیابەتی، قەومی و مەزهەبیەکاندا دەست درێژی بۆسەر ژنان وەک چەکێكی جەنگی لێدێت کە دەبێ لە خزمەت لاواز کردنی رۆحیەی لایەنی بەرنابەردا بێت. ئەمەی ئێمە لە شەڕەکانی پێشوو لە یوگوسڵاوی و ئێستا له کۆنگۆ، ئەفغانستان، عێڕاق، کۆماری ئافریقای مەرکەزی، چاود و سودان دەیان بینین تاوانن و سەرۆکی دەوڵەتەکانی دنیای سەرمایەداری بە هیچ فڕوفێڵێک ناتوانن بەرۆکی خۆیان لەم هەمووە جەنایەتە ڕزگار بکەن.
” نادیە موراد” مافی خۆیەتی بپرسێت کە ” ئەگەر بەهێز ترین وڵاتانی دنیا نەتوانن ئەو کەسانەی کە ژنان دەکەنە کۆیلەی جنسی، دوژمنەکانیان سەردەبڕن، مناداڵان وادار بە خۆ تەقاندنەوە دەکەن، دادگایی و محاکمە بکەن، کەوایە عەداڵەتی جیهانی بە کەڵکی چی دێت”. ئەو مافی خۆیەتی شکایەتی خۆی و بە سەدان هەزار ژن کە دبنە قوربانی دەست درێژی جنسی بەڕێتە بەر دادگای عەدلی جیهانی. بەڵام کوا ئەم عەداڵەتە جیهانیە وڵاتانی زل هێزی دنیا دەیانەوێ پیادەی بکەن. ئەوان بەرژەوەندیەکیان لەم دادپەروەریە جیهانیەدا نییە. سوخەنرانیەکانیان لەم بوارەدا لە کۆبوونەوە نێو نەتەوەیەکاندا هیچ شتێک نییە بێجگە لە فریودانی ڕای گشتی بۆ نۆژەن کردنەوەی ئەم نیزامەی کۆیلەتی. کە دەست درێژی بۆسەر ژنان یەکێک لە فاکتۆرەکانی بەرهەمهاتنەوەیەتی. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە بەهێز ترین دهوڵهتانی دنیا ئافریقا و رۆژهەڵاتی نێوەراستیان کردۆتە گۆڕپانی شەڕ و کێشەکانیان و مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە داعش وڵامی ڕەوتێکی تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستە بە نەزمێک کە زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان دەیانەویست بەسەر ناوچەکەیدا زاڵ بکەن و مەگەر ئەو شەڕانەی ئێستا لە ئافریقا لە ئارادان شتێکن بێجگە لە ئاسەواری سیاسەتە کلونیالیستیەکانی ئەم وڵاتە ئوروپاییانە.
دادپەروەری جیهانی تەنیا دەتوانێ بە هاتنە مەیدانی بەشەریەتی پێشکەوتن خواز و بە تێک و پێک دانی نیزامێک دەستەبەر بێت کە بە کۆیلە کردنی ئینسان و دەست درێژی بۆسەر ژنان یەکێک لە شێوازە جیاوازەکانی بەرهەمهاتنەوەی سیستمی ئابوری- سیاسیەتی.