مەجمەعی گشتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو بە گۆڕەپانی شەڕە قسەی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە جەریانی سوخەنرانیەکەی لەم کۆبوونەوەیەدا وتی:” حکومەتی ئێران هەوڵ ئەدات دیکتاتۆڕیەکی گەندەڵ لەپشت دەمامکی دیموکراسیدا بشارێتەوە. ئەو لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی: سەرچاوەی سەروەتی ئێران تەنیا سەرفی یارمەتی بە حیزب اللە و باقی ئەو گوروپە تیرۆریستیانە دەکرێت کە خوێنی موسڵمانانی بێ تاوان و دراوسێ عەرەبەکان و ئیسرایلی خۆیان دەڕێژن، ئێمه ناتوانین ئیجازە بدەین کە ئەم ڕژیمە ئینسان کوژە بەردەوام بێت لەسەر درێژەدان بە نا سەقامگیر کردنی ناوچەکە ئەویش لە حاڵێکدا کە خەریکی بەرەو پێش بردنی بەرنامە موشەکیە مەترسیدارەکانیەتی. ترامپ هەروەها بە ئاماژە کردن بە گەڕانەوەی تەحریمە ئابووریەکان وتی:” کەمپەینێکی نوێمان لە گوشاری ئابووری لەدژی ئێران وەڕێ خستوە تا ڕێگاکانی دەست ڕاگەیشتنی ماڵی ڕێبەرانی ئێران بە ئامانجە خوێنەبارەکانیان بگرین. لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەی تراپمدا روحانی لە سوخەڕانیەکەی خۆیدا بە ئاماژە بە گەڕانەوەی تەحریمە ئابووریەکان وتی:” تەحریمە یەک لایەنە و نا شەرعیەکان، خۆی جۆرێک تیرۆریزمی ئابووری و پێشێل کردنی مافی گەشە پێدانە. شەڕێکی ئابووری کە ئامریکا لەژێر ناوی تەحریمە تازەکاندا، دەستی پێ کردوە نەتەنیا خەڵکی ئێرانی کردۆتە ئامانج، بەڵکوو ئاسەوارێکی زیانباری بۆ خەڵکی وڵاتانی دیکەش هەیە و لە ڕەوتی توجاڕەتی جیهانیدا، گرفتی دروست کردوە.” ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:” دەرکی ئەمریکا لە پێوهندی نێونەتەوەیی ئیقتیدار گەرایانەیە. ئەمریکا پێی وایە لەبەر ئەوەی خاوەنی هێزە مافیشی هەیە.” روحانی بە ئاماژە بە قەتعنامەی شوڕای ئەمنیەت سەبارەت بە بەرجام روو بە دەوڵەتی ئەمریکا وتی:” بگەڕیوە بۆ قەتعنامەی ٢٢٣١ و سەر میزی وتووێژێک کە بەجێت هێشتوە.”
لەم شەڕە قسەیەدا ترامپ هەوڵیدا بە ئاماژە بە دخاڵەت گەریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی تر بە دەوڵەتانی ئیسرایل و عەرەبستان و باقی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دڵنیایی بدات کە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا پشتیوانیانە. موژدەی دا بە خاوەنانی پیشەسازی تەسلیحانی لە ئەمریکا کە جارێ کێبڕکێی تەسلیحاتی لە خاوەرمیانەدا درێژەی هەیە. ئەو لە هەمان حاڵدا نا ڕاستەوخۆ هۆشداری دایە ئەو دەوڵەتە ئوروپاییانەی خەریکی دۆزینەوەی ڕێگایەکن بۆ دەور دانەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران. بەڵام حەسەن روحانی بە جەخت کردنەوە لەسەر شەڕی ئابووری ئەمریکا لەدژی ئێران و کێشەیەک کە ئەم شەڕە ئابووریە توشی ڕەوتی توجاڕەتی جیهانی دەکات، هەوڵیدا لە کەلێنی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەرانبەر شەڕی توجاڕی و یەک لایەنە گەرایی ئەمریکادا دەوێستنەوە، جێگایەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. بەر لە روحانی ئامانۆئیل ماکرون سەرۆک کۆماری فەرانسە بە مەحکوم کردنی کرداری یەک لایەنە و ڕەخنەی نا ڕاستەوخۆ لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام پشتیوانی لە چەند لایەنە گەرایی کردبو لە مناسباتی نێونەتەوەییدا. لەوێوە کە شەڕی توجاڕی دەوڵەتی ئەمریکا لەدژی هاوپەیمانەکانی دوێنێی وەک یەکێتی ئەوروپا و کانادا و هێزێکی ڕەقیبی وەک چین لە چەندین مانگ لەوە پێشەوە دەستی پێکردوە و ئاستێکی تازەی بەخۆیەوە گرتوە، پێش بینی دهكرا کە ئیجلاسی گشتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ببێتە مەیدانی بەرەو روو بوونەوەی یەکجانە گەرایی ئەمریکا. ئەم شەڕە توجاڕییە لە هەمان حاڵدا کە نیشانەی بەرچاوی درێژەی قەیرانی نیزامی سەرمایەدارییە و گەورە ترین گورزی دوای شەڕی جیهانی دووهەم لە نیزامی نێونەتەوەیی وەشاندوە، ئیمکانی ئەم جۆرە مانۆڕە سیاسیانەی بۆ هێزە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەکانی وەک کۆماری ئیسلامیش فەراهەم کردوە.
