حەسەن کەرەمی فەرماندەی یەگانی تایبەتی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند کە:” بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکان و کۆنترۆڵی ستادیۆمەکان و وەرزشگاکان تا ئێستا ١٥ گوردان لە سەرتاسەری وڵاتدا پێهاتوە.” ئەو لە درێژەدا وتی:” ئەگەرچی واحیدەکانی ئەم یەگانانە ئامادەی جێگیر بوون لە ناوچە سنوریەکانیشن بەڵام مەئموریەتی سەرەکیان نێوخۆی وڵاتە.” لە لایەکی دیکەوە ئەو هەمان رۆژ ڕایگەیاند کە مائمورانی یەکە تایبەتەکانی هێزی ئینتیزامی لە ناوچە جۆراو جۆرەکانی شاری تاران بە تایبەت وێستگەکانی میترۆ بە چڕی ئامادە دەبن و حوزوری ئەم واحیدانە ڕەنگە تا رۆژی هەینی دەرێژەی هەبێت.” لەم پێوەندەدا رۆژی پێنج شەممە ٥ ی مانگی ڕەزبەر هێزەکانی یەگانی تایبەت لە ئاستێکی بەریندا لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی شاری تاران جێگیر بوون و حاڵەتی حکومەتێکی شێوە نیزامی ڕانەگەیەندراویان بە تاران بەخشی.
فەرماندەی یەکینەکانی تایبەت هۆکاری حوزوری بەرینی هێزە سەرکوت گەرەکانیانی بە ساز و بەرگی نیزامی تەیارەوە بە ئاماژە بە هێرشی چەکدارانە لە ئەهواز، وەرگرتنی هەواڵی هەڕەشە ئامێزی تر لە لایەن داعشەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هێرشی زیاتر لەدژی کۆماری ئیسلامی ناو برد. ئەو ڕایگەیاند کە ئەم عەمەلیاتە و ئامانج لە پێكهاتنی گوردانەکانی بەناو” مەردوم پایە”، کرداری پێشگیرانە بۆ تێکراری وەها هێرشێکە. بەڵام له ڕاستی دا، ئەم کردارانە نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیم و بەشێک لە هەوڵێکە کە بۆ پێكهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا و بە ئامانجی بەر گرتن لە پەرەسەندن و سەرهەڵدانی شهپۆلێکی تر لە مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆر لێکراوی ئێران بەڕێوەی دەبات. ئەم چنگ و ددان نیشاندانەی ڕژیم ڕێك لە کاتێک دا بەڕێوەدەچێت کە حەسەن روحانی لە بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە. ئەم کردارە نیزامی و ئەمنیەتیانە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەوڵی باقی هێزە سەرمایەداریەکان نەیتوانی ترامپ لە هەڕەشەکانی سەبارەت بە بەکرداری کردنی قۆناغی دووهەمی تەحریمە ئابووریەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی پەشیمان بکاتەوە. ئەو تەحریمانەی کە بە داخەوە هەر لە ئێستاوە و بەرلە دەست پێکردنیان، ئاسەوار و دواهاتە زیانبارەکانی لەسەر بارودۆخی بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکی ئێران دەبیندرێت.
هەڵبەت نیگەرانی ڕژیم لە ئاخێزێکی چارەنووس ساز و بناغە هەڵتەکێن بێ بنەما نییە. لە ئێستادا قوڵ بوونەوەی قەیرانە هەمە لایەنەکان، سیستمی ئابووری لاوازی کۆماری ئیسلامی گەیاندۆتە ئاستی وەرشکست بوون تا ئەو جێگایەی کە تەنیا بە قسەکانی ترامپ ئەرزشی تمەن بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ. ئێستا کە کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایەکی بۆ دەرچوون لە قەیران و باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵکی نییە، کەوایە سروشتیە کە ڕژیم پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی جەماوەری سەرتاسەری بە تایبەت پەرە گرتنی مانگرتنی کرێکاری و سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و ئاخێزی گشتی لەدژی خۆی لە ئاسۆدا ببینێ. ڕاپەڕینێک کە لە ئاکامی گەشە و هەڵدانی ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا روو ئەدات. ناڕەزایەتیەک کە تا ئێستا سەرەڕای سەرجەم هەوڵی فریوکارانە و سەرکوت گەری، بەردەوام بووە و رۆژ لەگەڵ رۆژ ئاستەکەی بەرینتر دەبێتەوە.
