کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆپینی کردنی ژیانی خەڵک، هەوڵێکی مه‌حكووم به‌ شكست

دوێنێ هەواڵنێریی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی لە زمان جێگری وەزیری تەعاونی ئێرانەوە، باسی لە سادر کردنی کۆپینی ئیکترۆنیکی کرد بۆ ١٠ ملیۆن کەسی ئێرانی. ئەو وتی کە قەرارە هەمان کارتی بانکی کە کەسەکان یارانەی پێ وەردەگرن، ببێتە ” کالا کارت” و هاووڵاتییان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كارته‌وه‌ كالای سەهمیەی خۆیان له‌ فرووشگاكان وەربگرن. ئەرزشی ئەو کالایانەی کە وەک کالای ئەساسی ناسێندراون، بەرابەری ١٠٠ هەزار تمەنە لە مانگدا. ئەم کالایانه‌ شاملی برنج، گەنم، گۆشتی سور و مریشک، هێلکە و رۆنن. به‌ پێی وته‌ی ناوبراو، لە تەرحی ” کالا کارت” دا کەسەکان دەستیان ناگاتە پوڵی نەغد و تەنیا ئەو کالایانە وەردەگرن کە فرۆشگاکان توانی بێتیان بە نرخی ئه‌رزی دەوڵەتی واتە هەر دۆلار ٤٢٠٠ تمەن دابینی بکەن.

جێگری وەزیر جەخت دەکاتەوە کە ئەم تەرحە کاتییە و تەنیا بۆ تێپەڕبوونە لە بارودۆخی ئێستا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی دەوڵەتی” کالا کارت” ساڵانە ٣ تا چوار جار پڕ دەکرێتەوە و کاسانێک كه‌ وەری دەگرن، بەشێکیان لە کەسانی ژێر چەتری ” کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام” ن، بەڵام لەم نێوانەدا بابەتێک کە هێشتا بە بێدەنگی ماوەتەوە روون نییە کە، لەبەرانبەر کەڵک وەرگرتن لەم کۆپینانە، دەبێ چەندە پارە بدەن؟ هەڵبەت زۆر روونە کە بە سەرنجدان بە گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتر لە بازاڕدا، ئەم بڕە کەمتر لەوەیە بتوانێ کرانەوەیەک لە ژیانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا پێكبێنێ.

بۆ نمونە ڕاپۆرتەکانی بانکی ناوەندی نیشانی ئه‌ده‌ن کە نرخی برنجی خاریجی، هەر بەم نرخە دەوڵەتییەش بە نیسبەت ماوەی هاو شێوەی ساڵی ڕابردو نزیکەی ٤٦ لەسەد گرانتر بووە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانه‌، لەم رۆژانەدا نرخی هەر کیلۆیەک مریشک لە ئاستی وردە فرۆشیدا گەیشتۆتە ١١ هەزار تمەن و گۆشتی سوریش گەیشتۆتە ئاستی ٦٥ هەزار تمەن، کە بە پێی ڕاگەیەندراوی دەوڵەت هیچ گرفتێکیش لە تەرخان کردنی ئەرزی دەوڵەتی بۆ ئه‌م كالایانه‌ نییە.

ئەگەرچی ئەم سیاسەتە وەک ڕێگاچاره‌یه‌كی کاتی، تەنیا بژاردەیەکە کە لە بارودۆخی ئێستادا، بۆ بەرگرتن لەوەی کە هێندێک لە نوێنه‌رانی مەجلیسی ئیسلامی ناوی دەنێن” شۆڕشی برسیەکان”، لە به‌ر ده‌میانه‌، بەڵام بەهۆکاری جۆراو جۆر نە لە باری ئابووری و نە لە باری سیاسیەوە، ئەم کۆپین بەندیە تەنانەت ئەگەر بوجەی زیاتریشی بۆ تەرخان بکرێت، بە هیچکوێ ناگات.212