هەرچەند ئەم جارە مەیدانی شەڕە قسەکە لە نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە مەجمەعی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دیاری کراوە، بەڵام دواهاتەکانی ئەم شەڕ و کێشە کۆنەپەرستانەیە ڕاستە خۆ کار و ژیانی کرێکاران و جەماوەری بێ بەشی خەڵکی ئێران دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەشوێن توند بوونەوەی ئەم شەڕە قسەیەدا، بە پێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵنێریی ئیرنا لە کاتژمێر دوو نیوی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٤ ی مانگی ڕەزبەر نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی گەیشتە ١٧ هەزار و ٩٠٠ تمەن و نرخی هەر یۆرۆیەک لە بازاڕی ئازاد دا بهرز بۆوە بۆ ٢١ هەزار تمەن. کاناڵەکانی ئانلاینی ڕاگەیەنەری نرخ، نرخەکانیان لەوەش زیاتر ڕاگەیاندوە. بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی سەر سوڕ هێنەری هەزینەی بنەماڵەکان بە تایبەت لە حەوزەی تەئمینی دەرمان و کالا بێهداشتیەکاندا. لەم روەوە دواهاتی کۆمەڵایەتی دابەزینی ئەرزشی تمەن، دابەزینی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری ئاستی ژیانی کرێکاران و خەڵکی هەژار و نزم بوونەوەی کارەسات باری توانایی کڕینیانە. قەیران لە بازاڕی ئەرزدا، لەگەڵ ڕکودی ئابووری و زیاتر بوونی نرخی بێکاری، بارودۆخی ژیانی کرێکاران و بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێڕان غەیرە قابیلی تەحەمول دەکات.
بە گشت ئەمانەوە مەجمەعی گشتی ڕێكخراوی نهتهوه یهكگرتووهكان ئەو مەیدانی نەبەردە نییە کە هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەوەی هەڕەشە لە مەوجودیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات ڕەوتی بێ وێنەی مانگرتنە کرێکاریەکان و بزوتنەوەکانی ناڕەزایەتی جەماوەرییە کە نیشانەیەک لە دامرکانەوەی پێوە دیار نییە. ڕژیم بە پشت بەستن بە شگردی سەرکوت وەک گرنگ ترین بژاردە و بە مانۆڕی سیاسی لە سەرەوە و ئیستیزاحی وەزیرەکان، کۆمەڵێک کرداری وەک سادر کردنی کۆپینی ئیلیکتڕۆنیکی و هەروەها بە تەسلیم بوون و پاشەکشە کردن لە بەرانبەر گوشارە نێونەتەوەییەکاندا هەوڵ ئەدات تا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکیان گرتوە، کات بکڕێت. ئایا کرێکاران و خەڵکی وەگیان هاتووی ئێران ئەم دەرفەتە بە ڕژیم ئەدەن؟ درێژەی بێ پسانەوەی خەباتی کرێکاری و جەماوەری پەیامێکی دیکەی پێیە. بۆ ڕزگار بوون لە ئاسەوارەکانی ماجەراجوییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگایەک بێجگە لە بەرینتر کردنەوەی خەبات بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی، لەقاودانی ماهیەتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی ئەم کێشانە و ئاشکرا کردنی ماهیەتی ئیمپڕیالیستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بوونی نییە.