خەڵک بە باشی دەزانن کە ئەم کردارە نیزامی و ئەمنیەتیانەی کۆماری ئیسلامی نەک لەبەرخاتری پێشگیری و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ داعش و” دوژمنانی دەرەکی” بەڵکو ڕێك لەدژی ئەوان و بۆ پێشگرتن و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئاخێزی خەڵک لەدژی ڕژیمە. کەوایە کۆماری ئیسلامیش دەبێ بزانێت کە نە تەنیا بە زیاد کردنی ١٥ گوردان بەڵکو بە دروست کردنی سەدان گوردانی دیکە لە هێزە سەرکوت گەرەکانی و بە میلیتاریزە کردنی فەزای کۆمەڵگای ئێران و دامەزراندنی حکومەتی نیزامیش ناتوانێ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بێ کار و برسی چاوترسێن بکات و ئەوان لە بەدوادا چوونی ماف و داخوازیە ئینسانیەکانیان پەشیمان بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە بەهێز کردنی ئامرازەکانی سەرکوت بەسەر کابووسی بەرینی ناڕەزایەتیەکان و روخانی حەتمی حاکمیەتەکەیدا زاڵ بێت. ڕژیم بە بەڕێوەبردنی ڕژەی نیزامی ناتوانێ خەڵکێک بترسێنێ کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و گاز ڕۆنیشتون بەڵام لە گەرمای ٥٠ پلە دا ئاوی خواردنەوە و تەنانەت هەوای سالمیان بۆ هەڵمژین نەبێت. ناتوانێ کرێکارانێک بە ڕێژەی نیزامی بترسێنێ کە دوای ساڵانێک زەحمەت و کار لە ناوەندەکانی پیشەسازیدا لە خوزستان ئێستا بێ کارن و یان ئەگەر کارێکیان هەبێت بە حقوقێکی کەمەوە ناتوانن سکی خۆیان و بنەماڵەکانیان تێر بکەن.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە جەماوەری خەڵکی ئێران فێر بوون کە چۆن بە ئیبتیکارات و خەلاقیەت، شگرد و فڕوفێڵەکانی ڕژیم لەدژی خۆیان پوچەڵ بکەنەوە و ڕێگای بەرەو پێش چوونیان خۆش بکەن. لە چەند مانگی ڕابردودا کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، هیپکۆ، ڕێگای ئاسن، گوروپی سەنعەتی فولادی ئەهواز، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، ژنانی تێکۆشەر و خوێندکارانی خەباتکار نیشانیانداوە کە چلۆن بە شێوەی گونجاو خەباتی خۆیان بەرەو پێش ببەن و هێزی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی زەمین گیر بکەن. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە سەرکوتی وەک یەکێک لە پایەکانی درێژەی حاکمیەتی بە کارهێناوە. ئیستاش بە غەیرەز بەهێز کردنی ئۆرگانە سەرکوت گەرەکانی و کەڵک وەرگرتن لە وان بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ خەباتی جەماوەری خەڵک، ڕێگایەکی دیکەی لەبەر دەمدا نییە و توانایی وڵام دانەوە و چارەسەری گرفتەکانی ژیانی ئەوانی نییە. پەرە سەندنی خەباتی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی خەڵکی وەگیان هاتو لەدژی ڕژیم هاوسەنگی هێزی بە قازانجی ئەوان گۆڕێوە. سەرجەم دیاردەکان و شاخسەکان پێمان دەڵێت کە شوشەی تەمەنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە، دز، گەندەڵ و سەدەی نێوەراستیە، درزی گەورەی تێکەوتوە و ئەم ڕژیمە بەرەو لەنێو چوونە و کاری کراوە. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی ستەم دیتو بە دەست نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزیەوە و لاوانی بێبەش دەبێ کۆڵان و شەقامەکان و شوێنەکانی کار وەک مەیدانی خەبات لەدژی ڕژیم هەروا بپارێزن و خۆیان بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئاخێز و ڕاپەڕینی کۆتایی بۆ روخاندنی ڕژیم و دامەزراندنی حکومەتێکی شوڕایی و جەماوەری ئامادە بکەن.