یەکەم، بەهۆی بێتوانایی بوروکراسی دەوڵەتی. کۆماری ئیسلامی بەم تەرحە لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئابووری دەورانی شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق لە دەیەی ٦٠ دا. بەم جیاوازیەوە کە لەو کاتەدا ڕژیم ئابووری خۆی تا ڕادەیەکی زۆر یەک لایی کردبۆوە. ئه‌وكات سەرمایەداری ئێران تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دەوڵەتی بوو وە بە جێگای یارانەی نەغدیش کالا ئەساسیەکان بە نرخی دەوڵەتی دابەش دەکران. ئه‌و مه‌ركه‌زیه‌ته‌ی كه‌ به‌هۆی بارودۆخی شه‌ڕ پێكهاتبوو، زەرفیەتی به‌ڕێوه‌بردنی وەها تەرحێکیان ئەدا بە دەزگا دەوڵەتیەکان. لە حاڵێکدا کە لەمرۆدا بوروکڕاسی دەوڵەتی نوقمی گەندەڵی ئیداری و ماڵی، هیچ تەرح و پڕۆژەیەک ناتوانێ بگەیەنێتە ئاستی ئامانجی دیاری كراو. هەڵبەت له‌ڕاستیدا ئه‌و كاتیش ئەگەرچی زۆربەی خەڵک لە سنوری برسیەتیدا، نانێکی مەمرە و مەژیان لە ڕێگای کۆپین بەندیەوە دەستەبەر دەکرد، بەڵام ئەم سیاسەتە، گەندەڵی و ڕانت خۆری بەرە بەرە لە ئابوورییه‌كی شێوە دەوڵەتیدا نیهادینە کرد. هه‌ر لەو دەورەیەدا لەپاڵ دزیە گەورەکاندا، بازاڕی فرۆشتنی کۆپینیش برەوی گرت. ئه‌مڕۆكه‌ گشت ئەم گرفتانە چەند بەرانبەر بوون. ڕواڵەتی مۆدێڕن و ئەمرۆیی کۆپین ئاڵوگۆڕێک لە ماهیەتی ئەم سیاسەتەدا به‌دی ناهێنێ. ئەگەر ١٠٠ هەزار تمەن کالا بۆ بنەماڵەیەکی هەژار، کە ڕەنگە پوڵیکیش لە بەرابەریدا بدات، کەم تر لەوەیە کە کاریگەری لەسەر ژیانی هەبێت، لە بەرنبەردا ١٣ میلیارد دۆلار کە گۆیا بۆ ئەم تەرحە تەرخان کراوە، ده‌بێته‌ نێعمەتێک بۆ ئەو دزانەی کە لە ناوەندەکانی ڕژیمدا لە خوارەوە تا سەرێ جێگای خۆیان کردۆتەوە.

دووهەم، بەهۆی ڕکودی بەرهەمی نێوخۆیی. کارگا و کارخانەکان یەک لەدوای یەک دادەخرێن، شیرکەت و کۆمپانیا دەرەکیەکانی سەرمایەکانیان لە ئێران دەبەنە دەرەوە. ئەم بارودۆخە لەسەر بەرهەم هێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، راستەخۆ کاریگەری دەبێت و تا ئێستاش ئەو بەشەی گه‌لێك لاواز کردوە. لە ئاکامدا ئەگەر تا به‌هۆی ئەم کۆپین بەندیەش توانایی کڕینی خەڵک بەرز بێتەوە، بە کردەوە هیچ یارمەتیەک بە پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی ناکات و تەنیا زەخیرەی ئەرزی ڕژیم هەڵدەلوشێ.

سێهەم و گرینگتر لە هەمویان، ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵک و خەباتی کرێکاری و جەماوەری. خەڵکی ئێران ئیتر ئەو خەڵکەی دەورانی شەڕی ٨ ساڵە نین. ڕژیم لانیکەم لە ساڵی ١٣٨٨ بەملاوە، بە كوده‌تای هه‌ڵبژاردن و سەرکوتی بزوتنەوەی سەوز، هەموو جۆرە مەشروعیەتێکی لەدەست داوە و ئێستا بە تایبەت دوای بزوتنەوەی مانگی بەفرانباری ڕابردو کە خەڵک دروشمیان ئەدا”: ئیسلاح تەڵەب، ئوسولگەرا ئیتر تەواوە ماجەرا” سەرجەم حاکمیەتیش لە لایەن جەماوەری ملیۆنیەوە لە لەسەر شەقامەکان چۆته‌ ژێر پرسیارەوە. لەم روەوە گەلێک بە دوور و ڕەنگە نامومكین بێت، کە وەها ڕژیمێک بتوانێ ئاستی چاوەڕوانی خەڵکێک بەم هه‌موو سوننەتی دەوڵەمەندی لە خەباتكارانه‌، وەها دابەزێنێ، کە بە کۆپینی کردنی ژیانیان، بتوانێ ئەوان بنێرێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕینیان بێنێت.